عوسمان عومەر: عەرەب و شفرە سازى/ بەشى چوارەم و کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بابەتێکى لۆژیکییە، کە زمان خۆى لەخۆىدا شفرە سازییە. بۆ نمونە گەر یەکێک زمانى ئینگلیزى یا ئەلمانى یا فەرەنسى نەزانێ کاتێ دەیەوێ قسە لەگەل ئینگلیزێک یا ئەڵمانێک یافەرەنسیەک بکات، نازانێ و لێى تێناگات. کەواتە دەتوانین بلێین زمانزانین کلیلى کردنەوەى شفرەى زمانە.
گەلى عەرەب یەکێکن لەو گەلانەى وەک خۆیان دەلێن پێش زۆرێک لەگەلانى دیکە زانستى شفرە سازییان ناسیوەو، هەر لە سەرەتاوە چەند شتێکیان داناوە بۆ گۆرینى دەقە ئاشکراکە، بۆ دەقێکى نادیارو شاراوەو، تەنها ئەوەى ئەو کلیلە دەزانن دەتوانن لێى تێبگەن.
عەرەبەکان زۆر گرنگییان بەزانستى شاردنەوە (علم التعمیە)داوە. ئەوەیش یەکێکە لەو زانستانەى کەزۆرێک لەدەولەتانى پێشکەوتوى دونیا گرنگى پێدەدەن. لە رۆژگارى ئەمرۆمان دا چۆتە ناوبوارى دبلۆماسیەت، کاروبارى سەربازى، ئاسایش، بازرگانى، ئابوورى، ڕاگەیاندن، بوارى بانک و دراوەکان و زانیارى و… هتد.
وەک عەرەبەکان خۆیان دەلێن رەگ و ریشەى ئەو زانستە عەرەبیەو، یەکێکە لەو زانستانەى کە لەلاى عەرەب پەیدا بووەو گەشەو نەش و نماى کردوەو پێشییان خستوە. نەک وەک زانستەکانى دیکە، کە وەرگێڕدراوى گەلانى دیکە بێ وەک ماتماتیک و فیزیاو پیتۆلى- فلسفە.خۆیان دەلێن ئەوان بنچینەو بنەماکانى زانستى شاردنەوە یا شفرە سازییان داهێناوە. لاى عەرەبەکان بەزانستى تعمیە بە Encipher ناسرینراوە، کە بەلاتینىبە Cryptographiaناسراوەو بە ئینگلیزى بە Cryptography واتە زانستى شاردنەوەى داتاکان. عەرەبەکان ئەم زاراوەیەیان لەبرى کردارى گۆرینى دەقێکى ئاشکرا بۆ دەقێکى نهینى بەبەکارهێنانى دیاریکراو، تەنها ئەوەى دەیزانى دەتوانێ لێى تێبگات.
لە ڕۆژگارى ئەمرۆماندا بۆتە ووشەى شفرە بەعەرەبى تشفیر، لەبرى ووشەى تعمیة. کە شیفرە رەگەزى ووشەکە لاتینیە بە Cipher لە ووشەى سفرەوە هاتوە کە لە ژمێرکارى بەکاردەهێنرێ.
هەندێ لەزانا عەرەبەکان ووشەى تعمیة وەک نیشانەیەک بۆ وەرگێرانى دەقە شفرەکراوەکان بۆ زمانێکى تێگەیەندراو بۆ خەلک دەزانن. بەلام کردنەوەى شفرە یاوەرگێڕانى دەق گوتراوە Decipher بەزمانى عەرەبى واتە رزگارکردنى دەقێک لە نەزانراوەوە بۆ زانراو، دادەنێن. بۆنمونە دەقێک لە زمانى فەرەنسیەوە دەکرێ بەکوردى واتە خەلکت لە نەزانى و تاریکى ئەو زمانەوە ئاشناکرد بە دەقە نەزراوەکە.

بیرۆکەى عەرەب بوونى شفرە لەکوێوە سەرى هەڵداوە؟
مێژونوسى ئەمەریکى دێڤید کۆهین کە بە یەکێک لە مێژوو نوسانى ئەم زانستە دادەنرێ و، بەباوکى زانستەکە لەکتێبىThe Code-Breakers دەلێت ئەم زانستە بە هەردوو بەشەکەى لەلایەن عەرەبەوە داهێنراوەو، رێکارەکانى دۆزینەوەى شفرەسازى و تۆماریان کردووە. هەر کۆهین لە هەمان کتێب کە ساڵى 1983 بە چاپ گەیەنراوە دەلێت: عەرەبەکان خاوەنى بنەماکانى ئاشنا کردنى خەلک بون بەکردنەوەى شفرە، بەلام ئەم زانستە لەگەل ئاوابونى شارستانیەتەکەیان ئەویش بەرەو کزى چوو. ئیبن الدرێهم وەک کۆهێن باسى دەکات پێش ئەندازیارى تەلارسازى ئیتالى لیۆن پاتیستا ئەلبێرتى کەوتوە کە سالى 1472 کۆچى دوایی کردووە. واتە ئبن الدرێهم سەد سال پێش ئەو دەستى داوەتێ و بنەماکانى چەساپاندوە لە کتێبەکەى دا.
هەر دیڤید کوهین لە کتێبەکەیدا دەلێت: چاوى کەوتوە بە کتێبى( صبح الاعشى فى صناعة الانشا)ى قەلشەقەندى کە سالى 721 کۆچى، کۆچى دوایی کردوە. وتارێکى تەواوى لەسەر هونەرى نوسینى نهینى- الکتابة السریة نوسیوەو، دەنوسێت: ئبین الدرێهم یەکەم دەستنوسى سەبارەت ئەو زانستە هەیە بەناوى ( مفتاح الكنوز في إيضاح الرموز ) بۆیە لەسەر ڕۆشنایی ئەوەوە، گوتویەتى ئەو زانستە بنچینەکەى عەرەبیە.
دکتۆر محەمەد حسان الطیان مامۆستا لەزانکۆى کوەیت دەلێت: ئیبن الدرێهم یەکەم کەس نەبووە لە زانستى شفرەسازى لە ناو عەرەب دا، بەلکو لە دەستنوسێکى ترى قەلشەقەندى هاتوە لە (رسالة الكندي في استخراج المعمى)، کە خاوەنەکەى یەعقوب کورى ئیسحاق الکندى و پیتۆلى عەرەبى بەناوبانگ، کە لە سەدەى سێهەمى کۆچى واتە سالى 260 کۆچى دوایی کردوە ئەم مێژووە مێژووى زانستى شاردنەوە بۆ ئەو دەگەڕینێتەوە. واتە 5 سەدە پێش ئبین الدرێهم، کە لەسەدەى هەشتەمى کۆچى ژیاوە.

گرنگترین زانایانى عەرەب لەبوارى کۆدسازى یا شاردنەوەى دەق:
دکتۆر محەمەد مرایاتى ئەوەى رونکردۆتەوە لە لێکۆلینەوەیەک و بەدوا چونێک دا بۆ رسائل الکندى و ئبین عدلان و ئیبن الدرێهم دەلێت: یەکێک لەزانا گرنگەکانى ئەو بوارە زانستیە خلیل کوڕى ئەحمەد فەراهیدی ساڵى 170 ى کۆچى کۆچى دوایی کردوە، بە پێى ئەوەى زوبەیدى بردویەتەوە سەر (في طبقات النحويين واللغويين). ئیبن نەباتە لە کتێبەکەى (سرح العيون في شرح رسالة ابن زيدون )،کە فەراهیدى یەکەم کەس بووە، کە بنچینەى زانستى شاردنەوە و چونیەتى نوسین و کردنەوەى داناوە. دواى ئەویش جابرى کورى حەییانى کیمیا ناس سالى 200 کۆچى، کۆچى دوایی کردوە. لە کتێبەکەى(حل الرموز ومفاتيح الكنوز)، کە ئیبن وەحشیە لە کتێبى(شوق المستهام في معرفة رموز الأقلام) باسى ئەوەى کردووە, دواى ئەویش ثەوبان کوڕى ابراهیم کە بە (ذي النون)ناسراوه سالى 245ى کۆچى کۆچى دوایی کردوە لە کتیبەکەى بەناوى (حل الرموز وبرء الأسقام في أصول اللغات والأقلام), دواى ئەویش (سهل کورى محەمەدکورى عوسمانى سەجستانى) سالى 248ى کۆچى کۆچى دوایی کردوە. باس لەوە دەکات، کە یەعقوب کورى ئیسحاق کیندى سالى 261 کۆچى دوایی کردوە، خاوەنى دەستنوسێکە بەناوى (استخراج المعمى) یە. ئەحمەد کورى على کورى وەحشیەى کۆچکردوى سالى 291ى کۆچى لە کتیبەکەى بەناوى (شوق المستهام في معرفة رموز الأقلام) و (محەمەد کوڕى ئەحمەد کوڕى کیسان)لە سەدەى سێهەمى کۆچى کۆچى دوایی کردوە. (داودى کورى هەیسەم کورى ئیسحاق التنوخى) سالى 316ى کۆچى کۆچى دوایی کردوە، کە یاقوت الحموى لە کتێبى ( معجم الأدباء) و محەمەدکورى ئەحمەد کوڕى طباطباى، سالى 322ى کۆچى دەستنوسێکى هەیە بە ناوى (رسالة في استخراج علم المعمى). ئەمانە بەشێکن لەو زانا عەرەبانەى لەو بارەیەوە شتیان نوسیوەو هەیە.

هۆکارى پێشکەوتنى عەرەب لە بوارى زانستى شفرە سازى
دکتۆر محەمەد مرایاتى لە کتێبەکەى دا باس لەو هۆکارانە دەکات، کە بونەتە هۆى پێشکەوتنى ئەو زانستە لاى عەرەب دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى عەرەبەکان زۆرترین کتێب یان لە ژیاریەکانى پێشخۆیان وەرگێراوەتە سەر زمانى عەرەبى. هەروەها ئاماژەى بەوەشکردوە پێشکەوتنى عەرەب لە بوارى زانستى بیرکارى هاوکارو بەدیهێنەرى زۆربابەت بووە، کە پێشکەوتن لەبوارى شفرەسازى بەدەستبێنن و پێویستیان بە بەیاسایەکى کارگێرى هەبوە بۆ بەرێوەبەرى دەولەتەکەیان و بلاوبونەوەى خێراى نوسین و خویندنەوە لە جیهانى ئیسلامى دا.
هەروەها دکتۆر مرایاتى ئەوەشى ڕوونکردۆتەوە، کە زانستى شفرەسازى و شاردنەوە پەیوەندىەکى بەتینى لەگەڵ زانستى دەنگ و ئامارو پیت و ووشەسازی و زانستى رێزمان و زانستى فەرهەنگسازى و ئایدۆم و زانستى برگەو سەروا.

رێگەکانى بەشفرە کردن لاى عەرەب
دکتۆر محەمەد مرایاتى دەلێت کیندى 34 ریگاى جیاوازى بۆ شفرەسازى بۆ بەشفرەکردنى نامەو دەق و کتێبەکان و، هەروەها کردنەوەیان بەکارهێناوە. دوو رێگاى شاردنەوەى بەکارهێناوە: یەکیان/ کە هیچ یاسایەکى نەبووە، بەلکو دەکەوێتە سەر ئاست و تواناو رۆشنبیرى ئەو کەسانەى بەکارى دەهێنن. رێگاى دووەمى/ بەکارهێنانى پیت لە شفرەسازى بۆ شاردنەوەى دەقەکان بەگۆڕینى شوێنی پیتەکان، کە پێى دەگوترێ التعمیە بالقلب. واتە هەلگێرانەوە. واتە هەرپیتێک بەپیتێکى تر بە یاسایەکى پەیرەوکراو، ڕیگاى دووەم پێى دەگوترێ التعمية بالإعاضة او التبدیل Substitution لێرەدا هەر پیتێک دەگۆردرێ بە پیتێکى تر ئەویش بەپێى ریکاریکى تایبەت,رێگایەکى تریش ئەوەیە کە بە زیاد کردنى پیت يا لابردنى پیت بۆنمونە پیت ق دواى هەر پیتێکى م زیاد بکرێ یا پیتى ش دواى هەر پیتێکى ل زیادبکرێ پێى دەگوترێ Nulls بەعەرەبى اغفال یا حذف,ئا دووریگە تێکەل کردن وبەکارهێنانى.
هەر د.مرایاتى نمونەیەکى بەکارهێنراوى ئیبن الدرێهمى لە شفرەدا خستۆتە روو ئەم شێوازى شفرە کردنەى بەکار هێناوە، ئەویش بەوەرگرتنى پیتێک و، وازلێهینانى چەند پیتێکی تر، دواتر وەرگرتنى پیتى دووەم. هەروەها واز لێهێنانى چەند پێتێک وەک پێشتر دەقەکەى پێگۆریوە بۆ شفرە 1،2،3،4،5،6،7،8،9،10،11،12،13،14،15،16،17،18،19،20
شێوازى شفرە کراوى دەقەکە وايلێهاتوە… 1،6،11،16،2،7،12،17،3،8،13،18،4،9،14،19،5،10،15،20
نابێ، کە لە پیتى یەکەم پینج پیتى پەراند، لەهەنگاوى دووەم بیکات بە 4. بۆ نمونە ئەوکات شفرە هەلە دەردچێ و ناکرێتەوە.
بۆ زانیارى خوێنەرانى بەڕێز ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا سیستەمى فراوانى بۆ شفرە سازى دامەزراندوە، کە 80 هەزارکەس کاری تیدا دەکات و، بودجەى 80 ملیاردۆلارى بۆ تەرخان کردوە، بۆ ئەوەى بتوانێ کۆنترۆلى گشت جیهان بکات.

کورد و شفرەسازى
لەکۆتایی ئەم بابەتە ئەوەشمان لەیاد نەچیت لەرۆژگارى ئەمرۆمان دا شفرەسازى بوارێکى گرنگى سەربازییە لە نێوان هێزە زەمینى و ئاسمانى دەریاییەکان لەلایەن سوپاکانى جیهانەوە بەکاردەهێنرێ.
ڕەنگبێ کورد بەحوکمى ئەوەى خاوەنى شارستانیەتێکى دێرین و کۆن بووە لەناوچەکە، دەبێ درکى بەو جۆرە زانیاریە کردبێ. چونکە بەردەوام لەلایەن دوژمنەکانیەوە پەلاماردراوە. بەهۆى داگیرکارى عەرەبە موسلمانەکان بۆ کوردستان، کە ئەوکاتە بەپێى سەرچاوە مێژوویەکان زیاتر پەیرەوى ئاینى زەردەشتى بوون، لاى عەرەبەکان بەمەجوس و ئاگر پەرست ناو دەبران. جگە لەبونى ئاینى جولەکە و فەلەش، عەرەبە موسلمانەکان بە بیانوى مەجوسیەت و کوفرەوە زۆربەى کتێبە مێژوویی و ئاینیەکان و بوارى زانست و فەلەکناسى یان فرێ داوەتە ناو روبارو زێیەکان. یا ئەوەى سودى بۆخۆیان هەبوە بردویانەو وەریانگێراوەتە سەر زمانى عەرەبى و کردویانە بەمولکى خۆیان و مۆرکى کوردییان تێدا نەهێشتوە. فارس و تورکە عوسمانیەکانیش بەهەمان شێوە هەرچى سودى خۆیانى تیدا هەبووە کردویانە بە مولکى خۆیان، چونکە کورد خاوەنی نەبوەو دەولەتیش نەبووە. شەرى قەلاى دمدم, شەڕی بابەنەکان لەگەل نەیارانیان, شەڕى ئیمارەتە کوردیەکان لەگەل دوژمنان، تەنانەت خۆبەخۆش. هیچ شێکى وامان نەبەرگوێ کەوتوە نە بەردەست تا بزانرێ کورد لەکەیەوە شفرە سازى زانیوە یا بەکار هێناوەو نازانرێ، چ شێوازێکى شفرە بەکار هێنراوە یا هەر پشتیان بە قاسید و تەتەر بەستوە بۆ گەیاندنى نامەو ڕاسپاردەکان. نزیکترین مێژووش شەرەکانى شێخى نەمر لەگەل ئینگلیزەکان بێگومان سوپاى ئینگلیز خاوەنى ئامێرى بیتەل بوون و بۆ قیادەو کۆنترۆل. چونکە سوپایەکى ڕیکخراو بون لێرەش هیچ زانیاریەک و بەرچاو ڕوونیەک یان سەرچاوەیەک یا بەڵگەیەک نییە تا ئەوەمان پێ بلێ ئایا شێخى نەمر چۆن پەیوەندى بە فەرماندە مەیدانیەکانیەوە کردووە، چۆن ئاراستەى کردوون. ئایا بەهۆى نامەوە بووە؟ ئایا ووشەى نهێنى لەنامەکانى دا بەکارهێنراون، چۆن فەرماندەکان لێى تێگەیشتون؟ خۆ رەنگبێ لەشەرەکان دا بیتەلى ئینگلیزەکانیشیان دەستکەوتبێ. ئایا بەکاریان هێناوە یا بەکوفرو گوناهیان زانیوەو شکاندویانەو بەکاریان نەهێناوە. هەروەک لەسەرەتاى شۆرشى ئەیلول و شۆرشى نوێ زۆربیتەل گیرابێ لەسوپاى داگیرکەر بەلام شکێنراوە.
لەگەل ئەوانەشى لەسەرەوە باسم کردوون، کورد خاوەنى چەندین ئەفسەرى پایەبەرز بووە چ لە ناو سوپاى عوسمانى چ دواتر لەناو سوپاى عیراق. لەوانە ڕەنگبێ چەندین ئەفسەرى موخابەرە هەبوبێ، بەلام هیچ شتێکیان نەنوسیوە سەبارەت مێژووى بەکار هینانى شفرە لەناو کورد دا. کورد تەنها لە شۆرشەکانى دا شفرە سازى بەکارهێناوە.
کەواتە ئیمەى کوردیش دەتوانین بەهۆى وەرگێڕانى زۆر کتێب لە بوارى زانستەکان و پزیشکى و پیتۆلى و بایۆلۆژى و کیمیاگەرى و… هتد، وەرگێرینە سەر زوبانى کوردى و سود لەو زانستانە وەرگێرین و، پسپۆرى شارەزاییان لێوە وەدەست بهێنین. هەروەها بوارى زانستى شفرە سازى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت