دلێر محەمەد نوری: کەرکوک و نازناوەکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە وڵاتی نەرویج دەزگایەکی فەرمی هەیە بە ناوی (NOKUT) بۆ ڕاستکردنەوەی بڕوانامەی بیانی. لە پاش نزیکەی دوو ساڵ لە داواکاریم بۆ ڕاستکردنەوەی بڕوانامە بەکەلۆریۆسەکەم لە زمان و ئەدەبی کوردیدا، لە کۆتایی مانگی 9ی 2017دا، نامەیەکم پێ گەیشت لەو دەزگایەوە. لە نامەکەدا هاتبوو کە دوو ئەکادیمی کوردیان بانگهێشت کردووە کە پلەی دکتۆرایان هەیە، تا لە چاوپێکەوتنێکدا لە بڕوانامەکەتان بکۆڵنەوە و بڕیار بدەن. هەندێک پرسیاریش کەدەبوو پێش وەختە وەڵامیان بدەمەوە و بەر لە ڕۆژی چاۆپێکەوتنەکە دەبوو وەڵامەکان بنێرینەوە. من ئەو دەم بیست ساڵ بوو زانکۆم تەواوکردبوو و هەرگیز کارم لەو ڕشتەیەی خۆمادا نەکردبوو. بۆیە پەیوەندیم بە هاوڕێیان مامۆستا بورهان عەلی و مامۆستا نەورۆز بابالە و مامۆستایەکی زانکۆشم پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد دلێر کرد، تا کۆمەکم بکەن و زانیارییەکانم بۆ دەمەزەرد بکەنەوە. ئەو کاتەی لە پەیوەندیدا بووم لە گەڵ ئەو بەڕێزانە ڕێک ڕۆژی شوومی 16و 17ی ئۆکتۆبەری 2017بوو. بۆیە تەلەفونم بۆ هەر کامێکیان ئەکرد، وەکو من بێهیوایی و نائومێدی گەورەیان پێوە دیار بوو. یەکێک لەو پرسیارانەی بۆم دانرابوو لە لایەن ئەو دوو دکتۆرەوە، پرسیارێکی ئینشایی بوو لە بارەی خاکی داگیرکراوی کوردستان. منیش ئەم خاڵەم بە پێی زانیاری خۆم وەڵام دابووەوە، بە سەهویەکی بێ پلان لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەستمەوە وەکو ئاماژەیەک بۆ خاکی داگیرکراوی کوردستان ناوی کەرکوکم هێنابوو و لە جیاتی بنووسم خاکی “لە دەستچوو” نووسیبووم خاکی “بە باچوو”.
ئەو ڕۆژەی بەرەو شوێنی چاوپێکەوتنەکە چووم، دوو پیاوی ئەفەنی لە خۆم بەتەمەنترم بینی و یەکسەر یەکێکیانم ناسییەوە کە دکتۆر بورهان یاسین بوو. کاتێکیش چوومە بەردەمیان، وەڵامەکانی منیان بە چاپکراوی لە بەر دەست بوو. ئەو ڕۆژە منیش و ئەو دوو دکتۆرە بەڕێزەش، کاریگەری ڕۆژی شوومی 16ی ئۆکتۆبەرمان لە سەر بوو. یەکەم پرسیارێک کە دکتۆر بورهان یاسین لێی کردم وتی: زۆر حەز ئەکەم بزانم لە هوشیارییەوە ناوی کەرکوکت بە خاکی بە باچوو ناو هێناوە، یان بە هەڵە و لە بێئاگاییەوە؟ منیش وتم دکتۆری بەڕێز من هەموو نووسینەکانی بەڕێزتان ئەخوێنمەوە و ئەزانم لە کوێوە ئەپرسن. بەڵام بە ئاگا بێ، یان بێ ئاگا، تازە گووزارشتی “بە باچوو” شیاوترین گووزارشتە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140.
ئەگەرچی کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 خاکی کوردستانە بە دانپیانانی ناسیۆنالیسترین و شۆڤێنیسترین و عەرەبترین کەسی عێراق کەسەددام بوو، وەک هەمیشە لە دیدارەکانیدا لە گەڵ سەرانی شۆڕشی کورد ئەیووت کەرکووک شارێکی کوردییە، بەڵام ئێمە نایدەینەوە بە کورد. بەڵام لە مێژووییترین دەرفەتدا حەکیمە! سیاسییەکانی کورد لە ژێر مادەیەکی دەستوریدا ناویان لێ نا “ناوچە کێشە لە سەرەکان”. من دڵنیام ئەگەر لەو کاتەدا پرسیان بە نەنکە نەخوێنەوارە کەرکوکییەکەم بکردایە، ڕازی نابوو بەو ناوە و هەر نەبێ ئەیووت بنووسن “ناوچە زەوتکراوەکان”، داگیرکراوەکان، نەک ئەو ناوەی سیاسییە موخەزرەمەکانی کورد لە 2003 بۆ ئەو ناوچانەیەیان داتاشی و سەپاندیان بە سەرماندا.
ئێمەی کەرکووکی گەلێ زاممان قووڵ و دەردمان گرانە. ئێمە لەو کوردانەین کە لە بەردەم لوولەی تۆپخانەکەی دوژمن هەمیشە وەستاوین. هەر فیشەکێکی هەر شۆڕشێکی کوردستان لە دوورترین چیای سەر سنور تەقێنرابێ، ئەوا کۆڵانێکی کەرکوک تەخت کراوە و ڕیزی گەنجی گیراوەو کۆمەڵێک بابای هەژاری ئیهانە کراوە. کەرکوکییەکان سووتەمەنی کودبوون و شۆڕش و کوردستانی بوون بوون هەمیشە. کەرکوکییەکان لە شارەکەی خۆشیاندا لە چاو تورکمان و مەسیحی و عەرەبیش هەمیشە وەکو کرێچی و نیشتەجێی خانووە قوڕەکان ژیاون. چونکە بە پێی یاساکانی بەعس هەتا 2003 ش کوردی کەرکوکی بۆی نەبوو زەوی و خانوو بکڕێ بەڵام بۆی هەبوو بفرۆشێ. بۆی نەبوو تەنانەت خانووەکەی بڕووخێنێ و دووبارە بینای بکاتەوە بەڵکو دەبوو بۆ ئەوەی بۆ ڕژێمی بیسەلمێنێ کە دڵسۆزی کەرکوک و کوردستانە، خانووە کۆنە لە قوڕ یان بەرد و کەچ دروستکراوەکەی بڕووخێ بە سەریدا. جارێکیان لە نەنکم پرسی ئەوە بۆچی وەکو خزمانی سلێمانی تاقمی قەنەفەمان نیە و لە سەر دۆشەک دادەنیشین، لە وەڵامدا وتی کوڕم بۆ کێی بکرین لە شەڕی حەرەس قەومی تورکمانەوە ماڵە کورد هەیە سێ جار تاڵان کراوە، جا هەر بۆ عەرەبی بکڕین با کەمترین شتیان بۆ بکڕین.
لە 2003ەوە سەرکردە و حزبە کوردییەکان ستەم لە کورد ئەکەن. هیچ کاتێک بۆ هیچ حزبێکی کوردی خاکی کەرکووک هێندەی کورسی و پۆست و بودجە و پارە و نەوت و دەنگی هەڵبژاردن گرنگ نەبووە. کەرکوک و ناوچەکانی 140، خاکی داگیرکراو و زەوتکراو بوون، کورد بە دەستی خۆی کردی بە خاکی کێشە لە سەر واتا چەند مافی کوردە داوای بکات ئەوەندەش مافی داگیرکەریشە داوای بکات. لە 2003ەوە کورد بە کاریگەری زۆرینەی کورد هەمیشە دەسەڵاتداری ڕەهای کەرکووک بووە تا 2014. بەهۆی دڵسۆزی کوردی کەرکوک نەیاندەهێشت تاکە دەنگێکیان بسووتێ و هەموو سەرانی حزبە کوردییەکانیان دەکردە خاوەن دەسەڵات لە شارەکەدا. واتا تەنها بە دەنکی خۆیان، خاکی کێشە لە سەریان گۆڕی بوو بە خاکی “بە دەستەوە هاتوو!”. لە 2014 ەوە بۆ 2017کەرکوک و ناوچە “دابڕاوەکان” کە ئەمەشیان دیسان جۆرێک لە ستەمە لە زمانی کورد خۆیەوە لەم شارە ئەکرێ چونکە وەکو ئەوەی ئەو ناوچانە دوور لە دەست و پیلان و توانای ئینسان بە هۆی لافاو یان بوومەلەرزەوە دابڕابێ. کە شیاوترە بوترێ ناوچە “دابڕێنراوەکان”. بە هەرحاڵ لە 2014ەوە ئیتر کەرکوک بە تەواوەتی گرێدرایەوە بە کوردستان. بەڵام دووبارە کەرکوک کرایەوە بە قووربانی مەرامەکانی سەرانی شۆڕشی کورد بۆ مانەوە لە دەسەڵات و کورسی و بۆ قۆرخکردنی سەروەتەکەی. هەڵە کوشندەکەیان کرد و له بری ئەوەی لە پێگەی هێزەوە کوردستانییەتی کەرکوک جێگیر بکەن، هەڵیانبژارد بە شکست خواردوویی بچنەوە بەر دەرگای بەغدا. کەرکوک تا ڕیفراندۆمە شوومەکە، بە دەست هاتبووەوە، گەڕێنرابووەوە، گرێدرابووەوە بە کوردستان، بەڵام لە 16ی ئۆکتۆبەر ئیتر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بوون بە “ناوچە چۆڵکراوەکان، ناوچە جێهێڵدراوەکان یان ناوچە فرۆشراوەکان!”. ئێستا کوردی کەرکوک لە زیللەتترین ڕۆژانی مێژووی خۆیاندا ئەژین. ئەو شۆفێری تاکسییە عەرەبەی لە هەشتاکان نەیدەوێرا لە دوای عەسرەوە نەفەر بەرێ بۆ ڕەحیماوا، ئەوا ئەمڕۆ لەناو ڕەحیماوا ڕۆڵەی کورد ئەکوژێت و خێوەت هەڵدەدا و قاوە فڕ ئەکات. کەرکوکییەکان لە هەشتاکاندا گەلێ بە ئیرادەتر بوون لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی هاوردە عەرەب و داگیرکاردا. ئەوەی ئیرادەی لە کەکوکییەکاندا کوشت هەر خودی سەرانی کوردایەتی و حزبەکان بوون. ئەوەی ماوەتەوە لێرەدا کۆتایی پێ بێنم ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەش هەتا بەر لە 2003 خاوەن “دروشم!”ی گەورە گەورەی کەرکوک “دڵ و کەرکوک قودس و کەرکوک هەموو شتێکی کوردستان بوون”. بەڵام لە دوای 2003ەوە تا ئەم ساتەوەختەش هیچیان خاوەن دیدگایەکی کوردانەی ڕاستگۆ نەبوون بۆ کەرکوک. چونکە هێندەی خەریکی کورسی، پۆست، بۆدجە، دەسەڵات، ململانێ بوون لە خەمی خاک نەبوون. لە لوتکەی ساڵانی دەسەڵاتیشیاندا بەر لە 16ی ئۆکتۆبەر پارتی هەمیشە چاوی لە نەوتەکەی و یەکیتیش لە دەنگدەرەکەی کەرکوک بوو، بێ ئاگا لەوەی کە بە دەست هێنانی خاکەکەی دەیکردن بە خاوەنی نەوتەکەشی و دەنگەکەشی. ئێستا هەم نەوت چووە و هەمیش دەسەڵات و پۆست. بەغدا دەسەڵاتدارانی کوردی بە تەواوی بێ کار و بێ کاسبی کردووە. تۆ بڵێی کەرکووک هێندەی ڕەنج و کارو تێکۆشان نەوێ کە سەرانی کوردیش لەم بێ ئیشییە ڕزگار بکات!؟ وەکو بۆنی نەوت و ژماردنی شەددە دۆلاریان نەماوە خۆیان بە کەیسی کەرکوک و سەرپێخستنەوەی مادەی 140ەوە خەریک بکەن باشتر نیە؟ هەرنەبێ بە عێراق بڵێن هێندە بە دەستور و یاساتان لە گەڵ کردین بۆ نەوت و بۆدجە، دە یابە گیان هەر بەو دەستوورەش لە گەڵ مادەی 140یشمان لە گەڵ بکەن. خۆ ئەگەر سەرانی کورد لەمەش تێناگەن با بگەڕێنەوە بۆ لای نەنکە کەرکوکییەکەم تا تەکبیرێکیان بۆ بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت