دەرباز سەرابی : حیزبی کوردی لەنێوان زاوەزێ و نەزۆکی دا – گۆڕان وەک نمونە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی سێیەم 

بەرلەوەی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین تا بزانین ئاخۆ گۆڕانیش زاوەزێی حیزبی دەکات یان نا ، باشتر وایە ئاوڕێکی کورت لە مێژوی دروست بوونی ئەو بزوتنەوەیە بدەینەوە .

گۆڕان لە هەلومەرجێک لەدایک بوو کە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان قوڵپی توڕەبوون و ناڕەزایی خۆی دەدا ، واتە خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتی فتی بەفتی یەکێتی و پارتی بەدوای دەروازەیەکدا دەگەڕا تا لەوێوە بەسزادانێک دەنگی توڕەبوونی خۆی بگەیەنێتە سەرانی حیزبە دەسەڵات دارەکان ، واتە گۆڕان یان کۆنە یەکێتیەکان زیرەکانە سواری ئەو شەپۆلە ناڕازییە بوون و بە ئاڕاستەی ئۆپزسیۆنێکی کاریگەر هەنگاویان پێنا ، ئەوەش بەر لەهەموو کەسێک بەرهەمی بەشێک لە میدیای ئازاد و کۆمەڵێ نوسەری حەق بێژی ئەم وڵاتە بوو …

پێک هاتەی ئەم هێزە لە ئەنارشیەتێکی تەواوەوە بەرەو نیمچە دیسپلینێک هەنگاوی نا،ئەگەرچی لەو نێوەندەدا گۆڕانێکی بچوک بەسەر ڕۆڵ و پێگەی سێ ئاستە جیاوازەکەی پێکهێنەرەکانی ئەو هێزەدا هات ، گۆڕان دەنگی ناڕازی سێ جۆر خەڵکی لەخۆی کۆکردوەو …

١ – کەسانێک بەڕاستی خەمی داهاتووی ئەم وڵاتەیان بوو وەک خەمخۆری پڕۆسەی دیموکراسی خۆیان بەلای ئەو هێزەدا ساخ کردوە،کە ئێستا ڕێژەی ئەو کەسانە ڕۆژ بەڕۆژ لەنێو بزوتنەوەکە لە دابەزیندایە .

٢ – کەسانێک بەبێ هیچ هۆکارێک و تەنها بەهۆی ناڕەزایەتیان لە هێزەکانی تری ناوچەکە متمانەیان بەو هێزە بەخشی بەتایبەتی ئەو یەکێتیانەی کە نیگەرانی نزیک بوونەوەی حیزبەکەیان و پارتی بوون .

٣ – کەسانێک بەدوای ئیمتیاز و پلەو پایەی باشترلە ڕابردویان دەگەڕان و هەر بەو ئومێدەوە خۆیان لەباوەشی گۆڕان دا قایمکرد . واتە هیچ غەدر نیە ئەگەر بڵێین ئەوەی گۆڕانی کردە هێزی دووەمی گۆڕەپانەکە بەرنامەو گوتاری گۆڕان نەبوو بەڵکو لاوازی و خراپەکاریەکانی هێزەکانی تر بوو ، کەسانێک هەن تا ئێستا وادەزانن گۆڕان دار عەسای سیحری پێیەو دونیا دەکاتە شامی شەریف ، ئەوەش لێکدانەوەیەکی لۆجیکیانە نیە چونکە ڕاستە گۆڕان تەکانێکی باشی بە پڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە داوە و تا ڕادەیەکی باش خەڵکی لە کۆمەڵێ بەهای تەقدیسکراوی بێمانا دورخستۆتەوە بەڵام ئەوە کۆی پڕۆسەکە نیە ، چونکە خودی گۆڕان لەنێو خۆیدا نەیتوانیوە هەیمەنەی تاک سەرکردەیی کاڵ بکاتەوە ، واتە گۆڕانیش حیزبێکی دامەزراوەیی نیە بەڵکو حیزبێکی تاک سەرکردەیەو کۆی قەرارە گرنگەکان لەدەستی کەسی یەکەمی ئەو حیزبەوە دەردەچێت .

یەکەم قۆناغی هەڵوەرینی جەماوەری گۆڕان لە هەنگاونانی ئەو حیزبە لە بزوتنەوەیەکی جەماوەرییەوە بەرەو حیزبێکی ئەندامگیری دەستی پێکرد ، واتە گۆڕان گۆڕانخواز و ئەندامانی گۆڕانی لەیەکتر جیاکردەوە ئەمەش یەکەم زەنگ بوو بۆ ڕازی بوون بەو قەبارەیەی ئێستا هەیەتی و دەست بەرداربوونی لە خەونی وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە حیزبەکانی تر ، ئێستا گۆڕان بەهەموو شێوەیەک دەیەوێ بەو قەبارەیەی کە هەیەتی خۆی بگونجێنێ ، بڕیاری بەشداریکردنی لەو حکومەتەی کە بەقسەی خۆی تەواوی جومگەکانی وێرانە لەگەڵ ئەو هێزانەی کە هۆکاری ئەو وێرانکاریەن سەلمێنەری ئەو قسەیەن .

لەچەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕان وەک هێزێکی میدیایی کاریگەر خۆی سەپاند لەکاتێکدا ئۆپزسیۆنی تەندروست میدیای چالاک و شەقامی چالاک دەخولقێنێ ، بەڵام گۆڕان ئەوەندەی هێزێکی میدیایی بوو نەیتوانی ببێتە هێزێکی مەیدانی کاریگەرو لەگەڵ شەقامی ناڕازی هەماهەنگی تەواو بکات .

ئەوەی ماوەتەوە بڵێن ئایندەی ئەو هێزە بەرەو کوێ ؟ ئاخۆ ئەو هێزەش زاوەزێ دەکات یان نا ؟ ئەوەی من دەیبینم گۆڕان لەبەردەم زاوەزێ دایە بەڵام ئەو کەسانەی لەو هێزە جیا دەبنەوە هەوڵدەدەن لەنێو منداڵدانی هێزێکی تردا خۆیان بدۆزنەوە یانیش بەتەواوی شەقێک لە کۆی پڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە هەڵدەدەن و خۆیان لەهەموو شتێکی حیزبی دادەماڵن و لەنێو گروپ و دەستەی مەدەنی دور لە حیزبایەتی خۆیان ڕێک دەخەنەوە یانیش بۆ ئەبەد هەموو چالاکیەک تەڵاق دەدە ن، واتە بێ ئومێد بوونی گۆڕانخوازی ڕاستەقینە لە گۆڕان بێ ئومێد بوونە لەکۆی پڕۆسەی سیاسی ، لەوەها دۆخێکیشدا گۆڕان دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژویی و وەک لەباربەری دەنگی ناڕازی ئەم وڵاتە وێنا دەکرێت ، چونکە بەبێ گۆڕانیش شەپۆلی ناڕازیی لەم وڵاتەدا هەبوو بەڵام ئەو هات و ئاڕاستەی کرد ، جا ئەگەر بێت و ئەو ئاڕاستەکردنە هەمووی لەپێناوی وەڵامی کۆنەقینێکی ڕابردوو بووبێت ئەوا کارەساتی گەورە دەخولقێنێ و ئومێدی چەندین کەس لەبار دەبات .

دیاردەیەک لەنێو گۆڕاندا هەیە کە من وەک خۆم بە مەترسیەکی گەورەی دەبینم ، ئەوەش کەسانێک گۆڕان وەک پەرەستگای پاک بوونەوە لە تاوان دەبینن ، واتە لەدەرەوەی گۆڕان هەرچی خراپە دەیکەن و لەپڕێکدا دەبنە گۆڕان و بانگەشەی عەدالەت دەکەن ، من لە ئێوە دەپرسم ئایا دەکرێ پاک بوونەوە تەنها بە سەنگەر گۆڕینێک ئەنجام بدرێت ، چونکە لە هەموو دونیاو یاسای بەشەریەت تەنها دادگا دەتوانێ پڕۆسەی پاک بوونەوە ئەنجام بدات .

بۆیە لێرەوە جێی خۆیەتی تەواوی ڕەخنەگران لەوە ئاگادار دەکەمەوە کە ناکرێ تەنها لەبەر ئەوەی گۆڕان خۆی ڕەخنەگر بووە لە ڕەخنە بەدور بخرێت ، بۆ ئەوەی گۆڕانیش بۆگەن نەکات دەبێ هیچ کات ڕوی ڕەخنەی لێ وەرنەگێڕدرێ .

جێگای ئاماژەیە بەشی چوارەمی وتارەکەم کە تایبەتە بە ” ئایا ئیسلامیەکان هەر نەوەیەکی تازەیان ببێت هەمووی هەر لەیەک باوک نیە ؟!”

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت