barham-najmadenkarem

شەریف هەژاری : دکتۆر بەرهەم لە نێوان مەکتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی دا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر هەڵسەنگێنەرێکی سیاسیی ، بیەوێت بێ لایەنانە شیکاری بۆ بوونیەتی دکتۆر بەرهەم لە ناو یەکێتیی دا بکات ئەوا ڕەنگە لە ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووەوە بتوانێت ڕۆبچێتەوە ناو ئەجێندای باڵە ناکۆکەکانی یەکێتیی و گەر ووردیش بێتەوە لێی ڕەنگە خوێندنەوەی لۆژیکی بۆ ئەجێندای باڵەکان بکات .

دیارە قسەکردن لەسەر ئەدای سیاسیی دکتۆر بەرهەم ، ڕاستگۆییانە و بێ لایەنانە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییە، بۆیە پێموایە دکتۆر بەرهەم سیاسییەکی بە ئەدەب لە ئاخاوتن و چالاکە لە کار و جووڵەیدا ، بەڵام زیاتر سەرنج لەسەر غیرەتیی سیاسییەتیی !!

بەهەرحاڵ ، سەرەتای هەفتەی ڕابردوو لە پڕ ناوی پرۆژەکەی دکتۆر بەرهەم بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵتۆقی ! ڕۆژێک دواتر مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کە بەرزترین ئۆرگانی حیزبیی یەکێتییە پرۆژەکەی دکتۆر بەرهەمیان قبووڵ کرد و ڕۆژێ پاش ئەوەش ڕەنگە ناڕاستەوخۆ لە ڕێی ناردنی وەفدێکەوە بە گۆڕانیان ووتبێت ، ئەمانە هەمووی لەکاتێکایە کە ماوەی ڕابردوو لە زاری چەندان مەکتەب سیاسیی یەکێتییەوە ڕایانگەیاند : بۆچوون و هەڵوێستیان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ گۆڕان وەک یەکە! ئەی ئیتر چۆن خێرا بەم پرۆژەیە کەمێک لایاندا ! ئەوە پرسیارەکەیە، بەڵام بنەڕەتیتر لەو پرسیارەش ئەوەیە : باشە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی پرۆژەکەی دکتۆر بەرهەمیان قبووڵ کرد! ئەی باشە چۆن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکەیان دژی بوون !؟ لە کاتێکدا زۆرینەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی سەر بە باڵی بەدەسەڵاتی ناو مەکتەب سیاسیی یەکێتییە !؟

پێموایە : هەرەمی باڵادەستی ناو مەکتەب سیاسیی یەکێتیی سەرەتا بۆیە خۆیان لە ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی پرۆژەکەی دکتۆر بەرهەمیان قبووڵ کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کەسانی خوارترەوە لە پێگەی دکتۆر بەرهەم بدەن و واش بۆی ئەچم ئەوە داوێک بوو بۆیان نایەوە کە تێێدا سەرکەوتوو بوون ، چونکە دواتر لە ڕێی ئەندام پەرلەمانەکانی یەکیتییەوە دژایەتیی پرۆژەکە زۆر بە ڕوونی کراو و بە نایاسایش ناویان برد و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیش دژی وەستانەوە، ئەمەش مانای دروستی پلانی باڵی دەسەڵاتداری یەکێتییە بۆ دکتۆر بەرهەم ، ئەگەر نا باشە کە مەکتەب سیاسیی قبوولیان کرد و هەرەمی تەکەتوولەکان ڕازی بوون ، ئیتر چۆن زۆرینەی سەرکردایەتیی دژی دەبن !؟ لە کاتێکا زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتیی سەر بە باڵی دەسەڵات بەدەستی ناو مەکتەب سیاسیی یەکێتین !!؟

ئەم ڕووداوانە و زۆر ڕووداویتر ئایدیایەکی پێ بەخشیووم کە پێموابێت : باڵی باڵادەستی یەکێتیی ووردە ووردە قوباد تاڵەبانی پەروەردە ئەکەن و ، بە شێنەیش لە خودی دکتۆر بەرهەم و ئەجێندا و دەسەڵاتەکانی ئەدەن بۆ ئەوەی داهاتووی یەکێتیی بە گرەنتییەوە لە ژێر دەستی دەربێنن ، هەروەک چۆن دارایی و ئیعلام و ڕێکخستنیشیان بەدەستەوەیە .

پرسیارەکان ئەوەن : ئایە دکتۆر بەرهەم لە ناو یەکێتییدا ئەبێتە شەخسی یەکەم و ئەجێنداکانی جێ بە جێ بکات !؟ پێموایە ئاستەنگەکان زۆرن و نەخێر !! دەی گەر دکتۆر بەرهەم دەسەڵاتی نییە و وەک خۆشی جارجارە باسی دژایەتی هاوڕێکانی بۆ پرۆژەکانی ئەکات باشە بۆ لە ناو ڕیزەکانی گۆڕان نەبووە نەخشەداڕێژ و شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا !؟ بۆ شان بە شانی نەوشیروان مستەفا ستراتیژیەتیی چاکسازی دانەڕشت !؟ گەر واش ناکات ! بۆ بیر لە حیزبێکی مۆدێرنی دیموکرات ناکاتەوە !؟ خۆ دڵنیام وابکات یەکێتیی و گۆڕان و تەنانەت ئیسلامییەکانیش زەرەرمەند ئەبن چونکە لەسەر حسابی جیۆپۆلەتیکی ئەم هێزانە دێتەکایەوە ، بەڵام هیوادارم هەرچی ئەکات ئەوە بزانێت کە هاوپەیمانیی لەگەڵ گەندەڵان دژایەتی خەڵکی لەگەڵ دایە ، هەروەک چۆن کاتێک وازانرا دکتۆر بەرهەم پشتیوانی دانانەوەی سەرۆکی هەرێم ئەکات ئەوا دیدگای جەماوەر لە ئاستییدا گۆڕا ، بەم پێیەش ڕوونە ساڵ لە دوای ساڵ خەڵکی کوردستان ووردتر کەسایەتیی و شوێنگەی سیاسەتکاران ئەخەنە بەر ڕەخنە ، بۆیە گرنگە سیاسەتکار دەنگی گەل و ئایندە بەدەست بێنێت ، پێموایە ئەوەش ئەستەمە بۆ دکتۆر بەرهەم لە کوردستاندا مەگەر لە دەرەوەی یەکێتیی و پارتییدا بێت ، چونکە ئێستا خەڵک تەنها پێداویستییە زۆر سەرەتاییەکان ” دامەزراندن ، کارابا و ئاو ” ی ئەوێ کە دەسەلاتی پارتیی و یەکێتیش لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا سەلماندیان ئەوەشیان پێ ناکرێ !!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت