ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە، پرۆسەی بێبەشکردنی بەشێک لەمامۆستایان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناوپرۆسەی پەروەردە و بەشەکانیدا، چەند ساڵێکە هەست بە ستەملێکردن دەکرێت لە بەشێکی گرنگی توێژی مامۆستایان، هەرپرسێک و شێوازێک بێتە ئاراوە بەمەبەستی گۆڕانکاری و دیاریکردنی ئاست و پلە و پۆستە پەروەردەییەکان، ئەم جیاکاری و بێبەشکردنە هەستی پێدەکرێت و گەیشتۆتە کۆنگرەو بڕیارە پەروەردەییەکانیش.
هەندێکجار بڕیار دەرکردن و ڕاسپاردە ئاراستەکردن، ئەگەر بەووردی و خەمخۆری و بەدواداچوون و شەنو کەوکردن نەبێت، پێچەوانە دەبێتەوەو زیانی زۆرتر دەبێت لە سوود.
ماوەی چەند ساڵێکە پرۆسەی پەروەردە بەگشتی خەریکی بێبەشکردن و پەراوێزخستنی بەشێکی زۆری مامۆستایانی خۆیەتی، لەم ماوەیەدا چەند مامۆستایەک پەیوەندیان پێوەکردوم و سکاڵای خۆیان لەلا باسکردم، منیش بەڵێنم پێدان کە ئەم گرفتە لەوتارێکدا بخەمەڕوو، تا وەزارەتی پەروەردە و ئەنجومەنی وەزارەت چاوێک بەم زوڵمەدا بخشێننەوەو چارەسەری بکەن، چونکە بەچارەسەرنەکردنی گرفتەکە گەورە دەبێت و دەبێتە لایەنی شکست و دواکەوتن و ڕۆچوون بەناو غەدرێکی پەروەردەیی کە کاردانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و زانستی لێدەکەوێتەوە.
هەرکاتێک نادادی خۆی بخزێنێتە ناو هەر کارو پڕۆژەیەکەوە، وەک کرم چۆن لە درەختێک دەدات و کرمۆڵی دەکات و درەختەکەش تەمەنی کورت دەبێت، کاتێ بەو ماوە کورتە وێرانەیەک دروست دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە، دادپەروەری و ڕاستی تەمەنی پرۆسەکە درێژ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستە خەلیفەی موسوڵمامان (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) وتوێتی: ( دۆخی نادادپەروەری ساتێکە، بەڵام دۆخی حەقیقەت و ڕاستی تا ڕۆژی دواییە).
دێمە سەر وتنی ڕاستی ئەو بێبەشکردنەی بەرامبەر مامۆستایان دەکرێت و کراوە، لە بڕیارو ڕاسپاردە پەروەردەییەکاندا، ئاماژە بەمەرجەکانی وەرگرتن و بەشداریکردن لەو بەش و پۆست و پلانەدا دەکرێت، زۆربەیان ئاماژەبەبوونی بڕوانامە دەدرێت کە پێویستە بەکالوریوس بێت، بەبروای من غەدرەکە لێرەوە دەست پێدەکات، چونکە ئەو مامۆستایانەی هەڵگری بڕوانامەی (بەکالوریوس)ن زۆر کەمترن لەئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی (دبلۆم)ن، بەپێی یاساو دیسپلینی پەروەردەیی و بەشەکان لەباخچەی ساوایان تاقۆناغی پێش زانکۆ بۆ هەر بەشێکیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، دەکرێ کەسێک بڕوانامەی باڵاشی هەبێت لە هەربەشێکیان پیشەی مامۆستایی بکات، لەم چەندساڵەی ڕابردوودا ویستویانە لەپەروەردەکاندا چەند کورسیەک بۆ سەرپەرشتیاران دابنێن، هەرچەندە بۆ کاری سەرپەرشتیکردنی قۆناغی بنەڕەتیش بووە، هەرداوای بڕوانامەی بەکالوریۆس کراوە، یان لە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی چەند خاڵ و مەرج دانراون تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگە مەرجە هەڵگری بڕوانامەی بەکالوریوس بێت، من لێرەوە ئەو هەڵەیە بۆ ئەوکەسانە ڕاست دەکەمەوە، کەناكرێت و نابێت بەهیچ جۆرێ لە ناوپرۆسەی پەروەردەدا بۆ پلەوپۆستێک ىڕوانامە بکرێتە مەرج، چونکە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە دان نانێت بە بڕوانامەی دبڵۆم، چۆن و بەچ یاسایەک ئەو کەسانەی دامەزراندوە بە پیشەی مامۆستایی؟
لەلایەکی ترەوە دەرچووی ئەو پەیمانگەیانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە باشترو چاکترو گونجاوترن بۆ مامەڵەی کاری پەروەردەیی، چونکە ئەوانە چەندساڵێک دەروونزانی گشتی و دەروونزانی مناڵ و هەموو شیوازەکانی وانە وتنەوەیان خوێندوەو ڕاهێنراوون، ناکرێ و ناشێ ئەوانەی ڕۆڵی گەورەیان هەبووەو هەیە لەناو کایەو پرۆسەی پەروەردەدا پەراوێزبخرێن.
بەپێی توێژینەوە زانستیەکان و کەسە پسپۆڕو شارەزاو تایبەتمەندەکانی بواری گەندەڵی، بەتەنها بەهەدەردانی سامان و پێگە گەندەڵی نین، بەڵکو نادادپەروەری و ستەمیش هەر دەچنە خانەی گەندەڵیەوە، لەم بارەوە نوسەری ناودار (نەجیب مەحفوز)بە باشی جۆرەکانی گەندەڵی دەستنیشان کردووەو بەم جۆرە دەڵێت: ( گەندەڵی زانایان لە بێباکییەوەیە، گەندەڵی دەسەڵاتداران لە ناداد پەروەرییەوەیە، گەندەڵی هەژاران لە دووڕووییەوەیە).
ئەو بەشانەی کە بڕوانامەی دبلۆمیان لێوەرگیراوە، ئەم شوێنانەن (پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان(تێکەڵ)، پەیمانگەی هونەرەجوانەکان، پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی کوڕان، پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی کچان) ئەم شوێنانە بەباشی کاری خۆیان کردو مامۆستایانیان بەجوانترین شێوە پێگەیاند، جگە لەبەشە پیشەییەکان (ئامادەییەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی) کەبەپێی هەلومەرج و پێویستی بەپیشەی مامۆستا دامەزراون، دیارە ئەمانیش هەر بێبەش دەکرێن لەو پلەو پۆستە پەروەردەییانەی لەم کاتانەدا دادەنرێن.
لای زۆربەی پەروەردەکاران و شارەزایانی فەلسەفەی پەروەردە، ئەو پێوەرەی ئێستای وەزارەتی پەروەردە، جێی نابێتەوە لەناو کایە دروستەکەو پلانە زانستیەکاندا، چونکە ئەو مامۆستایەی زیاد لەدە ساڵ خزمەتی پەروەردەی کردبێت، هێندەی دووجار بەرتەقای بڕوانامە ئەزموون و شارەزایی پەیداکردوە، جگە لە خواست و حەزوویست کە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن بۆ بەرزکردنەوەی تواناو لێهاتوویی کەسەکە، مامۆستای سەرکەوتوو ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت لەکایەی پرۆسەکەدا، لەم ڕووەوە، نوسەرو کەسایەتیەکی وەک (عەبدوڵڵا عەبدولکەریم السعدون)دەڵێت: (مامۆستایەکی سەرکەوتوو گرنگترین پایەی بنیاتنانی پەروەردەیەکی سەرکەوتووە).
دەکرێت وەزارەتی پەروەردە چەند پێوەرێک دیاری بکات بۆ دانان، یان وەرگرتن لەوپۆست و پلە پەروەردەییانەدا مەرج نیە بڕوانامە بێت، دەکرێ گرنگی زیاتر بە(ئاستی خزمەت و شایستەی زانستی و هەڵسەنگاندنەکان و سزاو سەرپێچییەکان و ڕێزو سوپاس)بدریت، من ئەمانەم وەک ئەنکێت و شێوازی داخوازیەکە پۆلێن نەکردوە، تەنها ئاماژەن بۆ گرنگیدان بەمانە کارەکە باشترو سەرکەوتوو تر دەکات.
هەموو ئەوخاڵانە دەکرێت نمرەی لەسەر دابنرێت، نموونە مامۆستایەک سزاو نەهاتووی هەیە خاڵی لێدەشکێت، یان ڕێز و سوپاسی هەیە خاڵی بۆ زیاد دەکرێت، لەسەر ئەم پێوەرانە دەتوانرێت باشترین مامۆستای خاوەن ئەزموون لەو شوێنانە دابنرێن.
ناکرێ وەزارەتێک بەشێکی گرنگ و گەورەی خۆی بخاتە پەراوێزەوە، تەنها لەبەرچەند هۆکارێکی لاوەکی و دوور لە بنەما زانستییەکان، ناکرێ ئەوانەی لەڕۆژە سەخت و گرانەکاندا لەگەڵ نیشتمان و گەلەکەیان بوون ئێستا بخرێنە لاوە.
ئەوەندەی من بەچاوی زانستی و پەروەردەی هاوچەرخ سەیری پرۆسەی پەروەردە دەکەم، کاری خراپەکاران، هاوشێوەی ستەمکار بەسەر دنیای پڕ خەون و ئاواتەکانی ئەم نەتەوەیەوەیە، بەداخەوە نادادی دەبەخشرێتەوە، کە بۆ دڵسۆزان بۆتە مۆتەکەیەکی گەورە، (ئەفلاتونی فەیلەسوف) وتوێتی:( گەورەترین خراپە جگە لە ناعەدالەتی ئەوەیە کە ستەمکار باجی ناداد پەروەرییەکەی نادات).
بەپێی ئەزموون و کارمان لەناو دنیای جوان و پاک و بێگەردی پەروەردە، هەچی ببینین و بەباشی بزانین، دەست خۆشی دەکەین و ئەوانەشی جێی سەرنج و ڕەخنەن، بێگومان دەبێ هەڵوێستەیان لەسەر بکەین بەمەبەستی خستنەسەر ڕێگە ڕاست و دروستەکە، چاوەڕوانی هیمەتی دڵسۆزانین تا ئاوڕ لەم نادادیە بدەنەوەو نەیهێڵن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت