بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی/ شەماڵ بارەوانی.
شاكارێكیتری”نەوال سەعداوی” ژنە پزیشك و ڕخنەگرو نووسەرو ڕۆمان نووسی كۆچكردووی میسریە.
ئەو بەرهەمەی نووسەر یاداشت و بیرەوەری و ئەزمونی نەوال سەعداوی خۆیەتی كە بەهۆی پێنووسە ئازادو بۆچوونە جیاوازو بوێریەكەی لەهەڵوێست و ئازاییەكەی لەقسەكردن زیندانی دەكردێت.
نەوال، ژنێكی داكۆكیكارو چاونەترس و بوێربوو، ژنیک كە بە ڕەچەشكێن و تابوو شكێن و سنورنەناس و ڕووخێنەری بتەدەسكردەكان و هەڵوەشێنەری نەریتەكۆنەكان و ئەنتی باو و بوێری و یاخی بوونەكەی هاتووەتە ناسین. ژنێك ببوو بە هێمای خەباتی فێمێنستی و قەڵەمی ئازادی بۆ ژنان، ژنێك هەر بەڕاستی ئایكۆنی ژندۆستی و ژیان دۆستی بوو، ژنێك شایەنی نەمری و ڕێزو بەرز نرخاندن و هەڵوەستە لەسەركردن و خوێندنەوەیە.

(بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان)
كتێبێكە دەچێتە خانەی ئەدەبی زیندان و یەكەم چاپی لەساڵی1984لێ بڵاوبووەوە.
لەشەشی سێپتەمبەری ساڵی1981، لەكاتێكدا خاتوو نەوال خەریكی نووسینی ڕۆمانێكی تازەدەبێت، گوێی لەدەنگی درگادەبێت، كاتێك دەڕوات سەیری بكات بزانێت كێیە، شۆك دەبێت كە هێزێكی ئاسایش دەبینێت لەبەردەم دەرگاكە وەستاون و دەیانەوێت بێنەژوورەوەو، ماڵەوە بپشكنن بێ ئەوەی هیچ مۆڵەتێكی داواكاری گشتیان لابێت!
خاتوو نەواڵ ڕەتی دەكاتەوە دەرگاكە بكاتەوە، چونكوو ئەمە پێچەوانەی یاسایە بێ هیچ بەڵگەو نووسراو مۆڵەتێكی داواكاری گشتی بەسەر ماڵی خەڵكیدا بدەیت و بتەوێت بڕۆیتە ژوورەوەو پشكنین بكەیت. دوای سوربوونی خاتوو نەوال لەسەر بڕیارو هەڵوێستەكەی، هێزە ئەمنیەكە دەرگاكە دەشكێنن و دەڕۆنە ژوورەوە:”گوێم لەدەنگی شكانی دەرگاكەبوو وەكوو دەنگی تەقینەوەیەك وابوو. دەنگی پێڵاوە ئاسنینەكانیان دەهات و خێرا دەڕۆشتن لەشێوەی ئەو لەشكرەی بەرەو مەیدانی جەنگ و ڕوو بەڕوو بوونەوە دەڕوات. هێرشیان كردە سەر باڵەخانەكە، هاوشێوەی زیندەوەری وەحشی، دەمیان وەك هی سەگ كراوەو چەكەكانیان لەسەرشانیان”.
دوای ئەوە پەلكێشی نەوال دەكەن بۆ زیندان”القناگر”ی ژنان و كۆمەڵێك لەژنە چاڵاكوان و نووسەری تری هاوڕێیشی هەمان شێوە بڕیاری گرتن و زیندانیكردیان بۆدەردەچت و دەستبەسەردەكرێن و دەخرێنە كونجی بەندیخانە. به بڕیارێكی “ئەنوەر سادات”ی سەرۆكی ئەوسای میسرو بە بیانووی پیلانگێڕی لەدژی وڵات و بەرژەوەندی گەل و هۆكاری ئاژەوەگێڕی نێوان تایفەكان. كە لەڕاستیشدا حەقیقەت و مۆتیڤ و چیڕۆكی پشت گرتنەكەی نەوال سەعداوی شتێكیتربوو، نەك ئاژاوەگێڕی تایفی و پیلانگێڕی لەدژی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، بەڵكە هۆكارەكەی ئەوەبوو كە خاتوو نەوال لە ساڵی 1981 دا بەشدار دەبێت لە دەركردنی ڕۆژنامەیەكی تایبەت بە ژنان بە ناوی “ڕوبەڕوبونەوە”ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیركردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەروەها نەوال دژی سیاسەتی سادات و دۆستایەتی كردنی بۆ ئیسرائیل و ئەمریكاو ڕێكەوتنەكەی میسر لەگەڵ ئیسرائیل، “بوو كە بەڕێكەوتنی كامپ دێڤد”هاتوتەناسین.

نەوال لەو شاكارەمەزنەی (بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان)
ئەزمونی ژیانی ئەوچەند مانگەی خۆی لەزیندان دەگێڕێتەوە لەساڵی 1981 لەو چركە ساتەی دەستگیردەكرێت، موعانات و ئازارو ناخۆشی و چیڕۆك و ڕووداوەكانی ناو زیندان و سەردانی كردنی ژنەهاوڕێكانی بۆلای لەزیندان و مامەڵەی زبرو هۆڤانەو نامرۆڤانەی پاسەوانەكانی زیندان و چركەساتی ئازادبوون و دەرچوونی لەزیندان، هەموی بەوردی و بەزمانێكی ئەدەبی پاراو بەرزو ئەفسوناوی و جوان باس لێوەدەكات و وردو درشتی ژیانی زیندان بەدیقەتەوە دەگێڕێتەوە، ئەو زیندانەی چەشنی دۆزەخێكەو تێیدا هەموو جۆرە سوكایەتی و شكەنجەو ئازارو فەرامۆشی و ستەمێك ڕووبەڕووی زیندانی كراوەكان دەبێتەوە لەهەردووك ڕەگەز بێ جیاوازیی،
نەوال لەناو ئەو نەهامەتی و ئازارو ناخۆشیانەی ئەو دۆزخەی كە پێی دەڵێن زیندان. بڕیاردەدات كە نەترسێت و هیچ شتێك نەی ڕووخێنێت و ورەو ئێنرژی لێ نەسەنێت و بتوانێت بوێری و زیرەكی بنوێنێت و خۆراگربێت لەبەرامبەر ئەو زیندەوەرانەی هێرشیان بۆ جەستەی دەهێناو بەنزیكیدا ڕەتدەبوون و بەرگەی دۆخی خراپی زیندان و شوێنی خەوتن و ئەو خواردنە بێ لەزەت و خەراپانە بگرێت و دەروونی خۆی لەسەر خواردنیان ڕابهێنێت كە بۆ خواردن پێیان دەدان و هیچ كەڵكێكی خواردنی مرۆڤیان نەدەدا.
خاتوو نەوال بۆئەوەی ورەو هێزو تواناو مەعنەویات لەدەست نەدات و مۆتەكەی زیندان نەتوانێت ڕووحی بكوژێت و بڕستی ژیانی لێ ببڕێت و گۆشەگیرو لاوازو دۆڕاوی بكات. هەمو بەیایانیەك زوو لەخەوە ناخۆشەكەی زیندان و خەونە تاڵ و كابوساوی و بێ زاركەرەكانی ڕادەبێت و دەست بە وەرزشی بەیانی دەكات و چاڵاكی ئەنجام دەدات و ماسوڵكەكانی بەهێزو جەستەی بتەو كێرڤی ورەی بەرزدەكاتەوەو پارێزگاری لەباڵانسی ڕووحی و دەروونی خۆی دەكات و خۆڕاگری دەنوێنێت و دەرفەت نادات بێ ئومێدی و ڕەشبینی و خەفەت و ئازارو نەهامەتیەكانی زیندان چۆكی پێدابدەن و بەیداخی خۆ ڕادەستكردنی پێ بەرزكەنەوەو جاڕی دۆڕانی وێ بدەن.
خاتوو نەوال گەر چی بە جەستە لەزیندان دایە، وەلێ ئەو بە ئیرادەو هێزو بیركردنەوە ئازادو نەزیندان و نە كۆت و بەند، نەهەڕەشەو فشار، نەبرسیەتی و تینوێتی. ناتوانن گەردیلەیەك لە بیركردنەوەو بڕیارو هەڵوێستەكانی ئەو كەم كەنەوەو نشوست بە خۆڕاگری ئەو بدەن و هێزی بەرگری كردن و ئێنەرژی مقاوەمەتی لێ وەربگرنەوەو كەسایەتی لێ زەوت كەن و ئازادی ڕۆح و بوێری بڕیاری لێ دەست بەسەركەن و ڕەگەزی یاخی بوون لەناخیدا بكوژن و ڕەگی داری بوێری لەدەرونیدا ببڕنەوەو تۆیی وزەی ناڕازیبوون لەكەسایەتیدا وشك كەن و كرمی ڕەشبینی زەفەری پێ ببات و بدات لەداری بێ ئومێدی.
نەوال وەكو بلێیت هەر لەیەكەم چركەساتی لەدایك بوونیدا لەزیندان بووەو تامردنیش هەر ئەوێ ماڵی ئەو دەبێت. خۆی لەگەل ناسۆری و نەهامەتیەكانی زیندان ڕادێنێت و پڕۆڤە لەسەر بەرگەگرتنی ناخۆشیەكانی بەندیخانە دەكات:”بڕیارێكی هۆشیارانەبوو لەئەقڵی ئاشكراو پەنهانم دەرچوو، من لەزیندان دەژیم وەك بڵێیت هەرلەیەكەم ڕۆژی لەدایك بوونمەوە تاكاتی مردنم. هیچ ئومێدێكم بە بەیانی نییە جگە لەكردنەوەی چاوەكانم بەڕووی چواردیواری زیندان نەبێت تاوەكو كەمتر ڕەش ببینم.
لەكۆتایدا ماوەتەوە بڵێین
ئەزمونی زیندان هەرچەندە بۆخاتوو نەوال و هەمو مرۆڤێك كە زیندانی دەكرێت گەشتێكی دووروو درێژو تاقەت پڕۆكێن و سەختە و، هەرچركەیەك ساڵێكەو هەرساڵێك سەدەیەكە كە زیندانی كراو تێیدا هەمو چركە پڕ لەئازارو ناخۆشەكانی بەسەردەبات، هەموو ئەو شكەنجەو ستەم و چەوسانەوانە تێدا دەبینیت كە دەسەڵاتە ستەم كارو سەركوتكارەكانی هاوشێوەی سادات و سەدام و دیكتاتۆرەكانی تری چەشنی لنین و هیتلەرو فرانكۆو مۆسۆلینی و شای ئێران و… تاد. لەدژی خاوەن بۆچوونەجیاوازەكان و نەیارەكانیان بەشێوەیەكی هۆڤانە پێڕەویان لێدەكردو دەیكەن.

(بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان)
پێمان دەڵێت: راستە ڕێژیمی داپڵۆسێنەری سادات توانی نەوال زیندانی بكات و شكەنجەو ئازاری بدات و تاڵی و سوێری و نەهامەتی دەرخواردبدات و موعانات و ناخۆشی پێ بچێژێت و لەچوارچێوەی چوار دیواری زینداندا كۆت و بەندی بكات.
وەلێ كۆت و بەندن و زیندانی نەك نەیانتوانی چۆك بەنەوال سەعداوی دابدەن و هێزو ورەی بكوژن. بەڵكە زیندان ڕووحیەتێكی ترو و هێزێكیتری بەو بەخشی و بوو بە قوتابخانەی خۆڕاگری و چاوگی داهێنان و هێزی نووسین و لەدایك بوونی بەرهەمێكی ناوازەی لەچەشنی«بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان»داو
كرد بەیەكێك لە بەناوبانگترین و بوێرترین ژنە نووسەرەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
نەوالی كرد بەدەنگی ژنە پەراوێزەكانی جڤاتی نێرساڵاری و سمبولی ئازدی خوازی و ئایكۆنی فێمێنستی و هێزی یەكسانی جێندەری و ڕووخێنەری تابوو دەستكردەكان و تێكشكێنەری هەموو ئەو نەریتانە كۆنینانەی بوون بە موتەكەوكابووس بۆ گیانی مێینە و مافی ژن و ڕووحی مرۆڤەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت