دکتۆر دیار عومەر کاکە: کوردی بێلایەن و توڕە، بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک بکەن، یان بایکۆت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا بەو راستیە دەستپێ ئەکەم کە کوردی بێلایەن و ناڕازی و توڕەی شاری کەرکوک، دڵسۆزترین و خەمخۆرتین کەسانی شارەکەن.
ئەوجا بەشداریکردن یان بایکۆت لە هەڵبژاردنی شارەکە بۆتە هەڵبژاردەیەکی قورس و ناڕەحەت بۆیان، لێرەدا وەک کوردێکی بێلایەن، دەرئەنجامی هەردو ئەگەرەکە ڕون ئەکەینەوە تا باشترین و عاقڵانەترین بژاردە هەڵبژێرین.
هیچ گومانێک نیە کە هیچ کوردێکی شاری کەرکوک نیە ڕازی بێت لە سیاسەتی ڕابردووی حیزبەکان، تەنانەت ئەندامانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان خۆیانش ڕازی نین.
لە حەوت ساڵی رابردودا ئەزمونێکی تری دەسەڵاتی حکومی عەرەبێکی سوننەی شۆڤینی و دەسەڵاتێکی عەسکەری حەشدی شەعبیشمان تاقیکردەوە، خۆپیشاندانی ئەمدواییەی گەڕەکی ڕەحیماوەش ڕوی ڕاستەقینەی هەمویانی ڕونکردەوە، ئەی لە داهاتوودا چیمان لێ دەکەن؟!
عاقڵانە و دور لە بڕیاڕی توڕەیی، ئەو راستیە ئەزانین، کەمی بەشداریکردنی کورد ئەبێتە هۆکاری زۆرینەی پێکهاتەکانی تر، دواتر یەک ئەگرن و ئەبنە زۆرینەی ئەنجومەن و دەسەڵات ئەگرنە دەس و لە ژێر ڕەحمەتی ئەو عەقڵیەتە ئەبین کە ماوەی حەفتا ساڵە کوردی کەرکوک ئەچەوسێنێتەوە! ئەو کلتور و عەقڵیەتەی وا ڕاهێنراوەو تەنها ئەوە ئەزانێ کە کورد ئەبێ ژێردەستیبێت!
جگە لەوەی ئەم هەڵبژاردنە سەرژمێریەو و ئەبێتە مێژو بۆ نەوەکانی داهاتو، هەروەها نامەیەکی ترسناکە بۆ وڵاتان کە کورد کەمینەی ئەو شارەیە!
ئەوە ئەنجامی بەشداری نەکردنی کوردی دڵسۆزی بێلایەن و ناڕازی.
ئەی ئەگەر بەشداری زۆربێت و حیزبە کوردیەکان زۆرینە بە دەست بهێنن، زۆرینەی ئەنجومەن کورد بێت، واتا دەسەڵاتی حکومی و سیاسی و بنیاتنانی شار بەدەست کوردەوە ئەبێت، جگە لەوەی پارێزگا سەرۆکی لیژنەی ئەمنی شارە، کاریگەری زۆری ئەبێت لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی عەسکەری حەشدی شەعبی, جگە لەوەی پەیامێکی گرنگە بۆ وڵاتانی ناوچەکە لە هەڵبژاردن لە ژێر دەسەڵاتی عەرەبێکی شۆڤێنی و حەشدیدا،کورد زۆرینەی شارەکەیە، ئەمە کاریگەری سیاسی گرنگی ئەبێت بۆ داهاتووی شارەکە.
خۆ ئەگەر مەبەستەکە لە سزادانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە بە بەشداری نەکردنی خەڵکی بێلایەن و توڕە، ئەو بەشداری نەکردنە هۆکارە بۆ سزادانی نەتەوەو داهاتووی شارەکە و بەردەوامبونی دەسەڵاتە عەسکەری و شۆڤێنییە.
ئەکرێت سزای ئەوانە بدرێت کە کەمتەرخەمبونە بە دەنگدان بە کەسانی تر، یان دەنگدان بە کەسانێکی دڵسۆز لەناو ئەو حیزبانە کە توانایان هەیە لە ئەنجومەن ڕۆڵیان هەبێت لە گۆڕینی ئەم بارودۆخە.
کەواتا بەشداریکردنی دەنگدان، ئەرکە، سەرژمێریە، هۆکارە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتە شۆڤینیەکە، پەیامێکی گرنگە بۆ وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزەکان، هۆکارێکە بۆ دانانی خەڵکی بە توانا لە ئەنجومەنی پارێزگا پلان و پڕۆژەیان هەبێت بۆ داهاتووی شار.
تێبینی: ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی بریتیە لە داڕشتنەوەی پلانی ستراتیجی و بنیاتنان و پڕۆژەکانی شار بۆ هەموو سێکتەرەکان ئەوەی پەیوەندی بە شار و ژیانی دانیشتوانی شارەکەیە، بۆیە هیوادارم کەسانی پسپۆڕ و خاوەن پلان و بەتوانا و دڵسۆز هەڵبژێرن، تا بتوانن چوار ساڵی داهاتو شارەکە بەرەو قۆناغێکی تر بەرن، بەڵکو داهاتوویەکی جیاوازتر و گەشتر ببینین بۆ شاری کەرکوک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت