ڕەووف محەمەد ئالانی: بایکۆتی خوێندن، ڕووەونەمانی متمانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وا بۆ سێ مانگ دەچێت لەدوای وادەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و خوێندنگەکان، بۆدەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2023- 2024 بەڵام لەبەر دواکەوتنی موچەی مامۆستایان.
لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەدەر لەبایکۆتی خوێندن ناوە ناوە، مۆستایان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەکەن، بۆ گەیشتن بەمافەکانیان.
لەم ماوەیەدا بەرپەرسانی پەروەردە بەچەندین جۆر ڕاستەوخو و ناڕاستەوخۆ داواکاریان ئاراستەی توێژی مامۆستایان کردوە، بۆکۆتایی هێنان بەبایکۆت و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، ئەو داواکاریانە بە هەردووجۆر بووە، یان وەک هاندان، یان وەک هەڕەشەو فشار بەکارهێنراون، بەهیچکام لەمانە مامۆستایان ڕەزامەند نەبوون، بگرە توندترو مکۆمتر وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان داوەتەوە.
ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی و مایەی سەرسوڕمانی هەمووانە، لەم هەرێمەی کە تائێستا لەبەشێکی زۆری بایکۆتی پرۆسەی خوێندن تێیدا کراوە، هیچ بەرپرسێکی حکومی و حیزبی نەهاتوون بەمەبەستی چارەسەرکردن و گوێگرتن لەمامۆستایان هەنگاو بنێن تاوەک خەمخۆرو هەستکردن بەبەرپرسیارێتی نوێنەرانی مامۆستایان ببینن، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.
ئەوەی تائێستا باسمان لێوەکردوە، تەنها ڕووکەش و ڕووکاری بابەتەکەیە، دەمەوێ خاڵ بخەمە سەرپیت و ئاماژەکانم ئاراستەی لایەنێکی گرنگ و پڕبایەخی بایکۆت بکەم کەئەویش نەمانی متمانەیە، لەنیوان حکومەت و مامۆستایان و نەوەکانی داهاتوومان.
جارێ پێویستە بزانین متمانە چیە و بۆ گرنگە؟ ئەگەرمتمانە نەمێمنێ چی ڕوودەدات؟
متمانە بریتیە لە حاڵەتی دڵنیابوون لە خوودو بەرامبەرو ئەوانیتر،کاتێک دڵنیا بوون بەدیدێت هەستێکی بەرزی ژیاندۆستی و دڵسۆزی دروست دەبێت.
بەڵام ئەگەرمتمانە نەماو دیواری دڵنیابوون درزی تێکەوت، بەرگەی مانەوە ناگرێت و بێ چەندوچوون ئەو دیوارەی سەقفێکی لەسەردانراوە، لەگەڵ ڕووخانی دیوارەکە ئەویش دەڕوخێت، ئیتر هەرکەس و شتێک لەناو ئەو چوارچێوەیەدا بێت کەناوی دیوارەکەیە لەناودەچێت، جامرۆڤ بێت، یان گیانەوەر، یان کەلوپەل بێت.
بەڕای زۆربەی نوسەران و پسپۆڕانی بواری کۆماڵناسی، متمانە و زەبەخش و داهێنان و دڵسۆزی و دڵنیابوونە.
بەتایبەت لەناوپرۆسەی پەروەردەدا متمانە بەپلان کاری بۆ دەکرێت، بەڵام لەودەوڵەت وووڵات و شوێنانەی ژیان و ئایندە بنیات دەنێن، نەک ئەو شوێنانەی پرۆسەی پەروەردەیان خستۆتە پەراوێزی هەموو کایەو سێکتەرەکانی ترەوە.
کارکردن و چاندنی تۆوی متمانە لەگەڵ ئەوەی بە پلان و بەرنامە دەکرێت، بەڵام لەپەروەردەدا پێویستە بەپڕاکتیکی ڕەنگبداتەوە و لەناو فەلسەفەی پەروەردەی هەرووڵاتێک بەجوانترین شێوە بەئامانج بگیرێت.
ئەوەش گەورەیی ئەو سیستمە دەخاتەڕوو، دیارە کێ دەبێتە هەوێنی داهێنانی ئەوسیستمە گونجاوەی پەروەردە، ئەویش کەسانی گەورەو بەئەزموونی بواری پەروەردەن، کە دەبنە مەشخەڵی ڕوناککەرەوەی ژیان بۆ کۆمەڵگەکەیان، بەتایبەت دروستکردنی متمانە بەخوودو بەئەوانیتر، بەتایبەتتر لای مناڵان و نەوەی ئایندە، لەخۆڕانیە، پیرەمێردی گەورەو بیرفراوانی کورد ووتوێتی:
گەورە ئەوەیە، شێوەی شەمعی بێ
بۆخۆی بسوتێ و نەفعی جەمعی بێ
بەڵام لەم دۆخە ئاڵۆزەی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەباشی ئاوڕ لەپرۆسەی پەروەردە بداتەوەو لەبەرخراپی ژیانی مامۆستایان و نەدانی موچەومافەکانیان، بایکۆتی پرۆسەی خوێندن لەوناوچانەی ئاماژەمان بۆکرد بەتەواوی پەکی کەوتووە، لەگەڵ پەککەوتنی پرۆسەکە خەریکە لایەنەکانی پەروەردەو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بەتەواوەتی متمانەیان بەیەکتر لاوازدەبێت و نامێنێت.
کاتێ متمانەش نەما، بڕوابوون و دڵسۆزی و داهێنان و خۆشەویستی و ژیاندۆستی بەرەو ئاقارێکی نادیارملی ڕێدەگرن و نازانرێت، بەرەو کام تونێلی تاریک و ڕێگەی وێڵی هەزار بەهەزار دەڕۆین.
لەسەرحکومەتی هەرێمە لەبەرخاتری هێشتنەوەی متمانە لەناونەوەکانی داهاتوومان و بڕواکردنی تەواوەتی بەدڵسۆزی مامۆستایان، بەپەلە هەنگاوبنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەوگرفتی مامۆستایان بەوەی مافەکانیان بدات.
هیچ بیانوویەک نەهێنێتەوە، گوایە پارەی فەرمانبەران لای حکومەتی فیدڕاڵە، چونکە ئەوە جێی بڕوانیە لای مامۆستایان و خەڵکی کوردستان، ئەی ئەو ساڵانەی نەدانی موچە لێبڕین و پاشەکەوتی موچەدەکرا، کێ کردی؟ ئایا دروشمی ئابووری سەربەخۆیان بەرزنەکردەوە؟
بەم ببێباکی و بێخەمی و بێمنەتی و بێدەنگیەی حکومەتی هەرێم گومان دەخرێتە سەر هەستکردن بەبەرپرسیارێتی ئەو سەبارەت بەپرسێکی گرنگی ژیانی و ژیاری کەپرۆسەی پەروەردەیە، چونکە ئەم شێوازو مامەڵە نادروستە دەبێتە هەرەسهێنانی کایە گەورەکەی ژیان و هەستە جوانەکەی ژیان لەناو کۆمەڵگەدا کەئەویش متمانەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت