Ayland1

ئەبوبەکر جاف : مەرگە جیاوازەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەرگی ئـایلان مەرگی کوێی ژیانە ؟

1

بۆچی مەرگێک لە مەرگێکی دیکە جیاوازە ، مەرگی مناڵێک لە مەرگی گەنجێک ، مەرگی گەنجێک لە مەرگی بەتەمەن و بەساڵاچوویەک ، مەرگی مناڵێک لە گەڵ مەرگێ پیرێکدا ، مەرگی مێینەیەک لە گەڵ مەرگی نێرینەیەکدا ، مەرگی شۆڕشگێڕێگ لە گەڵ مەرگی سیاسییەکی موحافیزکاردا ، مەرگی دایکێک لە گەڵ مەرگی باوکێکدا ، مەرگی مناڵێکی خۆت لە گەڵ مناڵێکی ئـەوانی دیکەدا ، مەرگی برایەک لە گەڵ مەرگی خوشکێکدا ، مەرگی ھاوڕێیەک لە گەڵ مەرگی کەسێکی دورەدەستی نەناسراودا .

2

مەرگ لە ئـاستێکی گەورەیدا لە ناو پەیوەندییەکاندا مانایەک دەدات . مەرگێک بۆ خۆی چ واتایەکی بۆ ئـێمە نییە ، لە پەیوەندی مەرگ و کەسەکە بە ئـێمەوە دەلالەت و ھێماو نیشانەی ھەیە . واتە لە ناو پەیوەندییەکدا مانا وەردەگرێت کە ئـاست و ڕەھەندێکی سۆسیۆلۆژی ھەیە . مەرگی ھەر فیگورو ئـەکتەرێک بە دورونزیکی لە ئـێمەوە وەک مناڵ و باوک و دایک و ھاوڕێی و ھاونیشتمانی و ھاونەتەوەیی ھاو مەزھەبی و ھاوشاری و ھاو پیشەیی … مانا وەردەگرێت ، بەمشێوەیە مەرگی ئـەویدیکە دانەبڕاوە لە پەیوەندییەکی سۆسیۆلۆژی بە ئـێمەوە . واتە بارگاوییە بەو ماناو خواست و ویست و خەیاڵەی ئـێمە پێمان بەخشیوەو دورونزیک سەروکاری لە گەڵ ژێستە ناوەکی و دەرەکییەکانی ئـێمەدا ھەیە .

3

مەرگی ئـایلان لەم ئـاست و دەلالەت و ھێما و نیشانە لۆکاڵییە دەرچووە ، واتە مەرگێکە لە پەیوەندییەکی نا سۆسیۆلۆژی و نا مێژووییدا لەمس دەکرێت . مەرگی ئـالین دەرگیرە لە گەڵ دۆخێکی ئـۆنتۆلۆژیی و کەینونەیی کە ھێشتا بەشەریەت و پەیوەندی ئـینسانیمان لە ھەرکوێیەک بێت بە ” منداڵی و مناڵبوونەوە ” ەوە زۆر ئـۆنتۆلۆژیترو کەینونەیترە . مناڵێک زیاد لە ھەر زەمەن و دەمێکی دیکەی تەمەنی ئـینسانیمان گەردونیترو یونیڤێرساڵیترە . خەیاڵی مناڵی و مناڵان جیاواز لە خەیالی کامڵبوو و پێگەیشتووی گەنجێک سنوربڕو بێسنوورو سنور تێپەڕێنەرە . مناڵێک لە ھەرکوێی جوگرافیاو زەمەندا بێت دەژی و ھەڵدەکات و دەگونجێت . بە جیاواز لە گەنج و ڵیرێک کە لە ناو نەگۆڕەکانی خەیاڵ و وێناکردن و نەگۆڕە کولتوریی و زمانەوانییەکانیدا بە شێوەیەک فۆرمیولەبووە کە جەوھەرێکە زیاتر جێگیرو دامەزراوە ، ھەڵکردن و خۆگونجانی لەسەر ڕووکارێکی نیفاق و خۆگۆڕین بەندە . مناڵ وێناکراو نییە ، مناڵ و منداڵێتی ھێڵێکی بەردەوام گۆڕدراوە لە ناو سەیرورەدا کە بە کەمترین ئـاست و شێوە بەر ھێڵە ڕەقەکان دەکەوێت و لە ناو ھێڵەکانی ھەڵھاتنیشدا پۆتۆنسیال و ئـەگەرو شیمانەو ئـیمکانی بوون بە فاشیستی تێدا کاڵ و ونە . ھیچ مناڵ و مناڵییەک نابینین فاشیست بێت و ببێت بە باشی . دۆخ و سەیرورەی مناڵی و مناڵبوون ئـەو دۆخ و نا شوێنە نەگیراو خزو سرکەیە کە زیاتر لە ھەر دەمێکی دیکەی تەمەن و عومر لە شوناسبەندی و شوناسگیری دەرچووە . دەم و دۆخێک کە زۆر گەردوونیتەو زیاتر لە ھەر ئـاستێکی دیکەی زەمەنی دۆخێکی ڕەسەنی ئـۆنتۆلۆژی و ئـۆنتۆلۆژی ڕەسەنە . ئـەم دۆخەش زۆر بە خێراییەکی بێنێوەند گەردونی و یونیڤێرساڵییە .

4

مناڵ و منداڵێتی جگە دۆخێکی ڕۆحی و کەینوونەیی لە ناو شوناسێکی دیکەدا نییە . مناڵەکان کەمترین ناسنامەو شوناسییان ھەیە ، زمانی مناڵی سەر بە زمانێکی پراماتیگی و گەمەکردن و فێڵ و ستراتیژێتی ھەیمەنەو یاساو ڕێسای بردنەوە دۆڕان نییە . تەنانەت ئـەو شوناس و ناسنامانەی لە دەرەوەی مناڵێک بەسەریدا فەرز دەکرێت لە ناونان و ناولێنان و جلوبەرگ و . ئـەو ماسک و پۆشین و بەرگانەی کە بەسەریدا دەدەین ، دۆخێکی وەرگیراوو ڕەسەنی ئـۆنتۆلۆژی ناوەکی و ھەناوی نییە ، بەڵکو گوتارێکە دەیسەپێنین و لەدەرەوە بۆ بەردەوامیدان و درێژکردنەوەو ئـیدامەدانی ئـەکتەرو بکەرە دەرەکیتەکان دەگەڕێتەوە . ئـەگینا مناڵی و مناڵ سەرەپا ناسنامەو دەرگیربوون و بەرکەوتنە گوتاری و ئـیدۆلۆژی و ناسنامەیی و نوێنەرایەتیکردنەکان نین . مناڵی و منداڵ ھەڵگری سەیرورەیەکن کە زیاتر لە ھەر دەم و زەمەنێک لەو دیو دوالیزمەکانی شوێن/ ناشوێن ، نێر/ مێ ، زمان/ نا زمان ، چاکە / خراپە . وەن . ئـەمەش ئـەو ڕووتەخت و نەخشەیە کە ھەموومان لە دۆخێکی ئـۆنتۆلۆژی و کەینوونەیدا ھاوبەشین بە کەمتری یاخود ئـاستێکی گەورەی ونبوون و کاڵبوونەوەی مێژوو شوێن و ناسنامەوە .

5

منداڵی و مناڵبوون سەر بە مێژوو نییە ، مێژوو ھەم وەک شوناس و ھەمیش وەک جەبرو ناچاری . مناڵبوون و مناڵیی و مندال سەربە ئـاستێکی جوگرافیایش نییە ، مێژوو جوگرافیاو ئـەو جەبرو ناچارییانەن کە دشوناس و جیاوازبوون و جیاکاریی و دورکەوتنەوە دروست دەکەن . مێژوو جوگرافیاو زمان ئـەو ماڵەن کە ھۆگرو ناچارمان دەھەن بە شوناس و ناسنامەو ئـینتیماو ھۆگری بە شوێن و سیماو ئـاستە تەختییەکانی شوێن و مێژووەوە ، منالی و منالبوون ئـەو بەرزی و نزمی و تۆبۆگرافیایەیە کە وەک گردی لمین و لماوی دەردەکەون و وون دەبن .

6

مناڵ و مناڵیی بوون و بوونەوەرێکی زمانی و زمانەوانی نییە . بوونێکە سەر بە زمانێکی لۆژیکیی و لۆژیکی زمان نین . مناڵ لەدەرەوەی گوتارێکی زمانیی و زمانەوانی ھەڵگری پۆتئـنسیال و ئـەکسیۆنی گەمەکردنن بە زمان و زمانی گەمە پێکراو . شپرزەیی و نالۆژیکی و نا ھارمۆنییەتی زمانی مناڵی و مناڵیی ناو زمان ئـەو دۆخەیە گەر ئـێمەی گەورە جەبرو ناچارییە سۆسیۆسەکان لێمان گەڕێن خوازیارو ئـارەزوومەندین بچینەوە ناوی . زمانی مناڵ و مناڵ لە زماندا لە ھەر ئـاستێکی قسەکردن و گۆکردن و ئـاخاوتنەکانیشدا بێت ئـاسایی و وەرگیراوە لە دەرەوەی ڕیزبەندی و نەزمی زمان و مۆراڵیش . ئـەمەش ئـەو دۆخە ئـۆنتۆلۆژییەیە کە پێش ئـەوەی لای مناڵ و مناڵی بێت ، دۆخێکی شاراوەیە لای ھەموومان و لە سەدان ئـاستدا دەچینەوە سەری .

7

مناڵیی ژیان و ژیان لە منداڵ و مناغیدا ئـەو بەڵێکردنە ئـیسپاتیی و ڵێداگیریی و ژیانکردن و ژیانوەرگرتنەیە کە ھێشتاکە بەرنەکەوتووە لە گەڵ نەخۆشی و ناساغی و نا تەندروستی و نزیکیمان لە مەرگەوە . مناڵیی و مناڵ دوورترین ئـاستی ژیان و ژیانکردنە لە مەرگەوە . ھەر بۆیە مەرگی مناڵێک و مەرگی مناڵی زیاد لە ھەر دەمێکی دیکەی تەمەن ناخۆش و جێگەی شۆک و غەمگینی و خەمھێنەرە . مناڵیی ئـەو ھێڵەی ژیانکردنە کە ئـارەزوو و ئـارەزوەی ژیانکردن و قوڵپدانی ژیان و قوڵپدان و فیچقەکردنەکانمان لە ناو ژیان و ژیانکردندا بە بەراورد بە ھەر ئـاستێکی دیکەی زەمەن ھەڵگری پێداگیریی و بەڵێکردن و ئـەرێکردن و ئـەزموونکردنەکانە . چاوەڕوانی ژیان لە مناڵ چاوەڕوانیتەکی ناچاری و ئـۆنتۆلۆژییە کە دەیەوێت بە ھەر نرخێک ھەبێت بوونی ھەبێت و بەردەوام بێت . ژیان لە مناڵ و منداڵیدا ماکینەیەکی گەورەی بەرھەمھێنان و ئـارەزووکردنیکی بەرھەمھێنە . بە جیاوازو و بە پێچەوانەی پیری و بەساڵاچوون کە زیایر بە بار ق باری ناچاری دەچێت بەسەر ژیانەوە.ژیان مناڵێکەو مناڵ و مناڵیش ژیان و ژیانکردن و ئـەزموونکردنی ژیانە لەو پەڕو لە ئـەوجی مانێڤستبوونی ژیاندا وەک ژیان.مناڵێک کە تیا دەچێت ئـەوە ژیانە کە چرکەو دۆخێکی ئـەکتیڤی خۆی لەناو دەبات .

8

سەرباری ئـەو دۆخە کەینوونەیی و ئـەنتۆلۆژییەی کە ژیان بە ئـاستێکی ئـەرێنیی و ئـەفێرماتیڤ و بەڵێکردن و زیندوێتی و پڕ ژیانی داوای دەکات لە مناڵ و مداڵیی و بە ھەر نرخێک بێت نایەوێت بمرێت و لە کیسی بچێت ، نەرگێکی کەساس و غەمگینی مناڵ و منداڵی بۆ ژیان نا ئـاساییەو تەحەموولی ناکات . واتە مەرگێک کارەساتاوییی تراژیدیای مناڵیی و مناڵیک تەریقبوونەوەی ژیانە لە ئـاست مانێڤستبوونە پڕ ئـەرێنییەکانیدا . ژیان نایەوێت وێنەی یالێن شوپۆلەکان فڕێی بدەن و کەناری بخەن . واتە فڕێدراوێک بێت کە مەرگی ژیان چەندین قات تراژیدیتر دەکاتەوە .

9

پەیوەندی ئـیمە بە مناڵیی و مناڵییەوە ، پەیوەندیمانە بە دۆخێکی کەینوونەیی و ڕۆحیی و ئـۆنتۆلۆژییەوە کە ئـێمەی گەورە لە ھەناوماندا وەک پۆتئـنسیالێک ھەڵمانگرتووەو لە ناوماندایەو لە باویداین . ھیچ دۆخێکی ناو ژیانکردنمان ھێندەی مناڵیی لێمانەوە نزیک و ئـارەزووکراو نییە ، کە بەرانبەر مەرگی منالیی و منداڵێک توشی شۆک دەبین ، ترسی لە دەستدانی منسڵیی و مناڵەکانی ناو خۆمان و مناڵەکانی خۆمان و مناڵەکانی نزیک و خزم و دۆستەکانی خۆمانین . شۆکبوون بەرانبەر مەرگی مناڵێک ، سڵکردنەوەو ترس و لەرزمانە بەرانبەر لە دەستچوون و لە کیسچوونی ئـەو منالەی لە ڕۆح و کەینوونەو بوون و وجودی خۆماندایە .

10

مەرگی ئـایلاند بە پەیوەند بە کوردبوونمانەوە ، بەرکەوتنمانە لە گەڵ ئـەو دۆخە پڕ تاژیدی و یادەوەریی و بیرەوەری و ژیانگردنە پڕ تراژیدیاو غەمگینەی کە ژیاندوومانە.واتە بۆ ئـێمە بەرکەوتنمانە بوە شوێنە پڕ برین و زامدارەی کە ئـێمە زیاد لە کات و سات و چرکەی شادوومانی و بەختەوەری بەریدەکەوین و تێیدا ژیاوین و تێیدا دەژین . ڕۆحی کەنارکەوتووی یالێن
ڕۆحی کەنارکەوتوو فڕێدراوی کوردبوونە کە ژە دەرەوەی ئـیرادەی خۆی دراوەتە دەست شەپۆل و باو . کوردەکان کێن جگە لەو کەنار نشینانەی کە شەپۆلەکان فڕێی داونەتە دەست کەنارێکی تەریک و گۆشەگیرو نامۆ لە دەرەوەی دەریای ژیانکردن و ڕیسک و موغامەرەکردن لە ناو ژیاندا . ئـەم شین و واوەیلاو شەپڕو سروتە پڕ پرسەو تراژیدیایە ، ئـەو دۆخەی ئـێمەیە کە زیاد لە ھەر دۆخێکی دیکە بەر خئـمان و ئـاستێکی تراژیدیانەی خۆمان و ژیان دەگەوین . ” ئـایلان ، ئـای لاند ، I Land”، بۆ ئـای و ئـۆف و ئـاخ ھەڵکێشانی ئـێمە نەبێت بەرانبەر بە ( دوورگەو زەمینێک ” کە نیمانە و چاووڕوانیشین کە نەمانبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت