شێرزاد شێخانی: قۆناغەکانی ژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەولێریات
لەگچکەییدا پێیان دەگۆتم ( شێرۆ ). کە گەیشتمە سن الرشد پێیان دەگۆتم ( کاکە ). تەمەنم چل ساری تێپەڕاندو عەینەکم لەچاویکرد بچووبامە هەر جێیەکی پێیان دەگۆتم ( مامۆستا ). سەرم ماشو برنجی بوو ، مامۆستایان گۆڕی بە ( خارە ). ئێستاش کە سەرم بەفری کوێستانە ، روو لەهەر کێیەک دەکەم پێم دەرێن ( مام حاجی )!. ئیدی ژیان هەروایە، قۆناغ بەقۆناغ روو لە نزمیدایە.
دەگێڕنەوە: خوای پەروەردگار کاتەکی هەموو کائیناتی خەڵقکرد، لۆ هەمووان بە ئینسان و حەیوانەوە 30 ساری تەمەنی لۆ داندرابوو . کاتەکی کەر بەوەی زانی چوو موراجەعەی خواوەندی کرد وپێیگۆت: ئەی خاڵقی گەورە ئەمنت لۆ حەمباری خەڵق کردیە، سی سار لۆمن زۆرە هەر بەبارەوە پشتم بچەمیتەوە، لێت دەپاڕێمەوە لۆم بکە بەنیوە با هەموو تەمەنم لە حەمباری نەبەمە سەر. خوای گەورە دەرێ حەقی خۆتە بڕۆ ئەوە پازدە سارم لەتەمەنت هینایە خوارێ. بانگەواز دەدرێ کێ دەیەوێ ئەو پازدە سارەی بخەمە سەر تەمەنیەوە، ئینسان دەرێ: ئەمن!. ئیدی پازدە ساری کەرەکە دەخەنە سەر ژیانی ئینسانەوە.
سەگ کە بەوەی زانی ئەویش موراجەعەی بارەگای خوای گەورە دەکاو لێى دەپاڕێتەوە، یا خالقى گیانداران، ئەمن ژیانم هەمووی حەڕاسەتی بەر دەرکی ئینسانە، سی ساری تەمەن لۆمن زۆرە، تکات لێدەکەم لۆم بیکە بەنیوە، با ئەوەندە عەزاب نەکێشم شەوان بەدیار حەراسەتی ئینسانەوە!. خوای گەورە پازدە سار لەتەمەنی ئەویش کەمدەکاتەوەو، بانگەواز دەدرێ: کێ دەیەوێ لۆی زیاد بکەین، دیسان ئینسان دەرێ: ئەمن. پازدە ساری سەگیش لۆ تەمەنی ئینسان زیاد دەکرێ و دەبتە ىشێست سار.
مەیمون کە ئەو رەحمەی خوای گەورە بە گیانداران دەبیستی، ئەویش موراجەعەی بارەگای یەزدان دەکاو لێی دەپاڕێتەوە: ئەی خوای مەزن، هەموو تەمەنی من ئینسانەکان هەڵمدەپەڕینن و قەشمەریم پێدەکەن وپێم پێدەکەنن، تکات لێدەکەم عومری منیش بکە بە نیوە، پازدە سار تەحەمول دەکەم، بەرانەکینی سی سار زۆرە لەناو ئەو قەشمەڕخانەیە بمینێمەوە. ئەویش پازدەی لێ کەمدەکڕیتەوەو بانگەواز دەدرێ: کێ نیوەی عەمری مەیمونی دەوێ. ئینسان دەرێ: ئەمن.
ئیدی بەمشێوەیە عومری ئینسان بە موعەدەلی 75 سار دەژی. سی سار تەمەنی خۆی وەکی ئینسان دەباتە سەر. کە دەگاتە 45 ساری ژن دەینی ومەسئولیاتی مارومنداری دەکەویتە سەر ئیدی وەکی ژیانی کەر دەژی، چونکی هەموودەم بەچار پێنج عەلاگەوە دەگەڕێتەوە مارەکەی. لەتەمەنی شێست ساریدا کچ و کوڕەکانی گەورە دەبن، دەبی وەکی سەگ هەر خەریکی حەراسەتیان بی، کێوە دەچن و لە کێوە دێن، مەچوونە دەرێ، زوو وەرنەوە. کە تەمەنیشی گەیشتە سەرووی حەفتا سارییەوە پییر دەبی و نەوەکانی قەشمەڕیان بە قسەکانی دێ وەکی مەیمون پێی پێدەکەنن.
ئێستا بە جیاوازی تەمەنمانەوە هەر هەموومان لەتەمەنی مەیمونەکەیدا دەژین، سەرباری ئەوەی مندارو نەوەکانمان قەشمەریمان پێدەکەن، ئەوەتا حکومەتەکەشمان تەخسیری ناکاو رۆژانەو هەموودەم قەشمەریمان پێدەکا و پێمان رادەبوێری.
ئەوجا ئەمن یەک بەخۆم هێشتا مەمنونیشم، دەزانن لۆ؟.
مەمنونم لەبەر ئەوەی باش نەبوو راپەڕینە مەزنەکەی کوردان لە سارانی شێستەکانەوە نەبوو، خۆ ئەگەر ئەو کاتی راپەڕینمان بکردبایە ئێستا دەبایە شێست سار بەدەست ئەو حکومەتی کوردیەوە عەزاب بکێشین و لەو وەختەوە حەتا ئەوڕۆش دەبایە بەدیار موەلیدەی کارەباو موزەخەی ئاوەوە یا لیلی یاعینی برێین. باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت