رەزا شـوان: دەربـارەی رۆمـان و رۆمـانی هـەرزەکاران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زاراوەی رۆمـان کە بە زمـانی ئینگـلیـزی (نـۆڤـيـل)ە، لە زمـانی ئیتالیش (نـۆڤـیلا) یە، کە لە کۆی وشەی (نـۆڤـێـلـۆس) وەرگـیراوە، لە رەچـەڵەکـیشدا وشەکەیەکی لاتـینیـیە، بە واتـای (نـوێ) دێـت. وشـەی (رۆمـان) یـش، وشـەیـەکی فـەرەنسیـیە. لەم زمـانەوە بڵاوبۆتەوە. لە ئێستادا بەشێکی زۆری زمـانـەکـانی جیهـان بە زمـانی کوردیـشەوە، بۆ ئەم ژانـرە ئەدەبیـیە وشـەی “رۆمـان” بەکاردەهـێـنـن. لە سـەدەی هـەژدەمـدا، وشەی (رۆمــان) زیـاتـر بـۆ ئامـاژەکـردن بـە کـورتـە چـیرۆکی خـۆشـەویـستی و پیـلانگـێـڕی بەکاردەهـێـنرا. لە مـاوەی (200) سەد ساڵی رابـردوودا، رۆمـان بـووە بە یەکـێک لە فۆرمە ئەدەبییە گرنگەکان. بەناوبانگترین و گرنگترین ژانری ئەدەبی ئەم سەردەمەیە.
باسکـردن لە رۆمـان، باسکـردنە لە جـۆرێـکی گرنـگ و بـاو و بـڵاوی ئەدەبی، کە لە ئەمـڕۆدا شوێنێکی بەرزی لە ئەدەبـدا هـەیە. رۆمان لە چـیرۆک درێـژتـرە و لە چەنـد روویەکەوە جیاوازی لەگەڵ چـیرۆکدا هەیە. لەگەڵ ژانرەکانی تری ئەدەبیشدا جیاوازی هـەیە. جیـاوازی رۆمـان لەوەدایـە، کـە چـێـژ و خـۆشی و جـوانـی هـونـەر و زمـان و ئەنـدێشە و فـانتازی و ئەفـسوونی لەخـۆگرتووە. باس لە کێشەکانی ژیان و ملمـلانـێ لەنێـوان باش و خـراپ و شـەڕ و ئاشتی و لە هـیوا و لە خـەونـەکانی مـرۆڤ دەکات. رۆمـان خـوێنـەران دەهـێـنـێـتە نـاو جـیهـانـێکی بەرینـەوە، وایـان لێـدەکات دەسـت لە خوێنـدنەوەی هەڵـنەگرن تا بزانن رووداوەکان بە کـوێ دەگەن و بە چی کۆتاییان دێت.
ئەگەرچی هـەنـدێک لە توێـژەرانی ئەدەب، پێیانوایە کە رۆمـان هـونەرێکی داهـێنراوی تازەیە و لە رۆژئـاوادا سەری هـەڵـدا. بەڵام لە راستیـدا مـێژوویەکی دانەبـڕاوی هـەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیـاتر لە دوو هـەزار ساڵ بەر لە ئەمـڕۆ. رەسەنایەتی سەرهەڵـدانی رۆمان بۆ یۆنانییەکان و رۆمانییەکان دەگەڕێتەوە. هەرچەندە مشتومڕ لەسەر رەچەڵەک و رەسـەنـایەتی هـەیە. سەرەتـای رۆمـان هـەرچـیـیەک بێـت، تـا دێـت بەرەو نـاوبـانـگ و بەرزبـوونەوەی زیـاتر دەچـێـت. رۆمان بەشێکە لە کولتووری مـرۆڤـایەتی هەر وەک یەکێک لە نموونە هەرە بەناوبانگ و بەنـرخەکانی کولتووری مـرۆڤـایەتی دەمـێنێتەوە.
هـونـەری رۆمـان، یەکـێکـە لە هـونەرە ئـەدەبـیـیە فـرە بەربـڵاوەکان. بە هـۆی زۆری رۆماننـووسانەوە بێـت، یان زۆری هـەواداران و خۆێنـەرانی رۆمـان بێـت. رۆمـان بە گـرنگـترین ئامـرازی زانسـتی و رۆشـنبـیـری دەزانـرێـت. ئەمـەش لەبـەر ئـەوەی کە پـرس و کـێشە کۆمـەڵایەتی و نیشـتمانی و نەتـەوەیی و سیاسی و مـرۆڤـایەتیـیەکانی لەخۆگرتـوون. رۆمـان هـونەرێکی پـڕ لە زانیارییە، کە خوێنەران دەوڵەمەنـد دەکات.

رۆمـان چـیـیە؟
رۆمـان هـونەرێکی ئەدەبی نووسراوی درێـژە، ژانـرێکی گرنگە لە ژانرەکانی ئـەدەب. دەقـێکی گێڕانەوەی خەیـاڵئامێزی دوورودرێـژە، لە رێگای گـێرەرەوە (رۆماننووسەوە) بە نووسین دەگەیەنرێت. رۆمان لە زنجـیرە رووداوێک یان لە زنجـیرە چـیرۆکێکی یەک لە دوای یەک پێکهـاتـووە. لەسەر بنەمای خەیاڵ دامەزراوە. رۆمان داڕێـژراوێکە، تیێدا کۆمەڵێک رەگەز بەیەکەوە گرێدراون. بەپـێی رۆمـانەکە، پەیـڕەوی لە ریـزبەنـدی لە لـێکـۆڵـینەوەکانی رووداوەکان دەکـرێـت. باس لـە ژیـانی پاڵـەوان و کارەکـتەرە جیـاوزە خـەیـاڵـیـیەکان یـان راسـتیـیەکان دەکـات. لە چەندین رووداو و لە چەندین کات و شوێنی فـراواندا دەکـات. رۆمـان بەرهـەمی ئەزمـوون و خـەیـاڵی بـەپیـتی مـرۆڤـە. لـەوانـەیە ئیـلهامی نووسـینی رۆمـان لە سـەرچـاوەیـەک یـان زیـاتـرەوە وەرگـیرابـێـت. بـەڵام سـەرچـاوەی چـوارەم و دوایـەمـین خەیـاڵە. بێگـومان خەیـاڵ رۆڵـێکی سەرەکی و گـرنگی لە داڕشتنی هەموو رووداوێکـدا هـەیە. رۆمانی کورت و رۆمانی درێژ هەیە. رۆمـانی کورت لەنێوان (30.000 بۆ 40.000) وشەیە. سـەروتـری ئـەم ژمـارەیە، بـە رۆمـانی درێـژ دادەنـرێـت. هـەریـەکەش لـەم چەشـنانە گوزارشـت لە زەیـن و هـزر و لە روانـینی رۆمـاننـووس دەکـەن.
رۆمـان بەدرێـژایی سـەردەمـە ئەدەبییەکـان، بەشـداریی لە گۆڕیـنی ئایـدیـاڵە (المثـل) ئەدەبیـیەکان کردووە. شێوازە جیاوازەکانی جێـپەنجەی خۆیان لەسەر رۆمـان بەجـێهـێشـتوون.
رۆمـان لە چەنـد رەگەزێـکی گـرنـگ پێکهـاتـووە، لەوانـەش: خـەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، کەسایەتییەکان ـ مەرجـیش نییە کەسایەتییەکان مرۆڤـبن، دەشـێت ئاژەڵ و باڵنـدە و شـتی خەیـاڵی ئەفـسانەیی بـن بە تایبەتیش لە رۆمـانی هـەرزەکارانـداـ کـات، شـوێـن، رووداوەکان، زمـان، شـێواز، دیـالـۆگ، وەسـف، گـۆشەنیـگا، گـێڕانەوەی رووداوەکـان لە لایەن (رۆمانبێژ ـ نووسەرەوە) ەوە. لە هـەر رۆمانێکیشدا کێشەیەک، یا زیاتر هـەیە. پێویستە پاڵەوان یا کارەکتەرە سەرەکییەکەی رۆمانەکە، چارەسەری گونجاوی کێشەکان بـکات. فـانتـازیاش یـەکـێکە لـە فـاکـتەرەکـانی جـیهـانی رۆمـان و چـیـرۆک و هـونـەر. فـانتـازی بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوتـرێـت، کە مەیـلی ئـەوەی هـەیە، لە داب و نەریـتی بـاو دابـڕێـت و کـاری لە لـۆژیـک بـەدەر بکات.
زۆر بە کـورتی و بە چـڕی باسی گرنگـترین رەگەزە سەرەکـییەکانی رۆمـان دەکەیـن:
1ـ بـابـەت: بابـەت بـریتـیـیە لـە بنـەمـا و ئـامـانجی رۆمـان. ئـەو مەبـەسـت و پەیـامە خوازراوەیە کە رۆماننووس دەیەوێت بە خوێنەرانی رۆمانەکەی بگەیەنێت. بابەت ئەو پرسە بنەڕەتییەیە، کە رووداوەکانی ڕۆمـانەکە بە دەوریـدا دەسووڕێنەوە. رۆماننووس دەبێـت بـزانێـت، دەیەوێـت چی بنووسێـت. و چـۆن و لە کوێـوە دەستپـێبکات. پێویستە رۆماننووس زۆر وریابێت لە هەڵـبژاردنی بابـەتێکی مـۆدێـریـن و دانـانی ناونیشانـێکی گـونجـاو، تا سەرنـجی خوێنـەران رابکـێـشـێـت.
2ـ رووداوەکـان: رۆمـان لە ڕێگەی زنجـیرەیەک رووداوەوە دەردەبـڕێت. رووداو ئـەو کـۆمـەڵـە وردەکـارییـانەن کە تێـیانـدا، پاڵـەوان و کارەکـتەرەکـان دەژیـن. تـا دەگـەن بە کـۆتـایی رۆمـانـەکە. هـەر رووداوێـکـیـش کـات و شـوێـنی دیـاریـکـراوی خـۆی هـەیە. قەیـرانەکـان لە رۆمـانـدا، سێ شێوازی بنیاتنان دەبیـنن، بەڵام ریـزبەنـدیی ئەم بەشـانە، مـەرجی پێـویست نـین: (سەرەتـا، پلـۆتـێک “گـرێ” ، کۆتـایی) رووداوەکان بە یەکەوە گـرێـدراون. کـە رۆمـاننـووس بـە شـێـوازێـکی گـێڕانـەوەی هـونـەری بـە خـوێنـەرانی دەگەیەنێت. سەرچـاوەی ئەم رووداوە یان رووداوانە، رۆمـاننـووس لە ژیـانی راسـتی خـەڵـکـیـیەوە وەریـانـدەگـرێـت و بـە شـێوەیـەکی هـونـەری ئـەدەبی، لـە چـوارچـێوەی رۆمـانێکـدا دایـان دەڕێـژێـت.
3ـ پاڵـەوان و کارەکـتەرەکـان: لەوانـەیە کارەکـتـەرە ئاسـاییـەکـان، بە درێـژایی رەوتی رۆمانەکە، سـیما و تایبـەتمەنـدییەکانیان نەگۆڕێـت. پاڵەوان و کارەکتەریش هەیە گەشا دەکات، کـچ بـن یا کوڕبـن. کە رووداوەکانی رۆمـانەکە دەگـۆڕێت، دەشێـش گۆڕانکاری بەسەر پاڵەوان و کارەکـتەرەکانـدا بێـت. پاڵـەوان کارەکتەرێکی تەوەرییە لە رۆمـانـدا. کەسایەتیکی نـەرم و نیـانە. تـوانـای گـۆڕانـکاریی و چـارەسـەرکـردنی هـەیە.
4ـ کـات لە رۆمـانـدا: دوو جـۆرە کات هـەیە، یەکەمیان کاتێکی گـشتییە کە رووداوەکانی رۆمانەکە تێیـدا روودەدەن، وەک قـۆناغـێکی دیـاریکـراو، وەک، سەدەیەک یان ساڵـێک لە ساڵان. دووەمـیان، ئەو کاتـەیە کە ماوەیـەکی دیاریکـراو دەخاتـەڕوو، کـە رۆمـانەکە تێـیـدا روودەدات وەک: رۆژێـک لە رۆژانی دیـاریکـراوی مـانـگ.
5ـ شـوێـن لە رۆمـان: ئەمـەش پێـویستی بـە ئـەوە هـەیە، کـە رۆمـاننـووس سـەردانی شـوێنـەکـانی رووداوەکـانی رۆمـانەکەی بـکات. بـۆ ئـەوەی بـە وردی باسی بـکات. بـۆ ئـەوەیش خـوێنـەران بتـوانـن لەگـەڵ رووداوەکـانـدا بـژیـن، وەک ئـەوەی راسـتیـیەکی راسـتەقـینەبـن.
6ـ شـێوازی رۆمـان: سـتایـل یا شـێواز بـریتییـە لـە تەکـنیک و لەو کـۆمـەڵە ئامـرازە هـونەرییـانە، کە رۆمـاننـووس بۆ گەیـانـدنی چـیرۆکی رۆمـانـەکەی بە ئامـانجـەکـانی بەکارایـان دەهـێـنـێـت.
7ـ دیـالـۆگ لە رۆمـان: دیالـۆگ بـریتییە لە گـفـتوگـۆ یان ئاڵوگۆڕی قـسەکردن لە نێوان دوو کارەکتەر یان زیاتر لە کارەکتەرەکانی رۆمانەکە. ئەرکی بنەڕەتی دیالـۆگ، بـریتییە لە پێـدانی بـیرۆکەیـک سەبارەت بە رووداوەکـان. یەکـێکـیش لە پـێکهاتەکانی دیـالـۆگی سەرکەوتوو، ئەوەیـە رۆماننـووس خـۆی لە هـەڵـەی کوشـندە بپـارێـزێـت. جـاری واش هـەیە، دیالـۆگ لە شـێوەی مۆنۆلـۆگ دایـە، پاڵەوان یا کـارەکتەر لەگەڵ خـودی خـۆێـدا دەدوێـت “لەبەرخـۆیـەوە قـسەدەکـات”.
8ـ گێڕانەوەی رۆمان: بەواتا گێڕانەوەی رووداوەکانی رۆمانە لە لایـەن رۆماننووسەوە بە نـووسـین. بە شـێوازێکی زمـانی پەتی و هـونەریی ئەوتـۆ، کە لەگـەڵ رووداوەکـانی رۆمـانـەکەی، لەگەڵ جـەمـاوەره فـراوانـەکەی ئـەم رۆمـانـە دەخـوێـنـنەوە بگـونجـێـت. لە بنەڕەتیـشدا رۆمـان پشـت بە باسکـردن و گـێڕانـەوەی دیـالـۆگ و مـلمـلانێی نێـوان کارەکتەرەکـان دەبەسـتـێـت.
9ـ زمـان: زمان کەرەستەی دەربـڕین و گەیاندنە. رۆمانيش لەرێی زمان و پەیـڤەکانەوە دادەڕێـژرێـت. پێویستە رۆماننووس، شارەزاییەکی باشی لە زمـان و رێـزمانی گەلـەکەی هەبێـت. چونکە سەرکەوتـنی دیـالـۆگ بە بەکارهـێنانی دروستی وشە و زاراوە و تـۆنی دەنگی گـونجـاو بەدەست دێـت.
پێـویستە رۆمـاننووسانی مـۆدێـرن، ئەم راستیـیەش بـزانـن، کە مـرۆڤی ئەم سەردەمە، ئیتر باوەڕیان بە بوونی ئەو هـێزە نەبینراوانە و ئەو رۆحانە ئەفسانەییانە نییە، کە لە رۆمـانە کلاسیکـییەکانـدا، تـوانـای کـۆنتـرۆڵی بەڕێـوەبـردنی بـزووتنـەوەی مـرۆڤ و سروشـتیان هـەبـوو. جیهـانی ئەمـڕۆ لە روانـگەی مـرۆڤی مـۆدێـرنەوە، بەپـێی یاسـا دەروونییەکـان رێکخـراوە. بۆیە ئەم داستانـانە کە تێـڕوانینیان لە بـارەی گـەردوون و خـوداوەندەکانەوە لەخـۆگرتـوون، چـیتر لەگـەڵ هـۆشـیاری تـاک و کۆمەڵـگای نـوێـدا ناگونجێن. واتا وا پێویست دەکات کە رۆماننووسان بە دوای ستایـلی نـوێی گێڕانەوەی رۆماندا بگەڕێن و دابهـێنن، کە لەگەڵ راستیی ئێستای سەردەم و بەهاکانیدا بگونجین. (هـیگـل) ئاماژە بەوە دەکـات، ئەدەبی سـوارچـاکی کە گوزارشـت لە رۆحی سیستەمی فـیـۆداڵی (دەرەبـەگی) و بەهـاکانی سوارچـاکی و رمبازی و شمشـێربازی بـاو دەکات. بەڵام سیستەمی فـیۆداڵی بـەرەو کەمبـوونـەوە و نەمـان بـۆتـەوە. تا ئەو رادەیـەی کە بەهـاکانی سوارچاکی بۆ ئەم سەردەمە نامـۆ و کۆمیـدین و بوونەتە مایەی گاڵتەجاڕی. ئەگەر داستان کچی ئەو ئەقـڵییەتە کۆنەیە، بەڵام رۆمان کچی ئەم ئەقـڵیە مۆدێـر نەیە، کە جیهانی جادوو و جـنۆکە و خێو ئەفسووناوییەکانی تێپەڕاندووە. دەبوو گۆڕانکاری لە شـێوازی گـێڕانەوە و دەربـڕیـن و ناوەڕۆکە زانـستیـیەکانی رۆمانـدا رووبـدات، تا رۆمـان وێنـەی ژیـانی راستی بـکات و گوزارشـت سـەردەمـێکی نـوێ بـکات.

رۆمـانی هـەرزەکـاران:
بەپێی بەندی یەکەمی جاڕنامەی مافـەکانی منداڵان، کە تەمەنی ستانداردی منداڵی دیاری کردووە.، منـداڵ هەر کەسێکە ـ کچ یا کوڕ ـ کە تەمەنی لەژێـر (18) ساڵەوە بێـت. ئەم مـاوە تەمەنەش بەپـێی گەشەکـردنی جەستەیی و دەروونـی و ئـەقـڵی، کـراوە بە چـەنـد قـۆناغـێکەوە. یەکێک لەوانە قـۆنـاغی هـەرزەکارییە، لەنێـوان (13بـۆ 18) ساڵانە. بە واتا “هـەرزەکاری قـۆنـاغی گواستـنەوەی گەشـەی جـەسـتەیی و دەروونی مـرۆڤـە، لەنێوان منداڵی و گەنجیدا روودەدات”. ئەم گواستنەوەیە، گۆڕانکارییە بایـۆلـۆژییەکان، پـێگەیشـتـنی سـێکـسی، کۆمـەڵایـەتی و دەروونی لەخـۆدەگـرێـت.
هـەرزەکاری، یان (نەوجەوانی)، سـەردەمی زێـڕینی پەروەردەیـە بـۆ هەموو مـرۆڤـێک. چونکە لەم قۆناغەدا کارامەیی و داهـێنان و لە هەمووی گرنگتر خەون و خەیاڵەکانیان دروسـت دەبـن. خـەیـاڵـیش پێـویـسـتیـیەکی بنـەڕەتی داهـێـنانە. جـیهـانـێکی گـەوەرە و فـراوان لەبـەدەم هـەرزەکـارانـدا دەکـرێتـەوە و دەتـوانـێـت بـە ئـازادی خـەیـاڵ بکـات.
ئـەدەبی هـەرزەکاران، جـۆرێـکە لە ئـەدەب، ئامـانجی ئـەو خوێنـەرانەیە کە تەمەنیـان لەنێـوان دوانـزە بۆ هـەژدە سـاڵە. کـتـێـبەکانی ئەدەبی هـەرزەکـاران جیـاواییان لەگەڵ کـتێـبەکانی ئەدەبی منـداڵانـدا هـەیە. کە چارەسەری بابەتگەلـێکی زیاتر ئاڵـۆز دەکەن. ئامانجـیش خەڵکیـیەکە کە زیاتر پێگەیشـتوون. دەتـوانـن زیـاتر تـێـبگەن و وەربگـرن. لە ئێستادا رۆمـانی هـەرزەکاران، لە ئـەدەبی گـەلانی پێشکەوتـوودا، ژانـرێکی ئەدەبی فـانتازی بـڵاو و باڵادەسـتە. لە ئەمـڕۆدا بە سەدان رۆماننووسی پسـپۆر و بەناوبانگی بـواری رۆمـانی هەرزەکاران لە جیهـانـدا هـەیە. بە سەدان رۆمـانیان بۆ هـەرزەکاران نووسیون و بە ملێـۆنـان دانەیـان لـێیان چاپکـردوون و فـرۆشراون. بەشێکێ زۆریـان کراون بە فـیلمی ئەنیمەیشن و بە فـیلمی سینەمایی و بە زنجیرە درامای تەلەفـزیـۆنی.
رۆمـان رۆڵـێکی گرنـگی لە هـۆشـیاری و تێگەیشتنی هەرزەکارانی خوێنـەردا هـەیە. دەکـرێـت یارمـەتیـیان بـدات کە خۆیـان لە جیهـانی دەوروبەریـان تـێـبگەن و بتـوانـن رووبـەڕووی بەرهـەڵـستییەکان و کـێشەکـانیان ببنـەوە کە رووبـەڕوویـان دەبـنـەوە.
زۆر خوێندنەوە لە کاتی هەرزەکاریدا، دەتـوانێت خـێراتـر و ئاسانتر هەرزەکان بخاتە سەر رێـگای سەرکەوتـن. لێکـۆڵـینەوەکان دەریانخـستووە کە ئـەو هەرزەکارانەی کە جگە لە کتێبەکانی قوتابخانە، کتێبی تر دەخوێننەوە، ئەگەری سەرکەوتنیان زیـاترە لە داهـاتـوودا. هـەرزەکاران بە خوێنـدنەوەی رۆمـان، توانای وشەسازیان زیاتر دەبێـت. ئاستی زیـرەکیشیان بەرزتـر دەبێتەوە. یارمەتی ئەوەشیان دەدات لە داهاتوودا، باشتر بیرۆکەکانیان دەربـڕن. ئاگاشیان لە لایەنە جیاوازییەکانی ژیـان دەبێت و دەشتوانن بە ئاسانی مامـەڵە لەگـەڵ گـرفـت و کێشەکـانیان بکەن.
لەگەڵ پێشکەوتنی سەرسوڕهـێنەری تەکـنەلـۆژیـا و داهـێنانی شـتی سەیـر و سەمەرە لە جیهانی ئەمـڕۆدا. رێنمایی هەرزەکاران ئاسان نییە کە لە یاری ڤـیدیـۆیی و مۆبایـلە زیرەکەکانەوە، بەرەو کتێب و خوێنـدنەوە ئاراستە بکـرێن. ئەگەر بتوانین هەرزەکاران تامەزرۆی خوێنـنەوەی کـتێب بکەیـن و بە باشتریـن ئەو رۆمانانە ئاشنایان بکەیـن کە بە تـایبەتی بـۆ هەرزەکـاران نووسـراون، کـاریـگەرییەکی گەورەیـان لەسـەر ئەمـڕۆ و داهـاتـوویـان دەبـێـت. چـونـکە تەمـەنی هـەرزەکـاری تەمـەنی چـۆسـت و چـالاکـیـیە.
ئایا رۆمـانی هـەرزەکاران لە ئەدەبی هەرزەکـارانی کورد سـەری هـەڵـداوە؟
وەکو پێشتر وتمان منداڵ لە دایکبوونەوە، تا تەمەنی هەژدە ساڵان بە منداڵان دادەنرێت و ئەم ماوە تەمەنەش کراوە بە چەند قـوناغێکەوە. رۆمان بۆ منـداڵانی تەمەن تا (12) ساڵان، نە لە رووی دەروونی و ئەقـڵی و هـزری و زمانەوە، نە ئەو پشوودرێژییەشیان هـەیە کە رۆمـان بخوێنـنەوە و بە باشی لە مەبەست و لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەن. بۆیـە دروست وایە کە بنووسرێـت (رۆمـان بۆ هـەرزەکاران)، یان (رۆمـان بۆ مـێردمنـداڵان). یان (رۆمان بـۆ نەوجەوانان). وشەی (هـەرزەکاران) بە پەسەنـدتـر دەزانـم. ئەگەرچی هەنـدێک لەو رۆمانەنەی کە بۆ هەرزەکاران نووسراون، پاڵەوانەکانیان لەژێـر سیانزە ساڵییەوەیە. بۆ نموونە هـایـدی نـۆ ساڵانی پاڵەوانی رۆمانی (هایـدی) نووسینی خاتوو یۆهـانـا شـبیری. (ئەلیـس) ی دە ساڵان، لە رۆمـانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکان) لە نـووسینی رۆماننـووس لـویس کـارۆل. (لـولـو) ی هـەشت ساڵان پاڵـەوانی رۆمـانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) نووسینی مامۆستا ئەمین محەمەد. (نازە)ی دەساڵان پاڵەوانی رۆمانی (نـازیلـێی مـانـگ و شازادەی خـۆر) نووسینی خاتوو پەیـام ئیـبراهـیم.
نووسینی رۆمـان بۆ هـەرزەکاران، گرانترە لە نووسینی رۆمان بۆ گەورەساڵان، چونکە نووسینی رۆمـانی سەرکەوتوو بۆ هـەرزەکاران، پێـویستی بە شارەزایی لە مـەرج و لە بنـەما پێـویستییەکانی نووسینی رۆمـان بۆ هـەرزەکاران هـەیە. پێـویستی بە خەیـاڵـێکی فـراوان و بە شێوازێکی هونەری نووسین و بە تەکنیکی داڕشتن و بە زمانێکی پەتی و دەوڵەمەنـدی کوردی هەیە، پێویستی بە شارەزایی لە سایکـۆلۆژیای هەرزەکاران هەیە.
تا ئێستا چەنـد نووسەرێکی کوردمـان کە باسیان لە رۆمـان بـۆ هـەرزەکاران کـردوون، وەکو دەستپـێشخەر، ئامـاژەیـان بە دوو چـیرۆکی چاپکـراوی نـووسـەر و رۆمـاننوسی کوردمان مامۆسـتا (عـەزیـزی مـەلا رەش) داوە. ئەو دوو چـیرۆکەش (گـورگ و بـزن 1990) و (بـۆرە 1991) کە. بەڵام ئـەم دوو چـیرۆکە لە زۆر رووەوە، مەرجەکانی رۆمانیان تێدا نییە، سەرەڕای ئەوەش تا رادەیەکـیش زمانێکی ناوچـەیی بەکارهـێناوە. ئەگـەر نـاوی رۆمـان، لـە هـەر چـیرۆکـێکی درێـژ بـۆ هـەرزەکـاران بنـێـین، گـەلـێک چـیرۆک و حیکایـەتی فـۆلکـلـۆری و میـلـلی کوردی درێـژمان بۆ هـەرزەکاران هـەیە.
مەبەستیشـم ئەوە نیـیە، لە دڵسـۆزی و هـەوڵی مامۆسـتا عـەزیـز کەم بـکەمـەوە. کە نـزیکەی (34) سـاڵ بـەر لە ئێستا هـەوڵی نووسـینی رۆمـانی بـۆ هـەرزەکاران داوە.
بە شانـازییەوە دەڵـێم، ئێـمەی کورد چەنـدین کـەڵە رۆمانـووسی گەورەکـانمان هـەیە، کە چەنـدیـن شاکارە رۆمـانیان نووسـیون. هەندێکیان ناوبانگی ناوچەیی و جیهـانیان هـەیە. بەڵام بە داخەوە تا ئەمـرۆش نووسەرانی پسپۆری بـواری نووسینی رۆمان بۆ هـەرزاکارانمان نییـە. وەکو پێویسـت ئـاوڕ لە رۆمـانی هـەرزەکاران نەدراوەتەوە. کە رۆمانی هەرزەکارانمان نەبێت، کەواتا جمهـوری خوێنەری رۆمانی هـەرزەکارانیشمان نیـیە. ئەگەر تاک و تەرا هـەشبن، رۆمانی هەرزەکاران بە زمانی بـێگانە دەخوێـننەوە. تا ئێستا لە دوو سێ رۆمان زیـاترم نەبینیوە، کە بـۆ هـەرزەکاران لە زمـانی بـێانییەوە وەرگـێڕابێـت بـۆ سەر زمـانی کـوردی. چەنـد چـیرۆکـێکی درێژیـان بـۆ هـەرزەکـاران وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی، بەڵام وەکو وتـمان جیـاوازی لەنێـوان چـیرۆک و رۆمـانـدا هـەیە.
خۆشـبەختـانە پێـرار، ساڵی (2022) رۆمـانـێکی کـوردیی تـایـبەت بـۆ هـەرزەکـاران، چاپکرا و بڵاوکرایەوە، کە رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) یە لە نووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی ناسراوی بـواری ئەدەبیاتی منـداڵان، مامۆســتا “ئەمـین محـەمـەد”ە.
پێموایە ئەمە مژدەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی رۆمانی کوردی بۆ هـەرزەکاران. لە سـاڵی پـاریشـدا ( 2023) سێ رۆمـانی تـر بە کـوردی بـۆ هـەرزەکـاران، بـە دوای رۆمـانەکەی کـچی دورگـە بچکـۆلەکـەدا هـاتـن و چـاپکـران و بڵاوکـرانەوە. ئـەم سێ رۆمانەش، رۆمـانی (نـازیـلـێی مانـگ و شـازادەی خۆر)ە، لە نووسینی چیرۆکنووسی بۆاری منداڵان، راگەیانـدنکار، خاتـوو ” پەیـام ئیبراهـیم”ە. مـن بە کورتی و بە چـڕی دوو نـووسینم دەربـارەی ئەم دوو رۆمـانە نووسیوە. لە سایتە ئەلیکـترۆنییەکان و لە گۆڤاری”ژیـار” و لە گۆڤاری “دیـالـۆگ”دا بڵاویانمـکردەوە.
یەکەمیان بە ناونیشانی (خوێنـدنەوەیەک بۆ رۆمـانی کچی دورگە بچکۆلەکە).
دووەمیان ( پەیـام ئیـبراهـیم و رۆمـانی نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر). شـاعـیـر و چـیـرۆکـنـووسی منـداڵان مامـۆسـتا (عـەلی حـەمـەڕەشـیـد بـەرزنـجی) یـش لە سـاڵی (2023) دا، دەربـارەی رۆمانی کچی دورگە بـچکـۆلەکـە، نووسـینـێکی بە ناونیـشانی (رۆمـانی کچی دورگە بچکۆلەکە و چەند سەرنجێک) لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) و لە چەند سایتێکدا بـڵاویکـردۆتـەوە. چەنـد لایـەنـێکی ئـەم رۆمـانـەی هـەڵـسەنـگانـدووە.
هەروەها چـیرۆکنووس و و شاعـیری بواری منـداڵان، مامۆستا (سـەردار قـادر) یش دەربارەی ئەم رۆمانەی مامۆستا ئەمین، نووسینێکی بە ناونیشانی (گاریگەریی زمـان لە رۆمـانی کچی دورگە بچکـۆلەکە) دا، لە چەنـد سایتەکانـدا بڵاویکردۆتەوە. کە تێیدا تیشکی خستۆتە سەر لایـەنی زمـان شارەزایی و پاراوی مامۆستا ئەمین لەم رۆمانەدا.
هەر لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم رۆمانە، شاعـیر و چیرۆکنووسی بواری منداڵان کاک (رۆستەم خامۆش) دیمانەیەکی لەگەڵ مامۆستا ئەمین محەمەد سازداوە و لە رۆژنامەی “کوردسـتانی نـوێ” دا بـڵاوی کـردۆتـەوە، مامـۆسـتا ئەمـین لە وەڵامی پـرسیارەکـانی کـاک رۆسـتەم دا، بـاس لـە ئـەزمـوونی نـووسـینی خـۆی لە بـواری منـداڵانـدا دەکـات. باسیش لە نووسیـنی رۆمـانەکەی (کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە) دەکـات.
رۆمـانی سێیەم بۆ هەرزەکاران، کە هەر لە ساڵی (2023) دا، چاپکـرا و بڵاوکرایەوە، رۆمـانی (جـانتـاکەی ئـارۆ) یە، لە نـووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی بـواری منـداڵان کاک “عـوسمان دەروێـش”ە. هـەر ئەم رۆمـانە لە ساڵی پـاردا، لایـەن نووسەر دکـتۆر (جەلیل ئیبراهیم الزهـیری) یەوە، لە کوردییەوە وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەربی بە نـاوی (حـقـیـبة آرو). بەڵام مـن تا ئێستا ئـەم رۆمـانەی کاک عـوسمانم پێـنەگەیشتووە کە بـیخـوێـنـمەوە. بـۆ مـاسنجـەرەکـەشی نـامەیـەکم بـۆی نـارد کـە بە (پـی دی ئێـف) رۆمانەکەیم بۆ بنێرێت. بەڵام تا ئەم نووسینەم هـیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە. دووبارەش پیـرۆزبـایی و دەسـتخـۆشی لە کـاک عـوسـمان دەروێش دەکـەم.
رۆمانی چـوارەم بـۆ تـازەلاوان، رۆمـانی (زێـبرایەک لە دارسـتانەکـانی سـویـد دا) لە نووسی شاعـیر و چـیرۆکنووسی بـواری ئەدەبی منـداڵان، مامۆسـتا (ئاکـۆ محـەمـەد سابیر)ە. تیراژی (1000) دانە و لە ساڵی (2023) لە شاری (بانـە) لە رۆژهـەڵاتی کوردستان چاپکراوە. مامـۆستا ئاکۆ بە (پی دی ئێـف) بۆی ناردم. ئەم رۆمانە (24) بەشـە، پاڵەوانەکەی (ئادەم) کوڕێکی منداڵێ تەمـەن نـزیک (11) ساڵانـە. لە رووی بیرۆکەوە هانی منداڵان دەدات بۆ ئاژەڵـدۆستی. بە داخەوە ئەم رۆمانە پـڕە لە هەڵەی رێنـووسی و زمانەوانی. پەیـامـەکەشی بە شـێوەیـەک گەیـانـدووە کە لەگـەڵ خواستی منـداڵانی کورد و لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواریـدا گونجاو نییە. بریا ئەوەندە پەلەی نەکـردایە لە چاپکـردنی رۆمـانەکەی و پێـشانی نووسـەرانی شارەزای رۆمـانی بـدایە، لەگەڵ ئەوەشـدا جوانتریـن پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە مامۆستا ئاکۆ سـابیر دەکـەم.
رۆمانی پێنجەم: رۆمانی (ملـوانکەی ئەفسونـاوی) بۆ مێـردمنـداڵان، دووەم رۆمـانی شاعیر و چیرۆکنووس و رۆماننووسی ناسـراوی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، مامۆستا (ئەمیـن محـەمـەد) ە. ئەم رۆمانەی بۆ هـەرزوکاران نووسـیوە. (12) بەشە، (92) لاپـەڕەی مامناوەنـدییە. چـاپی یەکـەمی لە چـاپخـانەی (پـانـدا) لە ساڵی (2024) دا چاپکراوە. لە بڵاوکراوەکانی دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە یە، بە سپۆنسەری دارایی بەڕێز دکتۆر (تەهـا رەسووڵ) چاپکـراوە، تیراژی (500) دانەیە. کوالـیتی دیـزاینی بـەرگ و وێنەکان و چاپکـردن و جـۆری کاغـەزەکەی باشـن. چەپکەگـوڵی سوپـاسم
بۆ مامۆستا ئەمـین محەمـەد، کە بە (پی دی ئێـف) رۆمـانەکەی بـۆم نارد. جوانترین دەستخـۆشی و پـیرۆزبـایی لێـدەکەم. لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی رابـردوودا، نووسینێکم بە ناوی (خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی ملـوانکەی ئەفسونـاوی) نووسی لە سایتـەکانـدا بڵاوکـردەوە. ئەگـەر یەکـێک ئـارەزووی خوێـنـدنەوەی ئـەو نـووسـینەم بکات، ئامـادەم کە بـۆ ئیـمـێـلەکەی بـیـنـێرم.
رۆمانی ملـوانکەی ئەفسونـاوی، لە ناونیشانەکەیەوە و لە سەرەتاوە بە ئەفسون دەست پێـدەکـات، هـەر بـە ئەفـسونیـش چـارەسەری رووداوەکـان دەکـات و کـۆتـایی دێـت. ئەم رۆمـانە، رۆمـانێکی خەیـاڵـيی فـانتـازییە، لە هەمانکاتیشدا رۆمانێکی خەیـاڵی زانستییە و رۆمانێکی داهـاتووە (جۆرێکە لە جۆرەکانی رۆمان) لەو پێنج رۆمانە بۆ هەرزەکاران رۆمانی ملوانکەی ئەفـسوناوی جوانترین و هونەریترین و فانتازیترین رۆمانی کوردییە بـۆ هـەرزەکاران، لە هەمـوو روویـەکەوە لە ئاستێکی بەرز دایـە.
دەتوانین بڵێین، کە رۆمانی (کچی دورگە بچکـۆلەکە) بۆ هەرزەکاران و ساڵی (2022) بە ساڵی سەرهـەڵـدانی رۆمـانی هەرزەکاران لە ئەدەبی هـەرزەکـارانی کـورد دابـنێـیـن. دەسـتپێشخەری و شانـازیش بۆ مامۆسـتا ئەمـین محـەمـەد دەگەڕێتەوە. هـیـوای ئـەوە دەخـوازم کە نـووسـەرانی شـارەزای تر، بـێـنە ئـەم بـوارە و خۆیـان تـاقی بـکەنـەوە و ئاوزەنگی لە ئەسپی تـوانا و شارەزاییان بـدەن. بۆ ئەوەی رەوتی رۆمانی هەرزەکاران لە ئەدەبی هـەرزەکارانی کورد بکەوێتە رێ و خـۆی بـگەیەنـێـت بە کـاروانی رۆمـانی هەرزەکارانی گـەلان. ئەگەر بمانەوێـت شـتێک نییە نـاوی ئەسـتەم و نابێـت بێـت.
ئێستا دەتوانین ئەوە بڵێین کە (رۆمانی هەرزەکان) لقـێکە لە ئەدەبی کوردی. دەتوانین.
ژانـرێکی تر بـۆ ئەدەبی کوردیمـان زیادبکەیـن بە نـاوی (ئەدەبی هـەرزەکارانی کورد). وەکو ژانـرێکی ئەدەبی سەربەخۆ، لە ئـەدەبی منـداڵانی کورد و لە ئەدەبی لاوانی کورد جیابکەینەوە، چونکە قـۆناغی هەرزەکاری لە زۆر رووەوە تایبەتمەنـدیی خۆی هـەیە.
لەو باوەڕەدام کە کوردێکی کەم، ناوی کچۆڵەی بلـیمەتی کورد و جیهـانی، بچـووکترین رۆمـاننـووس لـە ئەوروپـادا، لەوانـەشـە لـە جیهـانـدا (بەفـریـن شادۆسـت کەریـمی) ی بیستووە. ئەم کچـۆڵە جـوان و زیـرەک و بلـیمەتەمـان. خەڵکی رۆژهـەڵاتی کوردستانە. باوکی (شادۆست) بە هـۆی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە، ماوەیک لە شارۆچکەی (کەلار) نیشتەجێ دەبـن. تەمەنی بەفـرین چـوار ساڵ بـوو، وەکو پەنـابەر خانەوادەکەی روویان لە نەرویـج کـرد و لە شاری (ئـۆسڵـۆ)ی پایتـەخـتی نەرویـج گـیرسانەوە.
بە فـرین لە ماوەیەکی زۆر کەمـدا، بە خوێنـدنەوە و بە نووسین فـێری زمانی نەرویجی بـوو. بەفـریـن لە پـۆلی چـواری قـوتـابخـانەی بنەڕەتیـدا، کە تەمـەنی (9) ساڵان بـوو، چەنـد شانـۆیەکی بە زمـانی نەرویـجی بـۆ قـوتـابخـانەکەیـان نـووسی و دەریـانهـێنان و لەسەر شانـۆدا نمایش کـران. جـێی سەرسوڕمـانی مامۆسـتاکان و هـاوڕێـکانی بـوون.
بەفـرین کەریمی کە لە ساڵی (2009) دا، کە تەمەنی (10) ساڵ بـوو، لە پۆلی پێنجی بنەڕەتیـدا بوو، بۆ یەکەم جار رۆمـانێکی بۆ هـەرزەکارن، بە زمانی نەرویجی نووسی بە ناونیشـانی (مـاریـا و زڕدایـکی) بە زمـانی پـەتی نەرویـجی نووسـیوێـتی کە (70) لاپەڕەیە. لە هـەمان ساڵـدا بـۆیان چاپکـرد و بـڵاویـان کـردەوە. بەفـرین لەم رۆمـانەدا، باس لە کـێشەیەکی جیهـانی دەکات. کە کـێشەی لەیەک جیابـوونەوەی ژن و پیـاوە، کە منـداڵـەکانیان دەبنە قوربانی و باجی لەیەکـتری جیابـوونەوەی دایک و باوکیان دەدەن. دەبـێـت چارەنـووسی ئەو منـداڵانە لە سایەی زڕدایکـدا چـۆن بـێـت؟ پاڵەوانی سەرەکی ئەم رۆمانەی بەفـریـن کەریمی، کچۆڵەیەکی تەمەن دە ساڵ و نیوە و ناوی (ماریـا) یە. دایـک و بـاوکی لەیەکـتری جیـادەبنـەوە و دەکەوێتـە بەردەسـت زڕدایـک. ئەم رۆمـانە بووە بەجـێی سەرسوڕمانی هەموو خوێنەرانی نەرویـج، کە کچـۆڵەیەکی (10) ساڵانی کورد، رۆمـانێکی نایابی وای بە زمـانێکی پەتی و شـیرینی نەرویـجی بنووسیت. کە تا ئـێستا شـتی وا لـە منـداڵانی نەرویـج و ئەوروپـاش نەوەشـاوەتەوە. بەفـریـن ئەنـدامی کۆمـەڵەی منـداڵانی کـورد ـ لە نەرویـج بـوو. هـەر لە پـۆلی پێـنج و لە تەمـەنی (10) ساڵیـدا، دەستی بە نـووسینی رۆمـانی دووەمی بە زمـانی نەرویـجی کرد، ئەم رۆمانەی لەژێـر ناوی (بـاوکـە ئەژدیـهـاکە) دایـە، لە تەوابـوونی نـزیک ببـووەوە، بەداخەوە کە تووشی کارەساتی وەرگەڕانی ئـۆتـۆمبێلەکەیان بوو. بە سەختی بـڕبـڕەی پشتی بـریـدار بـوو، لە مـردن گـەڕایـەوە. سێ نەشــتەرگـەریی پـشـتـیان بـۆی کـرد. سـاڵـێک لەسـەر عەرەبانە بوو. بەفرین کەریمی لە ئێسـتادا، بڕوانامـەی مـاسـتـەری لە سـۆسـۆلـۆژیـدا وەرگـرت. نیـازی بەدەسـتهـێـنانی بـڕوانـامـەی دکـتـۆرایە.
کـتێـبی رۆمـانەکەی بەفـریـن کەریـمی (مـاریـا ئـۆگ سـتـیـمـورەن ـ مـاریـا و زڕدایکی) لەلامـە. ئەگەر درەفـەتـم بۆ بـڕەخـسێـت، نیـازم وایە وەریگـێـڕم بۆ سەر زمانی کوردی.
ئەگەر بوایە بەفـرین کەریمی ئەم رۆمانەی بە کوردی بنووسیایە. دەبوو بە یەکەم و بە بچووکـترین رۆمانووسی ئەدەبی هـەرزەکارانی کورد. چونکە (15) ساڵ بەر لە ئێستا رۆمـانی (مـاریـا و زڕدایـکی) نـووسسیـوە و چـاپـیکـردووە. ئەگـەرچی خـانـەوادەکەی بەفـریـن لە ماڵـەوە بە کـوردی قـسەدەکـەن و بە زاریـش کوردییـەکەی بەفـرین باشە. بـەڵام ناتـوانێـت بە کوردی بخـوێـنـێـتەوە و بنـووسـێـت.

(*) بۆ نووسـینی ئەم بابـەتەم کەم یا زۆر، سـوودم لە چەنـد سایتـێکی ئیـنگـلیزی و نەرویـجی و عـەرەبی وەرگـرتـووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت