24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەد ئەمين گەناوی: بۆچی روسیا پشتگیری تورکیا ئەکات بۆ هێرش كردنە سەر عەفرین؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوسەکان دوو ئامانجی سەرەکیان هەیە لە پشتگیری تورکەکان بۆ پەلاماردانی عەفرین، تورکەکان ئەگەر بتوانن با نەک هەر عەفرین داگیربکەن، بەڵکو هەموو رۆژئاوای کوردستانیش داگیر بکەن و کۆتایی بە بوونی کورد بهێنن، بۆیە لە سەرەتاى هێرش بۆ سەر عەفرین توركەكان بە ئاشكرا باسى ئەمەیان ئەكرد، كە ئامانج لە هێرش هەر تەنها عەفرین و رۆژئاوای فورات نییە، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی فوراتیشە واتە هەموو رۆژئاوای کوردستان هەڵبەت به پشت بەستن به رووسيا.

1- ئامانجی تاكتیكی:
بۆ ئیستا وەك ئامانجی تاكتیكی ڕووسیا ئامانجیەتی غۆتەى ڕۆژهەڵاتی دیمەشق بە هەر بەهایەك بێ لەلایەن رژیمى سوریاوە كۆنترۆل بكرێ تا پایەگا و دامەزراوە سەربازییەکانی لە دیمەشق و باکورو خۆرئاواى سوریا بپارێزێ لە هێرشی گروپە چەکدارەکانی سوریا بەتایبەت کە لە 11- 01- 2018 لە رێگەی فرۆكەى بیفرۆكەوان دوو هێرش كرایە سەر دووپایەگای سەربازی ڕووس لە خۆرئاوای سوریا کە چەندەها فرۆكەى ستراتیجی جەنگیان تیایە و ئەم هێرشانە وەك هەرەشەى جددى بینرا لە سەر بوونی سەربازى روسیا لە سوریا.
بۆیە ڕووسەكان لە بەرامبەر پشتگیری توركەكان بۆى دژی گرووپە چەکدارە ئیسلامیەکان لە حەلب و ئەدلیب و ئیستا لە رۆژهەڵاتی دیمەشق رێگەى بە تورکەکان دا تا بەم جۆرەى کە ئەیبینین هێرش بكاتە سەر عەفرین.

2- ئامانجی ستراتیجى:
ڕووسەكان وەك ئامانجى ستراتیجى ئەیانەوێت لە رێگەی هێزی داگیرکەری تورکیاوە بۆ سەر عەفرین و هەتا داگیركردنی هەموو روژئاوا لەلایەن تورکیا یان سوریا رێگە بگرێ لە بۆرى نەوت و گازی کوردستان و وڵاتانی تری عەرەبی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و پاریزگاری بکا لە پرۆژەی بۆرى نەوت و گازی خۆی کە بریتیە لە هێڵی گواستنەوەی بۆری نەوت و گازی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و روسیا و ئێران بە تایبەت نەوت و گازی دەریای قەزوین کە روسیا بەشی زۆری تیا هەیە بۆ بازاڕەكانى ئەوروپا لە رێگە ی تورکیاوە.
بەرژەوەندی ئابوری ڕووسیا لە نەبوونی قەوارەی کوردی و بۆ تورکیاش بەر هەر شتێک دژایەتی هەموو قەوارە و بوونێکی کوردی جگە لە بەرژەوەندە ئابووری لە نەبوونی قەوارەی کوردی هەردوو وڵاتی کردۆتە هاوبەرژەوەندی هاوبەش و هاو پەیمانی دژی کورد لە کاتی ئیستادا.
بەڵام پرسیار ئەمەیە لە بەرامبەر بەرخۆدانی مەزنی کورد و بوونی ئەمریکا و تۆمەت بارکردنی تورکیا بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن دامەزراوە یاساییەکانی ئەوروپاوە ئەم هاوپەیمانە ستەمکار و نادادە دژی کورد تاکەی ئەتوانێ بەردەوام بێ؟ رۆژان و هەفتە یان مانگەکانی داهاتوو وەڵامەکەی روونتر ئەبێ و ئەوەی گرنکە بزانرێ تا کاتێکی نادیار هەرەشە لە سەر عەفرین هەیە و لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و هێرش لە سەر عەفرین ئەشێ بازنەی شارەکە فروان بێ بە بەشەکانی تری سوریا و تورکیا و دیسان رۆژ و هەفتەکانی داهاتوو بریاردەری رەوشی عەفرین و چارەنووسی کوردن بۆ داهاتوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت