عیماد عەلی: لە نزیکەوە ئاشبەتاڵێکی لەسەرخۆ دەبینم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر دەرئەنجامی شۆرشی ئەیلول و باری ئەمێستای کوردستان و بە تایبەتی سەرئەنجامی کردەوەکانی ئەم سەرکردایەتیەی ئێستای کورد بەراورد کەین، زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە و حاڵ و ئایندە و دەرئەنجام و بەرهەمی ئەم خۆبەختکردن و هیلاکیە درێژخایەنەی گەلی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێت و بەزەییمان بە خۆماندا دێتەوە.
شۆرشی ئەیلول تا رادەیەکی باش واقیعی و پاک و کوردانە و کەمیی خۆپەرستیی حزبی و کەسیی ئەم شێوە و رادەیەی ئەمرٍۆی ئەم بارەی ئەمرٍۆ دەرکەوت و بەدوور بوو لە کێبرٍکێی خۆپرٍوکێنی نێوخۆیی ئەم جۆرە حزب و سەرکردانە، بەڵام سادەیی واقیعەکە و لە کەشێکی تا ئاستی نەزانی و ئەگەر بکرێت بڵێین خۆفەرزکردنی باری عەشایەریانەی دوور لە ناخی راستەقینەی شۆرش و مەرجە تایبەتەکانی بوو. کەچی ئەوەی ئەمرٍۆ بە هیچ شێوەیەکی، نە لە پاکی و بێگەردی و نەش لە بوونی هیچ مەرجێکی بە تایبەتی لە پاش راپەرٍٍین، لە شۆرش نزیک نەبۆتەوە و تەنها خۆی لە کۆمەڵێک هاوبەرژەوەنخواز و دەستەگەریی خزم و عەشیرەت و کۆمەڵێک بازرگان دەبینرێت و هیچی تر.
کە ئاشیەتاَڵەکەی ئەیلول روویدا، تا رادەیەکی باش تەنها لەسەرەوە قەتیس بوو، بەدوور لەوەی پێشمەرگە و خەڵکەکە زۆر بێ هیوابن، دارٍمانەکە لە سەرکردایەتیەوە بوو، نەک خەڵکی سادە. تەنانەت ئەگەر خەڵکانێکی ئازا و بوێر سەرپەرشتی شۆرشیان بکردایە، ئەوەندە ورە مابوو کە توانای بەردەوامیی شۆرش خۆی دەسەپاند و ئەگەری دەرئەنجامێکی باشیشی دەبوو، لەوێدا تەنها سەرکردایەتی رووخا. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین، ئاشبەتاڵ و هەرەسیێکە لە ناخ و جەوهەر و کرٍۆکی تاک بەتاکی ئەم گەلەدا دەبینین، زۆر کات خۆی دەسەپێنێت و نەوەیەکی رووخاو بەرهەم هاتووە و دیفاکتۆیەکی دروستکردووە کە ئەستەمە بە ئاسانی هەڵسانەوە و رابوونی نوێ بێنێتە ئاراوە.
لەم شۆرشە نوێیەدا باش دەزانین و جوان تێگەیشتین، ئەوەی لە ململانێ و رکابەری و یەکشکاندنی یەکتری ئەم حزبانەدا، ئەوەی پێیان کرا لە دژی یەکدی قسوریان لەیەک نەکرد و لای دۆست و دوژمن خۆیان زۆر روو زەرد کرد و وایان لەخۆیان کرد رۆژانە ملکەچی هەمووان بوون و ناپاکیان کرد، بەڵام ئەوەی هەمیشە زیانی کرد لەو بەینەدا تەنها هاوڵاتیانە و بەس و تا ئێستا حزبەکان و سەرکردایەتی بە بەرزکی بانان لێی دەرچوون. ئایا رۆژی تۆڵەی راستەقینەی گەل لەوانیش دەبینین؟.
لەم بەناو شۆرشەدا، بچوکترین شت لای ئەم حزبانە ملکەچیە بۆ حزبە عیراقیەکان و وڵاتانی دەوروبەر و ملبەرزی و ملهورٍی و خۆبەزلزانی بۆ یەکتری و لە هەموو کاتێکدا حساب نەکردن بوو بۆ ژیان و گیان و بەرژەوەندیەکانیی خەڵک.
لە رووی ئابووریەوە، تاوەکو دوێنی لە رێگەی تورکیاوە نەوتەکەی هەرێمیان هەراج کرد و تەنها ئەو رژێمەی دوژمنێکی سەرسەختی کوردە سودی لەو تاڵانیەی دەبینی، کەچی بەردەوام نەبونی و ترس و دڵەراوکێ باڵی بەسەر مێشک و بیرکردنەوەی خەڵک و ژیانیدا کێشابوو، وا ئەمرٍۆش هیچ پینەیەکیان بۆ ناکریت و خۆیان خستۆتە باوەشی عیراق و رووبەرووی تێکشاندنێک بوونەتەوە هیچ چارەیەکیان لە ئاسۆدا بۆ نەماوەتەوە. تاکە ئامرازێکی گەیشتنیان بەدەستەوەبوو لەو هەموو تەنازول و رەفتارەیان لە کەیسی ناردنی نەوت، وا ئێستا ئەوەش لەدەستی ئەم دەسەلاتە زەلیلەی کورد دەرچووە و بە هەموو شێوەیەک خەریکی ملکەچبونن بۆ هەموو دوژمنان و شەرمیان لە هیچ نەماوە.
بۆیە ئێمە گەیشتووین بەو قەناعەتەی کە بە هەموو شێوەیەک و بە روونی ئاشبەتاڵێکی درێژخایەن و لەسەرخۆ لە ئارادایە و هەمووان روو لە رووخان و دارٍمان و نسکۆ و شکستێکی مێژوویی زۆر گەورەداین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت