ئارام هادی: تورکیا هێرش دەکاتەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

19ی ئەم مانگە سەرۆکەکانی (ڕوسیا، تورکیا، ئیران) لە تاران کۆدەبنەوە و تەوەری سەرەکیان پرسی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانە، تورکیا بەنیازە گەڕێکیتری هێرشی داگیرکاری لە (منبج و تل رفعت)ەوە دەست پێبکات کە ئامانجەکەی شاری “کۆبانی” یە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی تەوقیتی کۆبونەوەکەی تاران هێرشەکە چەند ڕۆژێک دواکەوێت، (مۆسکۆ و تاران) دژی هێرشی تورکیان بۆسەر (منبج و تل رفعت) لەبەر ئەوەی ئەو دوو ناوچەیە دەکەوێتە جێ نفوسی وڵاتەکانیان، ئەمە لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەگەڵ بەشار ئەسەد گەیشتوون بە ڕێککەوتن و پێکەوە ڕووبەڕووی هەر هێرشێکی تورکیا دەوەستنەوە ڕەنگە ئەمەش ڕووس و ئیرانیەکان ناچاربکات هاوکاری لۆجیستی هێزەکانی بەشار ئەسەد و هەسەدە بکەن لە ئەگەری بەرپابونی جەنگدا.
سەبارەت بەم بابەتەش (33) پارتی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان لە یاداشتێکدا ئاماژەیان بەوەداوە کە لە 2022/7/23 لە هەڵمەتێکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە هاشتاگ داوا دەکەن نەتەوەیەکگرتوەکان چەسپاندنی ناوچەی دژە فرین لە ئاسمانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدژی فرۆکەی تورکیا بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، داواش لە لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵ و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە هەولێر و بغداد دەکرێت پاڵپشتیان بن.
هێرشی داگیرکاری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لێکەوتەی خراپی بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت، چونکە تەرکیزی هێزەکانی هەسەدە لە دژی داعش لادەبات، ئەگەری دزەکردنی دیلە داعشەکان بۆ دەرەوەی زیندانەکان بەهێزتردەکات، کۆنترۆڵکردنی کەمپی هۆڵ کە زیاتر لە 60 هەزار لە خێزان و کەسوکاری داعشی تیایە لاواز دەکات، هەروەها پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچوکتر دەکاتەوە، هۆکارێکیش دەبێت بۆ بەهێزبوونەوەی داعش و دروستکردنی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و عیراق، دوای جەنگەکەش مەرجەکانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان قورستردەبن لە کاتێکدا ئەو وڵاتە خەون بە گێڕانەوەی میساقی میللیەوە دەبینێت.
ئەردۆغان هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە دەیەوێت لە تاران ڕای خۆی بەسەر هاوتا ڕوسی و ئیرانیەکەیدا بسەپێنێت، ئامانجی ئەردۆغان بە جوڵە سەربازیەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیەوێت لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی تورکیا 51%ی دەنگەکان بەدەست بێنێت کە بەپێی ڕاپرسیە ناوخۆییەکان لە ئێستادا 26%ە، هەرچی ئیران و ڕوسیایە لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان ڕێگرن لەبەردەم تورکیادا، ئایا ئیران و ڕوسیا تاسەر دەبنە بەربەست لەبەردەم تورکیا؟، یانیش بە کەمتر لەوەی ئەردۆغان داوای دەکات قەناعەتی پێدەهێنن؟، ئەمە دەکەوێتە سەر بەیاننامەی دوای کۆبونەوەکەی 19ی تەموزی تاران و لێکەوتەکانی دواتر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت