هێڤار حەسەن: بنەچەی دروشمی” ژن . ژیان . ئازادی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بی بی سی نیوز عەرەبی/ وەرگێڕانی” گۆران هەڵەبجەیی بە دەستکاریەوە.
درووشمی {ژن، ژیان، ئازادی} لەپاش کووشتنی کیژە گەنجی کورد{ ژینا ئەمینی} بووەتە درووشمی سەرەکی خۆپیشاندەرانی ئێران و زۆرێک لە باژێڕەکانی جیهان.
زۆری نەبرد ئەم درووشمە ڕووپەری زۆر لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی جیهانی داگیر کرد. هاوکات وەک هاوسۆزیەک بۆ ژنانی ئێران هەمان درووشم بە فارسی لەسەر تیشێرتی زۆرێک لە خانمانی جیهان بینرا، لە نێویاندا {میگان مارکل} هاوژینی شازادە هاری.
جێگەی خۆیەتی بپرسین سەرچاوەی ئەم درووشمە چیەو کێ بۆیەکەم جار بەکاری هێناوە؟
ژنانی کورد نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر لە تورکیا کاتێک بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین دەچوونە دەرەوە، بەمەبەستی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانیان لەو وڵاتە، وەک پەروەردە بە زمانی کوردی و یەکسانی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی کورد، ئەم دروشمەیان بەکارهێناوە. بەڵام ئەو دروشمە ئەوکاتە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، دەمێک شەڕ لە نێوان بەناو دەوڵەتی ئیسلامی و هێزە کوردییەکان لە شاری کۆبانی لە باکووری سووریا لە ساڵی 2014دا هەڵگیرسا.
لە ڕێکەوتی 11. 1. 2020 دەمێک خۆپیشانده‌رانی کورد لە با ژێڕی [بۆڵۆنیا] لە ئیتالیا بەبۆنەی یادکردنەوەی ‌ کوژرانی سێ ژنە چالاکوانە کورده‌کە، سه‌کینه‌ جانسز، له‌یلا سۆیلمێس، فیدان دۆغان، خۆپیشانداندەران لافیتەیەکیان بەدەستەوەبوو لەسەری نووسرابوو (ژن، ژیان، ئازادی).
كاتێك رێكخراوی داعش زۆرێک لە خاكی سوریای داگیركرد و ناوچەیەكی فراوانی لە باكووری سوریا كۆنترۆڵكرد، بەتایبەت ئەو دەڤەرەی كە زۆرینەی كوردەكانی سوریای تێدا دەژین، ژنان دوو شەڕیان دەكرد، یەكێكیان بەمەبەستی بەرگریكردن لە خاك، ئەوی دیكەشیان بۆ پاراستنی ڕەگەزی مێ و رێگریكردن لە كەوتنیان ژێر ڕەحمەتی ڕێکخراوە توندڕەوەکە، کە قوربانی یەکەمی ئەو تەرۆریستانە ژنانن.
دڵشاد عوسمان، چالاكوانی سیاسی كوردی سووری و ئەندامی رێكخەری كۆنفرانسی ژنان لە ئەوروپا بە [بی بی سی عەرەبی ]راگەیاند: لەسەرەتادا پیاوان ئەو دروشمەیان قبوڵ نەدەكرد، بەڵام ژنان پێیان چەسپاند و هەوڵێكی زۆریان دا تا ئەو دروشمە پەسەندكرا و لە ساڵی 2017دا جێبەجێكرا.
دڵشاد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ دروشمەکەمان لەڕێگەی ژنە کوردەوە، لەگەڵ ژنانی جیهان، و ژنانی ئێران دەنگی داوەتەوە، بە زمانە جیاوازەکان و لەلایەن ڕەگەز و ئایین و پاشخانی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە وتراوەتەوەو دەوترێتەوە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئێستا بەرخۆدانی ژنان لە ئێران بەرەو پێشەوە دەچێت، ژیان و ئازادی ژنان بۆتە شوناسێک بۆ خەبات، تەنانەت یاخیبوون لە دژی زوڵم و ستەم و نایەکسانی هەست پێدەکرێت.

چۆن ئەم درووشمە گەیشتە ئێران؟
ژنە چەكدارانی كورد لە باكووری سوریا لە كاتی وەڵامدانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، بەرخۆدانێكی بەهێزیان نیشان دا و لە كاتی ڕۆشتن بەرەو بەرەكانی جەنگ وشەی “ژن،ژیان ، ئازادی”یان دەوتەوە. ئەمەش پەیامێک بوو بەوەی كە هیچ ئازادیەک و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ پیاو نیە تا ژن ئازاد نەبێت و کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەبێ ڕزگاری ژنان بوونی نابێت.
شەڕڤانانی ژن لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 شەڕی خوێناوی و بەرخوردانی مەزنیان لە دژی ڕێکخراوەکە کرد، تا شکستیان بەو ڕێکخراوە هێنا. بۆ ئەوان ئەو سەرکەوتنە شکستێک بوو بۆ ئەو هێزە تاریکانەی کە هەوڵی بەکۆیلەکردن و چەوساندنەوەی ژنان دەدەن، هەروەها پەیامێک بوو بۆ هەموو ژنانی جیهان کە ژنان توانای ئەوەیان هەیە هەموو ئەو شتانە بەدەست بهێنن کە ئاواتەخوازین, ئەگەر ئیرادەی ئازادیان هەبێت.
ئەو دروشمە لە گرتە ڤیدیۆییە بەرفراوانەکاندا دەرکەوتووە کە شەڕڤانانی ژنی کورد لە دژی داعش دەجەنگن، نەک تەنیا لە هێڵەکانی پێشەوە، بەڵکو لە توندترین شەڕەکانیشدا، وەک شەڕی رزگارکردنی ڕەققە ئەو درووشمەیان دەگووتەوە.
شەڕڤانانی ژن بوونەتە جێگەی سەرنجی سینەماکاران و هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهاندا و چەندین فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر ئەم ئەزموونە بەرهەم هێنراون.
هەروەها دروشمی “ژن. ژیان. ئازادی” بە زمانی کوردی گۆڕدرا بۆ ناونیشانی کتێبێک کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئیتاڵی چاپکرابوو، دروشمەکە لە میانی ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکانی کورد لە ڕۆما لە ساڵی 2017، و ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی ژنان بەرزکرایەوە، و بوو بە ناونیشانی چەندین بابەت و گۆرانی و شیعر.
خانمە ئەکتەری ناسراویی ئێرانی [ گۆڵشیفتا فەرەحانی]، لە فیلمێکدا کە لە ساڵی 2018 بەرهەم هێنراوە، بە ناوی “کچانی خۆر” رۆڵی فەرماندەیەکی ژنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان گێڕاوە، کە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی شەڕڤانانی کورد لە باکووری سووریا بەرهەم هێنراوە.

چۆن ئەم درووشمە گەیشتە ئێران؟
لە میانی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کچە کوردی ئێرانی ژینا ئەمینی، لە زێدی خۆی لە شاری سەقەز لە پارێزگای کوردستان، ئامادەبووان بەکۆمەڵ هەمان دروشمیان وتەوە. دواتر خۆپیشاندانی ناڕەزایی بۆ هەمان مەبەست زۆربەی باژێڕەکانی ئێرانی گرتەوە، ئەوە بوو ئەو دروشمە بەخێرایی لە نێو خۆپیشاندەراندا بە چڕی و بڵندی دەگووترایەوە. وێرای ناوخۆی ئێران لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بە فارسی و کوردی و هەندێک زمانی دیکە بەرزدەکرایەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت