عەبدولڕەحمان ڕەزگەی: بایکۆت بکەن بەشێک مەبن لە زوڵم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەندێک جار مرۆڤ چەندە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی کردەوەیەک کە دەیکات، ھێندەش بەرپرسیارە بەرامبەر بێدەنگی و ھەڵوێست وەرنەگرتن بەرامبەر کردەوەیەکی نا ئەخلاقی و ھۆڤانەی وەک ئەوەی ئەردۆگان ئەمڕۆ ئەنجامیدەدات لە ڕۆژاڤا، وەک بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی (moral responsibility)، بۆ ئێمە وەک کورد وەرگرتنی ھەڵوێست ھەم ئەرکە و ھەمیش بەهایەک بۆبەشدارى تاکی کورد دەگێرێتەوە لەپرسێکى گەورەى مەترسیدار، کەپەیوەستە بە بوونی ئێمەوە وەک مرۆڤ، بەکڕینی بەرھەمی تورکی بە ناڕاستەوخۆ بەشداری لەو زوڵمەی دەکەی کە چەندین ساڵە تورک نەک ھەر لە کورد بگرە لە گەلانی تری ناوچەکەی دەیکات، بۆیە بایکۆت بەرپرسیاریەتیەکی نیشتیمانی، ئینسانی و دینیشە.
ئەوانەی پێیان وایە بایکۆت کاریگەری نابێت ھەڵەن، بایکۆت وەک خەباتێکی مەدەنی ئاشتیانە کاریگەری گەورە لە دوورمەودادا دروست دەکات، بۆ ئەمەش کۆمەڵیک جوڵانەوەی بایکۆت ھەن لە مێژوودا کە توانیویانە کاریگەری گەورە دروست بکەن، کە گرنگترینیان جوڵانەوەی سوەداشی ( Swadeshi movement )ی ھیندیەکان بوو لە ساڵی 1905، ئەم جوڵانەوەیە یەکەم ھەنگاوی ھیندیەکان بوو بەرەو سەربەخۆیی، دروستبوونی جوڵانەوەکە لە ئەنجامی بڕیارێکی بەریتانیا بوو بۆ دابەشکردنی ھەرێمی بەنگال بۆ دوو بەشەوە، بەم ھۆیەش ھیندیەکان یەکەم جوڵانەوەی بایکۆتیان دامەزراند وەک ھەڵوێستێک دژی ئەو بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا، بڕیاریاندا ھیچ بەرھەمێکی دروستکراوی بەریتانیا نەکڕن، کە توانی کاریگەریەکی بەرفراوان لە سەرانسەری ھیندستان دروست بکات و لەلایەن زۆربەی ھیندیەکانەوە بەشداری تێداکرا و پابەندبوون پێیەوە، ئەمە جگە لەوەی توانی ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە زیادبوونی خواست لەسەر بەرھەمی ناوخۆ و بوژانەوە و بەھێزکردنی ئابوری ھیندستان، دواتر ئەم جوڵانەوەیە لە چوارچێوەی بایکۆتدا نەوەستا و بڕیاریاند جوڵانەوەکە شێوازی جیاواز لە خەبات بگرێتەبەر و ببێت بە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کە زۆربەی ھیندیە ناسیۆنالیستەکانی کۆکردەوە تا گەشتە ئاستێک لە ساڵی 1947 دا ھیندیەکان توانیان سەربەخۆیی بەدەستبێنن.
بایکۆت وەک چەکێک دژی ستەمی بەریتانیا و میکانیزمێکی سیاسی سەدەیەک لەمەوبەر توانی دەستکەوتی گەورە بۆ ھیندیەکان بەدەستبێنێت، لە ئێستاشدا ئێمەش دەتوانین بایکۆتی بەرھەمی تورکی وەک ئاسانترین و کاریگەرترین ڕێگا بەکاربێنین،
ئێمە دەبێت بەرلەوەی گلەیی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتە زلھێزەکان بکەین كە بەرگریمان لێناكەن، دەبێت خۆمان بتوانین لایەنی کەمی ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ بکەین بە بایکۆتکردنی بەرھەمی تورکی.
بۆیە بەشداربە لە بایکۆتکردنی بەرھەمی تورکی، بەشێک مەبە لە زوڵم ، چونکە بەشدارنەبونت لە بایکۆت بە ناڕاستەوخۆ بەشداریە لەو زوڵمەی لە ڕۆژاڤا دەکرێت، ھەروەک چۆن بەشداربونیشت ھەم بەھایەکی ئەخلاقیە ھەم ھێمای ئیرادە و زیندویی ئێمەی کورد نیشان دەدات و ھەمیش چەکێکی کاریگەرە دژی ئەو زوڵمەی لە خۆت و ھاوزمانەکانت دەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت