تیشکۆ زەند: بۆچی ڕۆژی ئافرەتان؟

مێژووی چەپەڵی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێندە مێژوویەکی نەگریس و قێزەونە باسکردنی شەرمە و باس نەکردنیشی تاوانە بەرامبەر کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی بەتایبەت چینی جندەر، ئافرەتان یان فیمێنیزم، چونکە قوربانیە سەرەکیەکە بۆ هەموو کێشمە کێشیەکان و ماڵوێرانیەکان بە گشتی ئافرەتان بوون، ئەویش لە ژێر یاسایی جەنگەڵی باوکسالاری و زیادەڕەوی گۆشەگیری ئاین و ئاینزاکاندا کە هەمیشە لە هەردوو سۆنگەکەوە یەکەی ئافرەتانیان بە چاوی کەم سەیر کردون و بونەتە سووتەمەنی هەموو کێشەکان بە تایبەت شەڕ و کوشتار، ناکۆکی خێزانی، شەڕی نێوان پیاوان کە کوشتنی تێکەوتووە ئافرەت بەکارهێنراوە وەک کاڵا و بۆتە بن ئامۆزا، یاخود بۆ دیاردەی سیاسی کە کەسی شۆڕشگێڕ ئەگەر ددان نەنێت بە چالاکیەکەنیدا ئەوە خوشک، ژن یان دایکیان لە دژی بەکار هێناوە، زۆر جاریتر ئافرەتانی کەم ئەزموون بەکارهێنراون بۆ کاری سیخوڕی و… هتد.

پێناسەیەک لە سەر ئافرەت
ئافرەت بە هەموو واتایەک واتا گەورەیی، ژیری، جوانی، سۆز، خۆشەویستی، ئامێز، خەم ڕەوێنی، وەفا، پشت و پەنای پیاو، شیعر، ئاواز و گۆرانی دڵداری.
ئافرەت واتا، بناخەی خێزان کە هاوژینی سبەینێیە، هاوژینیش واتا دایکی نیشتمان کە هەموو جوانیەک لە خۆ دەگرێت، دایکیش واتا زمان و کولتوور، دایک ئەو پێناسە بەشەرەفەیە کە دەوڵەتێکی بچوکە و نیشتمان پەروەران بۆ هەمیشە لەنگەری تیادا دەگرن و دەبێتە لانکۆی ئامێزی گەرمی شۆڕشگێڕان، دایک واتا قوتابخانەی منداڵ، منداڵیش نەوەی نوێی کۆمەڵگایە.
بۆیە بەبێ بونی ئافرەتی بەشەرەف لە هەر کۆمەڵگایەکدا، ئەو کۆمەڵگایە پیاوی لەتە پیاو بەرهەم دەهنێت، وە لە هەمان کاتیشدا بە هۆیی بونی ئافرەتی خاوەن کارێزماش ئەو کۆمەڵگایانەش پیاوی دوا ڕۆژ و بەرخودان و وڵاتپارێز بەرهەم دێنن.

بۆیە یادی 8ی مارس لە گشت ئافرەتان و دایکان و خوشکان پیرۆزبێت.

کورتە مێژویەک لەسەر 8ی مارس
ئەوەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیە کێشمە کێشی مرۆڤیش هەر هەبوە و هەر دەشمێنێت، چونکە لەنگیەکە لە کوڵتوور و مۆڕاڵ و ئایندایە، بۆیە ئاسانیش نیە بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردە نێگەتیڤیانە، بۆیە تا تەواوی سەرتاسەری گشت کۆمەڵگاکانیش هوشیار نەبنەوە لە گرێژنە گرێژنەترە بۆ خۆ قوتارکردن لەو ڤایرۆسە کوشندانە، ئەوەتی مرۆڤ هەیە چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤیش هەر هەبووە بە تایبەتی لەسەر ئافرەتان زیاتر، چەوسێنەرەکەس تەنها پیاوە زاڵمەکان بوون نەک کۆی گشت پیاو، ئەمە ڕاستیە و دەبێت ڕاستیش وەک خۆی بوترێت یان تۆمار بکرێت، وەک لە پێشەکی ئەم نوسینەمدا ئاماژەم پێداوە هەمیشە ئافرەتان بونەتە قوربانی یەکەم کە شەهوەت بازەکان کرمی جەجاڵی خۆیانی پێدامرکاندۆتەوە، ئەمە مێژوی هەزاران ساڵە کە وامان پێدەڵێت، ئافرەتانیش وەک بونەوەر دەرکیان بەو ڕاستییە و ئەو بۆشایانە کردبوو کە ئەوانیش مرۆڤن و مافیان پێشێل دەکرێت، بۆیە کەوتنە چالاکی بە دووای چالاکیدا بە تایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکادا، لە ساڵانی 1909 بە دواوە لە شاری نیویۆرک ڕێکخراوی ئافرەتان دامەزرا و کەوتنە چالاکی و داوای مافی یەکسانی و دادپەروەری و کار و پیشە و سیاسەتوانی و ڕەوتی کۆمەڵایەتیان دەکرد کە چیتر ئافرەتان بە چاوی کەمتر سەیر نەکرێن لە ڕەگەزی پیاو و دەستی زۆرداریش لەسەر ئافرەتان هەڵگیرێت و یاسای تاوانیش جێبەجێ بکرێت دەرهەق بە گێچەڵی سێکسی یان لاقەکردن، بۆیە داخوازییەکان و پاڵپشتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر و کاریگەریان زیاتر دەبوو، ئەو بوو ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان UN لە ساڵی 1977 دا بە فەرمی ددانینا بەوەی کە ئافرەتانیش بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگای شارستانیەتن و تەنها بۆ چێشتخانە و سریەیەک منداڵ نانەوە دروست نەبون.
بۆیە دووبارە و سەدان بارە بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕۆژی ئافرەتان کە پێشەنگی بزاڤی کوردایەتی و مەردایەتی بوون، شەڕڤانانە قارەمانەکانیش وەک نموونە کە سەری هەموو کوردیان بەرزکرد.