کەمال محەمەد: پارسەنگی ھێز یان تاک جەمسەری ئەمریکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مێژەوە تا ئێستا ململانێی زلھێزەکان نەک تەنھا سەرنجی دو دەوڵەتی بۆ خۆی کێش کردوە، بەڵکو بون بە جێگەی سەرنجی جیھانیش. مێژوی جەنگی ئەم ھێزانە کارەسات گەلێکی مرۆیی و ژینگەیی کەم وێنەی بە دوای خۆیدا ھێناوە، ھۆکاری ھەمو ئەم جەنگانەش پرسە ستراتیژییە ئابوری و سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکان بوە، ئێستای ئەم سەردەمە پارادۆکسێکی سەیر بە خۆوە ئەبینێت و ئیمریاتۆریا شکێنراوەکانی سەدەی بیستەم لە ھەوڵی خۆ نوێکردنەوەن و بە داگیر کردن و ھەڵوەشانەوەی خاکی کۆمارە لەدەست چوەکانیان، ھەنگاو بەرەو گۆڕانکاری و ھاوسەنگی ھێزیان ئەدەن لە نەخشەی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی نوێدا.
روسیای ئێستا لەسەر بنەمای ژێرخانە سەربازی و ئابورییەکەی کە چەکی ئەتۆم و تەکنەلۆجیای پێشکەوتو و غازی سروشتییە ھەوڵی ئەوە ئەدات تا ئەوپەری توانا ئیرادەی جیۆپۆلەتیکی و سەربازی خۆی بەسەر گۆڕانکارییەکان و بلۆکی رۆژئاوایی کە ئەمریکاو وڵاتانی ناتۆیە بسەپێنێت و پێھەڵگرتنێکی ئەڵتەرناتیڤانەو دیاریکەری ھەبێت و نەبێتە بەشێک لە ئەڵقەی لاوازی سەرمایەداری جیھانگیری، ئێستای ململانێی دو زلھێزی جیھان کە ئەمریکاو روسیایە بە گوێرەی ئامادەکارییەکان لە ئاواکردنی باڵادەستیان لە سیستەمی نوێدا ھەرکەیان ئەیانەوێت چانس یاخود ڕۆڵی زۆرترین پێشەنگایەتی جیھانگیری بەدەست بھێنن.
ھەوڵ و پلانگێڕییەکانی ئەمریکاو ناتۆ لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان وایکردوە گوشار بۆسەر روسیا و وڵاتانی دژبەری ئەمریکاو ناتۆ بێنن،گوشار و ئامادەکارییەکان بۆ جەنگی ئۆکرانیاش لەلایەن روسەکانەوە لە چوار چێوەی ئەو ھەوڵانەو بون بە ئەندامێتی ئۆکراینە لە ناتۆدا، ترسی روسیا لە ئەمریکاو ناتۆ دارشتن و رارەوی جێبەجێکردنە کردەییەکانی دژبەرەکانێتی کە بۆیان کێشاوە کە ھەمو ئەمانەش پێچەوانەی خواست و چاوتێبڕینی روسیایە سەرباری ئەوەی کە ئۆکراین لەروی جیۆپۆلەتیکییەوە کاریگەرییەکی گرنگی بۆ روسیا ھەیە بە لەدەستدانی یا ئەندام بونی لە ناتۆ ئەبێتە پێگەیەک بۆ ئەمریکاو وڵاتانی بلۆکی رۆژئاوا
ئێستا لە جیھاندا دو مۆدێلی جیاواز لە سیاسەت و ستراتیژ ھەیە کە روسیاو ئەمریکایە کە لەدوای جەنگی دوەمی جیھانی و جەنگی ساردەوە چەندین ھێزی ھەرێمی و دەوڵەتییان بۆ ھێنانەدی ئامانجە ستراتیژی و باڵادەستیان خستۆتە نێو جەنگێکی بە کرێ گرتەییەوە کە دواجار ھەمو ئەم جەنگانەش کارەسات بوە بۆ خۆیان و ھیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی ئازادی و رزگاری خوازی نەتەوەییەوە نەبوە.
ئێستای روبەروبونەوەکانی زلھێزەکان بە بەراورد بە مێژووی جەنگەکانی نێوانیان زۆر جیاوازن بە تایبەت لەروی پێوستییە سەردەمەکانی مرۆڤایەتیی و تەکنەلۆجیاو و ئامێر و چەکەکانی جەنگەوە کە دور نییە پروشکی ھەر روبەروبونەوەکانی نێوان بە خێرایی پروشکی بەر مرۆڤایەتیی و پێشکەوتنە پیشەسازییەکان و ژینگەش بگەیەنێت، ئێستای سنورەکانی روسیاو ئۆکراین زیاتر لە سەربازگەیەکی پڕ چەک ئەچێت بۆیە لەھەر ئەگەرێکی روبەروبونەوەکانی نێوانیان چەندە مەبەست لێی داگیرکردنی ئۆکراینە ھێندەش نیشاندانی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی روسیایە بۆ وڵاتانی دژبەری و ھەروەھا دەرخستنی تواناو داواکارییانە لە دابەشکردنەوەی خاکی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکان.
لەدوای جەنگی سارد و ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت چەندین جار زلھێزەکان نزیکی جەنگ بونەتەوە ھۆکاری ھەمو ئەمانەش قبوڵ نەکردنی گۆڕانی پارسەنگی ھێز و تاک جەمسەری ئەمریکایە لە لایەن ولاتانی بلۆکی رۆژھەڵاتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئامانجی گەیشتن بە خاکی ئۆکراین ھێشتا ناتەواوە لەو سۆنگەیەوە قۆناغێکی ھەژمونگەرایی جیھانی جێگای باسە و حیسابەکانی خودی زلھێزەکان لە رێکەوتنەکان کە ئاساییش و ئاشتییە کە ھەردەم مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی یاخود ئەگەری جەنگەکان کە پاشخانێکی نەرێنی بەدوای خۆیدا ئەھێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت