شێرزاد شێخانی : بۆچی فازل میرانی لێم تووڕەبو ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زەمەنێكی دورودرێژ پەیامنێری روژنامەی شەرقوەلئەوسەتی لەندەنی بوم لە هەرێمی كوردستان ، رۆژانە وەكو كاری رۆژنامەوانیم هەواڵ و راپۆرتم ئەنارد و باس و خواسی كوردستانم ئەگەیاندە دونیای دەرەوە ..

زەمانێك بەر لەوەی كاكە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری پێشكەوتن و ئاوەدانی لەسەر وتارێكم لەسایتی ئیلاف كە دژی گەندەڵی حكومەتەكەیم نوسی لەم رۆژنامەیە دەرم بكات و لەرێگەی رۆژنامەنوسێكی بەكرێگیراوی خۆیانەوە كە بۆ ماوەی دو مانگ میواندارییان كرد لەئوتێل دیڤانی هەولێرو پارەیەكی باشیشیان بۆ سەرفكرد لەقوتی میللەت تا لەئیداری رۆژنامەكەیا بۆم تێگوشێت و دواتر دەربكرێم ، راپۆرتێكی زۆرم نارد بۆ رۆژنامەكەم لەسەر كێشەی قبوڵنەكردنی مەسعود بارزانی بەوەرگرتنی دو ساڵی درێژكراوی ویلایەتە بەسەرچووەكەی .
هەمومان بیرمانە ، ماوەیەكی زۆر دوای ئەو سەفقە خیانەتكارانەی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی كردیان لە 30 حوزەیرانی ساڵی 2013 دا بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی لەناو پەرلەمانەوە ، بارزانی بەو دیارییەی سەركردەكانی یەكێتی رازی نەبو .. سەرباری ئەو هەمو تەشەبوسەی كردیان كەخەریكبو دەستی بارزانیش ماچ بكەن بۆ رازی بونی بەم درێژكردنەوەیە ، بەڵام بارزانی نازێكی زۆری ئەكرد تا لەكۆتاییدا بەلوتفو مەرحەمەتی خۆیەوە ئەو سەركردانەی یەكێتی لەمەوقیفی ئیحراجەوە رزگاركرد ورازی بو بەوەی لەبەر خاتری خاتران نەك لەبەر حەزی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەریم دیاریەكە وەربگرێت ؟ .
لەو كاتەدا منیش وەك پەیامنێری ئەم رۆژنامەیە راپۆرتێكم ئامادە كردو ناونیشانەكەشم بەوە نوسی كەوا بارزانی رازی بو پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێتەوە . لەدەسپێكی راپۆرتەكەشدا نوسیم : دوای مشتومڕێكی زۆر و ئالۆزبونی رەوشی سیاسی كوردستان جەنابی كاك مەسعود بارزانی ملكەچی خواستی میللەتەكەی و ئیرادەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی میللەتەكەی بو ورازی بو بەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ دوساڵی تر وەربگرێتەوە . بۆ بەیانیەكەی كە راپۆرتەكەم بڵاو كرایەوە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی عەشرەتی بارزان تەلەفۆنی بۆ كردم و زۆر بەتوڕەییەوە پێی وتم : تۆ چۆن لەراپۆرتەكەتدا نوسیوتە بارزانی ملكەچی خواستی میللەتەكەی بوە ، بارزانی ملی بۆ هیچ كەس كەچ ناكات . ویستم تێیبگەیەنم كەوا ملكەچبونی سەركردە بۆ ئیرادەو خواستی میللەت گەورەییە نەوەك نوقسانی ، بەڵام ئەمزانی ئینسانی كۆیلە هیچكات ئاغاكەی خۆی لەمەرتەبەی خوا بەكەمتر نازانی .
هەموجارێ لەنوسینەكانمدا ئاماژە بە قەولی خەلیفەی گەورەی موسڵمانان عومەری كوری عەبدولعەزیز ئەدەم كە ئەفەرموی : كەس فەرمانرەوا گەندەڵ ناكات ، تەنها تاقمەكەی دەوروپشتی خۆی نەبێ ” ما أفسد الملوك إلا حاشیتها ” . هەڵبەت ئەمە كاروكردەوەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بێت ، بێگومان بارزانی چاو لەسەرەوە ئەبڕێ وەكو فیرعەون بڵێ ” أنا ربكم الاعلی” . خۆ فیرعەونیش هەمان ئەو شتەی لەهامانی وەزیرەكەی ئەویست كاتێك داوای لێكرد بورجێكی زۆر بەرزی بۆ دروستبكات بەڵكو بگاتە ئاسمانی حەوتەمو لەشوێنی خوادا دابنیشێت ، ئەوەی فازل میرانی وەزیری سەرۆكی پارتیش هەمان ئەو كارەیە بۆ بارزانی ئەیكات .
پێش هاتنی دكتۆر فوئاد حوسێن بۆ لای یەكێتی و گۆڕان بەپێی لێدوانەكانی خۆی وتبوی كەوا دەستپێشخەری پێیە لەلایەن بارزانیەوە بۆ كۆبونەوەی پێنجقۆڵی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكانی هەرێم . بەڵام كاتێك یەكێتی و گۆڕان ئەو پێشنیارەیان رەتكردەوە ، میدیای پارتی كەوتنە سەر بەدرۆخستنەوەی دكتۆر فوئاد بەوەی بارزانی نەیویستوە كۆبونەوەی پێنجقۆڵی ببەسترێ بەڵكو ویستویەتی كۆبونەوەی هەمو حزبەكان بكرێت .. ئەمە هەوڵێكە بۆ ئەوەی بارزانی لەئیحراجبون رزگار بكەن ، بەلای ئەوانەوە نابێ مەسعود بارزانی قسەی بشكێنرێ ، چونكە لای ئەوان كوفرە . ئەمەش قسەی ماڵپەڕی فەرمی پارتیە لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە گواستویەتیەوە : كە مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆبونەوەی فراوانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانە ، و باوەرو بریاری وایە كە سەرجەم پارتە سیاسییەكان بەشداربن لە بریاردان لە چارەنوسی هەرێمی كوردستاندا ، نەك تەنها ” پێنج ” لایەنی سیاسی .
جارێ پێش هەمو شتێك ئەو حزبانەی غەیری پێنج لایەنەكە چ دەسەڵاتێكیان هەیە بۆ چارەسەری كێشەو قەیرانەكانی كوردستان تا پارتی هانایان بۆ ببات ؟ ئەسڵەن كەی پارتی حیسابی بۆ ئەوانە كردوە ، مەگەر تەنها لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا نەبێت بۆ كڕینی كورسییەكانیان !! دوای ئەوەش ئەم حزبانە خۆیان لەئەساسدا تەڕەف نین لە كێشەو قەیرانەكاندا وهیچ قسەشیان ناخوات ، ئیدی ئەم ئیدیعاییەی پارتی و بارزانی چیەو ، پەرۆشیەكەیان لەچییەوە سەرچاوەی گرتەوە ئەگەر راست ئەكەن؟ .
سەیرترین شتیش لەمبارەوە ئەو پروپاگندەی میدیاكانی پارتییە كە بەمیللەتی ئەفرۆشنەوە كاتێك بەمانشێت بڵاوی ئەكەنەوە ئەڵێن : ئەم قسەیەی بارزانی رەتكردنەوەی كۆبونەوەی پێنجقۆڵی دەسخۆشانەی حزبەكانی كوردستانی لێكەوتۆتەوە .؟!. بەمەش ئەیانەوێ عەیبو ئیحراجبونەكەیان داپۆشن ، وا پیشانبدەن كەوا میللەتەكەمان ئەوەندە گێلو گەلحۆن كەوا بە فەرمودەكانی بارزانی دڵخۆش بن و پشتگیری لەهەڵوێستەكانی بكەن !.
پارتی عەشرەتی بارزان ئەگەر راستئەكەن و پەرۆشی حزبە كوردستانیەكانن ، بابچن لەسەر قسەی سەرۆكەكەیان كۆبونەوەی فراوانی سەرجەم حزبەكانی كوردستان بەبێ یەكێتی و گۆڕانو كومەل و یەكگرتو بكەن ، ئەگەر توانیان ئەم رەوشە بەو حزبانەوە چارەسەر بكەن یاخوا سەركەوتو بن ، ئەگەر ئەمەشیان بۆ ناكرێت ، ئیدی ئەو عینادییە سەركێشانەو هەرزەكارانەیان لەچییە ؟. با خودی سەرۆكی پارتی عەشرەتی بارزان بێتە ناو مەسەلەكەو كێشەكان چارەسەر بكات و ، لەوە زیاتر ئەزیەتی دڵ و دەرونی میللەتەكەی نەدات . چونكە لەئاكامدا هیچ دەرەچەیەك نیە تەنها تەنازولی پارتی نەبێ بۆ ئیرادەی گشتی و وازهێنان لەوەهمی بەخوداكردنی سەرۆكەكەیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت