ســـەرکــۆ یونس: ئــــاو، لەنێوان پێویستی ژیان وخراپ بەکارهێناندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوای گەورە دەفەرموێت”وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ”
ئــــاو، بنەمای ژیانە بەبێ ئاو ژیان لەسەر زەوی مەحاڵـــە، ئاو ڕەگەزی سەرەکی ژینگەیە، پێکهاتەی زۆربەی کاڵاوشمەکەکانە. لەهەمووی گرنگتر، لەشی مرۆڤێکی ئاسایی، نزیکەی زیاتر لە(%65) ئــــاوە.
کوردیش دەڵێت “ئاوو ئاوەدانی” …
پاراستنی ئاو، پاراستنی ژیانە، ئەرک و ئەخڵاقە.
لەئێستادا ئاو، ئەرکەکەی هەر ئەوەنیە تینوێتی بشکێنێت و بۆ پێویستی ماڵ و خێزانەکان بەکاربهێنرێت، بەڵکو بووە بەپرسێکی سیاسی و ڕەهەندێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە. لەئێستادا ئاو وەک فشاری سیاسی بەکاردەهێنرێت، بەپێی زۆربەی پێشبینیەکانی پسپۆڕانی ئابوری و ناوەندەجوگرافی و سیاسیەکان، لە چەند ساڵی داهاتوودا، جەنگی سیاسی، جەنگی ئــــــــاو دەبێت.
ئاو، دەبێتە “جێگرەوەی نەوت”، ئاو بەهاوبایەخی لەنەوت گرنگتر دەبێت و دەبێتە ئامڕازێکی ستراتیژی لەیەکلایکردنەوەی کێشەکاندا، واپێ دەچێت، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا، سەرچاوەی سەرەکی شەڕوئاڵۆزیەکانی داهاتوو، بەهۆی ئاوەوە دەبێت..
لەلایەکی ترەوە، سەرجەم کەرتەئابورییەکان، بەبێ ئاو نایەنە بەرهەم، ئاو پێویستی سەرەکی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازییە.
ووشکەساڵی لەهەرێم و ناوچەکەدا، بەرۆکی زۆربەی حکومەتەکانی گرتوە، وادەردەکەوێت هاوینێکی گەرم و قورس چاوەڕێمانە، پلەکانی گەرما ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەبەرزبونەوەدایە، خواست بۆ ئــاو زیاتر دەبێت، لەگوندەکانیش زۆرێک لەکانی و سەرچاوەکانی ئاو کەمبونەتەوە یان بەتەواوی وشکبوون بەتایبەت لەگەرمیان، مەترسی لەناوچونی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان و ووشکبونی باخەکان لەئارادایە.
سەرەڕای بوونی دوو بەنداوی گەورەی دوکان و دەربەندیخان، کەڕێژەیەکی گەورەی لەئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکانەوە و ڕێڕەوی هەردوو ڕوبارەکە گۆڕانی بەسەرداهاتووە، بڕی کەمتر ئاو دێتە هەرێمەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی ئاوەکانیان کەمدەبێتەوە و مەترسییەکە گەورەتر دەبێت. لەلایەکی ترەوە بەهۆی نەبوونی بەرنامەو پلانەوە، ڕێژەیەکی زۆری ئاوەکانی هەرێم، بەفیڕۆ دەڕوات و سوودێکی ئەوتۆی لێ نابینرێت، هەروەها دابەشکردنی نادادپەروەرانەی ئاوی شیرین لەنێوان شاروشارۆچکەکان وگەڕەکەکاندا، یەکێکی ترە لەگرفتەکان.
پێمان وایە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم دیاردەهەمەلایەنە، پێویستە هەندێ ڕێگاچارەو پلانی تۆکمە بگیرێتەبەر…
1- دانان و تەرخانکردنی بودجەیەکی کراوەی تایبەت بەووشکەساڵی، بەمەرجی لیــژنەیەکی پسپۆرو دەستپاک، دوور لەگەندەڵی و بەفیرۆدان، مانگانە ڕاپۆرت بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران وپەرلەمان وڕای گشتی.
2- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەکارهێنانی ئاو، بەشێوەیەکی گشتی و ئاوی تۆرەکانی دابەشکردنی ماڵان بەتایبەتی، دەستپێوەگرتن لەهەموو بارودۆخێکدا، لەڕێگای هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو وبیستراو و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە.
3- دانانی سزای دارایی تایبەت، بەسەرپێچیکاران، لەکۆڵان وگەڕەکەکان و شوێنەبازرگانییەکان، بەبڕی گەورەوقورس، لەکاتی دوبارەبوونەوەدا سزاکان قورستر بکرێن.
4- پێکهێنانی لیژنەی گەڕۆک، لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان، دیاریکردنی هەموو ئەو کەس و ماڵ و شوێنانەی کەپابەندنابن بەڕێنماییەکانەوە، لەهەمانکاتدا سزادانیان بەگرتنی کەسەکەو سەپاندنی سزای دارایی قورس.
5- پابەندکردنی سەرجەم ماڵەکان و شوێنەبازرگانیەکان، بەدانانی تەوافە بۆ وەستاندنی ئاوی سەر تەنکییەکانیان، بۆ ئەوەی کەپڕبوون، ئاوە زیادەکە بەفیرۆ نەڕوات.
6- لەڕێگەی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینیەوە، بەوتارو ئامۆژگاری، دڵنیابکرێنەوە لەحەرامی زیاد بەکارهێنانی ئاوو بەفیڕۆدانی، بەهێنانەوەی بەڵگەی ئایاتی قورئانی پیرۆز وفەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام(درودی خوای لەسەر بێت).
7- لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ وفەرمانگەکانییەوە، ڕێنمایی پێویست بدرێت بەجوتیارو خاوەن باخەکان، شێوازو ئاودانی نوێ بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی مەترسی لەناوچوونی بەرهەمی کشتوکاڵی وباخداری نەکرێت.
8- سەندیکاو کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا، بێ جیاوازی پێویستە لەهەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەکارهێنانی ئاودا بن، بەپۆستەرو ۆرگشۆپ و کۆڕوکۆبونەوەکان..
گۆرانی کەشوهەوا و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبونەوەی ئاوی شیرین، قەیرانێکی گەورەیی جیهانییە، زۆربەی حکومەتەکان، لەهەوڵی پلان و بەرنامەی زانستیدان، هەربۆیە پێویستە، هەموو لایەک تاک و خێزان، حزب و حکومەت، ڕێکخراو و کۆمەڵەکان، لەبەردەم ئەم دیاردەدا یەکدەست و یەک تیم، هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسیەکان بدەین..

* ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت