ئارام عەلى عەزیز: ئەمریکا, تەمەن کورتترین ئیمپراتۆریەت لەمێژوودا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم دوو ساڵەى دواییدا هەژموونى ئەمریکا بەسەر جیهاندا دواى سێ دەیە لە بەرقەراربوونیی کەمبۆتەوەو بەرەو نەمان چوە. ئەمە راى فەرید زەکەریاى نوسەرو لێکۆلیارى ئەمریکایی خاوەنى کتێبی ( جیهانى دواى ئەمریکایە )، کە لە نوسینێکیدا لەگۆڤارى فۆرین ئەفێرز بڵاوبۆتەوە. بەو واتایە سیستەمى تاکجەمسەریی بەرەو هەڵوەشانەوەیە، یان دەتوانین بڵێین سیستەمى جیهانی و تەنانەت سیستەمى ئیقلیمیش وەکو لەململانێ و هاوکێشەکانى هێزدا دەبینرێت هەڵوەشاونەتەوە، چونکە درێژکراوەى فکرو فەلسەفەى پێنج لایەنە جیهانیەکەن.
فەرید زەکەریا هەژموونى ئیمپراتۆریەتى ئەمریکا دواى جەنگى سارد بەهەژموونى ئیمپراتۆریەتى رۆمانى دەشوبهێنێت، پێی وایە سەرەتاى هەژموونەکەى لەدواى رووخانى دیوارى بەرلین 1989 و، سەرەتاى هەڵوەشانەوەو کۆتاییهاتنیشی لەساڵى 2003 بەجەنگى عیراق دەستپێدەکات. ئەو پێی وایە رووداوى 11 ى سێپتەمبەرو گەورەبوونى (تیرۆرى ئیسلامیی) هەردووکیان پێکەوە رۆلیان لەکۆتایهێنان بەهەژموونی ئەمریکا هەبوە، ترەمپیش پێشتر گوتبوى جەنگی عیراق خراپترین بڕیار بوو لە مێژووى ئەمریکادا. بەڕاى زەکەریا تاوەکو ئێستا ئەمریکا گەورەترین هێزە، بەڵام دەرکەوتنى هێزى دیکەى جیهانیی و ئیقلیمیی لەدەرەوەى سربی ئەمریکایی وادەکات، کە وەکو پێشوو سیاسەتەکانى ئەمریکا سەرکەوتوو نەبێت.
یازدەى سیپتێمبەر، کە فەرید زەکەریا بەبومەلەرزەیەکى کەونیى عەرش هەژێن وەسفی دەکات، ئەمریکاى تووشى هیستریا کردو لەخەوێکى لەخۆبایی بوونى گەورە بەئاگایهێنایەوە، کە هیچ ئیمراتۆریەتێک لەمێژوودا بەو ئاستە مەغرور نەبوە، کە بڵێ، ( ئێمە ) لەلایەک و ( باقی جیهان ) لەلایەکەى دیکە.
فەرید زەکەریا لەنوسینەکەیدا دەپرسێت، ئایا چ هۆکارێک بوە هۆى بەرەو نەمان چوونی هەژموونى ئەمریکا، لەخۆبایی بوون و هەڵسوکەوتى ئیمپریالیستیانە، یان هۆکاری دیکە؟
لەراستیدا خوێندنەوەى هەڵەى ئەمریکا بۆ هەڵوەشانەوەى سۆڤیەت و نەمانى دوو جەمسەریى لەوەى کە واى زانیى خۆى کردویەتیى، وایکرد تاکجەمسەرى ئەمریکا بێتەکایەوەو ئیسلام بکاتە دوژمنى یەکەمى خۆیى و لەژێر ناوى سیستەمى نوێى جیهاندا بەپێى بەرژەوەندیەکانى خۆى هەوڵى رێکخستنەوەى جیهان بدات ، کە ئامانجەکەى خۆى دەبینیەوە لەگۆڕینى تەواوەتى نەخشەى جیهان و داڕشتنەوەى چەمک و زاراوەکانى راست و چەپ و خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەپێى پێگەى جوگرافى ئەمریکا، گواستنەوەى هێز لەدەریاوە بۆ وشکانیى، گۆڕینى ئاراستەى رووى ئەمریکا لەزەریاى ئەتلەسیەوە بەرەو زەریاى هێمن و دەستبەسەرداگرتنى دەوڵەتانى کەنارەکەى، کە بۆ بەدیهێنانى رێکخراوى ئاسیانیان دروستکرد و… هتد.
روخانى دیوارى بەرلین و هەڵوەشانەوەى سیستەمى سۆڤیەتى نەشئەى بەسیستەمى سەرمایەداریی و ئەمریکا بەخشیی و بەهۆیەوە ئیستیفرادی بەجیهان کرد، بۆچونەکانیی لەکۆتایی مێژو و ململانێی شارستانیەکان و سەدەى ئەمریکى تیۆریزەکراو هەوڵدرا عەولەمە لەرێگاى رێکخراوە داراییە جیهانیەکان – ئیستیغلالکردنى قەیرانى دەوڵەتان و بەلیبراڵیکردنى ئابووریی و خەسخەسەى کەرتى گشتیی و خزمەتگوزاریی- و بەبەکارهێنانیى هێزى سەربازیی تەعمیم بکرێت و جیهان و دەوڵەتانیى بە گوێرەى خۆیان دابڕێژنەوە. لەو روەوە بەهەنجەتى تیرۆر پەلامارى ئەفغانستان و عێراقیان دا، دواتریش بەناوى جەنگى دژە تیرۆرو داعش ناوچەکەیان کردە سەربازگەو گۆرەپانى جەنگ و گەیشتنە سەرچاوەکانى وزە. بەڵام بەهۆى بەڕەنگاربونەوەیان لەگەڵ هێزێکى نادیاردا ئەمریکا نەیتوانى سیستەمێکى بەدیلى سەرکەوتوو دروست بکات و، دواجار لەعێراقدا شکستی هێناو دواى زیانێکى زۆر کشایەوەو، سیستەمە دیکتاتۆریەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستیشى بەهۆى بەهاری عەرەبیەوە، کە پرۆسەیەکى مێژووکردە، لە گەڵ خۆى برد. ئەمەیش بەواتاى سەرنەکەوتنى فکرى ئەمریکایى و خۆرئاوایی دێت لەو جەنگەدا. ئەوەى ئەمرۆیش لەخۆرهەڵاتى ناوەراستدا روودەدات، هەر لەسوریاوە بگرە تا دەگەیتە لیبیاو یەمەن و عیراق ئەنجامێکى شکستى ئەمریکایە.
ئەمریکا ئەمڕۆ وەکو تەمەن کورتترین ئیمپراتۆریەت لەمێژوودا، بەدوو شێواز هەوڵى گێڕانەوەى هەژموونی خۆى دەدات، یەکەمیان، بەرووبەڕووبوونەوەى فکریی و ئایدۆلۆجیی لەگەڵ ئیسلام، دوەمیشیان، بەجەنگى ئابوری لەگەڵ چین، بەڵام کات بەسەر چوو، گوتەى سەدەى ئەمریکی هەر ئەوەندە بڕى کردو تیۆریی کۆتایی مێژوو پێکدادانى شارستانیەکانیش راست دەرنەچوون، بەڵکو تیۆریی بووژانەوەى شارستانیی میزۆبۆتامیا لەواقیعدا وەکو شێرەکەى بابل هەژموونی خۆى سەپاند.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت