عارف باوەجانی: یادکردنەوەی مرۆڤە مەزنەکانی هاوشێوەی دوکتۆر قاسملوو، ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژوویی و ئەخلاقیە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرتاسەری مێژووی نەتەوەکانی جیهاندا وا باوە کە: بە ناساندنی کەسانی پێشووتری کاریزما و بوونیادنەری وڵاتەکەیان، بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوویان باس دەکەن، ئاماژە بە هۆکاری بە سەروەری مانەوەی نەتەوە و مێژووی نیشتیمانەکەیان لە سەردەمی پێشکەوتنی سەردەمدا دەکەن.
لە بیرمە لە یەکەم ساڵی دەسپێکی خوێندنی دوا ناوەندیم لە وڵاتی نەرویج، باسی کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی ناساندنی وڵاتەکەیان بۆ دەکردین، کە لە چۆن ئەو کەسایەتییانە بوونەتە هۆکاری ناسینی وڵاتی نەرویج. بۆ نموونە باسی کەسێکیان بۆ دەکردین بە ناوی ( هێنریک ئیبسەن) کە لە سەدەی پێشوودا لە شەقامەکانی وڵاتانی ئورووپایی بە نووسین و نمایشی شانۆی شەقام و هەڵبەستەکانی، هۆکاری سەرەکی ناسینی نیشتیمانەکەیان بووە. ناوبراو شانۆنامەنووس و شاعیرێکی نەرویجی بووە. لەوانەیە لەم جیهانەی ئێستادا کە لە ڕێگەی ئامرازی زۆری پێشکەوتووی بەردەست و کۆکەرەوەی زانیاری بە هەزاران کەسایەتی هاوشێوەی هێنرێک لە نەرویج هەبێت، بەڵام لەو سەردەمانەی سەرەتاییدا ئەو کەسانە شاکاریان نواندووە و هۆکاری ناسینی وڵاتیان بوون، بۆیە هەمیشە بە زیندوویی نەوە دوای نەوە یادیان دەکرێتەوە. لەو کاتەدا منیش بیرم لەوە دەکردەوە کە لە نیشتیمانی گەمارودراو داگیرکراوی ئێمەش، لە هەر 4 بەشەکەی کوردستاندا، بە دەیان کەسایەتی گەورەو کاریزمای بواری شاکاری ئەدەبی و هوونەری و سیاسی هەیە، کە شایەنی ئەوەن هەمیشە یاد بکرێنەوە و بۆ نەوەکانی داهاتوو ناویان نۆژەن بکرێتەوە.

سەرهەڵدانی دوکتۆر قاسملوو:
لە سەردەمانی پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەمەرگەکەی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان و لە ساڵانی سەرەوەی 1950 نەتەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان بە تایبەتی، لە بوونی کەسایەتییە ئاکادیمی و جیهانناسەکاندا لە بەرگی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریدا زۆر کەم بوون، یا بە زاراوە کوردەوارییەکە بڵێین زۆر ^ ئۆجاخ کوێر^ بووە.
تا خوێندکارێکی لێهاتوو شارەزا بە ناوی دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە ئورووپاوە سەرهەڵدەدات، لە پەڕاوێزی هەوڵەکانی لە پێناوی خوێندن و فێربووندا، هاوکات دەکەوێتە هەوڵی ناساندنی نەتەوە بێکەسەکەی و داد وبێدادی مەزڵوومی خەڵکەکەی بە کەسایەتیەکانی ئوروپایی و جیهانی دەناسێنێت، بەو هۆیەشەوە تووشی کۆمەڵێک ئاستەنگی ژیان دەبێت.
دوکتۆر قاسملوو وەک پاوەرێک ڕووناکی دەخاتە نێو جیهانی تارێکی بە ڕووی کوردستاندا. دواتریش کە دێتە ڕێزەکانی حیزبی دیمۆکرات وئەرکی کەسی یەکەمی پێدەسپێردرێت ئاڵووگۆڕێکی زۆر لەو حیزبەدا درووست دەکات و دەیکاب بە حیزبێکی مۆدێرن، ئۆرگانەکان بە جوانی ڕێکدەخات و یاساییەکی دەروون حیزبی هاوشێوەی حیزبە پێكشەوتووەکانی جیهان دەهێنێتەوە نێو کوردستان. ئیدی ئەو کەسایەتییە دەبێتە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی دەیان کەسایەتی نێودەوڵەتی بۆ ڕاکێشانیان ڕوو بە کوردستان. لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری نەتەوەکانی بندەست لە ئێراندا لە ساڵی 1979بۆ سەرەوە بەرهەمی ئەو هەوڵانەی کە لە سەردەمانی ژیانی ئورووپاییدا زیاتر دەرکەوت. دواتریش بە ناچاری لە گوازتنەوەی خەباتی ناوشار بۆ شاخەکان، هەموومان دیتمان کە چۆن پژشکانی بێسنوور و ڕۆژنامەنووسان بۆ هاوکاری نەتەوەکەمان و گواستنەو هەواڵ و ئازارەکانمان دەهاتنە شاخەکان. ئەو لێهاتووەی دوکتۆر قاسملوو بە تەوای سەرانی داگیرکەر و دژە ئازادی حکومەتی ئێرانی بە زاڵە هێنابوو. هەر ئەو ڕێژیمە لە پاش ساڵانێکی زۆری داڕشتنی بەرنامەو پلان بۆ تێرۆرکردنی مخابن 34 ساڵ پێش واتە لە 13. 7. 1989 بە ئاواتە گڵاوکەیان گەیشتن و دوکتۆریان شەهید کرد.
لە پاش شەهیدبوونەکەشی هەموومان دیتمان کە چۆن دەیان کەسایەتی نێودەوڵەتی بەرتووکیان لە سەر نووسی. کەوابێت بۆ ئێمەی کوردیش پێویستە لە گشت پەرتووک و خوێندنگاکانی وڵاتە داگیرکراوەکەماندا، ناوی دوکتۆر قاسملوو هەروەها کەسایەتییەکانی دیکەی تێکۆشەری نیشتیمان بۆ نەوەی داهاتوو بناسێنین. بێجگە لە نێوخۆی وڵاتمان! پێویستە بۆ بێگانەو گەشتیارانی وڵاتانیش کە دێنە کوردستان بناسێندرێن، با بزانن ئەم نیشتیمانە داگیرکراوە چەندە کەسایەتی تێکۆشەر و زانای لە مێژووەکانی پێشوودا هەبووە و، چۆن داگیرکەران شەهیدیان کردوون.
ناساندن و یادکردنەوەی مرۆڤە مەزنەکانی هاوشێوەی دوکتۆر قاسملوو، بەرپرسایەتییەکی نەتەوەیی و مێژوویی و ئەخلاقییە و ئەرکێ سەرشانی هەموو تاکێکمانە.

یادی هەمیشە بەرزو پیڕۆز بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت