شه‌ریف هه‌ژارى: پێویسته هه‌موو كوردێك بزانێت، له‌م قۆناغه‌وه (بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی) هاتۆته بوون!
پێویسته هه‌موو تاكه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌وه ئاشنا ببن، كه: بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی له ده‌ورانی (خانی له‌پ زێڕین، ئه‌حمه‌دی خانی و، خانای قوبادی)یه‌وه، ده‌ست پێ ده‌كات!
له‌و سه‌رده‌مه‌وه، ئیدی له قۆناغی ته‌نیا (هه‌ستێكی ساده بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ت)، تێ په‌ڕ ده‌كا و، قۆناغی هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی و بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی دێته‌بوون، كه قۆناغی پراكتیكه. ئه‌وه‌ش هه‌م له داستانه ڕزگاریخوازییهكانی خانی له‌پ زێڕین و، هه‌م له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
سه‌رده‌مانێك میری كوردان (خانی له‌پ زێڕین) به‌كرده‌وه ده‌یان داستانی قاره‌مانێتیی نه‌ته‌وه‌یی دژی هێرشی شا عه‌باسی داگیركه‌ر ئه‌نجام داوه و دانی به ده‌سه‌لاتدارێتیی فارسه داگیركه‌ره‌كان نه‌ده‌ناو، ده‌ورانێك كه ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی هۆنراوه‌ی ناسیۆنالیزمیی كوردیی (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی)یان هۆنیووه‌ته‌وه، هێشتر له قاڕه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا، ناسیۆنالیزم له فۆرمی (ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی) دا، به ته‌واوی شوێن پێی خۆی نه‌گرتبوو!
له‌وه‌ش گرنگتر، هه‌م جوولانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (خانی له‌پ زێڕین) و، هه‌م خه‌رمانی فكری-نه‌ته‌وه‌یی (ئه‌حمه‌دی خانی) و (خانای قوبادی)، هه‌موویان له سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی زاینیی دا، هاتوونه‌ته بوون.
واته: ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه له نێوان سالانی (1600-1750 ز)، تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك (بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی)، گه‌شه‌ی سه‌ندووه و، دژایه‌تی (داگیركاری تورك و فارس)یان كردووه، كه هه‌م به‌كرده‌وه ( له جوولانهوهكهی میر: خانی له‌پ زێڕین دژی فارسه داگیركه‌ره‌كان) و ، به تیۆرییش له دیوانه‌كانی (ئه‌حمه‌دی خانی) و (خانای قوبادی) دا، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ده‌سه‌لمێنرێ.
به‌لام، ئه‌وه‌ی تا ئێستا گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی پێ نه‌دراوه، نه‌بوونی توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ته سه‌باره‌ت به (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی له ده‌ورانی خانی له‌پ زێڕین و ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی) دا.
لێره‌دا پێموایه هه‌ندێك له مێژوونووسانی كورد كه‌وتوونه‌ته هه‌ڵه‌وه. ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاتوون له ڕووی تێزه‌كانی (بیری ناسیۆنالیزمی خۆراوایی)ه‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئاستی گه‌شه‌سه‌ندن و دواكه‌وتنی (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی)یان، كۆڵیوه‌ته‌وه!
بۆ نموونه، ئه‌كادیمیستێكی پڕ-به‌رهه‌م و لێهاتووی وه‌ك (پڕۆفیسۆر د.كمال مه‌زهه‌ر) و خودی خوێندكاره‌كه‌ی (د.جه‌عفه‌ر عه‌لی: ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مان-فراكسیۆنی گۆڕان) له نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی دا، كه به‌ڕێز (پرۆفیسۆر د.كمال مه‌زهه‌ر) سه‌رپه‌رشتیاری بووه، كه‌وتوونه‌ته ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه له ڕێی (تێزه‌كانی ناسیۆنالیزمی خۆراوایی)ه‌وه هاتوون هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاست و گه‌شه‌ی (بیری ناسیۆنالیزمی كوردی)یان كردووه!
جگه له‌و به‌ڕێزانه‌ش، زۆر ڕوناكبیری تری كوردیش، چ پێش ئه‌وان و، چ پاش ئه‌وانیش، له‌سه‌ر هه‌مان جۆری هه‌ڵسه‌نگاندن كه به پێی (تێزه‌كانی ناسیۆنالیزمی خۆراوایی) ڕاڤه‌ی قۆناغه‌كانی (ناسیۆنالیزمی كوردی)یان كردووه، ئه‌و كۆمه‌ڵه ڕوناكبیرانهش كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری تێزه‌كانی (ناسیۆنالیزمی خۆراوایی)و، هه‌مان جۆر بیركردنه‌وه و ڕاڤهكاریان گرتۆته‌به‌ر!
تێفكرینم ئه‌مه‌یه، كه: هه‌م قۆناغه‌كانی (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی) له ڕابردوودا و، هه‌م قۆناغه‌كانی (بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی) له ئێستا و بۆ داهاتووش، هه‌ر ناكرێت به پێی (تێزه‌كانی ناسیۆنالیزمی خۆراوایی)، بپێورێن!
چونكه جیهانی خۆرهه‌لات ڕه‌هه‌ندی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی خۆی هه‌یه و، جیهانێكی خێڵه‌كیی و شوانكاره‌یه و، ته‌نانه‌ت دیدی ئاینی ئیسلام و مهزههبهكانیشی بۆ ناسیۆنالیزم، جیاوازه له (دیدی ئاینی مه‌سیحی و مه‌زهه‌به‌كانی و، دیدی ئاینه‌كانی تر) بۆ ناسیۆنالیزم!
كه‌وابوو، گه‌ر ئێمه به پێی پێوه‌ره‌كانی (ناسیۆنالیزمی خۆراوایی) هه‌لسه‌نگاندن بۆ ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌كانی (جیهانی خۆرهه‌لات) بكه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شی كه ده‌مێكه ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له خۆرهه‌لات دا درووست كردووه، هێشتر نه‌گه‌شتوونه‌ته قۆناغه‌كانی تێزه‌كانی ناسیۆنالیزمی خۆراوایی.
بۆ نمونه: (عه‌ره‌ب، تورك و فارس) كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه، چه‌ندان ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی (فاشیستی)یان درووست كرد، هیچیان نه‌گه‌شتبوونه ئه‌و ئاسته‌ی كه ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، هاوتای تێزه‌كانی شوناسی (ناسیۆنالیزمی خۆراوایی)، بێت!
له‌م ڕووه‌وه، پێموایه: تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، (پڕۆفیسۆر د.جمال نه‌به‌ز، له كتێبی: بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی نه بیری قه‌ومیه‌تی ڕۆژههلاتییه و نه بیری ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوای)یه، باسی هه‌ندێك له جوولانه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردی كردووه. به‌لام وای ده‌زانم، گه‌ر ئه‌و هۆكاره مهنتیقییانهشی بخستایهتهروو، كه بۆچی لۆژیكییه كه بڵێین: ((بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی ناكرێ به تێزه‌كانی بیری ناسیۆنالیزمی خۆراوایی))، هه‌ڵ بسهنگێنرێ، زیاتر بابه‌ته‌كه‌ی پڕ-مشتومڕتر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌تر، ده‌كرد!
ئه‌وه ڕوونه، بیری نه‌ته‌وه‌خوازیی خۆرهه‌ڵاتیی، به‌تایبه‌ت لای (عه‌ره‌ب، تورك و فارس)، ئاین و مه‌زهه‌ب وه‌ك وه‌سیله‌یه‌كی خزمه‌تكارانه بۆ بونیادنانی ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت هه‌ژموونخوازی و داگیركردنی خاكی نه‌ته‌وه‌كانی تری وه‌كو (كورد، ئه‌رمه‌ن و قیبتی) به‌كارهێناوه و به‌كاردێنن. به‌لام به‌وه‌شه‌وه، هه‌ر ناكرێت بیری نه‌ته‌وه‌خوازی (عه‌ره‌ب، تورك و فارس)یش، به پێی تێزه‌كانی (ناسیۆنالیزمی خۆراوایی)، بپێورێن!
گه‌ر له خانی له‌پ زێڕینه‌وه تا خانای قوبادی، كۆمه‌لگای كوردی خێڵه‌كی و داگیركراو دابڕاو و دابه‌شكراو بووبێت، ئێستاش هه‌ر خێڵه‌كییه و بگره له چوار لاوه داگیركراوه و دابه‌شكراوه (كه ئه‌و سه‌رده‌مه ته‌نیا دوو له‌ت كرابوو و، له دوو لاوه له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی فارس و توركه‌وه، داگیر كرا بوو).
ڕاسته دهورانهكه گۆڕانكاری گه‌وره و بنچینه‌یی به‌خۆوه دیووه. به‌لام كۆمه‌له فاكته‌رێك هه‌ن وا ده‌كه‌ن: ئه‌گوونجێت ناسیۆنالیزم له هه‌ندێ قۆناغی مێژوویی دا گه‌شه بسه‌نێ و، له قۆناغی تری دواتر دا پووكانه‌وه به‌خۆوه ببینێت.
بۆ نمونه: له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستان دا، (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی) گه‌شه‌كردنی به‌رچاوی له هه‌ر چوار پارچه‌كه‌دا به‌خۆوه بینی. ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاره‌كانی كۆماری كوردستانه‌وه بوو.
به‌لام دوای نزیك به سێ چاره‌كه سه‌ده، (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی) پووكانه‌وه‌ی كاریگه‌ر به‌خۆوه ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش به هۆی گه‌نده‌لیی حیزبه‌كانی باشوری كوردستان و، نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیان و، گرتنه‌به‌ری میتۆدی شه‌ڕه جنێو و، سووكردنی (تێفكرینی نه‌ته‌وه‌یی)و، ساخته‌كردنی مێژوو له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیانه‌وه، بووه.
كه‌وابوو، ده‌ورانی خانی له‌پ زێڕین، تا: ئه‌حمه‌دی خانیی و، هه‌تا: خانای قوبادییش، سه‌رده‌مانێك بووه كه جوامێری وه‌ك خانی له‌پ زێڕین داستانی دژی فارسه داگیركه‌ره‌كان تێداخولقاندووه و، ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی پێشڕه‌وانی (نوخبه‌ی نه‌ته‌وه‌یی) كوردبوون و، به‌یتیان به‌سه‌ر شانازی كوردبوون دا (هه‌رچه‌نده داگیریش كرابوون!)، هۆنیوه‌ته‌وه له دژی داگیركاریی.
لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه: بۆچی ده‌بێت ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌وان كه كورد تێی دا خێڵه‌كی بووه، ئیدی به قۆناغی ناسیۆنالیزم دانه‌نرێت!؟ ئایا ئه‌وكات داگیركه‌ره‌كانیش هه‌ر خێڵه‌كیی نه‌بوون!؟ ئایا كورد ئێستاش هه‌ر خێڵه‌كیی نییه!؟ ئایا ئێستاش داگیركهرهكانیشی هه‌ر خێڵه‌كیی نین!؟
ئایا وشه‌ی (كوردبوون) كه خانی له‌پ زێڕین له‌سه‌ری جه‌نگاوه و، شۆرشی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خولقاندووه و، ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی له ڕووی تیۆریی و هوشیاركردنه‌وه تێفكرینیان له‌سه‌ری هه‌بووه، ناچێته خانه‌ی سه‌رووی بیری ته‌نگه‌تیله‌ی خێڵه‌وه؟
ئایا ناگاته ئاستی هوشیاری كوردبوون و بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردییه‌وه!؟
به‌ڵێ بێ-گومان، ده‌گاته ئاستی هوشیاربوونه‌وه‌ی خود وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا!
كه‌وابوو، مه‌رج نییه گه‌ر دهورانهكه (وه‌ك ساڵ) له‌پێشتر بووبێ و ڕابردوو بووبێت، ئیدی (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی)، لاوازتر بووبێت.
هه‌روه‌ك چۆن نموونه‌ی ئه‌وه‌م هێنایه‌وه كه له ده‌ورانی كۆماری كوردستاندا خه‌ڵك له (باشور، باكور، خۆرهه‌لات و خۆراوا)ی كوردستان ڕه‌شیان پۆشیووه و پرسه‌یان بۆ ڕووخانی كۆماره كوردستانییه‌كه داناوه.
به‌ڵام له ده‌ورانی حیزبه‌كانی باشور دا (كه نیزكه‌ی سێ چاره‌كه سه‌ده له پاش كۆماری كوردستانیشهوهیه)، كه‌چی خه‌ڵك شادی ده‌گێڕن به نه‌مانی حیزبه‌كانی باشوری كوردستان، ئا لێره‌دایه كه ئه‌سه‌لمێت: مه‌رج نییه (بیری نه‌ته‌وه‌یی) ساڵ له دوای ساڵ گه‌شه بسه‌نێت، به‌ڵكو ڕووداوه‌كان و فاكته‌ره‌كان ده‌بنه هۆی گه‌شه‌سه‌ندن و لاوازبوونی.
له‌و سه‌رده‌مانه‌دا، داستانه ڕاماڵێنهرهكانی خانی له‌پ زێڕین دژی فارسه داگیركه‌ره‌كان، كێرڤی بیریی نه‌ته‌وه‌یی لای تاكه‌كانی كوردستان ده‌باته لووتكه و، به‌ره‌نگارییه‌كانی شێره كچانی كورد له قه‌ڵاكه‌دا دژی داگیركه‌ره‌كانی فارس، جوامێریی و به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی له هزری تاكی كورددا كڵپه پێ دا.
هه‌روه‌ها هۆنراوه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی شانازیی به نه‌ته‌وه‌یی بوون و، ڕزگاربوون له ژێرده‌سته‌یی داگیركاریی دا، له هزری تاكه‌كانی كورددا ڕواند.
ئه‌و هۆنراوانه‌ش و به كوردی نووسینیش، ده‌رخه‌ری گه‌شه‌سه‌ندنی (بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی)ه، له‌و ده‌ورانه‌دا.
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، پێشكه‌شكردنی شاروشارۆچكه‌كانی باشور به داگیركه‌ران و، خستنه‌كاری پێنووسی (به‌ناو) ڕوناكبیرانی ئێستای كورد له خزمه‌ت (تورك، فارس و عه‌ره‌ب) دا، سه‌لمێنه‌ری پووكانه‌وه‌ی (بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی)ه له‌م قۆناغه‌دا له باشور!
ئه‌گینا، كورد هه‌ر خێڵه‌كییه، هه‌ر یهكترخۆره، هه‌ر زمانی ستانداردی نییه، هه‌ر داگیركراو و دابڕێنراوه (ئه‌و سه‌رده‌م دوو به‌ش بووه، ئێستا زیاتر له چوار به‌شه!).
ئه‌و سه‌رده‌م چه‌ندین میرنشین و میری جوامێری هه‌بووه كه خۆیان له پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری دا بوون له دژی هێرشی داگیركه‌رانی فارس و تورك. كه‌چی ئێستا چه‌ند حیزبێكی گه‌نده‌ڵ له باشور كه داهێنه‌ری شه‌ڕه جنێون و، میره‌كانیان هێنده جوامێریان تێدا نییه خۆیان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی قوربانیانی نیشتیمان دا بن، هه‌ن!
كه‌وابوو، له بنه‌ڕه‌ت دا: تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (كۆمه‌ڵگای كوردستان) جیاوازه له كۆمه‌ڵگای خۆراوایی، هه‌ربۆیه‌شه نالۆژیكییه كه سه‌رهه‌ڵدانی (بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی) و قۆناغه‌كانی، به‌پێی تێزه‌كانی ناسیۆنالیزمی خۆراوایی، بپێورێت!
له كۆتایی دا، ته‌نیا سێ نموونه له هۆنراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی و خانای قوبادی ده‌خه‌مه‌ڕوو، بزانن تا ئێستاش كورد ده‌رسی لێ وه‌رگرتووه:
ئه‌حمه‌دی خانی، ئه‌م به‌یتانه‌ی هۆنیووه‌ته‌وه:
گه‌ر دێ هه‌بوا، مه ئیتیفاقه‌ك،
ڤێگرا بكرا: مه ئینقیاده‌ك،
روم و، عهرهبو، عه‌جه‌م ته‌مامی،
هه‌میا، ژ مه: تا دكر غولامی،
ته‌كمیل دكر مه: دین و ده‌وله‌ت،
ته‌حلیل دكر مه: عیلم و حیكمه‌ت!
—
خانای قوبادیش ئاوها هۆنیویه‌تییه‌وه:
ڕاسته موواچان: فارسی شهكهرهن،
كوردی جه فارسی: به‌ڵ شیرینته‌ره‌ن!
په‌ی چێش نه ده‌وران: ئه‌ی دنیای به‌د كێش،
مهحزوزهن هه‌ر كه‌س: به زوبان وێش؟
مه‌علوومه‌ن هه‌ر كه‌س: به هه‌ر زووبانێ،
بواچۆ نه‌زمی: جه هه‌ر مهكانێ! ..
به له‌فز كوردی: كوردستان ته‌مام،
پێش بووان مهحزوز : باقی والسلام …!
له‌م هۆنراوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، كه ته‌نیا چه‌ند بهیتێكیم داناوه، خانا ده‌ڵێت: ده‌ڵێن زمانی فارسی شیرینه، به‌ڵام زمانی كوردی له فارسی شیرینتره، بۆچی؟ چونكه له ده‌ورانی ئه‌م دونیا هیچ و پووچه‌دا، هه‌ر كه‌س به زمانی خۆی شاد و به‌ختیاره.
پاش چه‌ند به‌یتێك كه (خانا) له وه‌سفكردنی زمانی خودی نه‌ته‌وه (زمانی نه‌ته‌وه‌ی كورد) به‌رده‌وام ده‌بێت، ئینجا دێته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت: له‌به‌ر چی له ده‌ورانی ئه‌م دونیا هیچ و پووچه‌دا، هه‌ر كه‌سێك به زمانی خۆی به‌ختیاره!؟.
واته: تێگه‌یشتنی خانا بۆ بایه‌خدان و گرنگیدان به زمانی كوردی، سنوری زمانه‌وانیی و به‌راورد له نێوان زمانه‌كان تێ ده‌په‌ڕێنێت. چونكه زمان لای ئه‌و ئامرازێكه كه له هه‌موو سه‌رده‌مێك دا، هه‌موو تاكه‌كان به به‌كارهێنانی زمانی نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه، خۆیان به شاد و به‌خته‌وه‌ر، ده‌زانن!
هه‌روه‌ها، (خانا)، گیانی خۆ به‌زلزانین و لووتبه‌رزی فارسه‌كان تێ ده‌په‌ڕێنێت، كه پێیان وایه: (فارسی شه‌كره) و زمانه‌كانی تر له چاو فارسی دا، هیچ نین.
بگره (خانا) پاش چه‌ندان ساڵ به‌دوواداچوونی ورد و تێگه‌یشتنی ته‌واویشی بۆ زمانی فارسی، ده‌گاته ئه‌و حه‌قیقه‌ت و ڕاستییه‌ی كه ده‌ڵێت: زمانی كوردی له زمانی فارسی، شیرینتره).
ئه‌مه بۆ ئه‌دیبێكی هه‌ڵكه‌وتووی وه‌ك (خانا) ده‌رئه‌نجام و تێفكرینێكی گرنگه. چونكه هه‌م شاره‌زاییه‌كی زۆرباش و وردی له زمانی فارسیی دا هه‌بووه‌و، هه‌م به‌شێكی كوردستان به ده‌ست فارسه‌كان داگیركراوه‌و، فارسه‌كان زۆر تهنگهتیلانه به زمانی فارسی خۆیاندا نازیوویانه و، گه‌شتوونه‌ته ئاستی لووتكه‌ی فاشیستیی!
به‌ڵام (خانا) لووتكه‌ی فاشیستیان به هۆنه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی، تێك ده‌شكێنێت، كه به‌ڵێ ئه‌وه زمانی كوردییه له زمانی فارسی، شیرینتره!
هه‌ر خانا له باره‌ی ئازاردانی خودی خۆشییه‌وه به دیلكراویی و به ده‌ست برا كوردهكانیی و یهكترخۆری كورد، ئه‌مه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه:
ئێستا من دهستاخ: كۆته‌ڵ پاوانم،
بێ جهد: خایین باجهلانانم!
به ڕۆژ بێخورد و، به شه‌و بێخاوم،
دیل بێ‌تاوان: پاشای زههاوم!
له كۆتایی دا ده‌ڵێم: تاكی كورد پێویسته له مێژووی خۆی و له بزاوته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی چ له بواری سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه‌یی له ڕووی پراكتیك و، چ له بواری سه‌رهه‌ڵدانی له ڕووی تیۆرییه‌وه، به وردی تێ بگات و ده‌رس له كهموكورتیهكانیشی وه‌ربگرێت. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كان چه‌ند باره ببنه‌وه، تراژیدیاكانیش به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا به‌رده‌وام ده‌بنه‌وه.
تێبینی:
1- (خانی له‌پ زێڕین و خانای قوبادی) كوردی خۆرهه‌لاتی كوردستان بوون و، ئه‌حمه‌دی خان‌یش كوردی باكوری كوردستانه. ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه له‌و قۆناغه‌دا، له هه‌ردوو به‌شه‌كه‌دا، بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی بۆ ڕاماڵینی داگیركه‌ران، خه‌مڵیووه!
2- هۆنراوه‌كانی (خانای قوبادی)م له كتێبی: (دیوانی خانای قوبادی، لاپه‌ڕه‌كانی: 28-29-30 و 89) وه‌رگرتووه.
3- كۆتا دێڕه‌كانی بابه‌ته‌كه‌م له كتێبی: (شه‌ریف هه‌ژاری: جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی باشوری كوردستان 1961-1977 له به‌ڵگه‌نامه نهینییه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیادا، ل14، وه‌رگرتووه.
4- له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له تازه‌ترین توێژینه‌وه‌كانی زانكۆ ڕان-به‌رزه‌كانی ولاتانی پێشكه‌وتوو سه‌لماوه كه (كورد و لوڕ له ڕه‌گه‌زی زاگرۆسی)ن و، به هیچ شێوه‌یه‌ك له ڕه‌گه‌زی ئاریایی نین و، هیچی (فارس، تورك و عه‌ره‌ب) نین. هه‌فته‌ی داهاتوو له به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت دا به‌شدار ده‌بم، به هیوای ئه‌وه‌م بتوانم كه‌مێك ئه‌و مێژووه ساختهكراوهش بۆ تاكه شهرهفمهندهكانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بخه‌مه‌ڕوو.
چونكه هه‌میشه پێموابووه، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی مێژووی كورد ئه‌وه‌یه: (كورد خۆی مێژووی خۆی نه‌نووسیووه‌ته‌وه، بگره داگیركه‌رانی كوردستان زۆرینه‌ی مێژووه‌كه‌یان بۆ نووسیووه‌ته‌وه و، له ده‌ورانی حوكمڕانی حیزبایه‌تیی باشوریش دا، حیزبه‌كان له ڕێی (قبوڵ خاس)ه حیزبییه‌كانه‌وه مێژوو ده‌نووسنه‌وه بۆ قازانجی حیزبی، نه‌وه‌ك ڕێگا بدرێت ئه‌كادیمیستان ڕاشكاوانه مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد، شه‌ن و كه‌و بكه‌ن!).