شێرزاد شێخانی: یاسینی ریفراندۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژی 25. 9. 2017 کاکی ریفراندۆم بە نەبەکامی لەدایک بوو. بەداخەوە 24 سەعات پاشتر تووشی تەنگەنەفەسی بوو, بە کۆرپەیی تەمەنی جوانی یەک ڕۆژەی بە خاکی کوردستان بەخشی و کۆستی 93% خەڵکی کوردستانی خست. ئیدی لەو رۆژەوە سەرانی ریفراندۆم یاسینی گۆڵکی لەسەر تەرمی کاکە ریفراندۆم دەخوێننەوە هێشتاش تەواو نەبووە !.
ئەمڕۆ رۆژی یادکردنەوەی ئەو رۆژە شوومەیە کە سەری کوردو دەسەڵاتەکەیشی خوارد، بەڵام سەرانی ریفراندۆم لەبەر ئەوەی مێشکیان جامی کردووە وەکو معادلەی ریازیەکە قابیلی گۆڕان نیە، بۆیە بە هەمان نەزمی جاران سەرکردەو بنکردەکانیان کەوتینە سەر باسی تاپۆی ڕەش و چاوەڕوانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد!.
حیزبە ریفراندۆمچییەکان بەو ریفراندۆمە فاشیل و سەقەتەی کە بووە هۆی لەدەستدانی 51% خاکی کوردستان و دواتریش بە کەڵەگا بوونی دەسەڵاتی بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستان زۆر شەرمەزارو عەیبدار بوونە بەرامبەر میللەتو مێژوو، بەڵام نایانەوێ دان بەو هەڵە گەورەیەی خۆیاندا بنێن بۆیە ئێستا دیسان بە باسکردنی تاپۆی ڕەش و بەیتو بالۆرەی کۆیلەو قەڵەمفرۆش و میشک پووچەکانیان دەیانەوێ خەڵک قەناعەت پێبێنن کەوا ئەوان راست بوونەو هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە. بەڵام پیلانی دوژمنان نەیانهێشت دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنرێ. هەر وەکو مەسەلەکەی دەڵێ ( سەماکەرەکە نەیدەزانی خۆی بادا، دەیگۆت عەرزەکە خوارە ) !.
عەرەب قسەیەکیان هەیە دەڵێ: الاعتراف بالخطأ فضيلة ” واتە داننان بە هەڵە سەلماندنی گەورەیی مرۆڤە، بەڵام سەرانی ریفراندۆم ئێستاش ناوێرن دان بەو هەڵە وێرانکەرە بنێن لانیکەم کورد وتەنی بڵێن” کاکینە ئێمە هەڵە بووین خۆ مەلاش لەقورئان غەڵەت ئەکات”.
سەیرە ئەمڕۆ لەیادی شەش ساڵەی ریفراندۆمدا کە هاوتایە لەگەڵ چاوەڕوانی گەیشتنی 700 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی دواکەوتووی سێ مانگی فەرمانەرانی هەرێم، هاوکاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پاریزگاکان و راگرتنی نەوتی هەرێم، هاوکاتە لەگەل هەڵکردنی ئالای عیراق بەسەر سنوورەکان و، لەگەڵ چەمانەوەی وەفدەکانی حکومەتی هەرێم بەرامبەر وەزیرە ژنەکەی دارایی بەغدا، کەچی کۆیلەو نوسەری دەربارو تەنانەت سەرکردەو مەکتەب سیاسییەکانیشیان باسی تاپۆی رەش و سەربەخۆییمان بۆ دەکەن!.
لەخۆڕا نەوتراوە” ئەگەر شەرمت لەخۆت نەکرد چیت لەدەستهات بیکە”.
کوردیش راستی وتووە: حەیا قەترەیەکە کە ڕژا .. ئیتر دەڕژی “. باقی وەلسەلام ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت