بەختیار شارەزوریى : بۆ گۆڕان بەشدارى پێ ناکەن …؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا پارتى بە ئەنقەست یان بە تاکتیک دەیەوێت گۆڕان پەراوێز بخات ، یان گوشارى وڵاتانى دەرەکیە بۆ تەواو کارى سیناریۆى جو بایدن و دەبێت وا بێت ..؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لاى زۆرێکمان دروست بووە ، خۆ ئەگەر تاکتیکەکانى وڵاتانى ناتۆ بریتى بێت لە جێبەجێکردنى پڕۆژەکەى جوبایدن ، ئەوا بەبێ ڕەزامەندى ڕوسیا و ئێران زەحمەتە ، ئەڵبەت ئەوە دەزانین کە ئێران بۆ ئەوەى پرۆسەکە تێک نەچێت ، ئەوا دەبێت بەشدارى بکرێت بەوانەى کە بە پاشکۆ و درێژکراوەى خۆى دەزانێ ، بە دیوێکى تردا ئێران شەڕ دەفرۆشێ و دەیەوێت ئەو کارتانە بەکار بهێنێ کە دەبێتە هۆى وەرگرتنى باجى تایبەتى سیناریۆ و تاکتیکەکان ، خۆ ئەگەر بە درێژایى 22 ساڵى ڕابردوو ، لە نێوان تورکیا و ئێراندا پەیمانێک هەبێت بۆ دابەشکردنى هەرێمى کوردستان ( ئەو دیوو دێگەڵە و ئەم دیوو دێگەڵە ) ئەوا لە ئێستادا هاوکێشەکان گۆڕاوە … وڵاتانى ناتۆ دەیانەوێت بگەن بە دابەشکردنى عێراق وەک بەشێک لە پڕۆژەکەى برنارد لویس کە لە ساڵى 1981 سەبارەت بە دابەشکردنى56 وڵات بۆ 88 وڵات ، کە وەک پڕۆژەیەکى درێژخایەن ئەوەى کە دەبێت لە ماوەى 40 ساڵدا بکرێت لە سەردەمى جیمى کارتەردا ، دابەشکردنى 4 وڵاتە بۆ 15 وڵات ، کەواتە ئەمریکا دەیەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئەم پڕۆژەیە بەهێواشى کاریى لەسەربکات ، ئا لێرەوە پڕۆژەکەى (جوبایدن) تەواوکەریى هەمان پڕۆژەیە ، کە عێراق بکرێت بە سێ بەشەوە ، بە دیوى ئابوریدا ئەوروپا و ئەمریکاو ناتۆ بۆ ئەوەى پێویستیان بە غاز و نەوتى ڕوسیا نەمێنێت ، ئەوا کوردستان دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە ، بە تایبەت تورکیا کە زۆر پێویستى بە غاز و نەوتى کوردستان هەیە ( وەک دەڵێن هەرێمى کوردستان بوەتە بەشێک لە ئاسایشى ووزەى تورکیا ) وە ئەوروپا و ئەمریکا دەیانەوێت تورکیا فراوان بکەن و پڕۆسەى ئاشتى تورکیا+ پەکەکە فراوان بکەن و ڕۆژئاواى کوردستانیش بخەنە سەر بلۆکى ناتۆ ، لەم نێوەندەدا ئێران یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەى کە دەبێت ڕازى بکرێت بەم سیناریۆ و تاکتیکە ، هەم وەک باجدان و هەم وەک ئەوەى پێگەى هەیە لە سنورى شیعە و لە هەرێم لەڕێى یەکێتیەوە ، بۆیە ئەوەى دەبینرا کە گۆڕان وەک پێویستى ڕووداوەکانى ئێستا لە لایەن پارتیەوە تەواو پەراوێز خرا ، ئەڵبەت پارتى خۆى داواى ئیدارە و حکومەتێکى نیشتمانى دەکات ، بە بەشدارى هەموو دەنگ و ڕەنگەکان ، کە بۆ پارتى دەبێتە قازانجێکى گەورە ، بەڵام کاتێک ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و دهۆک پێک دەهێنى و یەکێتى و گۆڕان و هێزەکانى تر پەراوێز دەخات دەرچونە لە بەها نیشتمانیەکان ، کە ئەمە بۆ خۆى خویندنەوەى زیاترى دەوێت و یەکێکە لە فاوڵە گەورەکانى پارتى .
چونى نێچیرەڤان بۆ تورکیا و بەشدارى نەبونى هیچ وەفدێکى گۆڕان و چونى سەرۆکى هەرێم بۆ کەرکوک و بەشدارنەبونى هیچ وەفدێکى گۆڕان …. بەشێکە لەو سیناریۆیەى کە ئێران ڕازى بکرێت ، بەوەى کە نوێنەرەکانى یەکێتى وەک درێژکراوەى ئێران بەشدارى پێ دەکات ، واتا تەواوکاریە بۆ تاکتیک و سیناریۆکە ، ئەگینا دەبوایە ساماڵى وەزیرى بازگانى و وەفدێکى ترى بزوتنەوەى گۆڕان بەشدار بوونایە لەگەڵ چونى نێچیرەڤاندا ، لە لایەکى ترەوە دەبوو کە سەرۆکى هەرێم دەچێتە کەرکوک وەزیرى پێشمەرگە ( مستەفاى سەید قادر ) ى لەگەڵ بوایە و ڕاوێژى بەم وەزیرە تازە بکردایە ، یان دەبوو وەزیرى پێشمەرگە قسەى لەسەر حەمەى حاجى محمود هەبوایە کە هیچ سیفەتێکى نیە لە ناو هێزى پێشمەرگەدا ( کە بە دیوێکى تردا زیاتر خێڵەکیانە بوو نەک بڕیارێک لە دامەزراوەیەکى سەربازییەوە بوبێت ) وە دەبوو سەرۆکى هەرێم حسابى بۆ پێشمەرگەکانى ناو بزوتنەوەى گۆڕان بکردایە ، بە تایبەت مام ڕۆستەم کە خۆى خەڵکى کەرکوکە بەشدارى سەرەکى بووە لە ئازادکردنى کەرکودا لە ڕاپەڕینەکەدا ، کەچى پارتى وەک هەردوو لاکە ، چى نێچیر و چى مسعود بارزانى ئەم هەقیقەتەیان نەخوێندوەتەوە ، کە دەکاتە پەراوێزخستنى بزوتنەوەى گۆڕان ، لەگەڵ ئەمەشدا گۆڕان زۆر بێدەنگە ، کە بە بۆچونى من گۆڕان خۆشى ڕازییە بەم جۆرە کردەوانە ، چونکە نوێنەرەکانى یەکێتى وەک نمایندەى ئێران دەبینرێت و گۆڕان ماڵە لەسەر بلۆکى ناتۆ و تورکیا ، بۆیە بۆ هاوسەنگ راگرتن و گەیشت بە ئامانجى تاکتیکەکە ، دەبێت یەکێتى بەشدارى پێ بکەن و گۆڕان ڕازى بکەن بەوەى بەشدارى هەقیقى نەبێت ، بە تایبەت ئێستە پیر مام بوە بە بارەگاى سەرەکى ناتۆ ، بە شێوەیەک لە شێوەکان چونى نەوشیروان مستەفا بۆ پیرمام ، چونە بۆ بارەگاى سەرەکى ناتۆ ، نەک بۆ لاى پارتى و مسعود بارزانى ، ئەوەش هەیە کە پارتى باڵادەستە بە هۆى ئەو شانسەى کە جیوپۆلەتیکا و جوگرافیا پێى بەخشیون و سنوریان بە تورکیاوەیە ، بە دیوێکى تردا سنورى پارتى کەوتووەتە ناو سنورى تاکتیکەکانى ناتۆوە ، هەر گروپێ لەو سنورەدا بوایە هەر دەبوو باڵادەست بێت ، بەپێى ئەو نەخشەیەى کە دانراوە ، واتا لە بەرنامەى ئەوروپادایە کە سنورى توکیا فراوان بکات بە پرۆسەیەکى ئاشتیانە سنورى پارتیش دەکەوێتە ناو ئەو نەخشەیەوە ، گۆڕان و کاک نەوشیروانیش بەشێکن لەبلۆکى ناتۆ .. بۆیە بۆ رازىکردنى ئێران وەفدەکانى یەکێتى بەشدارى پێدەکەن و گۆڕان پەراوێز دەخرێت بە پێى نەخشەکەى ناتۆ و گۆڕانیش خۆى ئەم سیناریۆ و تاکتیکانەى قبوڵە .. واتا کاتێک وەفدەکانى پارتى بەشدارى دەکەن وەک نمایندەى هێڵى تورکیا بەشدارى دەکەن بەخستنەبرى دەبنە وەفدى گۆڕانیش .. بۆیە بەشدارى پێ نەکردنى گۆڕان لەم ڕووداوانەدا بە ماناى پەراوێز خستن نیە ، بەڵکو بەشێکە لە تاکتیکەکانى وڵاتانى ناتۆ و بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا …. وە نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە کارئەکتەرە سەرەکیەکانى ناو ئەم تاکتیک و سیناریۆیانە … واتا گۆڕان پەراوێز نەخراوە بەڵکو بۆ ڕاگرتنى هاوکێشە سیاسیەکانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت