Newshirwan-6

عیماد عەلی : نەوشیروان موستەفا چاوەرێی چی دەکات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی خەڵک تا ئێستا لەبەردەمیدا واقی ورماوە ، هیچ لێدوانێکی تەنانەت کورتیش دەربارەی ئەم وەزعە ئاڵۆزە لە نەوشیروان موستەفاوە دەرنەچوە و مانەوەی لە ئۆرپا روون نەبۆتەوە ، ئایا بەمەبەست رۆیشتوە یان لەوێ ئەم وەزعەی بەسەردا هاتووە و رێگەی گەرانەوەی لێگرتووە ، بەڵام بۆچی شەفافانە لەگەڵ خەڵکدا باسی ناکەن و بەخۆیان شیعاری شەفافیەتو روونگەرایی بە شەو ورۆژ دەڵێنەوە و دوبارەی دەکەنەوە . خەڵک هیچ کاتێک وەکو ئەمرۆ تورە و بێزار نەبووە ، بۆچی هیچ قسەیەکی جدی ناکەن . ئەم بارودۆخەش کۆمەڵێک ئەگەری لەبەردەمدایە : یان بەیەکجار دەتەقێتەوە و بەلێشاو جادە دەتەنێت و کەس بەری ناگرێت و هەموو شتێک تێکەڵ دەبێت و قۆناغێکی ترسناک روبەروی هەمووان دەبێتەوە ، یان راپەرێنێکی تر دروست دەبێت پاش پێگەیشتنی تەاوی زەمینەکەی و ئەم دەسەڵاتە رادەماڵێت ، بەڵام ترس لەوەدایە کە دەرئەنجامەکەی دیار نابێت ، یان دەستتێوەردانی دەرەکی و ئەوانەی بەردەوام چاوەرێی بارودۆخێکی وا دەکەن بۆ هەندێک مەرامی تایبەتی خۆیان لەلایەن ئەوانەی بەکرێگیراوی دەرەکین ، یان هێزی دەرەکی بە خۆی دێتە ناوەوە وەک وڵاتانی بەهاری عەرەبی بە راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ .

ئەوەی لەسەر کاک نەوشیروان دەبیسترێت کە وای بەباش زانیوە مانەوەی ناچاریە و ، هەر هەڵوێستێکی ئەو کاریگەری لەسەر سەرجەم خەڵک دەبێت و قۆناغەکە بەرەو بارودۆخێکی تر دەبات لە نێوان نەزانینی دەرئەنجام و بێ هەڵوێستی بێ دەنگی هەڵبژاردووە ، سەرەرای ئەوەی بە ناراستەوخۆ شیکردنەوەی خۆی دەگات بە گوێی خەڵکدا .
بەڵام پرسیارەکە لەوێدایە ، ئایا نایابترین هەڵوێستی نەوشیروان لەم زەمینە و بارودۆخە نوێیە چی و چۆن دەبێت و کەی و بەچ شێوەیەک دەریدەبرێت ، کە لە کاتێکی ناسکی ئاوادا بە خوێندنەوەی خۆی چی لێ دەکەوێتەوە ؟
ئەوەی لەمەر باری سیاسی و ئابووری ئەم کاتە پێویستە قسەی لەسەر بکات و بە نارونیش بێت بیگەیەنێت ، تاوەکو کار لە کار نەترازاوە هەر هیچ نەبێت دڵنەوایی یان هەڵوێستێکی زانستیانەی خۆی دەربرێت ئەگینا بێدەنگی چەند قازانجی هەبێت ئەوەندە زەرەری دەبێت .
بەڵام ئەوەی لێی دەخوێنرێتەوە کە کاک نەوشیروان چاوەرێی لەمە خرابتر دەکات و نایەوێت تێکچونی زیاتری وەزعی کوردستان بخاتە ئەستۆی خۆی و خەڵک توشی نەهامەتی زیاتر بکات و بەهاتنەوەی خەڵک داوای هەڵوێستس راستەوخۆی لێ دەکات و ناتوانێت لەناوخۆ بێت بێدەنگی هەڵبژێرێت ، ئەمەش خۆی لەخۆیدا خۆ دورخستنەوەیە لە بەرپرسیارێتی کە دەبێت بە لایەکدا باس لەم واقیعە بکات و رێگای راست ودروست بخاتە بەردەم میلەت نەک خەڵکی تر . وا پێدەچێت دڵنیایە لەوەی کە ئەم تاقم و دەستەیەی دەسڵا تداریکوردستان ئەم وەزعەیەان پێ چاک نابێت بەم عەقڵیەتەوە ، بۆیە نایەوێت بە هیچ شێوەیەک نان و پیاز بە هەڵوستەکەیەوە بخۆن .
پرسیارەکان لەوەدا دەبینرێن : ئایا نەوشیروان موستەفا ئاسانترین رێگەی گرتوەتە بەر و خۆی لەقەرەی هەڵوێستی گەورە نادات ، یان دەرئەنجامی هیچ هەڵوێستێک لای روون نیە بۆیە دەرینابرێت ؟ ئایا داهاتوی کوردستان بە بیری خۆی دەبینێت و هەڵسەنگاندنی روونی هەیە و چاوەرێی هاتنی کاتی خۆی دەکات بۆ دەربرینی هەر هەڵوێستێک ، یان کارەکە ئەوەندە ئاڵۆزکاوە کەس سەری لێدەر ناکات بە کاک نەوشیروانیشەوە دەرئەنجامە راستەقینەکەی بۆ دەرناچێت ؟ ئایا وەزعی کوردستان دەبەستێتەوە بە گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و چاورەێی گۆرانکاری گشتی دەکات ، یان وەزعی کوردستان لە بارودۆخە گشتیەکە ئیقلیمیەکە جیادەکاتەوە و چاوەرێ لاوازبونی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەمە زیاتر دەکات بۆ ئەوەی هەر قسەیەکی رێ و شوێنی تایبەتی خۆی بگرێت ؟ جا هەر بیرکردنەوەیەکی کاک نەشیروان لە ئارادا بێت گرنگ بەرژەوەندی میلەتەکەیە ، هیوادارین بە قازانجی خەڵکە رەشو روتەکە بکەوێتەوە ، ئەگینا کار وا بروات لەمە چاکتری تیدا نابینین و ، خەڵکی شۆرشگێر وابەستەی هەڵوێستە و بێدەنگیش زۆرجار هەڵوێستێکی لاوازە و قازانجی بە پێی رۆژ دیار دەکەوێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت