ڕەووف محەمەد ئالانی: ڕۆڵی پەروەردە، لە نەهێشتنی شەرمکردندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە شەرمنی ئەوەیە، لەبیرت بێت کە هەموو مرۆڤەکان یەکسانن – لاری کینگ)
شەرم حاڵەتێکی دەروونی تایبەتی دیارە، لەهەندێ کەسدا هەیە، یان کەسی شەرمن هەست بەنائارامی و شەرمەزاری و ئاڵۆزی دەکات، هەر بۆیە ئەو کەسانە پەیوەندی کۆمەڵایەتیان لاوازە و تێکەڵ کەسانی تر نابن.
هەندێ کەس پێیان وایە شەرمنی نەخۆشیە، بەڵام پزیشکانی پسپۆڕئەو بۆچوونەیان پشتڕاست نەکردۆتەوەو بەنەخۆشی نازانن، تەنها وەک حاڵەتی دەروونی ئاماژەین بۆکردووە.
شەرمکردن لەسەرەتادا لەقۆناغی مناڵییەوە، دروست دەبێت، ئەویش بەهۆی چەند فاکتەرێک کە ئەمانەن:
1- هۆکاری بۆماوەیی: واتە بوونی حاڵەتەکە لەباوانەوەو گواستنەوەی بۆنەوەکانیان، لەبواری کۆمەڵایەتیدا زۆرکەس دەناسین و دەبینین، کە کەسانی شەرمن و دوورەپەرێزن.
2- مامەڵەی نادروستی دایک و باوک، وەک شکاندن و بێبەشکردن و ترساندنی مناڵەکانیان، ئەمەش کارلەدەروونیان دەکات و دەبنە مرۆڤی شەرمن
3- کێشەوناکۆکی دایک و باوک(جێزانەکان)، کەمناڵەکە تووشی بێ ئومێدی و دڵەڕاوکێ دەکات، لەئاکامدا تووشی حاڵەتی شەرمکردن دەبێت
4- جیاوازی کردن لەگەڵ مناڵی تر، بەنموونە برا یان خوشکێکی تری هەبێت و هەست بەوە بکات، جیادەکرێتەوە، ئاکامەکەی تووشی بێزاری و ڕقلێبوونەوە لەبەرامبەری دەکاتەوەووەک گرێیەکی دەروونی لێی دەڕوانێت و تووشی شەرمکردن دەبێت
5- سزادان، هۆکارێکی ترە کە مناڵ دەکاتە مرۆڤی شەرمن، واتە مامەڵەیەکی ناپەروەردەیی و دوور لەهەست وسۆز
6- بوونی حاڵەتی تایبەت، وەک بوونی نەخۆشییەک، یان لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەی، ئەو مناڵە هەمیشە حەزبەشاردنەوەی ئەو حاڵەتە دەکات، بۆیە بە ناچاری شەرم دەکات.
زۆرکەس پێیان وایە تاکە سوودی شەرمنی ئەوەیە تووشی کەمترین گرفت ئەبێت لەگەڵ کەسانی تربەهۆی کەم بەرکەوتنی، هەندێکیش دەڵێن بەرنەکەوتنیش خۆی هەربەشێکە لەکێشەوگرفت.
وتەیەکی کۆنی ناو کۆمەڵگەی کوردی هەیە، بەڕای من زۆر ناشیرین ونەشیاوە، بەڵام من وەک بوونی و جۆری بابەتەکە و دەستنیشانکردنی وەک خاڵی لاوازلەسەر پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، دەیهێنمەوە، تا وازی لێبێنین و بەرامبەر هیچ کەس بەکاری نە‌هێنین، زۆربەمان بیستومانە کەدەڵێت: ( کچی شەرمن شارێک دێنێت، بەڵام کوڕی شەرمن شانەیەک دێنێ)، جارێ ئەوجیاکاریە لەنێوان هەردوو ڕەگەز زۆر خراپەو ناکرێت بوونی هەبێت، لەلایەکی تریشەوە بۆئەم سەردەمی شارستانی و ژیارییەی ئەمرۆکە دنیا هێندە بچووک بۆتەوە لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمانە، بەدەر لەوەی جیاوازی رەگەزی جۆرێکە لە سەندنەوەی ماف و پێشێلی رەوایەتی ئازادییەکانی تاک.
شەرمکردن و جۆرەکانیمان ناساند، دەکرێ هەوڵی نەهێشتنی ئەو حاڵەتە دەروونیە بدەین و چارەسەری بکەین، چونکە مانەوەی گرفت و کێشە بۆ تاک دروست دەکات، تەنانەت، تارماییەکی ترسناکە بۆ مرۆڤ، ڕۆماننووسی ناودار(گابرێل گارسیا مارکێز(1927 – 2014)دەڵێت: ( شەرمنی ئەوتارماییەیە کە ناتوانرێت شکست بهێنێت).
ئەوکاتەی کە لەگەڵ مرۆڤ هەنگاوی ناوئەویش گەورەبوو، بێگوومان ناتوانرێت شکستی پێبهێنرێت، کەواتە کەی گونجاوە و بەچی چارەسەری بکەین؟
باشترین و کاریگەرترین ڕێگە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی شەرمنی، کاتی مناڵییە ئەویش لەڕێگەی پەروەردەوە دەبێت، بەم هەنگاوانە:
1- پەیوەندی هاوڕییەتی نێوان مامۆستاو قوتابی، کەدووربێت لە ترس و دڵەڕاوکێ، پڕبێت لە هەست و سۆز و خۆشەویستی
2- دروستکردنی کەشێکی گونجاوی پڕ لە یاری و جوڵە
3- مامەڵە کردنێکی دروستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، لەلایەن مامۆستاکانەوە
4- پڕۆگرامەکانی خوێندن بابەتی چیرۆک ئامێزی تیا دابنرێت، کە شەرمنی لەمناڵاندا بسڕێتەوەو نەیهێڵێت
5- هەماهەنگی باش بکرێت لەگەڵ دایک و باوکی مناڵان بەگشتی و ئەوانەی شەرمنن بەتایبەتی، تا لەڕێگەی پەروەردەیی و تایبەتەوە شەرمەکەیان نەهێڵرێت
6- دروستکردنی پەیوەندیەکی هاوڕێیانەی پتەو لە نێوان قوتابیاندا(بەشێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ)
چارەسەری هەموو کێشەوگرفتێک مەحاڵ نیە، بۆیە لەسەروەزارەتی پەروەردەیە، هەنگاو بنێت بۆ ئاوڕدانەوە لە حاڵەتی شەرمکردن و دانانی ڕێگەچارەی گونجاوی دروستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، تامناڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و نەوەکانی داهاتو، لەجیاتی شەرم، توانای دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوە و لەجیاتی ترس ئازایەتی و لەجیاتی شەڕ، تۆوی ئاشتی لەناخیاندا بچێنین و گوڵی جوانی کامەرانی لە داهاتوودا ببینین.
ئەوەی گرنگە بۆ هەنگاونانی چارەسەرکردنی شەرمکردن، پێویستە لە سەرەتاوە لەمناڵیدا کاریان لەسەر بکەین، چونکە تەمەنی مناڵی ئەو تەمەنەیە مرۆڤ شەرم لە شکست ناکات، هەمیشە درێژە بەویستاکانی دەداتەوە و بەردەوام دەبێت.
ئەوەتا (مالکۆم ئێکس سیاسەتمەدار 1925 – 1965)دەڵێت: ( دەبێت لە منداڵان فێربین شەرم لە شکست نەکەین و هەستین و یاریەکە دووبارە بکەینەوە).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت