بەهرۆز جەعفەر: کار وا ناڕوات، وا ناکرێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تازەترین ململانێ/ چەرخی سوڕاوی جیۆپۆلەتیک لە دەوروبەری کوردستان، ئەوەیە؛ ئێران و ڕووسیا دەیانەوێت کێڵگە نەوتیی و گازییەکانیان بەیەکەوە بلکێنن (جۆینی بکەن) ئەمە وەک حەوزەی قەزوین.
قوبرس و ئیسرائیل پەرە بەبەرهەمهێنانی گازی سروشتی دەدەن تا قووڵایی (7750) مەتر لە ناو ئاودا (لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی). جگە لە بۆڕییە 1900 کیلۆمەترییەکە کە تا یۆنان چووە؛ قوبرس مانگێکە لە بری پەمپدانی گازەکە بەرەو خۆی، بۆڕییەک بۆ ئەو بەری ئاوەکە بۆ میسر دەبات، تا گازەکە لە میسر شل بکرێتەوەو بە تانکەر بۆ هەر شوێنێکی دونیا بچێت (هەر بۆ وتن؛ کێڵگەو بۆڕییەکانی قوبرس و ئیسرائیل تەنها 110 کیلۆمەتریی ئاویی لە باکوری سوریاوە دوورن).
لە کەنداوەوە، سعودییە دەمارەکانی خۆی گەورەتر نیشان دەدات لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە. پارساڵ لە لێکۆڵینەوەیەکی ئێمەدا بەناونیشانی “جیۆپۆڵه‌تیكى وزه‌و ململانێى حه‌وزه‌كان: ڕوانگه‌یه‌ك له‌ په‌ناى به‌ ئاسایش كردنى سیسته‌مى نوێى هه‌رێمایه‌تى و جیهانییه‌وه‌” بە سێ زمان لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی بڵاوبۆتەوە، وەک شریت یەک بەدوای یەک باسی ئەم ڕووداوانەی سەرەوەمان کردووە کە ئێستا دەبیندرێن.
ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دانیشتووین، بزانین کەی برادەران لە “مەعمەعەکە” دەبنەوە، کەی چاویلکە حیزبییەکەیان دادەنەن: کەی…؟! تەماشای دونیا دەکەن: گەلێک بێ ئەرتەش (سووپا)یەکی یەکگرتوو، بێ سیستەمی دارایی بەهێز، بە بێ دەستوورێک، بە بێ کۆ-ڕایی لە هەر شتێکدا، بێ ئامادەکردنی تیم و کادری لێوەشاوە کە لەناوەوە، لە بەغدا، لە میدیای جیهانی، لە ناوەندەکانی توێژینەوە تا کار لەسەر بەرزڕاگرتنی ئابوریی- سیاسیی- نیشتیمانی کوردستان بکاتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەڵبژاردنیش ناکەن! ئیتر شەرعیەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە کوێوە دێت؟ باسی فیزیای کوانتەم، باسی زیرەکی دەستکرد، باسی ئاسایشی وزە، باسی جەمسەرگیریی جیهانی و یەکتربڕینی جیهانی بکە، تەنانەت باسی یەکڕیزیی بکە؛ هەر لە سۆنگەی مەعمەعەکەوە لێی دەڕوانن! ئیش ئاوها چۆن دەڕوا کاکە؟! ئەمڕۆش هاوڕێیەک لە نەتەوە یەکگرتوەکان کار دەکات لە نێوان بەغداو هەرێمی کوردستاندا؛ لە کۆتایی بێئومێد بوونەکانیدا پێی وتم: کار وا ناڕوات، وا ناکرێت! هەموو دونیا بێئومێدن لەم “مەعمەعەیە”؛ بەشێکی دیاری توێژەرە باشەکانی کوردیش لەدەرەوەو ناوەوە وازیان لە قسەکردن هێناوە. جا ئیتر ئەم ڕووداوانەو ناکۆکییەکان ڕاستەقینە بن یان فەیک و درووستکراو بۆ مەبەستی دیکە؛ لەوسەرەوە ئەنجامەکەی خراپتر دەردەکەوێ!
سەیری بکە؛ لە کۆتایی (2021) ەوە؛ تورکیاو ئیمارات پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، تورکیاو ئیسرائیل، تورکیاو سعودییەش پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، ئیسرائیل و سێ وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، ئێران و سعودییە دوژمنایەتییەکانیان گۆڕی بە پەیوەندیی دیبلۆماسیی، سوریا دوای 12 ساڵ لە قەیرانی مرۆیی گەورە گەڕایەوە ناو کۆمکاری عەرەبی؛ کەچی هێشتا حیزب (حیزبیی) کوردیی لە هەرێمێکدا خەریکیی مەعمەعەی بەلاشن، هێشتا لانی کەمی متمانە بینا نەکراوە لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ نوخبە، لە نێوان حیزبەکاندا؟! هەر تەنانەت کورد هەزاران ساڵە خەبات و قوربانی دەکات، هێندەی بزوتنەوەی تاڵیبانیش نەبوون، گرووپێکی تیرۆریستی بەو شاخانەوە، هاتن و دەستیان بەسەر هەموو ئەفگانستاندا گرت و ئێستا دونیا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و، بەشێکن لە یاریی سەر مێزەکان؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت