محەمەد هەریری: لە گەندەڵی سەردەمی شێخ محمودەوە بۆ گەندەڵی سەردەمی بارزانی! خەبات بەردەوامە.
لەوە دەچێت لە مێژە خۆمان باش ناناسین، لەبەر هەندێ سیفەتی باش، سیفەت و شتە خراپەکانی خۆمان نەزانیبێت. یەك لەو شتانەی کە نەماندەزانی ئەوەیە کە ئێمەی کورد هەمیشە گەندەڵی بەبەرچاومانەوە کراوە لەلایەن سەرۆك و سەرکردەکان، هەمیشەش یان ئەوەتا قەت دەنگیشمان نەکردوە، یانیش دەنگیشمان کردبێت هەر بۆیان چۆتە سەر، تا ڕادەی ئەوەی هەندێ لەو سەرۆك و سەرکردانە بۆنەتە ئیکۆنێکی مێژوویی پیرۆز و موقەدەس، هیچ کەس شتێکی ئەوتۆ لەبارەی دیوەکەی تری گەندەڵی و خیانەتەکانی نازانێت دەرهەق بە گەل.
من هەرگیز باوەڕ ناکەم ئەو هەموو گەندەڵەی کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەیکەن، کە بڕستی لە خەڵك بڕیوە، بێ ڕەگی مێژوویی بێت، ڕاستە سەرکردەی باش و خاکیش هەشبوون، بەڵام نازانم ئەوانیش هیچیان لە دەستدا نەبوو، یان پارە نەبوو و کات لەبار نەبوو بۆ گەندەڵی بۆیە نەیانکردوە، یان هەر خۆیان مرۆڤگەلی چاك بوون!
من زۆرم لە کەسە زیندوەکان گوێ لێ بووە دەربارەی ئەو گەندەڵییەی کە هەبوو لە شۆڕشی ساڵی 1974، سەرەڕای داوێن پیسی بەرپرسان بەرامبەر ژنانی کوردی ئاوارە و دەیان کاری بۆگەنتر. بەس دیارە دەرامەتەکە ناکاتە 1٪ ئەوەی ئەمڕۆ بۆیە هەر کەس بە کتێبێکیش بەلایدا نەچووە، مەگەر وەك خاڵێك لە کتێبێکدا بە خێرایی باس کرابێت!
دەزانن ئەو شێخ مەحمودەی کە بۆتە ئەو کاریزمایە مێژووییە دەڵێن دەیان کاری گەندەڵی ڕوویداوە لەسەردەمی ئەو، بە عیلم و ئاگاداری خۆی، هەندێکیان بە دەستی خۆشی!
پێش ماوەیەك وتارێکی زۆر سەرنج ڕاکێشەری فەرهاد پیرباڵم دی دەربارەی گەندەڵیەکی گەورەی سەردەمی شێخ، کە گوزارش دەکات لەو دەروونزمییەی کە بەرپرسانی کورد تیایدان، بەڵکو تاکی کوردیش. ئەوە هەمان ئەو دەرووننزمیەیە کە مرۆڤێك هاندەدات لە ئەوروپاوە بژیت ژیانی هەموو دابین بێت، کەچی بۆ مووچەیەکی گەندەڵی جڕت و فرتی بێت لە نێوان ئەوروپا و کوردستان لە پێناو مووچەیەکی گەندەڵی!
وتارەکەی پیرباڵ باسی شتێك دەکات کە پێیان گووتوە [فەقیرانە] لە سەردەمی شێخ مەحمود وەك مووچەیەکی هەژاران بڕاوەتەوە گوایە بۆ ئەو خەڵکە هەژارەی کە بژێوی ژیانیان خراپ بووە! بەڵام وەك پیرباڵ دەڵێت:
” لەناو رۆژنامەكانی سەردەمی شێخ مەحموود، لەناو لیستی ئەوانەی “فەقیرانە”یان لە بەلەدییەی سلێمانی وەرگرتووە، ناوی دەیان بەگ و ئاغا و شێخ و بەگزادەی – بۆ نموونە وەك “ئەحمەد بەگی شەوكەت بەگ، شێخ حەمەومین ئاغا و فڵان ئاغای ناودار و بەگزادەی شێخ فڵان بەگ” دەبینیت، وەك (سواڵكەر!) ناویان لە رۆژنامەكەی شێخ مەحمووددا تۆمار كراون، ““فەقیرانە- سۆسیال”یان لە حكوومەتی مەلیك مەحموود وەرگرتووە!
لە هەمووی ناخۆشتر وتارەکە دەڵێت : دوو مەلای ناوداریشیان تێدایە كە هەمان فەقیرانەیان وەرگرتووە و ناویان نووسراوە!
باشە ماقوڵە ئەگەر دەروون نزم نەبیت ناو لە خۆت بنێی ئاغا و شێخ و بەگ و بەگزادە، کە ئەو ڕۆژگارە سەرتۆپی کۆمەڵگا بوون، هەمووی دەرەبەگ و خاوەن خاک و گوند و زەوی، کەچی بچیت ناوت لە لیستی فەقیرانە تۆمار بکەیت، تا بەشی فەقیرەکانیش بخۆیت؟! بەخوای مرۆڤی فەقیریش پێی ناخۆشە مووچەیەك وەرگرێت بەناوی فەقیرانە ئەگەر ناچار نەبێت، ئەخر شێخ و بەگ و ئاغای تڕزل چۆن شەرمیان نەکردوە “ناویان لە ڕۆژنامەی “ژیانەوە و ژیان”دا تۆمار كراوە، خەڵكی وای تێدایە كە ئەولادە ملیۆنێرەكانی ئەمڕۆ، روبعێكی سلێمانی بەناوی ئەوانە! هەر لەبەر هەمان هۆكاریش، نەمویست ناوەكانیان لێرەدا بڵاو بكەمەوە وەك بەڵگە.”
ڕاستە کاوە حەفید وەڵامی دایەوە بەڵام چ وەڵامێك، گوایە بە پاڵنەری حزبایەتی و پارتی ئەو سوکایەتیە دەکرێت بە شێخ مەحمودم دەڵێت: ئەو بەگ و ئاغا و شێخانە مەرج نییە هەژار نەبووبن! یانی شێخ و بەگ و ئاغای تۆزوبا بوونە! ناڵێت چۆن شێخ محمود ڕازی بووە لە ڕۆژنامەکانی ناوی ئەو هەموو بەگ و ئاغا و برسی بەگانە ببینێت، لە لیستی فەقیرانە و چاوپۆشی لێ بکات، دەیەوێت کێشەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی یەکێتی و پارتی.
من هەقم نییە پیرباڵ ئەو کارەی بۆ کێ و بە پاڵنەر چی کردوە، لەوەش ناچێت بەو پاڵنەرە کردبێتی، چونکە ڕەخنە لە گەندەڵی ئێستاش دەگرێت لە وتارەکە. گرنگ ئەوەیە لیستەکان و سەرچاوەکان هەن، دەیسەلمێنن کەسایەتی کوردی لە لوتکەوە وا سووك و چروک بوون هەمیشە، بۆیە ئەمڕۆ سەرکردەکانمان ئامادەن کورد لە برسان بکوژن و ڕیسواکەن، نەك دەست لە دزی و تەماعی بێ بڕوانەوە و چڵێسی هەڵگرن، دەستی ئەو مللەتە بگرن بیانبەنە ناو کۆڕی میللەتانەوە. دزی و تاڵانمان مەکەن دەوڵەتی کوردیمان لێتان ناوێت بەو برسێتییە و دەروون تێکشکاویە، دزی و تاڵانی خەڵك مەکەن، کەس نایەوێت ئاڵایان بۆ هەڵکەن ئەو چڕە مەعاشەی بەغداشیان لێ ببڕن!
سەرچاوەی وتارەکە و وەڵامەکەی شێخ کاوە حەفید ــ ئاوێنە