شەماڵ بارەوانی: با زمانتان لێ دەربێنن، گرنگ ئەوەکەیتر دەرنەهێنن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مامۆستایان: تکایە مۆز و هەرمێ و شیر و کێک و ناز بدەنە قوتابی. مامۆستایان دەستی قوتابیەکان ماچ بکەن و دەست بەسەری قوتابی دا بێنن. مامۆستایان قوتابی جارجار پێڵەقە و شاپەزلەیەکیشی کێشا بە دەمتانا، خوانەخواستە زمانیشیان لێتان دەرهێنا، کوڕە کەی ئەوە کێشەیە، تابێن و گەورەی کەن! گرنگ ئەوەیترتان لێ دەرنەهێنن.
مامۆستایان تکام وایە، ئێوە بە ڕۆحێکی ڕیازی و زۆر بە ئاسایی وەری بگرن و با ڕۆحی لێبووردەییتان قیچەک بە قووەت بێت. مامۆستایان ئەوان مناڵن، مناڵ، لێیان نەگرن. مامۆستایانی ئازیز: بەو بێ دەسەڵاتیەی ئێوە سوێند، ئەو فەقیرانە هەر هێندەی لێدەزانن.
مامۆستایان کوڕە بەو خوایەی کە گیانی ئێوەی بەدەستە، مرۆڤ هەندەک جار دەبێت خۆی لەگەڵ فەلسەفەی بێ حورمەتپێکردنیشدا ڕابێنێت.
مامۆستایان ئاگاتان لە دەمتان بێت، ئاگاتان لە زمانتان بێت و هەرگیز، نەکەن وشەیەکی هەڵە لە بەرامبەر قوتابی تەلەفووز بکەن، گەرنا توشی لێپێچینەوە و سزا دەبنەوە.
ئێ چبکەین، وەزعەکە وایە و لە بەرژەوەندی مامۆستایان نییە.مامۆستایان ئەوڕۆژە گوزەشت کە بڵێن لەناو پۆل تەنها جەنابی مامۆستا سەنتەر و قسەکــــەرە، نەخێر، ئەمڕۆ قوتابی بت و پێوەرە.بۆیه مامۆستایان، ئامان و سەت ئامان، قوتابی هینیشتان کەن، نەکەن قسە بکەن.
هەوڵدەن دڵ و قیسکتان با هەندەک گەورە بێتن لەو کاتەیا خۆتان خەشیم کەن و بێ حەرەکە و بێ دەنگ و جوان جوان بوەستن و دان بەخۆتاندابگرن. بە خوا گەرنا دوایی تووشی شکات و شکاتکاری و دادگا و شت دەبن.
جا من وەکوو هاوڕێیەکی دڵسۆزتان، خوشکانە و برایانە پێتان دەڵێم سەری نەئێشای، پەڕۆی تێنەئاڵێنن، با عەیب نەبێت لە ڕووی حازریان، هەر قوونەکە بێت، نەک سەرەکە، خۆ تێگەشتن چیم گوت؟
مامۆستایان دەزانن “(کۆجیتۆی مامۆستا) یانی چی؟ یانی: مادام من مامۆستام، کەواتا لێشم دەدرێت و ئیهانەشم پێ دەکرێت و سوکایەتی و بێ ڕێزیشم پێ دەکرێت و کوڕە وەڵاهی بە موختار و کوێخا و ڕامبۆ و فلان و فیسار هەڕەشەشم لێدەکرێت!
مامۆستایان بۆیه بە هیچ شێوەیەک نابێت دڵی منداڵ بشکێنن و ئەو هەستە پەپوولەیی و ناسکەیان بریندارکەن.
قەینا جارجار زەغەلی(غەش) و قۆپیەشیان کرد پێتان ئاسایی بێت و هیچ سزایەکیان نەدەن و کوڕە هەر باسیشی مەکەن.
مامۆستایان: وەڵا قوتابخانەیە و قوتابی قۆپیەش دەکات و چەقۆش لەگەڵ خۆی دێنێتە قوتابخانە و جاری وایە بە بەردیش دەکێشێت بە سەری مامۆستا و دەمی بەڕێوەبەریش پڕی خوێن دەکات و زمانیش لە مامۆستا دەردێنێت و پەنجەش له هینی مامۆستا ڕادەکات و زۆریش ئاساییە.
ئەوەشتان لا نۆڕماڵ بێت مامۆستایانی بەڕێز، دایک و باوک و مام و خاڵ و ئامۆزا و خاڵۆزا و میمک زاو عەشیرەت زاو خەنجەرزا و سمێڵ زاو هەموو شت زا، بێنە سەرتان و بە موختار و خێڵ و خەنجەر و سمێڵ هەڕەشەتان لێبکەن و پێتان بڵێن پەت دەخەینە ملتان.
مامۆستایانی بەڕێز، وەک وتم، سونەتی قوتابخانە وایە. مامۆستایان دووبارەی دەکەمەوە و تکاتان لێدەکەم نەرم بن لەگەڵ قوتابی. نەرم، نەرم، نەرم، نەرم، هێندە و تاڕدەی لۆکە نەرم بن.
مامۆستایانی ڕێزدار تابۆتان دەکرێت، لەگەڵ قوتابی مۆسیقی بن، نەستەلەیی مامەڵەیان بکەن، وەک سوید.
قەینا فێری شیعر و شانۆ و وێنە و تابلۆشیان بکەن، گۆرانییان بۆ بڵێن، کەتارەتیان ناخۆشبوو لەگەڵیان بڕۆن تا بەردەرگای تەوالێت.
مامۆستایانی هێژا: ڕاستە ئێمە بە قسە و ستایل و دیکۆر و ڕوخسار و فشە فش، هەموومان فەیلەسوف و فوول مۆدێرنین و لە کەرتی پەروەردەدا ئەوەتا ڕۆژێک خەریکی سیستەمی سویدی و ڕۆژێک خەریکی سیستەمی ئیتاڵی و ڕۆژێک خەریکی جێبەجێكردنی سیستمی بریتش كانسڵین، بەڵام بەخوا ئێمە لە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەمان هێشتا بە پرۆگرامی چاخی بەردین ئیش دەکەین و قۆناغی نیاندەرتاڵیشمان نەبڕیوە و خۆشتان باش ئەوە دەزانن کە ئێمە چەندە خێڵەکی و عەشایەرین، هێشتا عەشیرەت تەحەکوم و یاری بە ئەقڵ و ئازادی و ژیان و بیرکردنەوەمانەوە دەکات.
بۆیە تا بۆتان دەکرێت زۆر بە زەوقی و بە زەقی و بە ڕەقی باسی ڕۆشنبیری و شت نەکەن.
مامۆستایان: لێدان قەدەغەیه، مامۆستایان با ڕەنگی پێڵاوەکانتان ئاوابێت و ستایلی بۆینباخیشتان ئاوا.
مامۆستایان ئاوا ڕێبکەن و ئاوا گوو بکەن! ئێ بەقوربان، ئێوە مامۆستا بە ڕۆبۆت حاڵی بوونە؟
ئازیزەکەم: دوو ڕۆژ وەرە قوتابخانە و ناو پۆل بمێنەرەوە، ئینجا بزان سەرلەبەری ئەو نەسیحەت و قسانەی خۆت هەمووی هەڵدەوشێنیتەوە یاخود نا، تەنها دوو ڕۆژ.
لەوەش گەڕێ، کابرا لە ماڵ چوار مناڵی پێ لە عەمەل نایە و گیری خواردووە بە دەستیانەوە و خوا خوایەتی دانێک لە کۆڵی ببنەوە و بڕۆن بۆ قوتابخانە و دەرەوە و جەهننەم. تۆ لەوەگەڕێ کورد پەروەردەی چەندە سەقەتە و توزانی مناڵ پەروەردە بکات.
ئینجا هەر ئەو باوکە ناحاڵیەی کە نازانێ دوو مناڵ پەروەردە بکات و کۆنتڕۆڵیان کات، دێت و لە قوتابخانە فشەفش دەکات و دەیەوێت خۆی لە مامۆستا و بەڕێوەبەر بکات بە عنتەر!
دایک و باوکێک، مناڵەکانیان تەنها ماوە سواری مامۆستا و دار و بەرد بن و مامۆستا بە حاستەم پێیان بڵێت بەری پێڵاوەکەتان یەک قیچ خوارە، یەکسەر دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە و بۆ دایک و باوکیان دگێڕنەوە، ئینجا بینیت چی هات؟ ئاگرهات، کوا ئەو مامۆستایه؟ لە کوێیە؟ کوا؟ خێرا پێم بڵێن؟ چۆن قسەی بە مناڵە پەپوولەکەی من گوتووە؟ قبووڵی ناکەم هەگیز، من مناڵەکانم بە نەستەلە گەورە دەکەم، کوڕە بەخوای درۆی دەکەیت وەک قادرمە دەواجینێک مناڵت ڕێز کردووە و زەڕەیەک لە بارەی فەلسەفەی پەروەرکردنی مناڵ و شتەوە نازانیت و بۆ سەرشووشتن هەر بە پییا کێشان و قژ ڕاکێشان دەیانبەیتە گەرماو مناڵی تەمەن ساڵێکت زۆر جار کە دەگریت، لێیدەدەیت و لەسەر بیعاری جاری وایە بە تاکە نەعلە و کەستەک و دار بەرد و هەرچی جوێنی وەک:هەی کێری باوکت بێرەت و هی باپیرەت بەوێیترت و هی مامەشت بەولاترت دەکەویتە سەر و گوێڵاکی مناڵەکانت.
ئینجا هاتوویت فشەفش دەکەیت و بە مامۆستای بێ دەسەڵاتکراو دەڵێیت: ڕازی نیم، لەکاتی وانە وتنەوە دەنگت زۆر بەرزکەیتەوە، مناڵەکەی من، هەست ناسک و نازنازۆک و نەستەلەییە و دەترسێت هاهاها.
تۆ لەوەش گەڕێ، هەرکاتێک مامۆستا قسەیەک بە مناڵە شەلاتیەکەی بڵێت، خێرا باوکی ناحاڵی و ناڕۆشنبیر و ناهۆشیار و ئوممی، بڕواتە لای موختاری دێی و بڵێت فلان مامۆستایە قسەی بە مناڵەکەم گوتووە، دەبێ لە قوتابخانەی دێ، فەسلی کەی، یان بیگوازیتەوە و لێرە نەمێنێت.
هەی مامەی ناڕۆشنبیر، بۆ تۆ مامۆستا بە کۆیلەی باوکت و کەرتی پەروەرە و قوتابخانەیش بە کەرتی کوێخایەتی و دیوەخانی ئاغا و ماڵی موختاری دێ و، کوێخا و ئاغا و موختاریش بە وەزیری پەروەردە حاڵی بوویت؟
ئینجا هێندە بێ ئەمەک و سپلەبیت بەرامبەر بە مامۆستا؟ ئێ باشە بۆ جارێکیش بێت، هەر تەنها جارێک بۆ بیرناکەیتەوە؟ ئاخر وەڵاهی بیرکردنەوە، نەکفر و نە هێندە ئەرکێکی قورسە، نەیش تاوان و نەلادانە.
باشە بۆ جارێکیش بێت لەخۆت ناپرسیت؟ تۆ سێ سەد و چوارسەد و پێنجسەد و شەشسەد مناڵت ناردووە بۆ قوتابخانەیەک.
شەشسەد قوتابی، بەشێکی باشیان کە تەنها ماوە خۆیان لە پشتەوەڕا بە مامۆستا وەبنووسێنن و عنگان لە مامۆستای بێ دەسەڵات کرا و مافخورا و بدەن.
تۆش دەتەوێ مامۆستا خودا و فریشتەبێت و هیچ توڕە نەبێت و هەڵەیەک نەکات و مناڵە بێ مۆڕاڵ و بێ پەروەردە و بێ ئەدەب و سەرسەریەکەت، کە زەڕەیەک ڕێز و ئەخلاقی تیانییە، بە کاهی دڵی خۆی بێ ڕێزی بە مامۆستا بکات و هیچ و پووچی بنوێنێت و مامۆستا بۆی نەبێت هەڵەیەک لە بەرامبەر ئەو سەدان هەڵەیەی مناڵە بێ تەربێتەکەت بکات و پێی بڵێیت بێ ڕێزگیان و هیچ و پووچی ئازیز، ئەگەر ئەزیەت نەبێت دەتوانی هەرقیچەک ڕێزمان بگریت، هەی کوڕەکەی سوقراتی دێ، زۆرنا، تەنها قیچەک؟
کوڕە هەی سوقڕاتی نارۆشنبیر، نەک لای کوێخا و ئاغا و موختار، زۆر بێ منەتبە و منەتت بەو بێ منەتیەی مامۆستا، حەزدەکەیت بڕۆ لای خوا و جەهنەم، فەسادی و شکات بکە.
تێبینی: بە چاوەکانی خۆم، قوتابیم بینیوە چەقۆی هێناوەتە قوتابخانە و قوتابیەکانی پێ ترساندووە، قوتابیم بینیوە، بە مامۆستای گوتووە باوکمت بۆ دێنم، قوتابیم بینیوە بە مامۆستای گوتووە موختاری دێ لاتدەبات.
قوتابیم بینیوە، مامۆستای بەکەر شوبهاندووە، قوتابیم بینیوە زمانی لە مامۆستا دەرهێناوە، قوتابیم بینیوە بەردی هاوێشتووەتە مامۆستا.
دایکی قوتابیم بینیو بە مامۆستای گوتووە حەبل دەخەمه ملتەوە و خۆت بەچی دەزانیت، خزم و کەس و کار و ئامۆزا و فلان زای قوتابیم بینیوە، بێ ڕێزی به بەڕێوەبەرکردووە و هەڕەشەی کردووە.
بەڕێز وەزیری پەروەردە، ناڵێم لێدان بگەڕێنەوە، من دژی لێدانم و لێدان بە هەموو پێوەرێک دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە، بەڵام هەرهیچ نەبێت کاکە وەزیر، هەندەک شکۆ بۆ مامۆستا بگەڕێنەوە و شەڕی ئەو جۆره دایک و باوکە ناحاڵییە له یەخەی مامۆستا بکەوە و سنوورێکیان بۆ دابنێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت