دکتۆر کرمانج گوندیی: مەرامی سەرەکیی سەردانەکەی برێت مەکگورك بۆ ئێڕاقێ، سلێمانیی بوو نەك بەغدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەفەری خێرای برێت مەکگورك بۆ ئێڕاقێ لێکدانەوەی جیاجیای لەبۆ کرا و خاڵی سەرەکیی لێکدانەوەکان هەڵبژاردنی ئایندەی ئێڕاقێ بوو. دەکرێ مەکگورك ئەو بابەتەی دەگەڵ بەرپرسانی ئێڕاقێ باس کردبێ، بەڵام لەوە ناچێ کە ئەمە بابەتی بایەخداری مەکگورك بووبێ. چونکە، ئەمریکا باش دەزانێ هەڵبژاردنی ئایندەی ئێڕاقێ لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەگەر خراپتر نەبێ باشتر نابێ. لەوەش وێوەتر، ئەمریکا لە حوکمی شیعەکان لە ئێڕاقێ بێئومێد بوە. ئەوەی کە مەکگورك گۆتیتی کە ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردنە، ئەوە کڵیشەیێکە کە هەمیشە ئەمریکا بە ئێڕاقییەکانی گوتوە.
فاکتەری سەرەکیی سەفەری مەکگورك بۆ سلێمانیی بوو. مەکگورك ئەو سەفەرەی خۆی دوور لە لێنسی میدیا و بە نهێنی بۆ سلێمانیی ئەنجام دا. وێدەچێ کە ئەمریکا لەو کودێتایەی کە بنەماڵەی بارزانیی ــ ئەردۆغان ئەنجامیان دا بوو دڵگران بووبێ. چونکە، ئەمریکا هەتا ئێستاکانێ زۆنی کەسك بەو پانتاییە دەبینێ کە هێشتا ترووسکاییەکی ئازادیی تێدا ماوە. ئەمریکا نایهەوێ سلێمانییش وەکی هەولێرێ و دهۆکێ بکەوێتە ژێر نفووزی چەوساندنەوەی بنەماڵەی بارزانیی. لەبەرهەندێ، ئەمریکا هەول دەدا کە سەقامگیریی ئەو زۆنە بپارێزێ.
لەوەش وێوەتر، ئەمریکا لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانێ گوشاری کەوتۆتە سەر بەو نیازەی کە هێزەکانی ئەمریکایێ لە ئێڕاقێ وەدەر نێن و ئێڕاقێ بەتەواویی باوێنە ناو باوەشی ئێرانێ. ئەوەش شتێکە کە ئەمریکا نەك هەر ئێڕاقێ جێناهێڵێ، بەڵکە ڕووبەڕووی ئێرانێ و سەرسپردەکانی ئێرانێ لە ئێڕاقێ دەبێتەوە و لە ئێڕاقێ دەمێنێتەوە.
بۆ ئەو ڕووبەڕوو بوونەش، ئەمریکا دەیەوێ پێگەکانی سەربازیی خۆی لە کوردستانێ زێتر بکا و ئەمجارەش زۆنی سەوزیان لە بەرامبەر زۆنی زەرد هەڵبژاردوە. ئەوەش دوو چەمکی هەیە، یێکیان ئەوەیە کە ئەمریکا لە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانیی و پێوەندیی وان لەگەڵ ئەردۆغانێ ماندوو بوە و هەول دەدا کە پێشگریی لە فراوانخوازییەکانی تورکیایێ بکرێ؛ دوەمیان ئەوەیە کە هەول دەدا کە کێمترین پێوەندییان بە مەسعوود بارزانیی هەبێ. هۆکاریی ئەوەی کە چوە سلێمانیی و نە چوە هەولێرێ ئەوە بوو کە مەکگورك نەیویست چاوی بە مەسعوود بکەوەێ. چونکە، هەر کاتێك کە مێوانێکی بیانیی دەچێتە هەولێرێ، کوڕ و برازاکەی مەسعوود داوا لە میوانەکە دەکەن کە کاك مەسعوودیش ببینێ. ئەو میوانەش بۆ موجامەلە بێ یان شتێکی تر ڕەنگە ئەو داخوازییە قەبوول بکا. بەڵام، مەسعوود بارزانیی لە خانەی سیاسەتی ئەمریکایێ دەرکراوە و مەکگورك هەول دەدا دووریی لەو کابرایە بکا.
لەفەرهەنگی سیاسیەتی وڵاتانی رۆژاوایێ مەسعوود هیچ پۆستێکی دەوڵەتیی نیە؛ لەبەرهەندێ، دیپلۆماتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئۆڕوپایێ هەول دەدەن تا ئەو شوێنەی دەکرێ ئەو زەلامە نەبینن. چونکە، کاتێك کە ئەمریکا کەسێك لە سیاسەتی خۆی دوور دەکا، جارەکی دیکە نایەوەی چەهرەی ئەو کەسە ببینێتەوە.
دوای پەنجە هەڵشەقاندن لە ئەمریکایێ و ئەنجام دانی ڕێفڕاندۆمە خیانەتکارانەکەی، هەر ئەو مەکگورکە پەیامی ئەمریکایێی بە مەسعوود ڕاگەیاند کە دەبێ پۆستی سەرۆکی هەرێم جێبهێڵێ. جا کە ناچار کرا دەست لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بکێشێتەوە، مەسعوود بارزانیی بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، جارەکی دیکە بارەگای بارزانیی دامەزراندەوە بۆ ئەوەی بە ئەمریکایێ و ئۆڕوپایێ نیشان بدا کە وی هێشتا لەو هەرێمە دەسەڵاتدارە. ئەوەش شتێکە کە ئەمریکا ناچێتە ژێر باری.
لە کۆتایی، پێموایە کە ئەمریکا، هێشتا ئومێدی لە کوردستانێ نەبڕیوە. بۆیێ مەکگورک چوە سلێمانیی کە پێگەی سەربازیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە بەرامبەر ئێرانێ بپارێزێ و سنوورێکیش بۆ پاوانخوازیی بنەماڵەی بارزانیی و سیاسەتی سەقەتی ئەردۆغانێ لە هەرێم دابنێن. لێرەوێوە، با سەرنج بدەین و ببینین داخوا ڕووداوەکانی ئایندە چیمان پێ نیشان دەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت