سەرکۆ یونس: جیلی دووەمی دوای ڕاپەڕین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵگای کوردی، کۆمەڵگایەکی گەنجە و ڕێژەیەکی بەرزی دانیشتوان لەچینی گەنجان پێک دێت، کەزیاترە لە(%25). چینی گەنجانی دوای ڕاپەڕین دەبن بەدوو بەشەوە،ئەوانەی دوای ڕاپەرین لەدایک بوون تا ساڵی( 2000 ) چینی یەکەمن. لەدایکبووانی ساڵی( 2000 ) تا ئێستا چینی دووەمی گەنجان پێکدەهێنن، دەتوانین بە جیلی سەدەی بیست و یەک ناویان بهێنین..
لەدایکبووانی جیلی یەکەم تاڕادەیەک سەختی و نەهامەتیەکانی ساڵانی گەمارۆی ئابوری وگرانی و شەڕی ناوخۆیان بەرکەوتوە، تاڕادەیەک لە ڕووداوەکان باشتر تێ دەگەن. بەڵــام هەرچی جیلی سەدەی نوێ یە، ئەم جیلە هەر لەگەڵ گەورەبونیان کەوتنە ناو قەیرانی دارایی و ئابوری و بێکاری و ململانێ ی سەختی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پاشان خۆپیشاندان بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان.
جیلی دووەمی دوای راپەڕین تاڕادەیەک دوورن لە هەستی نەتەوایەتی و کوردبوون و ئاینی و ئەوەی بەلایانەوە گرنگ و پیرۆز نەبێت نەتەوەو نیشتیمان و خوێنی شەهیدان و هەندێ جار ئایین و خێزانەکانیانن.
جیلی سەدەی بیست ویەک، بەهۆی کاریگەرییەکانی تەکنۆلۆژیا وڕاگەیاندن و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و لاوازی پەروەردەو فێرکردن تووشی دەیان دەردی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوون.
ئەم جیلــە جگە لەمناڵانی بەرپرسان و دەوڵەمەندان دەیان کێشەیان بۆ هاتوەتە پێش، هەر لە قەیرانی دارایی و بێ پارەیی و بێکاری دەناڵێنن و ناڵاندویانە. ڕێژەیەکی بەرچاویان وازیان لە خوێندن هێناوە و زۆربەیان بەرخۆری سەر خوانی باوک و دایکی هیلاک و ماندووی ڕۆژگاری سەختن. هەندێکیشیان کار دەکەن بەکرێیەکی کەم کە ناتوانن پێویستیە سەرەتاییەکان پڕ بکەنەوە.
هەندێکیان بەهەر جۆرێک بێت ملی ڕێگەی هەندەرانیان گرتوەو خۆشبەختانە زۆربەیان لەوڵاتانی ئەوروپی جێگیر بوون و ژیانێکی نوێیان دەست پێ کردوە.
لەئێستادا کە بابەتی خۆپیشاندان لە شاروشارۆچکەکانی ئەملای هەرێم دەستی پێ کردوە، دەبینین رێژەیەکی بەرچاو لە جیلی دووەمی دوای راپەڕینن، لەگەڵ داواکردنی داوا ڕەواکانیان غەریزەی گەنجانەیان خاڵی دەکەنەوە بەسەر بیناو دامودەزگا حکومی و حزبییەکاندا، بەداخەوە لەچەند ڕۆژی رابردودا قوربانییەکان لەم جیلە بێ بەش لەکارو بێ بەش لەداهات بوون.
ئەگەر بەووردی لەواقعی ژیانی ئەم چینە وورد ببینەوە، ئەوانەی کە نیشتەجێ ی دەرەوەی شارەگەورەکانن زیاتر گیرۆدەی خزمەتگوزاری و پێویستییەکانیانن، بەتایبەت شارۆچکەکان و گوندنیشینان.
لــــە کوردستان بۆ هیچ یەکێک لەم دوو چینە مەسەلەی نیشتیمانسازی و ووڵــاتپەروەری چیتر مەسەلەیەکی گرنگ نیە .. ئەوەی گرنگە و ئەم دوو چینە هەوڵی بۆ دەدەن بریتی یە لەگەڕان بەدوای ژیانێکی ئاسایی وسادە، بۆ دروستکردنەوەی ئەم متمانەیەش کاتێکی زۆرمان پێویستە و دەبێت حکومەت زۆر بەجدی کار لەسەر چارەسەری کێشەسەرەکییەکان بکات.
خۆ ئەگەر حکومەت لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت بەدووری نازانرێت بۆشایی نێوان حکومەت و گەنجان فراوانتر بێت و کێشەکان قووڵتر ببنەوە.
بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت و لایەنەدەستەڵاتدارەکانی هەرێمەوە ئەم جیلە بێ ئومێدو بێ هیوا بوون لە داهاتوویان و هیچ متمانەیەکیان بە کەس و لایەنێک نەماوە، ئایندەیان بەنادیاری ماوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت