محەمەد هەریری: تورکیا و داعش. بەشی سێیەم.
تورکیا سیاحەتگەی تیرۆرستانە و زیندانی ئازادیخوازانە!
هاریکاریەکیتری تورکیای ئەردۆگان بۆ داعش بریتییە لە ئاسانکردنی هاتووچۆی داعشەکان، حکومەتی تورکی سەرەڕای کردنەوەی هەموو سنورەکان بۆ هاتووچۆیان، بەپێی ڕۆژنامەی Today’s Zaman تودەی زەمانی تورکی کە بە ئینگلیزی دەردەچێت، زیاتر لە سەد هەزار پاسپۆرتی ساختە کردوە بۆ داعشەکان!
بۆیە وەك لە ڕاپۆرتێکی مەیل ئۆنڵاین Mail Online بە وێنەوە بڵاوبوەوە کە چۆن داعشیەکان بۆ مۆڵەت و گەشت و گوزار و حەسانەوە دەچنە سەر کەنارەکانی تورکیا، تێکەڵ بە خەڵکی سەر کەنارەکان دەبن بە ڕیشی تاشراو و جلی مۆدرن، لە هەر کاتێك فەرمانیان بۆ بێت خەڵکە توریست و گەشتیاران دەکوژن بە ئاسانترین شێوە! تەنها بەریتانیا یەك ملیۆن گەشتیاری بۆ تورکیا دەچێت ساڵانە بەپێی ڕاپۆرتەکەی مەیل ئۆنڵاین Mail Online ! سەیر لەوەدایە ئەو داعشەی کە وێنەی لە کەنارەکان گرتووە، هەمان کەس بە ئاڵای ڕەشی داعشی و جلی شەڕەوە وێنەی گرتووە لەناو پایتەختی تیرۆریزمی داعش ڕەقە! لەوەش سەیرتر هەر ئەو کەسە چۆن وێنەی لەگەڵ دیمەنە جوانەکانی دەریا گرتووە، بە هەمان شێوە وێنەی لەگەڵ سێ چوار سەری بڕاو و لاشەی بێ سەر گرتووە بە هەمان هێمنی و زەردەخەنەوە!
تورکیای ئەردۆگان ئەو وەحش و دڕندانە پەروەردە دەکەن، بۆیە دەبێت ئێمەی کوردیش تا سەرئێسقان پشتگیری لە ڕۆژئاوا بکەین بۆ شکاندنی لووتیان وەك چۆن ئێستا لە عێڕاق لووتیان شکێنرا، و لە سوریاش خەریکە شەڕڤانان پایتەختی تیرۆر ڕەقەیان لە ژێر دەست دەردەهێنن. وێنەکان و کەسایەتی ئەو داعشە لەلایەن پیاوێکی بەریتانی بە ناوی Macer Gifford کە چۆتە ڕیزی شەڕڤانان ئاشکرا کرا بۆ مەیل ئۆنڵاین، و لە یەکێك لە قسەکانی دەلێت:” ئەوە مۆتەکەی هەموو خێزانێکە، لە پاش ڕووداوە تیرۆرستەکەی کەنارێکی تونس، خەڵك دەبێت وریا بێت لە هەڕەشە جیهانیەکانی داعش. بەڕاستی ترسناکە شەڕکەرێکی داعش ببینیت لە سوریاوە هاتوە، بە زەردەخە و ئاسوودەییەوە لە تەك گەشتیاران ڕاوەستابێت! هەروەها دەڵێت ئەوە شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتی ئاسایشی تورکی کە بەو هەموو دەوڵەمەندیەوە نەتوانن ئاگاداری جموجپڵی ئەو داعشانە بن، کە بە ئارەزووی خۆیان دێن ودەچنە ناو تورکیا، کەچی من لە بەریتانیاوە ئاگادار بم! [1]
بێگومان ئاسایشی تورکی ئاگادارن و چونکە خۆیان دروستکەری یان خودانی هەرە گەورەی داعشن، ئەو داعشانەش وەك دابەستی بەخێودەکات تەنها بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنن لە دژی کورددا، نەك لە پێناو ئیسلام و خەلافەتی داعشی ئیسلامی، چونکە تورك هەتا ئیمان بە خواشیان ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئیمانیان بە تورکایەتی، کە وەك عەقیدەیەکی دینی فاشستی پیادەی دەکەن لە ژیانیاندا.
هەر دوێنێ لەناو ملیۆنەها گەشتیار میت و ئاسایشی تورك لاوێکی بەریتانی دەستگیر کرد بەناوی جۆزیف ڕوبسون، کە کاتی خۆی بۆ 3 مانگ چوبوە ناو یەپەگە بۆ جەنگیش نا بەڵکو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە پێی وتەکانی ڕۆژنامەی Hurriyet daily تورکی! [2]
باشە بۆ داعشی سەربڕ ناناسێتەوە، کە وێنەی لە تەك سەری بڕاودا گرتوە، بەڵام گەنجێکی بەریتانی دەناسێتەوە، کە هیچی نەکردوە ڕاستەوخۆ دژی تورکیا، ئەگەر داعشیەت دوکانێکی ئەردۆگان نەبێت؟!
دیارە ئەو ماوەیەی جۆزێف ڕۆبنسن لەناو یەپەگە بووە بۆ هاریکاری پزیشکی، زۆر شت فێر بووە، بەڵام نەیانتوانیوە فێری سروشتی دڕندانەی داعشیانەی ئەردۆگان و تورکی بکەن، دەنا چۆن وا بێ خەم گەشت وگوزار دەکات بۆ تورکیا؟! تورکیای ئەردۆگان لێوان لێوە لە داعش.
سەرچاوە:
[١] dailymail
By John Hall for MailOnline, Published: 13:47, 24 July 2015 | Updated: 15:51, 24 July 2015
[٢] telegraph/