شەماڵ بارەوانی: تیرۆری فکر و فکری تیرۆر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کتێـبێکی قەبارە مەزنی( 480 ) لاپەڕەیی ئاکادیمیست و خاتونە توێژەری ئوردنی (دکتۆر ئەمانی غازی جەرار)ـە.
نووسەر تێیدا تیشک دەخاتە سەر هزری توندڕۆیی و کێشەی تیرۆر و دیاردەی تیرۆرو، کتێبەکەیشی بەسەر شەش بەش، دابەشکردووە و لە میانی هەر شەش بەشەکەدا، لە مێژووی تیرۆر، جۆرەکانی تیرۆر و پاڵنەر و هۆکارەکانی تیرۆر، ئەو شێواز و ڕێگایانەی لە بواری تیرۆر بەکاردێت، لێکەوتەکانی کردە تیرۆرستیەکان.
سایکۆلۆجیەتی کەسی تیرۆست، تیرۆر لە ڕوانگەی فیکری فەلسەفییەوە، تیرۆر لە ڕوانگەی فیکری سیاسییەوە، تیرۆر لە ڕوانگەی قانونی نێو دەوڵەتییەوە، تیرۆر لە بۆتەی فیکری تۆتالیتاریەتدا، تیرۆری دەوڵەت، چۆنیەتی ڕووبەڕوبوونەوەی دیاردەی تیرۆر و ڕیشەکێشکردن و بنبڕکردنی فیکری توندئاژۆیی و تیرۆرستی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی.
جەنگ لە دژی تیرۆر و کاریگەریەکانی تیرۆر لەسەر داهاتووی سیستەمی جیهانی. تیرۆر لە بەرامبەر ئازادی، تیرۆرو لێبوردەیی و مافەکانی مرۆڤ. تیرۆر لە بەرامبەر پلورالیەتی دینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی دەدوێت و تیشک دەخاتە سەر ئەو پەتا کوشندە و دیاردە مەترسیناکە.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت فکری توندڕۆیی و تیرۆر، شیرازەی کۆمەڵ و ژیان و مرۆڤایەتی وێران دەکات.
ئازادی و لێبوردەیی لەناو دەبات و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن دەسڕێتەوە و درەختی هەموو جیاوازیەکان دەبڕێتەوە.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت تیرۆری فکری، یەکێک لە جۆرە هەرە مەترسیناکەکانی تیرۆرە لەکۆن و ئێستادا.
چۆن مرۆڤە جیاواز و ڕوشنگەرەکان، فەیلەسوف و ئەندێشەمەندان، نووسەر و ڕۆشنبیرەکان، بە دەست تیرۆری فکریەوە ناڵاندوویانە. ئازادیەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە و ئازادی بیرکردنەوەیان لێ قەدەغەکراوە، بە تایبەتی و هەمیشە لای تاریک بیران و لەسەر دەستی هێزە فێندەمێنتالیست و گرووپە تیرۆرست و تاقمە توندئاژۆ و پەڕگیرەکان، تیرۆری فیزیکی و جەستەییان لە دژ بەکارهاتووە.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت دەبێت بۆ ڕیشەکێشکردنی دیاردەی تیرۆر و لە گۆڕنانی هزری توندئاژۆیی، لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە خوێندنەوە بۆ ئەو دیاردە مەترسیناکە و هزری توندئاژۆیی و تیرۆرە بکەین.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
لە پاڵ گرنگی ڕۆڵی دەزگا ئەمنیەکان بۆ بنبڕکردنی هزری توندئاژۆیی و وەستانەوە لە ڕووی هزری تیرۆرستی و هێزی تیرۆرستاندا، باس لە گرنگی و لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی پەروەردە دەکات، بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی تیرۆر.
پەروەردەیەک، بە فلتەری دیموکراتیەت داببردرێت، پەروەردەیەکی هیومانیستانەبێت. پەروەردەیەک بێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکانی تاک، لەگەڵ جەوهەری دیموکراسیەت و فەلسەفەی لیبڕاڵیەت، لەگەڵ ئازادیەکانی ژن و بنەماکانی شارستانیەت تێک نەگیرێت و دژ و پێچەوانە نەبێت.
بەواتای وشە، پەروەردەیەکی سەردەمی و شارستانی و مەدەنی بێت. پەروەردەیەک، دوور لە دەستی فلان مەزهەب و فیسار ئایدیۆلۆژیا و ئەو ئایین.
پەروەردەیەکی ڕووت سیکۆلاریستانە بێت، پەروەردەیەک تێیدا مرۆڤ بکرێت بە پێوەر و مرۆڤایەتی بە سەنتەر.

پەروەردەیەک، خاڵی بێت لە دەمارگیری ئایینی و ڕقی مەزهەبی و جیاکاری ڕەگەزی و پەتای تائیفی.
پەروەردەیەک بێت، تاکەکان فێری ڕێزگرتن و خۆشەویستی و لێبوردەیی و مرۆڤ دۆستی بکات.

پەروەردەیەک، لە ژێر سایەی بەهاکانی ئاشتی و چەمکی هاووڵاتی بوون و پڕەنسیپەکانی مرۆڤ بوون دابڕێژرێت و مرۆڤ فێری مۆڕاڵی مرۆڤ دۆستی و زمانی دیالۆگ و فەلسەفەی یەکترقبوڵ کردن و قبوڵکردنی جیاوازیەکان بکات.

پەروەردەیەک بێت، تاکێک بەرهەم بێنێت، باوەڕی بە ئەویتر هەبێت. ڕێز لە ئازادیەکانی تاک و ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان بگرێت.
توندو تیژی و بیری دەمارگیری و ڕاسیزم بوون، بەهەموو شێوەیەک، بەهەر ناو لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، ڕەتبکاتەوە.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت ئەگەر وانەکەین، هەرگیز، نەخۆشی تیرۆر و دەمارگیری مەزهەبی و توندڕۆیی ئایینی و بیری ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەگەزی و ئەپارتاید، کۆتایی نایەت و
هەرگیز، مرۆڤایەتی ئارامی و ژیان ئاساییش و کۆمەڵ تولەرانس بەخۆیەوە نابینێت و دیاردەی تیرۆر و هزری توندڕۆییش لەجیهاندا کۆتایی نایەت.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت پەروەردە کۆڵەکەی کۆمەڵە.
مەحاڵە بەبێ پەروەردەیەکی جوان و لیبڕاڵی و شارستانی و مەدەنی و سیکۆلارستانە، بتوانین کۆمەڵێکی ساخڵەم و تاکێکی تەندروست بەرهەم بێنین.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت پەروەردەیەکی مەزهەبی، پەروەردەیەک لەسەر ڕقی مەزهەبی و جیاکاری ئایینی و نەفەسی ئایدیۆلۆژی ڕۆنرابێت، هەرگیز، ناتوانێت مرۆڤێکی لیبڕال و هێمن و شارستانی، مرۆڤێک خاوەنی بیرێکی کراوە و هەڵگری پەیامی ئینسانی بێت، دروست بکات.

تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت تیرۆر و هزری توندئاژۆیی کوڕی ڕۆژێک و دوان و سیان نییە.
تیرۆر و هزری توندئاژۆیی درێژکراوەی هزرێکە، مێژووەکەی بۆ سەتان ساڵ و هەزاران ساڵ زیاتر بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە.
تیرۆری فکر و فکری تیرۆر/
پێمان دەڵێت دەبێت سەرچاوەکانی هزری توندئاژۆیی و تیرۆرستی وشککەین.
دەبێت بە بەرنامەو ستراتیژیەت و پلان کاری بۆ بکەین.
دەبێت هەوڵ بدەین بەرلەوەی بیر لەوە بکەینەوە، تیرۆر وەکو فیزیک بەکۆتا بێنین، دەبێت تیرۆر لەسەر ئاستی فکر، بکوژین و لەناو بەرین.
ئەو توراسە بکوژین کە مرۆڤ دەکات بە تیرۆرست. ئەو کتێب و فیقه و دیدیدەنیگایە قەدەغە بکەین، کە تیرۆر بەرهەم دێنێت و مرۆڤ دەکات بە کائینێکی ڕادیکاڵ و تۆتالیتار و تیرۆرست.
ئەو کتێب و فیقه و کەلەپوور و مێژووەی لێمان بە بڤەو پیرۆز و سەرو ڕەخنە کراوە. ئەو فیقه و کەلەپوور و مێژوو و دیدەنیگایەی پڕیەتی لە هزری نائینسانی و بیری ڕاسیزم و تۆی جیاکاری ڕگەزی و ڕقی مەزهەبی و مرۆڤ بە کۆیلەکردن و بەتیرۆرست کردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت