111.2899 Barzani 7

 شەریف هەژاری : ئایا مەسعود بەرزانی بۆ چوارەم جار دائەنرێتەوە بە سەرۆکی هەرێم ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەسعود بەرزانی دووجار بە ‌هەڵبژاردن چووەتە سەر تەختی سەرۆکایەتی هەرێم ، جارێک لە لایەن پەرلەمانەوە ، جارێکی دیکە گەل هەڵی بژاردووە ، سێ یەمجاریش فراکسیۆنەکانی یەکێتیی و پارتیی لە ناو پەرلەماندا دوو ساڵ ماوەکەیان درێژ کردەوە ، ئەمە لە کاتێک دابوو کە سەرۆک تەنها ئەبێت بۆ دوو خول سەرۆکایەتی بکات ، بەڵام ئەو فێڵەی کە پارتیی کردوویەتیی و یەکێتیی هاوکاری بووە کە جارێک لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێراوە و جارێکیش لەلایەن گەلەوە بووە ، وایکردووە ئێستا پارتی ‘ بە بیانوویەکی پێکەنیناوی !’ بڵێت : سەرۆکی هەرێم نە بۆ دوو جار گەل هەڵی بژاردووە و نە بۆ دوو خولیش پەرلەمان هەڵی بژاردووە ! لە ڕاستییدا ئەمە جگە لە بێ بایەخکردنی یاسا و پرەنسیپی حوکمڕانی هیچی دیکە نییە ، لەم کەیسەدا یەکێتیی تاوانباری سەرەکییە بە هۆی ڕابردووەکەیەوە کە ئەم فڕوفێڵانەی لەگەڵ پارتیدا بە هاوبەش ئەنجام داوە .

بە هەر حاڵ ، من پێموایە : بە ئەگەری ٨٠% مەسعود بارزانی بۆ چوارەم جار وەک سەرۆکی هەرێم دادەنرێتەوە !؟ چۆن شیکاری بۆ بکەین !

پارتی کە خۆی ٣٨ کورسی هەیە ، ئەوا هەر یەک لە یەکگرتووی ئیسلامیی و خودی عەلی باپیر پشتگیری دانانەوەی سەرۆکی هەرێم ئەکەن ، ئەمە جگە لە کورسی تورکمان و مەسیحی و کەمە نەتەوەکانیش ، هەروەها حیزبەکانی سۆسیالیست و شوعیی و تەنانەت بزووتنەوەش غیرەتی سیاسیی ئەوەیان نییە پشتگیری یاسا و دژایەتی دانانەوەی بارزانی بکەن !

هەرچی یەکێتیشە ئەوا لەگەڵ پارتی دا ڕێکەوتنی هەیە ، سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتیی و سەرۆکی هەرێم بۆ پارتیی ، هەروەها یەکێتیی سیقەی سیاسی ئەوەشی نییە کە گۆڕان بڕوای پێ بکات چونکە پێموایە زۆرینەی سەرکردەکانی یەکێتیی لە نێوان ” پارتی و بارزانی ، گۆڕان و نەوشیروان مستەفا ” ، ئەوا پارتیی و بارزانی هەڵەبژێرن !

کەوابوو پارتی باش درکی بەوە کردووە کە دژایەتی هێزەکانی دیکە لە ناو یەکتر دا گەورەترە لە دژایەتیکردنی پارتی ، چونکە دیدی هێزەکانی تر ئەوەیە : کە دوژمنی دوژمنەکەیان دۆستیانە و بەو شێوەیەش پارتیی و بارزانی چانسی سیاسییان زیاد دەکا ، ئەمە سەرەڕای ڕۆڵی دەوڵەتە هەرێمییەکان ‘ بەتایبەت تورکیا ‘ لە فەرمانکردن بەسەر ئیسلامیەکان بەتایبەت یەکگرتوو لە پاڵپشتیکردنی دانانەوەی بارزانی دا .

ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا تەنها و تەریک ئەکەوێتەوە ‘ بزووتنەوەی گۆڕان ‘ ـە ، وەک لە بابەتی پێشوو تر دا ئاماژەم بەوەدا کە ئەستەمە پرۆژەکەی گۆڕان جێ بە جێ بکرێت ، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان دوو قازانجی تەکتیکی – ستراتیژی لێ ئەکات !

١- لە ڕووی تەکتیکییەوە گۆڕان سودمەند ئەبێت بەو پرۆژەیەی کە فشار بخاتە سەر پارتی بۆ ئەوەی پۆست و پلەی دیکەی لێ بەدەست بێنێت ، هەروەها پارتی زیاتر دەسەڵات بە کادیرەکانی گۆڕان ببەخشێت کە ئێستا لە ناو دامەزراوەکانی حکوومەت دان و لە ڕاستیش دا دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە !!

٢- لە ڕووی ستراتیژیشەوە گٶران ئەتوانێت چ بۆ مێژوو و چ بۆ کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم پرۆژەیەی وەک پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان بەکاربێنێت و بە میللەت بڵێت : بەڵێ ئەوە ئێمەبووین کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هێنانەدی سیستمێکی پەرلەمانتاری میللەتسالاریمان ئەدا ، بەڵام ئەوە لایەنەکانی دیکەبوون کە دژی ئەوەبوون و ئێمەیان تەریک کردەوە .

لە کۆتاییدا ، پێموایە : نەوشیروان مستەفا باش ئەزانێت پرۆژەکەیان ئەستەمە جێ بەجێ ببێ وەلێ بەرژەوەندی سیاسەتکردن و دیموکراسیش وایە کە جەخت لەسەر جێ بەجێ کردنی بکاتەوە !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت