ڕەووف محەمەد ئالانی: چێژی سەرکەوتن و وانەی شکست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شکست لاوازم ناکات، ئەگەر ئیرادەی سەرکەوتنم هەبێت – جیم ڕۆن
لە مێژووی خەباتی شۆڕش و ململانێی گەلی کورد بەگشتی و هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی، کەمجار بیستراوە وبینراوە، دان بەشکستدا بنرێت.
بەپێچەوانەوە هەموو شکست و دۆڕانەکان بە شێوازی چەواشەکردن و لەخشتەبردن و پاساو هێنانەوە، بە بردنەوە و سەرکەوتن لە قەڵەمدراون،
بۆ ئەم وتانەم چەندین نمونەی بەرجەستە و بەرچاو بونیان هەیە، تا ئەم چرکەساتە هیچ کام لە هێزە سیاسیەکانی کوردستان دانیان بە شکستەکانیاندا نەناوە، هەر بە نمونە کاتێ شۆڕشی ئەیلول هەرەس دێنێ و کۆتایی بەو شۆڕشە دێت، خەڵک ناوی نا (ئاشبەتاڵ)، بەڵام لەبەرامبەر ئەو وشەیە، ئەوانەی لایەنگیری (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوون بە ئێستاشەوە، ئەو وشەیە نیگەرانیان دەکات و وشەی (نسکۆ) یان (هەرەس)ی پێدەڵێن، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە نایانەوێ دان بەشکستی ئەو شۆڕشەدا بنێن.
نمونەیەکی تر دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی(ڕیفراندۆم)ی 25ی9ی 2017 کە لەبەر بێپلانی و نەخوێندنەوەی دۆخی سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی، ئەو بڕیارەدرا، لە بەر ناکۆکی و ناتەبایی هێزەکانی ناوخۆ، نیوەی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان ڕادەستی دوژمنانی کورد کرایەوە، بە تایبەت ناوچەکانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە ڕۆژەکەی 16ی ئۆکتۆبەربوو، بەپێی هەواڵەکان (ی ن ک) ڕۆڵی لە و کێشەیەدا هەبوو، زۆربەی هەواداران و لایەنگرانی (ی ن ک) پێیان ناخۆشە بەشکست باسی ئەو ڕۆژە بکرێت، کە بەڕای زۆربەی خەڵک خیانەتێکی هاوشێوەی ( 31ی ئاب)ە کە پارتی لەساڵی 1996 لەکاتی شەڕی ناوخۆدا ئەنجامیدا بە هێنانی سوپای داگیرکەری بەعس بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمەی سەرەوە کە باسمکرد تەنها بۆ سەلماندنی ئەوەیە کە ئێمەی کورد ناتوانین دان بەشکستەکانماندا بنێین و وانەی لێفێربین.
دوای ئەو هەموو نەهامەتی وناکۆکی و سەڕ و سڕینەوانەی یەکتر، لەئێستادا ناکۆکیەکان و دابەش بوون بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتیەکان لە هەموو کات زۆرتر و زەقتر دیارە.
هەموو نەتەوەکانی جیهان شکست و سەرکەوتنەکانیان تۆماردەکەن و وانەی لێوەردەگرن و لێی فێردەبن و دووبارەی ناکەنەوە. بەڵام ئێمەی کورد ناتوانین وەک ئەوان بین و لە شکستەکان فێربین، لەمبارەوە (مالکۆم فۆربێس)دەڵێت:( شکست سەرکەوتنە ئەگەر لێی فێربین).
ئەوەی باسمکردوە بۆ هەموو لایەنەکان تەبا و گونجاوە، لە بوارەکانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوریش.
لە ناو پەند و بەیت وئەدەبیات و کەلتوورماندا رەنگی داوەتەوە.
لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و یەکە کارگێڕیەکانی، ساڵ دوای ساڵ خراپتر چاوەڕێی خەڵک دەکات، بەڵام وەک هەمیشە، دان بە و شکستانەدا نەنراوە، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی حکومەتی هەرێم نەتوانێت موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی بدات و خزمەتگوزاریەکان بێنەخوار بۆ ئاستی سفر.
ئێمە میلەتێکین هەمیشە وابەستەین بە نەریتێکی لە قاڵبدراوی نەرێنی و پلان و پڕۆژەمان بۆ ئایندە نیە.
هێندە ئازاری شکستمان چەشتووە، بوینە ئەو مارانگازەی لە هەموو خشپەیەک دەترسین، فەیلەسوفی فەرەنسی (ئیمانوێل کانت) دەڵێت: ( ئەو کەسانەی لە شکست دەترسن ناتوانن تامی سەرکەوتن بچێژن).
دوای سی وسێ ساڵ لە حومڕانی خراپ و شکستی شێوازی بەڕێوەبردن و نقومبوون لە گەندەڵی و نادادی و پێشێلکاری لە مافە سەرەتاییەکانی ئازادی، بەردوامیدان بەو دۆخە نالەبارە هەر بەردەوامن، تەنانەت گوێیان بۆ دۆستەکانی ئەم میلەتەش نەگرت، لەمکاتەشدا کەدەستیان لەبنی هەمبانەکە دەرچووە، خەریکە میلەتێک دەکەنە قوربانی عەقڵی بچووک و تەسکی خێلگەرێتی خۆیان، هیچ وتە و پلان و کارەساتێک ناخوێننەوە، چوار مانگ ونیو زیاترە قوتابخاناکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە داخراون و مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، مێش میوانیان نیە، شکستی پەروەردە نیشانەی داڕمانی هەموو کایەکانی ترە، نەمانی متمانەش چۆڵکردنی بەرگری و پاراستنی خەڵکە لەم شێوازە خراپەی حوکمڕانیتان.
وتارەکەم بە وتەیەکی (جاک وێڵش) کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت: ( لە ژیانەوە فێربووم کە شکست دەتوانێت مامۆستایەکی باش بێت بۆ مرۆڤ، هەروەکو سەرکەوتن).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت