ئازاد حەمدى : وەنەوشە سەرشۆڕەکەى ژێر تووتڕکەکانى باخى میر …

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 لەبیرم دێ .. هەموو ساڵێک ، پاش هەفتەى دووهەمى مانگى شوبات ،  لە چایخانەکەى  ( کاکە عارف حاجى فەرەج ) ناسراو بە عارفی چایچى .. چایخانەکەى لە مەیدانى چوار ڕێیانەکەى ناو بازاڕی هەڵەبجەبوو .. چەند گووڵە وەنەوشەیەک لەناو پیاڵەیەکدا لەسەر مێزى دەغیلەکەى و تاکە یەکیشی بەسەر یەخەی مراد خانیەکەوە دەبینرا  کە مژدەی سەرەتای داهاتنى بەهارێکى نوێی جاڕ ئەدا … ئەم گووڵە وەنەوشەیەیە کە چەند دانەیەکى دانسقە بوو ، لە لایەن کەسایەتى ناسراوى هەڵەبجە  بەڕێز [ داودى حاجى سەعید ] برای تێکۆشەرى بەرگەگر کاک [ عومەری حاجی سەعید بۆیاخ چى ] بوو ، پێشکەش بەکاک عارفی دەکراد ….

ئەم بەڕێزە ، کەبەداخەوە ( وێنەیەکیم بەدەست نەگەیشت ) کەسایەتیەکى خزمەتگوزار بوو لە  سیانزە ماڵەى هەڵەبجەبووە  ، ، ئەرکى ڕۆژانەى لە هاویندا  ئاو هێنان بوو لە مزگەوتى پاشاو جامیعەوە بۆ ئاوڕشێنکردنى شەقامە سەرەکیەکان ، بە دوو تەنەکەى پڕئاوکراوى هەڵواسراو بە سەر شانیەوە … لەگەڵ ئەمەشدا ئەو چایخانەو شوێنانەى پێویستیان بە ئاو دەبوو بۆی دەهێنان  . ئەم کەسایەتیە  وەکو  زۆری دانیشتوان  هەژار و کەم دەرامەت بوو .. بەڵام بە ئارەقی ناوچەوان  سەربەرزانە بژێوی ژیانی  دابین دەکرد .. پیاوێکى باڵا بەرز و ڕووخۆش و قسە خۆش بوو ، لەبەر ئەمە ئەو شوێنانەى  پێویستیان بە خزمەتگوزاری ئەو بووایە  پەنایان  بۆ دەبرد … یادی بەخێر .

وێنەکە هی کاک عارف چایچی یە لەساڵی 1951 گیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت