تیشکۆ زەند: میللەتێک خۆی مێگەلی قوبوڵ بێت، ئیتر نوسین بۆ کێ!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ڕۆژ لە دووای ڕۆژ بە هۆی گەشەی باڵای شارستانی، کۆمەڵگاکان هەژمونی نەشونما و باری ڕۆشنبیریان گەشەتر نیشان دەدەن چ لە داهێنانی پیشەسازی دابێت وەک دنیای جیهانگیری High tech* یان دبلۆمەسیەتی سیاسی و سەربازی کە پایەی گەلان و وڵاتان بەهێزتر پێناسە دەکات. بەڵام لە شانسی کڵۆڵی گەلی کوردا ئەو بۆشایە فرە گەورەیە، لە بەر نەزانین و هەڵە و هەڵسوکەوتی سەرکردەی کورددا ئەوە بۆتە کێشە و دەرد و تومەر٭ بۆ گەلی ماف خوراوی کوردی شەق تێهەڵدراو بە دەستی ڕەهای خۆ خۆری خۆیی.
ئاماژەکان وامان پێدەڵێن؛ کە کورد گەلێکی زیندونین لەمەڕ دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبردندا، چونکە کورد گەلێکی مشەخۆری باوکسالارە لە بەرامبەر ئینتما و هەستی وڵاتپارێزیدا، هەر ئەم هۆکارەشە کە هەمیشە سەرەکتۆی عەشایری زاڵە لە نێو دنیای وەهمیاندا کە دووبارە و سێ بارە شێخ و مەلا ڕەشمەی شۆڕشەکانی کوردیان بە دەستەوە بووە و هەمیشەش شۆڕشەکان بەرەو هەڵدێر و ڕۆچون چون بە ئێستا شیانەوە، چونکە ئەوان بۆ بەرژەوەندی عەشایری کار دەکەن نەک بۆ تەبایی و یەکسانی و خۆری ئازادی گەل، ئەم نەریەتە بۆگەنە تەنها لە نێو کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا دەبینرێن وەک کورد، کە ڕیشی خۆیان داوەتە دەست نەزان و بەرژەندخوازەکان کە هەر ڕۆژەی بە سینارۆیەکی کەڵفەمانە میللەت چاو بەست دەکەن، هەمیشەش دەیانەوێت بە هەواڵی درۆ لە ڕێگای شۆسیال میدیای سێبەریانەوە هەواڵەکان ئاواژوو نیشان بدەن، بەبێ ئەوەی هیچ خەجاڵەتیەکیش بکێشن چونکە نخرۆ بوون لە درۆ و هەگبەی شەرمەزاریدا، ئاوس بوون لە دزییدا، دەست بە خوێن بوون لە کوشتنی منداڵی کوردا، ڕەنگ زەرد بوون لە بەردەم نوێنەر و دپلۆماتی بیانیدا.
زۆر سەیرە زۆربەی گەل ئەو ڕاستیە دەزانێت و کەچی مێش میوانیان نیە و سەرکردەی گەندەڵ و وڵات فرۆش هێشتا چەپڵە باران دەکات، هێشتا کەڵفەمەکان دەنگیان پێدەدەن، ئەگەر ئەم سەرکردانە سەرکردەی کورد نەبن کێ حسابی تورێکی قوڕاویان بۆ دەکات، کێ پیان دەڵێت باری کەرێکتان بە چەندە، ئێستا ئەوان سەرخان و ژێرخانی کوردستانیان هەرزان فرۆش کردووە، کەهی ئەو منداڵە کوردەشە کە جارێ لە دایک نەبووە، ئیتر پێم ناڵێن دوژمنانی کورد چۆن وازدێنن کە سەرکردەی کوردی چەتون کوردستانیان کردۆتە دیاری بە ئەوان و لە خێر و بێری ئەم سەروەتە مفتە کوردستان بە پارەی دزراوی قوتی منداڵی کورد، بۆمباران دەکرێت و وڵات و کێڵگەکانمان سوتماک دەکرێت و لاوەکانیشمان پێستیان کەوڵ دەکرێت.

ئیتر نوسین بۆ کێ، کە من خۆم قوربانیەکەم و جەلادەکەش براکەم.

High-tech:
Employing, requiring, or involved in high technology

٭ تومەر: پلەیک پێش شێرپەنجە، سەرەطان

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان