شاخەوان سەنگاوى: من نەک پرسیارێک. بگرە سەدان پرسیارم هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە جەنابتان ئاگاتان لە ژیان و گوزەرانى ژێردەستەکانتان (هاولاتيان) نیە؟ دەنا هەرگیز ڕێتان بە خۆتان نەدەدا لە سۆشیاڵ میدیاوە کاتى خۆتان تەرخان بکەن بۆ ئەوەى ژێردەستەکانتان چى پرسیارێک لە ناخیاندا چەندین ساڵە کەڵەکە بووە، بۆتانى بنوسن. کەواتە منیش کە لەم مەملەکەتە دەژیم جیا لە باقى هاولاتیان مەملەکەت پرسیارم هەیە، ئەگەر جەنابیشتان وەکو باقى کاربەدەستانى ئەم مەملەکەتە پرسیارەکانمان بە نامەى ئۆتۆماتیکى ئاسیا سێل و کۆرک، جوابدەدرێتەوە ئەوا من هەرگیز نە پرسیارم هەیە و نەپرسیاریش دەکەم، چونکە دەزانم هەرگیز پرسیارەکانم ناخوێنرێتەوە.
وە ئەگەر پرسیارەکانیش لە لایەن دەست و پێوەندەکانتەوە وەڵام دەدرێتەوە کە ئەم هەرێمەیان بۆ خۆیان و خۆتان کردووە بە بەهەشتى سەرزەمین، ئەوا دووبارە من هەر پرسیارم نیە. چونکە دەزانم ئەو پرسیارانەى من دەیکەم، نەک ناخوێنرێتەوە بگرە دەخرێتە ناو تەنەکەى خۆڵەکانەوە وە ناهێڵن بگاتە بیست و چوار سەعات بە سەر خۆم و ماڵ و منداڵمدا دەدەن و ئەگەر نەم کوژن، ئەوا شار بەدەرمان دەکەن وەکو باقى ڕۆژنامەنوسانى دیکە.
کەواتە دەڵێم ئەگەر جەنابتان جوابمان دەدەنەوە ئەوا من دەپرسم؟ کە هێندە بە تەنگ ژیان و گوزەرانى ژێردەستەکانى ئەم مەملەکەتەوەن، پێویست ناکات چەندین کاتژمێرى ژیانى خۆتان لە پشت لاپتۆپێکەوە بە فیرۆ بدەن لە جوابدانەوەى هەزاران پرسیارە، چونکە من دەزانم لە وێشدا بێ گومانبە هەندێ پەیج و ئەکاونت دادەبارێن بۆ ئەوەى گۆرانى بەشان و باڵاتا هەڵبەن، تا ئەوەى تۆ مەبەستە نەی پێکیت، چونکە ئەو جۆرە کەسانە ئیشیان لە سەر ماستا و ماستاو کردنە تا دنیایەکى خەیاڵاو پیشانى جەنابتان بەندە.
لە بەرامبەریشدا لەمیشیان هەر بێگومان بە، کە هەندى پەیج و ئەکاونتى دیکە، بەمەبەستى نانەوەى دووبەرەکى بە جۆرێک دوور لە هەموو ئادابێکى جوانى کوردایەتى دادەبارێن بە سەرتان، کە ئەمانیش هەر بەو مەبەستەى دووبارە دورت بخەنەوە لەو ئامانجەى کە تۆ هەتە. ئەگەر مەبەستە لە ژیان و گوزەرانى ژێردەستەکانى مەملەکەتت بگەیت هەزار و یەک ڕێگا هەیە تا بەو ئامانجە بگەیت.
کەواتە ئەگەرکاتى خۆتت بە خوێنتەوەى ئەم وتارە سەرف کرد. دڵنیام دەپرسیت ئەى ئێستا چى بکەم؟
وەڵامى من بۆ پرسیارەکەى جەنابتان لەو هەزار و یەک ڕێگایە ئەمەیە کە شەوان دوور لە چاوى کامێراکان و پاسەوانە زۆر و زەوەندەکانتان برۆ سەرێک لە گەرەکەکانى قەراغ شارى پایتەخت و شارەکانى دیکە مەملەکەت بدە بە دەموچاوى داپۆشراوەوە بزانە چى دەگوزەرێت، بزانە چى دەبینیت، لە ژێر دەسڵاتى جەنابتان نانى هەزاران خانەوادە نەک لە قوڕگى شێردایە بگرە لەو دیو بەربەستە ترسناکەکانى دەسڵاتەوەیە کە هەرگیز ڕەعیەتەکانت ناتوانیت بە سانایى پێى بگات ئەگەر نەفسیەتى خۆى بۆ نەدۆڕێنیت.
ئەمە من باسى دامەزراوە و دەزگاکانى دەوڵەتدارى کوردى ناکەم کە لە چێر سایەى ئەمانەوە شۆڕشگێرەکانى دوێنێ شاخ، بوونە بە ملێۆنەرەکانى دۆلارى ئەمڕۆى شار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت