شێرزاد شێخانی: بەرهەمی حوکمڕانی کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئەو دەسەڵاتە بە قەومی کوردی کردیە، فیرعەونی ستەمکار بە قەومی جولەکەی نەکردیە. حکومەت و پەرلەمانیان دامەزراند، میللەت بە لێشاو چوونە سەر سندوقی دەنگدان و هەڵیبژاردن. شەڕی براکوژییان کرد میللەت محاسەبەی نەکردن. رژێمی بەعسی داگییرکەریان هینایە سەر کوردستان، میللەت دەنگی نەکرد. بەغدایان تەڵاقدایەوە، میللەت لەگەریان بوو. مووچەو قووتی خەرکیان بڕی، میللەت بێدەنگ بوو. بازاڕیان شێواندو خەرکیان لەکاروکاسبی کرد میللەت دەنگی نەکرد!. سەتان هەزار دەرچووی زانکۆو پەیمانگەکانیان لەوەزیفەی حکومەت بێبەشکردو سەتان هەزار خوێری و سەرسەریان بە بندیوار دامەزراند، دیسان میللەت تەحەمولی کردن. گەڕەکی شارەکانیان رووخاندو خەرکەکەیان دەربەدەری گوندەکانی دەوروبەری هەولێر کرد، میللەت ملی شۆڕ کرد. زەوی شارەکانیان بەسەر مۆدیل و گۆرانیبێژەکان دابەشکردو مۆزەفی قوڕبەسەریان لەخاکی نیشتمانەکەیان مەحرووم کرد میللەت بەوەش رازی بوو!!.
ئـێستا لەو میحنەتەی تێی کەوتوون کەسیان لەپشت نەمایە. بەغدا خەریکە سواری ملیان دەبی کەس دیفاعی لێناکا. ئەوەندە قێزەون و ناشرینن، کەس زگی پێیان ناسووتێ. ئەوەی ئێستا دێتە پێشیان حەمووی ئینتقامی ئەو میللەتەیە، خوای گەورە لێیان دەکاتەوە.
سی و دوو سارە بەقەدەر ئەو چەند مانگە زەلیل و ریسوا نەبوونە. ئەوان کە خۆیان بە خوای سەر عەرز دەزانی، خاک و نیشتمانی خۆیان هەڕاجکرد، ملیاران دۆلاری قووتی مندارەکانمانیان دزی، سەروەت و سامانی میللەتەکەیان خستە بەردەستی دەوڵەتانی داگییرکەر، حیسابی رۆژەکی ئەوهایان نەکرد کە تەنها میللەت هاناو پاڵپشت و رزگارکەریانە.
لەوەتەی ئەو دەسەڵاتە دامەزرایە لەزوڵموستەم و غەدرو قەهرو دزی و تاڵانی زیاتر هیچیان لۆ میللەتەکەیان نەکردیە. ئەو حوکمەتەی لەسەر دەریایەک نەوتە، نەیتانی ساری یەک بەرمیل نەفتی سپی بداتە میللەتەکەی خۆیان پێ گەرمبکەنەوە!. سی و دوو سارە نەیانتانی کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن. ئاوی خواردنەوە لۆ میللەتەکەیان دابینبکەن. مووچەی خانەنشین و مامۆستاو فەرمانبەران بدەن؟.
ئەو دەسەراتە کەی تێدەگا حوکمەتداری تەنها پێشوازی لە سەفیرو ناردنی بروسکەی پیرۆزبایی وماتەمینی نیە؟. کەی تێدەگا دەوڵەمەندکردنی دارودەستەو خزمە کەس و عەشییرەت و بەخێوکردنی کۆیلەو ماستاوچییە درۆزنەکان لەسەر حیسابی قووتی خەڵک دادی رۆژە رەشەی نادات؟. کەی تێدەگا گێگرتن لە خەرکی دڵسۆزو رۆشنبیرە ئازادەکان و عائیلە نەجیبزادەکان زۆر شەریفترە لە ماستاوی کۆیلەو کادیرو سەرکردە هیچ لەبارنەبووەکان؟. کەی تێدەگەن دەسەڵات بەڕێوەبردن بە زەبروزەنگ ستەم و زوڵمو زۆرداری بەردەوام نابی، بەڵکو بە خۆشەویستی میللەت و خزمەتکردنی سەرفرازتر دەبن؟.
کەی هەستی پیاوەتیان دەجولێ قییچەک باری قوڕسی ژیانی ئەو خەڵکە سووکتر بکەن ئەو هەموو باجو سەرانەیان لەسەر لاببەن کە لە نەتیجەشدا دەبی بە ملشۆڕی تەسلیمی دەستی بەغدای بکەنەوە؟. کەی شعووریان دەبی چارەسەری قەیرانی ئاوو کارەبا و خزمەتگوزاری بکەن؟. کەی تێدەگەن برسیکردنی خەرک و کوشتن و زیندانیکردنی نوسەرو رۆژنامەنووس رووی دەسەراتەکیان ڕەشتتر دەکات. کەی تێدەگەن درۆ عەیبە، دزی و تاڵانی تاوانە، نانبڕین زوڵمو ستەمە؟!
میللەت هەرچی هەیبوو بەو دەسەراتەی بەخشی و هیچیتری پێ نەمایە بیانداتێ، ئەوجا یان ئەوەتا بەر لە لافاوی تووڕەیی ئەو خەرکە بەخۆیاندا بچنەوەو میللەتەکەیان ئاشتبکەنەوە ، یانیش لەهەڵبژاردنی داهاتوودا گێسک لەهەموویان بدرێ و فڕێ بدرێنە ناو زبڵدانی مێژووەوە و( البادي أظلم ) باقی وەلسەلام .. .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت