دلێر محەمەد نوری: ڕۆژێك لە خەوما پیاوی ئایینی بووم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژێک لە خەوما پیاوی ئایینی بووم. پەرستگاکەم قەرەباڵغترین و جوانترێنی شار بوو. جگە لە نوێژخوێندن، پۆچ پۆچ خەڵکی ئەهاتنە سەیری پەرستگاکەکەم. بۆیەی دیوارەکانی لە ڕەنگی سروشتی خوداوە نزیک بوون. دیوارەکانی بە تابلۆی نیگارکێشانی شار نەخشێنرا بوون. بە تایبەتی ئەو تابلۆیانەی باسی خۆشەویستی نێوان مرۆڤ و خودا، ژن و پیاو، هەژار و نان، دەوڵەمەند و خێر، وێنەی ڕوونی دەم و چاوەکان بە بێ ماسك و زۆری دیکەش. بە کورتی پەرستگاکەی من لە پیشانگاش ئەچوو. لە سەر دەرگای سەرەکی پەرستگاکەم تابلۆیەکی گەورە گەورە هەڵواسرابوو، کە تیایدا وێنەی ڕیزێك کوڕ و کچی جوان کە دەستیان لە ملی یەک کردبوو و پێدەکەنین. کچێکی ئەفەریقی دان سپی چاو ترێی ڕەشکەیی قژ لوول و کوڕێکی ئاسیایی برۆ ئەستوری جووت وەکو تاق و لوتێکی کەمێک ناڕێک و کچە چینییەکی چاو بچکۆلەی قژ خاو و کوڕە ئەوروپیەکی سور و سپی باڵابەرز و دسداشە لە بەرێک و زەنگیانە لە لوتێک و شان و مل ڕووتێک و تاتۆ لە سەر سنگێک و… هتد، لە وێنەکەدا دەرکەوت بوون و لە ژێریدا نووسرا بوو (بەخێر بێن بۆ بارەگای خودا بە بێ جیاوازی ڕەنگ و شوێن و میللەت و باوەڕ، وەرن بۆ پاکبوونەوەی دەروون لە رق و کینە و تاوان…).
لە پەرستگاکەم جگە لە هۆڵی نوێژ خوێندنی تێکەڵاو و هۆڵی پرسەی تێکەڵاو و توالێت و دستشۆر و شوێنی دەستنوێژ ششن، هۆڵێکی بۆ کۆبوونەوەی ئایینە جیاوازەکان بۆ گەڕان بە دوای هاوبەشییەکان و هۆڵێکی گەورەش بۆ ئاهەنگگێڕانی تێدا بوو. لە هەمووی سەیرتر لەم پەرستگایەی منا هۆڵێکی لێ بوو بۆ فەلسەفە، کە ڕەنگە تاکە پەرستگای سەر ڕووی زەوی بووبێ لە گەڵ فەلسەفەدا هاوڕێی گیان بە گیانی بوون. لەم هۆڵەدا زوو زوو فەیلەسوفانی شار بە باوەڕدار و بێ باوەڕەوە، کۆدەبوونەوە تا تەلیسم و خەت و خاڵ و پردی پەیوەندی نێوان ئایین و فەلسەفە، خودا و مرۆڤ، سروشت و خودا بدۆزنەوە . گەلێ سەرگوزشتەی خۆش ڕووی دەدا لێرە، هەندێ جار بێباوەر باوەڕی دەهێنا و هەندێ جاریش بە پێچەوانەوە، بەڵام نە خودا لێرە لە کەس توڕە دەبوو و نە کەسیشی بە خاچدا هەڵئەواسی. خوداکەی پەرستگاکەی من ملی کەسیشی نەدەپەڕاند. خودا لێرە زۆر کراوە بوو و هەموو ڕەخنەیەکی قبووڵ بوو. خودا لێرە تا سەر ئێسک ئازادی خواز و یەکسانی خواز و دیموکراسی بوو. ئەو زوو زوو خۆی ئەیوت: هەی گەمژینە من بۆیە پڕم کردوون لە پرسیار و گومان تا بیربکەنەوە و بگەنە حەقیقەت. کەی حەقیقەتتان دۆزییەوە ئەوسا منیش ئەدۆزنەوە. خودا لێرە هەمیشە هیوایەکی لە دڵدا بوو کە ئاخۆ ڕۆژێک دێت هەموو پەرستگاکانی دونیا وەک ئەمەی ئێرەی لێ بێت؟ بە هەر حاڵ باوەڕ ناکەم لەم خودایەی ئێرە میهرەبانتر هەبووبێت. یەکێک لەو دیاردە جوانانەی ئەم پەرستگایە ئەوە بوو کە هەمیشە لە گەورە بوون و فراوان بووندا بوو. بۆ نموونە ساڵ پار شانۆیەکی قەشەنگمان تیا دامەزراند بۆ کوڕ و کچانی شانۆکاری شار. ئەمساڵیش هۆڵێک بە هەموو ئامێر و پێداویستییەکانێوە بۆ مۆسیقا. هەر لێرە بڕیار درا ئیتر تێکست و ئاواز بۆ نوێژ خوێندن دابنرێ تا هێندەی دیکە چێژ بدرێ بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا. هەر لەو پەرستگایەی مندا هۆڵێکیش هەبوو بۆ ڤیستیڤاڵی هونەری و هۆڵێکیش بۆ وەرزش و کتێبخانەیەکی گەورە و لە ناوەندی پەرستگاکەش گازینۆ و ڕێستورانتێکی گەورە بۆ حەوانەوەی نوێژخوێنان و گەشتیاران و سەردانی کەران. بە کورتی ئەم پەرستگایە، خودا خۆی بوو، ژیان خۆی بوو، مرۆڤ خۆی بوو. ئەم پەرستگایە تاکە پەرستگا بوو لە سەر ڕووی زەوی کە تەنها باسی بەهەشت و پاداشت و چاکە دەکرا، هەرگیز لێرە گوێت لە دۆزەخ و سزا و خراپە نەدەبوو، لێرە تەنانەت شەیتانیش سەرفراز بوو و کەس بەردی تێنەدەگرت. جوانترین شتی ناو ئەم پەرستگایە ئەو شاری یارییە خنجیلانە بوو کە مناڵی سەردانیکەران، یارییان تێدا دەکرد و مجێورە ژن و پیاوە میهرەبانەکانیش چاودێرییان ئەکردن. ئێستا خەریکین بنکەیەکی تەندروستیش بکەینەوە، ئەو کات لە هیچ شتێکمان کەم نابێت. شایەنی باسە 90-95٪ ی خەڵکی شار میوانی هەمشەیی پەرستگاکەم بوون، جگە لە پیاوانی ئایینی هاوڕێم و دواکەوتوونیان نەبێت کە ڕقیان لە ژیان و ژن و فەلسەفە و گۆرانی و کتێب و مۆسیقا بوو، ئەیانووت ئێوە بیدعەن، گوناهن، خودا دوو شتی داناوە و بەس دونیای تاوان و ڕۆژی دواییش بۆ سزادان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت