عیماد عەلی: پەند لە رووداوەکانی سریلانکا وەرگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا وتمان ئەم دوو حزبە بەکتریان قبوڵ نیە و دژی یەکن و دەیانەوێت یەکتر بسرٍنەوە و یەکدی لەناوبەرن، باشە گەر یەکێکیان بتوانێت ئەوە بکات ئێمەی خەڵکی کوردستان بەگشتی هەزار جار مەمنونین و بەهیواین بازنەی خۆسەپێنەر و زاڵم تەسک بێتەوە بۆ ئەوەی بەدیاریکراوی بزانرێت بەرپرسی کێشەو گیروگرفتەکان کێیە وەکو شەخس و حزب بەتایبەتی و هۆکاری وەزعی نابەجێی خەڵک و ئەم پشێوی و گیروگرفتە بە دیاریکراوی لە ئەستۆی کێدایە و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت خۆی لێی بێبەری بکات. بەڵام وا بۆ شەش دەیە دەچێت لە ناکۆکی نێوان دوو بنەماڵە و حزب، ئێوە ئەم وەزعەی کوردستانتان خوڵقاندووە و هەزاران کورٍی هەژار و داماوی ئەم گەلەتان کردۆتە قوربانی ناکۆکی و براکوژی و هەوڵی لەناوبردنی یەکتر دەدەن و کوردستانتان گیرۆدەی ئەم بارودۆخە کردووە، کە نە ململانێی راست و زانستی و کێبرکێ دەکەن و نە چارەسەری دەکەن و نەش بە یەکلادا دەیخەن و ململانێیە خوێناویەکەتان کۆتایی پێدێنن. ئەی چارەسەری بنەرٍەتی چیە؟
کە بارەکەتان گەیاندۆتە ئەوەی نە یەکێکتان سەردەکەوێت و ئەویتر بنبکەوێت و نەش رێکەوتنێکی عاقڵانەی درێژ خایەنتان مۆرکردووە و پابەندی بن و نەش دەتوانن سەرکردایەتی بارودۆخەکە بکەن و هەر هیچ نەبێت بتوانن بەکەمترین زەرەر رۆڵی سیاسی نێوخۆ و ناوچەیی و جیهانی لە نێوان هەردوولاتاندا دابەش بکەن و خەتی سووری نێوانتان دیاری بکەن، لەولاشەوە رێگەش نادەن تەنانەت هیچ هێزێک هەبێت( کە نیە) نزیک حوکمرانی بێتەوە و هەوڵی چارەسەری بنەرٍەتی و ریشەیی ئەم وەزعە بدات؟ ئەی چی بکرێت؟
با باش بزانن کە نایزانن، ئەوەی ئامۆژگاریە و بۆ هەردوولاتان باشە و بەشێک لە بارەکەتان راست دەکاتەوە و هەر هیچ نەبێت لەم کاتەدا بتانەوێت بە نیمچە زەرەر لەو قورٍاوە خەستە دەربچن ئەوەیە کە؛ ناتوانن لێک تێگەیشتنێکتان هەبێت با بە ناچاری رۆڵە سەرەکیەکانی حوکمرانی لە نێوان هەردوولاتان دابەش بکەن و خەڵک تا رادەیەک دڵنیابکەنەوە کە بە برابەشی، بە باش و خراپ، بە گەندەڵی و دەست تێکەڵی ئەملا و ئەولاش بێت دەتوانن لە نێوان خۆتاندا کێکەکە بخۆن و هەر هیچ نەبێت بەشێک لە مافە بنەرٍەتیە سەرەتاییەکانی خەڵک بە هەردوولا دابین بکەن، نەک وەکو ئەمرٍۆ خەڵکی ستەمدیدە بگەیننە لێواری برسێتی و نەهامەتی و هەژاری و قاتوقرٍی ومەرگ .
باشە با تۆزێک ویژدانی تێدا بێت ، نەک تەنها هەر قازانجەکە بۆ خۆتان بێت و لە بنی هەمبانەکەی سەرمایەی گەلەوە دەرچن، هەر هیچ نەبێت لە دابەش کردنی زەرەر لەگەل میلەتدا دادگەر بن و تەنها بە خۆتان سەرتان لە نێو کادانەکەدا نەبێت و میلەتیش لە برسا بمرێت. قسەیەک بۆ خوا، با باش بزانن ئەم حاڵ و دۆخە وا برٍوات لە نزیکترین کاتدا دەستی پەشیمانی دەگەزن، هەر هیچ نەبێت لەم کاتەدا پەند لە رووداوەکانی سریلانکا وەرگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت