عارف باوەجانی : ئاستەنگی شەری ناتۆ لەگەڵ داعش ، لە نێوان تورکیا و کوردا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

سیاسەتی شەرکردن و لە بەین بردنی گروپی تروریستی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام داعش بووەتە پلانی کاری سەرەکی ئەمساڵی ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتلەسی ناتۆ. بە تایبەت لە كۆتایی کۆبوونەوەی لوتكەی هاوپەیمانی ناتۆدا لە سەپتەمبەری ٢٠١٤، كە سەرۆکی ٢٨ وڵات لە شاری نیوپۆرتی وێڵزی بەریتانیا بەڕێوەچوو. لە ئاکامی ئەو کۆبوونەوە لوتکەیەدا بە تێکرا لە سەر ئەوە ڕێکەوتن كهرێكخراوی داعش ھەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر جیهان ، و بە تایبەت یەکێک لە وڵاتانی ناتۆ کە تورکیایە ، کە هاوپێچی تورکیا ئاماژەش بە مەترسی لە سەر ئێراق و سوریاش کرا . بریار درا کە ناتۆ لە جەنگدا بێت بۆ لە بەیندانی داعش. هەر لەو کۆبوونەوەش کە ئەو کات مەسەلەی کۆبانی نەهاتبووە پێش ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە هاوكاری و پشتگری ئەمنی بۆ کوردستان و ئێراق بنێرن .

کورتە پێناسەیەکی ناتۆ .
ناتۆ یان ڕێکخراوی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ، کە بە ئینگلیزییەکەی دەبێتە ، (North Atlantic Treaty Organisation ) NATO  , ئەم ڕێکخراوە لە ٤ / ٤ / ١٩٤٩ لە واشیینگتۆن دی سی دامەزراوە . لە سەردەمی کۆتایی شەری دووەمی جیهانی لەو کاتەدا لە لایەن ١٢ وڵاتی هاوپەیمانی دەریای ئەتڵەسی، لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە ئەم ڕێکخراوە هاوبەشە دروستبکەن. کۆنگرە بە کۆنگرە ژمارەی ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە پەرەی سەند. ئیستا ژمارەی وڵاتانی ئەندام ٢٨وڵاتە. سکرتێری گشتی ئیستای ناتۆ ( یان سۆێلتەنبەرگ) سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتی نەرویژە .
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بریتن لە ئەمریكا ، بەریتانیا ، فەڕەنسا ، ئەڵمانیا ، ئیتاڵیا ، توركیا ، لاتیڤیا ، ئیسپانیا ، هۆڵندا ، بەلجیكا ، پورتوگال ، كەنەدا ، كۆماری چیك ، دانیمارك ، بولگاریا ، یۆنان ، نۆرویژ ، کرواتیا ، كرواتیا ، رۆمانیا ، ئەستۆنیا ، مەجەرستان ، ئایسلەند ، ئەلبانیا ، لیتوانیا ، لۆكسەمبۆرگ ، سلۆڤاكیا ، سلۆڤینیا. هەروەهابارەگای سەرەكیی رێكخراوەكە لەشاریی برۆكسلی پایتەختی ( بەلجیكا) یه .

تورکیا بۆ لە بەرامبەر بە شەری داعش وا دەکات.
تورکیا کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و بە پێێ هەڵکەوتە جۆگرافیایەکەی بۆ ناتۆ گەلێک گرنگە ، هەربۆیەش ناتۆ زۆر جار لەبەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا زۆر کاری خۆی لەو وڵاتەوە ئەنجام نەداوە.
لە بواری نزیکبوونەوەی داعش بۆ سەر شاری کوبانی کە دەبێتە هاوسنووری باکوری کوردستان، کە خراوەتە سەر تورکیا و کە یەکێکە لە وڵاتانی ناتۆ. ئەم دۆزەش زیاتر ناتۆی سەرقاڵکردوە کە چۆن بەرەنگاری داعش ببنەوە. لەم بوارەوە ناتۆ و جیهان بە باشێ سیاسەتی نارونی تورکیا لەبەرامبەر بە داعش هەست پێدەکەن. بگرە بۆچوونی زۆربەی ناوەند و ئەنیسیتۆ و رۆژنامەکانی جیهانیش بە ڕاشکاوانە باسی هاوکاری تورکیا لەگەڵ داعش دەکەن. هەندێک بەڵگەی ئاشکرا بووی ناوخۆی تورکیا لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. بەڵام ئایا تورکیا بوونی ئەم گروپە بە مەترسی نازانێت یا چی مەبەستێکی دیکەی هەیە لە پشتگیری کردنی ئەم گروپە.
تورکیا هەمیشە لای مەبەست بووە کە کورد لە هیچ کام لە رووداوەکانی ناوچەکە پر دەستکەوت نەبێت . ئەمەش وەک میراتێکی مێژویی لە ئەتاتورک و پەیمانە شوومەکەی لۆزانەوە بۆیان ماوەتەوە.
هەر لە یەکەم شەری ئەمریکا لەگەڵ ئێراق لە ساڵی ١٩٩١ بە ئاشکرا تورکیا نیگرانی وڵاتەکەی لە پێشکەوتنی کورد لە ئاکامی ئەو شەرە بە جیمس بیکری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا وتووە. دیسانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئەگەری ڕەزایەتی دەربرینی بە کارهێنانی خاکەکەی بۆ شەری دژی ئێراق، چەند مەرجی دژواری هەبووە کە هەموو مەرجەکانی بە دژی کورد بووە. کە مەرجەکانی قبووڵ نەکرا و لە شەری ٢٠٠٣ ئەمریکا بە دژی ئێراق بەشداری نەکرد، و بگرە رێگەشی نەدا لە ڕێگەی ئاسمانی وئەرزیشەوە لە ناوچەی تورکیا بۆ هێرش بردنە سەر ئێراق کەڵک وەرگیرێت. بەردەوامیش لە رێگەی ناتۆ و چالاکیە دیپلوماتییەکانی لە ئاست جیهان بە دژی کورد کاریکردوە. هەوڵێکی زۆر و باجێکی زۆریدا بە ئەمریکا بۆ ئەوەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان بخاتە نێو لیستی تروریستی ئەو وڵاتەو وڵاتانی ئوروپاییەوە. هەروەها بەردەوام لە هەوڵداندابوو بۆ داخستنی تەلەفزۆێنە کوردییەکانی نزیک لە پێکاکا بۆ ئەوەی دەنگی ئەو رێکخراوە نەگاتە نێۆ کوردانی باکور. بەڵام هەرچەند توانی کاناڵەکانی میدیا و مید و رۆژ بە داخستن بدات ، لەو پرۆسەی شکستی هێناو چوون هەر تەلەفزوێنێکی بە دانی خەرجێکی زۆر بە داخستن دەدا ، دەبینرا رۆژی دواتر و بە ناوێکی دیکەوە هەمان تەلەفزۆێن دەستبەکار دەبووەوە .
تورکیا دەزانێت کە گەریلاکانی پێکاکا و لایەنەکانی دیکەی نزیک لە پێکاکا لەم چەند ساڵانەدا تەنیا بە کەلەشینکۆف و چەکی سووک ئەمنیەتی ئەو وڵاتەیان بە تەواوی خستووەتەوە مەترسییەوە. تورکیایان تووشی خەرجییەکی زۆری سەربازی کردوە. ترسی لەوە هەیە کە ئەگەر چەک و کەرەسەی سەربازای پێشکەوتوو بگاتە یەکینەکانی پاراستنی گەل ، دەبێتە هۆی بە هێزبوونی کانتونەکانی کوردی لەو هەرێمانە. ئەمەش بۆ تورکیا زیاتر نیگرانی دروست دەکات.
تورکیا بە ناتۆی وتووە ئەگەر ئێوە هێزەکانی یەپەگە پر چەک بکەن بە مانای ئەوەیە پێکاکا پر چەک دەکەن بە دژی وڵاتێک کە ئەندامی خۆتانە . ئەم جۆرە بیانوو دۆزینەوەی تورکیا بۆ ناتۆ نیگرانی درستکردوە. لە حەفتەی پێشوو دیتمان کە سکرتێری گشتی ناتۆ بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە وڵاتی توركیا ، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا چۆر چۆلۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا. یەکێک لە قسەکانی بۆ رۆژنامەنووسانی ئاشکرا کرد ، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بۆ تورکیا ئەوەیە کە ناتۆ ئاواتە خوازە هەموو وڵاتانی ئەندام لەم هاوپەیمانییە بۆ لەناوبردنی تیرۆر یەك هەڵوێستبن و ڕازی نەبن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا وتی : وڵاتەکەمان سیاسیەتی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر لەناوچەكەدا. بە لایەکی دیکەوە منەتی ئەوەی خستە سەر جیهان کە نزیکەی ملۆێن و نیوێک پەنابەری کورد و غەیرە کورد لە سوریا ئاوارەی تورکیا بوون و ئێمە خەرجیان دەدەین . باسی ئەوەشی کرد کە هاتنی داعش بۆ سەر سنوورەكانی توركیا مەترسییە بۆ سەر ئارامی وڵاتەكەمان ، بەڵام ئێمە هەموو ئامادەكارییەكەمان كردوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. یانی بە کوررتییەکەی داگیرکردنی کوبانی بۆ ئەوان گرنگ نییە بەڵام ئەگەر بێنە پێشترەوە ئەو کات بەرەنگارییان دەبنەوە.
بۆ مەسەلەی پەنابەریش دیارە تورکیا ئاواتی ئەوەیە لە ناوچە کوردستانیەکان هەمیشە شەر و نا ئارامی بێت و خەڵک بە ناچاری ئاوارەی لای ئەوان بن ، و کورد هەمیشە داماو و زەلیل بکرێت ، تا ببێتە مەترسیەک بۆ سەر کوردانی باکوریش ، هەرچەند ورەی کوردانی باکور هەرگیز دانەبزیوەو پێچەوانەکەشی لەم حەفتەدا بینرا کەچی نائارامییەکی خستە ناو تەواوی تورکیاوە. یان سۆلتەنبەرگی سکرتێری گشتی ناتۆ نەیشاردەوە کە سەردانەکەی بۆ تورکیا بۆ ئەوەیە کە لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە داعش تێبگات. ئەوەشی دووپاتکردوە کە داعش مەترسیە بۆ هەموو جیهان نەك تەنها بۆ وڵاتانی عیراق و سووریا ، هەروەها ناتۆ ئامادەی هەمووجۆرە هاوكاریەك پێشكەش بەوڵاتی توركیا بكات لەپێناو بەگژداچوونەوەی تیرۆر لەناوچەكه.
لە ناو ئاخانی قسەکانیدا چەند جار باسی لە زەرورەتی یەکبوونی وڵاتانی ناتۆ دەکرد بۆ بەرەنگار بوونەوەیان بەرامبەر بە داعش ، بە قسەکانی ناوبراودا دیارە کە ناتۆ لەگەڵ تورکیا کێشەیەکی گەورەیان هەیە بۆ لێدانی داعش و هاکاری کردنی کوردانی رۆژئاوا.

کورد دەبێت چی بکات .
کورد بە هۆی لێهاتووی و خۆراگری و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ گەورەترین گروپی تروریستی جیهانی لە مێژوودا، میدیای جیهان و ناتۆ ، ڕێکخراوە مەزنەکانی جیهان و وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی تووشی شۆک و سەرقاڵی کردوە . ئیستا لەهەر تاکێکی سەرشەقام و گەشتیاری جیهانی بپرسی ، کورد چییە و پێشمەرگە چییە ، یەکسەر بە ئەرێنی و خۆشحاڵییەوە وڵامت دەداتەوە.
بەڵام مخابن لەم کاتە گرنگەدا، لە نێو کورداندا ناکۆکی وشەرە ڕاگەیاندن و خۆسەپاندن و گۆێ نەگرتن لە یەکتر وەک پیشەی هەمیشەیی پەرە دەستێنێت ، دەسکەوت و گرنگییەکان دەهێنێتە ئاستێکی خوارەوە . ئیستا کورد پێویستە زۆر پەلە کۆنگرەیەک لە ژێر ناوی ئاشتەواوی لە کوردستان ببەستێت و لێژنەی سەرپەرەستی ئاشتی و دژی شەری براکوژی بە پەلە دروستبکرێت . ڕێگری لە هێرشی میدیای کورد بە دژ یەکتر بگیرێت . کورد بە لیژنەیەکی پێکهاتووی نۆێنەرایەتی هەر چوارپارچەی کوردستان ، لەگەڵ جیهان و ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان بکەوێتە دیالۆگ و بەرژوەندییەکانی خۆی لە نێۆ گۆرەپانەکانی جیهان بجووڵێنێت. هەروەک چۆن هەموو لایەک بە پێێ بەرژەوەندی خۆی بە دەم کوردستانەوە دێن یا دژایەتی کورد دەکەن. ئەم خۆراگرییە گرنگەی جیهان بکاتە دۆزێکی جیهانی و هەوێنەکەشی ببێتە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت