شێرزاد شێخانی: سیحری پارتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(1) بایکۆت
چۆڵو هۆڵی بنکەکانی دەنگدانی ئەمجارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق سەرنجی راکێشام. کە هاتمە دەرەوەش بەدەم رێگاوە سەیری پەنجەی خەڵکم ئەکرد، زۆر کەم پەنجەی مۆرکراوم بینی. ئەمەشیان شۆکێکیتر بوو. چونکی پێموابوو تووڕەیی خەڵک لەم دەسەڵاتەو زوڵموزۆرداری چەند ساڵەی ئەم دەسەڵاتە، نانبڕین و ئاو بڕین و مووچەبڕینی ئەم خەڵکە، لابد ئەمڕۆ رۆژیانە بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆیان لەم دەسەڵاتە بکەنەوە. پێموابوو ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیراق ئەبێتە دەرسێک بۆ حزبەکانی دەسەڵات، بەڵام ناهوشیاری خەڵک ئەم بۆچوونەی پووچەڵ کردەوە.
بایکۆت ئەزعەف ئیمانەکەیە کە هیچکات سوودی نەبووەو هیچیشی لەوەزعی میللەت نەگۆڕیوە. میللەتی ئێمە کە نەتوانێ بێتە سەر شەقام لەترسی بیکەیسی دەسەڵات، نەوێری راپەڕێ لەترسی قەتلوعام، نەوێری تەنانەت لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشدا کۆمینتێکی بچووک بنووسێ لەترسی گرتن و زیندانی دەسەڵات، تاکە فرسەتێک هەبێ لەبەردەم ئەم خەڵکە ناڕازییە بۆ سزادانی حزبەکانی دەسەڵات تەنهاو تەنها سندوقی دەنگدانە، بەڵام بینیمان 60% دەنگدەرکان بایکۆتیان کردو حزبەکانی دەسەڵاتیش لەسەر حیسابی حزبە بچووکاکان و سەربەخۆکان بە کەماڵی ئیسراحەتەوە کورسیەکانی خۆیان مسۆگەر کردەوە، چونکە دەنگدەری ئەوان سەرلەبەیانییەوە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سازو ئامادە بوون. بۆیە ئەمجارە حزبەکانی دەسەڵات هیچ پێویستیان بەتەزویرو ساختەکاری نەبوو، چونکی دەنگدەرە ناهوشیارەکانمان هاوکاریان بوون بە بایکۆت و دوورکەوتنەوە لەسندوقەکان. سەیرە لەم هەموو کاندیدە سەربەخۆو لایەنەکان چوار کەسیان تێدا نەبووبێ تۆزێ مەعقولترو شاییستەتر بن لەکاندیدانی دەسەڵات دەنگیان پێبدەن.
هەر دەسەڵاتێک شەرعییەتی لەسندوقەکانی دەنگداندا وەر ئەگرێ، جا دادگەر بێت یان ستەمکار، بە مافی خۆی بێت یان بە ساختەکاری، بۆیە هەڵبژاردن تاکە فرسەتێکە بۆ تەعبیرکردن لەرأی گشتی جەماوەرو رۆژی حیسابیشە بۆ حزبەکانی دەسەڵات، بەڵام بە داخەوە دەنگدەری کورد تاکو ئەمڕۆش لەگرنگی و گاریگەری ئەم چەکەی بەدەستیەوە تێنەگەیشتوە و وەکو پێویست بەکاری نەهێناوە، هەر ئەوەشە حزبەکانی ئێمەو ناوچەکەش بەگشتی ساڵانێک حوکمڕأنی ناتەندروست ئەکەن و بەشەرعییەتێکی ساختەکاری سندوقەکانەوە دەسەڵاتەکانیان بەسەر میللەتاندا ئەسەپێنن. خۆ هەمووشمان ئەزانین، بایکۆت ئەگەر بگاتە 90% شەرعییەتی هەڵبژاردن بەپێی یاسا هەر ئەمێنێ، بەمەش هەمیشە میللەت زەرەرمەندە لەبایکۆت کە لای من، بێدەنگی ورازی بوون بە زوڵموزۆرداری حزبەکانی دەسەڵات.

(2 ) دۆڕان
شکستی بزووتنەوی گۆڕان ئەمجارە، نە بەپیلانی پارتی و نە بەتەزویری پارتیش بوو، شکستی گۆڕان لەدوای ئاوابوونی خۆری نەوشیروان مستەفاوە دەستی پێکرد، لەغیابی سێبەری ئەودا، مەعدەنی حەقیقی سەرکردەکانی گۆڕان و هەڵپەی دەسەڵات و پلەو پۆست زۆر بەئاشکرا دەرکەوت. زۆرجار لەوتارەکانمادا ئاماژەم بەوەدا داوە، هەر حزبێک لەپارتی نزیک ببێتەوە بە ئاگرەکەیەوە ئەسووتێ. نموونەش زۆرن هەر لەیەکگرتووی ئیسلامیەوە تا زەحمەتکێشان و سۆسیالست، بە یەکێتی نیشتمانیشەوە کە لەهەر خولێکی هەڵبژاردندا پێگەی لاوازتر ئەبوو بەدەست پڕۆپارتییەکانەوە.
لەهەڵبژارنەکانی ساڵی 2018 کادێریکی دیاری دژە پارتی ناو یەکێتی ویستی خۆی کاندید بکات بۆ پەرلەمانی کوردستان، داواکەی رەفزکرایەوە لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتییەوە بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو کادیرە زۆر دژی پارتییە!. جا ئەوەیان لەساڵی 2018دا کە یەکێتی لەو سەردەمەدا لەوپەڕی دوژمنایەتی پارتیدا بوو، ئەبێ ئێستا کە یەکێتی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ریزەکانی خەریکە لەیەک ئەترازێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ پارتیدا بکات؟! . هیچ گومانی تێدا نیە یەکێتی بەم لاوازییەی خۆیەوە زیاتر دەستەمۆی سیاسەتە نا نەتەوەییەکانی پارتی ئەبێت لەبەغدا. لە کوردستانیش بەهۆی ئەو شکستە گەورەییەی لەهەولێر بەسەریدا هات، بێگومان کاریگەری ئەبێت بەسەر شێوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ یەکێتیدا.. لەمەحسەڵەشدا رووخانی گۆڕان و لەدەستدانی هەولێر لەلایەن یەکێتییەوە سنورەکانی هەردوو زۆنی سەوزو زەرد تۆختر ئەکات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تەرازووی هاوسەنگی ئەگۆڕێ و پارتی زیاتر تووشی غرور ئەبێ لە نەتیجەشدا هەموو میللەتی کورد زەرەرمەند ئەبێ بە بایکۆتکەرانو دەنگدەرانیشەوە.

(3) سیحری پارتی
زۆرجار وتومە پارتی حزبێکی تەزویرچی و گزیکارە ، بەڵام هیچ قەناعەتم بەوە نیە پارتی بەم هەموو تەزویرەی کە لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە تاکو ئەمڕۆش بەردەروامە بتوانێ زیاتر لە 30 کورسی پەرلەمانی تەزویر بکا. لەوانەیە بتوانێ 10 کورسی لەهەر هەڵبژاردنێکدا بە تەزویر بباتەوە، ئەی باقیاتی لەکوێوە ئەهێنێ. گومان لەوەدا نیە پارتی ئەندام و کادیرو جەماوەری خۆی هەیە، هەر ئەوانەشن کە باقییاتی کورسیەکانی بۆ مسۆگەر ئەکەن، ئەویش کاتێک بایکۆت زیاد ئەبێ، جەماوەرو دەنگدەرانی پارتی بە لێشاو ریز ئەبەستن بۆ چوونە سەر سندوقەکانەوە، بەمەش هەموو جارێک کورسییەکانیان ئەگەر زیادیش نەکات، کەم ناکاتەوە.
62 % خەڵکی ناڕازی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارەیان کردووە، لەبەرامبەریشدا دەنگدەرانی پارتی یەک کەسیان دوانەکەوتووە، بەمەش توانییان پارێزگاری لەدەنگەکانیان بکەن و بەرامبەرەکانیان بە بایکۆت شکست بێنن، پارتی بۆ ئەمجارە هیچ پێویستی بە ساختەکاری نەبووە، تەنها بایکۆتی خەڵکەکە بوو کە هەموو جارێ سزای حزبەکان ئەدەن جگە لەپارتی!. ناهوشیاری دەنگدەری کورد هەمیشە خزمەتی پارتی ئەکات. سیحری پارتی ئەوەیە کە دەنگدەرانی هوشیارترن لەدەنگدەری حزبەکانیتر. ئەوانەی پارتی هەموویان لەرۆژی دەنگداندا لەسەر سندوقەکانن، دەنگدەری حزبەکانیش لەبەر شتی پرووپوچ لەحزبەکانیان ئەتۆرێن و لەهەڵبژاردنەکاندا سزای حزبەکانی خۆیان ئەدەن!. لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا تەنها حزبەکانی غەیرە پارتی سزا دراون، یەکێتی و یەکگرتوو و گۆڕان و کۆمەڵ لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا کورسییەکانیان کەمیکردووە، دەنگدەرانی ناڕازی لەدەسەڵات ئەوەندە شعووریان نیە هەر بەدەستی خۆیان بۆ یەکجاریش بێ سزای پارتی بدەن کە تاکڕەوانە حوکمی کوردستان ئەکات!. تا ئەم دەنگدەرە ناهوشیاریانەش بەمشێوەیە بیر بکەنەوە، تا هەتا پارتی هەر حزبی یەکەمەو، حزبەکانی تریش یەک لە دوای یەک هەڵدەورێن، ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە کە پارتی بەم هەموو زوڵموزۆردارییەی خۆیەوە هەمیشە مەرجەع و تاکەحزبی سەرکردەو حیزبی قائید بێت.
دوا فرسەت مابێت لەبەردەم گەلی کوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە، با بزانین لەوێ میللەت هوشیار ئەبێتەوە، یان هەروەکو ئێستا رازییە بەم ستەمو زۆردارییەی پارتییەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت