Shino-Muhamad-1

شنۆ : وڕێنەکانى من. بەشى ( 8 ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو شت تەواوى بیرکردنەوە کۆنکرێتیەکانى مرۆڤ دەربارەى ژیان ئەگۆڕن ، عەشق و کتێب ؟ هیچ شتێک بە ئەندازەى کتێب و عەشق ، عەقڵ و هەڵسوکەوتى مرۆڤ ناگۆڕن ، کتێب و عەشق بچێتە سەرى هەر کەسێکەوە ئەوا ڕاستەوخۆ هەم ژیانى هەم بیرکردنەوەى دەربارەى گەردون و هەموو شتێک ئەگۆڕێت ، مەحاڵە کەسێک بتوانێ لە دواى عەشق و کتێب بە هەمان عەقڵى پێشوو سەیرى دونیا و مرۆڤ بکات ، هەموو ئەو کەسانەى ئەڕۆنە ناو دونیاى کتێب و عەشق بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە دۆخى پێش عەشق و کتێب .
ئەگەر ئێمەى مرۆڤ نەمانتوانى لە شانۆى ژیانى خەڵک پاڵەوانى لەناوبردنى ئازار بین ، زۆر بە ئاسانى ئەتوانین نەبینە جەللادى چیڕۆکەکانیان ، هەموو ئەو کەسانەى ئێمەیان خۆش ئەوێ وەها سەیرمان ئەکەن کە ئێمە پاڵەوانى چیڕۆکى ژیانى ئەوانین ، خۆشەویستانى ئێمە لە هەموو کەسێک لاوازترو بێ ئەزمونترن ، کاڵفامتر و نەزانترن ، بۆیە گەر نەمانتوانى بگەینە پلەى پاڵەوان بوون ، نابێ بچینە خانەى خائین بوون . عەشق تاکە پلەیەکە مرۆڤەکان بە بێ قەڵغان و عەقڵ ئەنجامى ئەدەن ؟ هەر کەسێک لەکاتى عاشق بووندا عەقڵ بەکاربێنێت عەشقەکەى ئەمرێت ؟ عەشق عەقڵى نیە ، ئەو کەسەى عاشق ئەبێ بەر لە هەموو شتێک عەقڵى ئەدۆڕێنێت ، چونکە عەشق لە مێشک بەهێزترە، عەشق جەللادى عەقڵە، لە هەر شوێنێک عەشق هەبوو عەقڵ بوونى نامێنێت ، لە هەر جێگایەک عەقڵ بوونى هەبوو عەشق لەناو ئەچێت ، تەنیا ئەوانە عاشق ئەبن کە ئامادەن عەقڵیان لەژێر گڵ بنێن ، هەر کەسێک نەفرەت لە عەقڵ نەکات ناتوانێ عاشق بێت ، ناکرێ کەسێک لە یەک کاتتدا هەم عاشق بێت و هەم خاوەنى عەقڵ بێت . عاشق بوون وەک ڕێگایەکى داخراو، وەک دەرگایەکى قوفلکراو وایە ، کلیلەکەى تەنیا لاى خۆشەویستەکەیە ، جگە لە خۆشەویستەکە هیچ کەسێک ناتوانێت دەرگاکان و ڕێگاکان بکاتەوە، عاشق بوون جۆرە خەیاڵێکە مرۆڤەکان مەست ئەکات بەیەک کەسەوە ، مرۆڤەکان تاسەر ئێسقان لاوازو بێ ئیرادە ئەکات ، ئەو کەسەى عاشق ئەبێت ماناى وایە ناتوانێ بە تەنیا دڵخۆش بێ ، بۆیە لە ناچاریدا و بە بێ هیوایى پەنا ئەباتە بەر کەسێکى تر و هەموو خۆشیەکانى خۆى لەو ئەبەستێتەوە ؟ ئیدى بوون یا نەبوونى ئەو کەسەش پەیوەست ئەبێت بە بوون و نەبوونى خۆشەویستەکەى ، خۆشەویستەکەى زۆر بە ئاسانى و بە تیلە نیگایەک ئەتوانێ لە دوورەوە وەک کۆنتڕۆلى تەلەفزیۆن کەسەکە هەڵگێر و وەرگێر بکات ، بیخاتە سەر سکەى جەللاد یا فریشتە ، ئەتوانێ بە یەک وشە کەسەکە بەرز بکاتەوە بۆ ئاستى مەست بوون ، هاوکاتیش ئەتوانێ بە یەک پەیڤ دونیاى لێ بکاتە دۆزەخ . خۆشەویستى بریتیە لە پێشخستنى خۆشیەکانى خۆشەویستەکەت پێش خۆت ، هەر کاتێک خۆشیەکانى خۆت پێش خۆشیەکانى خۆشەویستەکەت خست عەشقەکەت ئەمرێت .
ئەو کەسەى خۆشى ئەوێى بۆ ئەوەى وا لەتۆ بکات تۆش خۆشت بوێت ، خۆشەویستیەکەى هەموو پێناسەیەک هەڵئەگرێ جگە لە خۆشەویستى ڕاستەقینە ، ئەو کەسەى لەبەر کەسێکى تر و لەبەر خۆشەویستى کەسێکى تر تۆى خۆش ئەوێ خۆشەویستیەکەى بێماناترین جۆرى خۆشەویستیە. لە دونیادا هیچ خۆشەویستیەک لە خۆشەویستى ئینسانە دیندارە ڕاستەقینەکان بێماناتر نیە ، تەواوى دیندارە ڕاستەقینەکان لەبەر ڕەزامەندى خودا خەڵکیان خۆش ئەوێ نەک مرۆڤ ؟ گەر خودا پێیان بڵێ بکوژە ئەکوژن ، گەر بڵێ سەریان ببڕە سەر ئەبڕن ، گەر پێیان بڵێ نەفرەت لە خۆشەویستى بکەن ئەیکەن ، کە ئەمەش یەکێکە لە خراپترین جۆرى بێڕێزى کردن بە خۆشەویستى ، مرۆڤ کاتێک بڕیاریدا کەسێکى خۆش بوێت و ڕێزى بگرێت ئەبێت تەنیا لەبەر خودى کەسەکە خۆشى بوێت و ڕێزى بگرێت ، هیچ بیانوێکى تر جگە لەم هۆکارە شایانى قەبوڵ نین. کاتێک ئینسان بڕیاریدا کەسێکى خۆش بوێت نابێت لەبەرامبەردا چاوەڕێى هەمان خۆشەویستى و ڕێز بکات لە کەسەکە ، گەر واتکرت خۆشەویستیەکەت ئەبێتە بەرژەوەندى ، لەناو خۆشەویستیشدا تاکە شتێک کە بەردەوام خەریکى سڕینەوەى خۆشەویستیە بەرژەوەندیە ، هەر کات بەرژەوەندى کەوتە نێوان خۆشەویستی ئەوا ڕاستەوخۆ وەک کرم لەناوەوە خۆشەویستیەکە ئەخوات ، کرمى بەرژەوەندى گەر بچێتە ناو هەر خۆشەویستیەک وێرانى ئەکات ، ئەو خۆشەویستیانەى کۆتاییان پێهاتوە یا بەرەو نەمان چوون بەهۆى ئەو ڤایرۆسەیە ، هەر کات لەناو خۆشەویستیدا چێژەکانى خۆتت پێش خۆشەویستەکەت خست ئەوا بە جارێک چێژەکانى خۆت و خۆشەویستەکەت و عەشقەکەش لەدەست ئەدەیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت