ئاکۆ برایم : قەیران و بانگێشتى پەرلەمان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قەیران لەدواى قەیران ، کێشە لەسەر کێشە روو لەم وڵاتەدەکات ، کەس خۆى بەخاوەنى نازانێت ، کەس نى یە بپرسێت ئەوە بۆ وا دەبێت ؟ کەس بیر لەچارە ناکاتەوە .
بادوور نەڕۆین سەیرى کێشەى کارەبا بکەین ، تا ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنن ، سەعاتێک هەیەوچوار نى یە ، کەم بەرپرس هەیە بە سیاسى و ئیدارى و موختەێ لەسەر ئەو کێشەیە لێدوانیان نەدابیت و خۆشحاڵیان نەکردبین ، کە ئیدى ئەو کێشەیە لەریشەوە چاک دەبێت و ، ساڵێکى تر شتێک نامێنێت ناوى ئەو کێشە بێت . بۆ زۆربەى گرفتەکان هەمان وتەى سواو و سەد بارە لەمێشکماندا کۆپى بووە ،، ئەوەتا ئێستا هەموو دەبینین شەش مانگە مووچە دوا دەکەوێت ، شت گران دەبێت ، قەیران لەدواى قەیران سەرەیان گرتووە ، لەبرى چارەسەر زۆرجار لایەنى بەرپرس گرفتەکە قوڵتر دەکەنەوە و ، وەڵام وچارەیان پێ نیە ، ئەوە ئێستا هەموو ئاگادارن وڵات بەدەست کەمى بەنزین و نەبونى سوتەمەنى یەوە دەناڵێنێت ، خەڵک بۆ دەست کەوتنى چەند لیترێک بەنزین ، چەندین سەعات لەریز و سەرەدا دەوەسێت ، توشى چەندین شەڕ و نارەحەتى دەبێت ، ئەوجاش ئەگەر بەرى بکەوێت .
بەخێرێ پەرلەمان و حکومەتى خۆماڵیمان هەیە، دیارى و دەست و هەلبژاردەى خۆمانن ، لەبرى ئەوەى ئەوانیش بەوەفا بن و هەست بەوە بکەن کە نوێنەرى ئێمەن ، بەدەنگى ئێمە چونەتە ئەو شوێنە ، ئەوانیش خۆیان لێکردوین بەکەڕەى شەربەت ، تەواو بێخەمن ، وەک ئەوەى هیچ روى نەدابێت . جار جار بەڕێزێک دێتە سەر شاشە و کۆمەڵێک قسەى خۆش و لەخشتە بەر ئەکات و ، خۆى لە مەسەلەکە ئەدزێتەوە . بە چەند بارە کردنەوەى قسە بێ خێرەکانى وەک : (( پێویستە وا بکرێت و با بکەین و وابڕوات)) خۆیمان لێدەکاتە خەمخۆر و بۆ ماوەى چەند دەقیقەیەک ئاگاى لەحاڵمان دەبێت ، ئەویش بۆ تەمسیل و نمایش ، ئەگینا هیچ کامیان لەخەمى میللەتدا نین ، لەسەرو هەمووشیانەوە لایەنى ئۆپۆزسیۆن و دەم گەرمەکانى دوێنى کە سڕو تڕى حکومەتیان هەڵ ئەماڵى و مێشولەیەکیان ئەکرد بەفیلێک ، کەچى ئێستا ئەوانیش بۆن وبەرام و شیرینى ئەو نیعمەتى نەوتە بەر زاریان کەوتوە و نقە ناکەن .
سەیرە من تێناگەم ئەى کار و ئەرکى پەرلەمان و حکومەت چى یە ؟ حکومەتێک نەتوانێت هیچ کێشەیەک چارەسەربکات ؟ نەتوانێت بچوکترین داواکارى و خواست و، سەرەتاترین ماف بۆ میللەتەکەى دابین بکات ، چ حکومەتێکە ،؟؟! حکومەتێک ئاگاى لەحاڵى بازاڕ و بژێوى خەڵک نەبێت ، من چ دڵێکم پێ خۆش بێت ؟ شانازى بە چى یەوە بکەم؟لەوڵاتێکا بم لەترسى تەنکەرە نەوت و گازى سەر جادەکان نەوێرم ئوتومبیل لێبخورم ، لە نیشتمانێکدا کە هەمووکون و کەلەبەرێکى نەوت و سوتەمەنى بێت ، من بەساڵى یەک دوو بەرمیل نەوتم پێبدرێت و ، بۆ چەند لیترێک بەنزین وەک سواڵکەر لەبەردەرم بەنزینخانەکاندا رۆژ بکەمەوە.
چۆن لەروم بێت بڵێم من خاوەن حکومەتم و من خەڵکى کوردستانم ؟! ئەى باشە پەرلەمان و لیژنە زۆر زەبەنەکانى لەکوێن؟ کوان ئەوانەى پێش هەڵبژاردن ، بەقسە ودروشمە باق و بریقەکانیان فریویان ئەداین ؟ ئەیان وت جەنەتول مەئواتان لەسەر زەمین بۆ دروست ئەکەین ؟ فەرەحى و خۆشى وئاسودەیتان بۆ دەگێڕینەوە ؟ کوا لەکوێن ، یان ئەوانیش بونەتە خاوەن شوقەى بەرزو بڵند و هاوارى ئێمەیان پێناگات ، لەناو سەیارە جام رەش و تاریکەکانەوە ، دیمەنى سەرەى دوور و درێژى بەنزین نابینین ؟!، یان وەکو جاران بۆ دەنگدان و کۆکردنەوەى پشتگیرى پێیان عەیبە بێنە ناو بازاڕ ، بۆیە ئاگایان لە مەحموى بێ زەوا نى یە .. لەوانەش خۆشتر هەر چاریان نەماو دەستەوەستان بوون ، و نەیانزانى چى بکەن، یەکەو راست ئەڵێن ، بەنیازین وەزیرى بەرپرس بانگێشتى پەرلەمان بکەین ، من تێناگەم ، بگرە پێکەنینیشم دێت بەو قسەیە ، باشە بەڕێزانى پەرلەمان گریمان وا وەزیرتان بانگ کرد و نەک پرسیارێک بەهەزاران و ملیۆنان پرسیارتان لێکرد ؟ ئەنجامەکەى چى ئەبێت؟ چى لەمەسەلەکە ئەگۆڕێت ؟ جگە لە پینەکردنى ئەو گرفتەو هێنانەوەى چەندین پاساوى بێ بنەما چیتان دەست ئەکەوێت ؟ ئەرێ تا ئێستا لێپێچینەوەتان لەگەڵ چەند کەم تەرخەم کردوە ؟ چەند وەزیر و بەرپرستان لەسەر گەندەڵى و ئیهمالى لەسەر کار لابردوە ؟ تاچەند توانیوتانە وەکو نوێنەرى راستەقینەى ئێمە کارکەن ، ئایا خۆشتان رۆژێک لەرۆژان وەک ئێمە ومانان هاوڵاتى سادە نەبوون؟ وەک ئێمە لەسەرەى بەنزین دا نەبوون ، وەک ئێمە کێشەو گرفتى ئاو و کارەبا وگرانیتان نەبوو؟ من هێندە دەڵێم بەرپرسیاریەتى و پۆست و پلە ئەرک و واجیبە ، ئەگەر وەکو خۆى بەجێى نەهێنى ئەوا لەپێشدا خیانەت لەخۆت و ویژدانى خۆت دەکەیت ، پاشانیش ئەو پارەو ئیمتیازەى بەهۆیەوە پێت دەدرێت حەرامە و ناشەرعیە .
هێندە دەڵێم وڵات بەکەڵەکە تڕێ و رۆژ و دوورۆژ ناڕوات بەڕێوە ، قەیران وگرفتیش بەچارەسەرى کاتى بنبڕ نابێت ، بەڵکو پلان و بەرنامەى ژیرانەى ئەوێت ، کەلەخوا بەزیاد بێت نەهەمان بووە ، نەبیریشى لێدەکەینەوە .
تێینى : داواکارم لەخوێنەرى بەڕێز ئەم نوسینەم ئەرشیف بکات ولاى خۆى بیهێڵیتەوە ، چونکە بەکەڵکى چەندین ساڵى تریش دێت ، لەبەر ئەوەى ئێرە کوردستانە ، بەرپرسەکان لەرەنگ و شێوە وروخساردا جیاوازن ، بەڵام لەئەداى کاریاندا هەموویان یەک مەعدەنن ، هەروەها کێشەکانیش هەمان کێشەى ساڵانى نەوەدەکانن بەس بە ملوەنى و دیجیتاڵى پیشان دەدرێن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت