ڕەزا شوان : گرنگی لای لایە بۆ منداڵان .  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 لامـارتین دەڵێ : جوانـترین هۆنـراوە لە سەرانسەری جیهانـدا لای لایـەی دایکــــانە .

لای لایە بەشێکە لە ئەدەبی منداڵان و لە ئەدەبی فۆلکۆری .. لای لایەی کوردیش بەشێکی رەسەن و گرنگە لە ئەدەب و لە گۆرانیی منداڵانی کوردمان .. بەشێکە لە کەلەپووری ئەدەبی کوردیمان .

بە بۆچوونی ئێمە زاراوەی ( لای لایـە ) لە زمانی کوردی دا، لە وشەی ( لال ) یا ( لالـە ) ەوە وەرگیراوە، کە بۆ خۆشەویستی و ئاسانی بە منداڵ دەڵێین : ( لال ) یا ( لالە کە ) واتا ( بنوە ) ، با واتا و چاوگی زاراوەی ( لای لایە ) بۆ فەرهەنگسازان و شارەزایانی زمانی کوردیمان بهێڵینەوە .

لای لایە بەشێکە لە گۆرانی فۆلکلۆری ، دانەری هۆنراوەکان و یەکەمین ئاوازدانەرەکانیان نادیارن .
هۆنراوەکانی لای لایە ، سووک و ساکارن ، وشەکانیان هەر وەکو دڵپاکی و بێتاونی و ناسک و جوانی و شیرینی منداڵان ، سادە و ئاسان و شیرین و رەوانن . سەروای هۆنراوەکان ناسک و ئاسانن .. ئاوازەکانیان خۆش و سۆزدارن .. چونکە لە ناخی دەروونی پڕ لە سۆز و خۆشەویستیی دایکانی دڵسۆز و بەسۆز و میهرەبانەوە هەڵقوڵاون .. بۆیە کە گوێمان لە لای لایە و لاواندنەوەی و لۆرینی بە کوڵی دایکان دەبێت .. یەکسەر ناخمان دەبزوێ و، تەزوو بە دڵ و لەشماندا دێت .
دایکان تەنها بۆ ژیرکردنەوە و خەوبردنەوەی کۆرپەکانیان لای لایە ناڵێن و نالاوێننەوە .. بەڵکو زۆر جاریش لە گەڵ لای لایەدا .. گوزارشت لە سۆز و لە خەم و، لە ناسۆرییە پەنگخواردووکانی دەروونیشیان دەکەن و، هیوا و راز و خەم و گلەیی و خۆزگەکانیان هەڵدەڕێژن .

لای لایەی منداڵان ( دەنگ ) و ( جووڵە ) یە .. واتا دایکان لەگەڵ وتنی لای لایە و گۆرانیدا .. بە نەرمییش لانک یا بێشکەی یا جۆلانییەکانی یا هەلۆرکی کۆرپەکانیشیان رادەژێنن و پاڵدەنێن .. دوای کەمێک منداڵەکانیان خاودەبنەوە و ، باوێشک دەدەن و، بە خۆشی و دڵنیاییەوە خەویان لێدەکەوێت و، نوقمی خەوێکی خۆش دەبن .. شاعیری نەمری گەلەکەمان ( فایق بێکەس ) لە شیعری ( دایک ) دا بەم شێوەیە باس لە شەونخونی دایک دەکا : ( بە لای لایە و گۆرانی ….. رایژەندووم تا بەیانی )
( سۆزان ئیزاکس ) دەڵێ : دایک دەبێ ئەوە بزانێت ، ئەو چەند خولەکەی پێش نووستن ، کە لەگەڵ منداڵەکەیدا بەسەری دەبات .. منداڵەکەی وا هەست دەکات ، کە دایکی لە هـۆشیدایە و ، تاریکیش ناتوانێت بیترسێنێت و قووتی بدات .

لە لای لایەدا ، چوار خەسڵەت بەدی دەکرێن :
1 – تایبەتمەندی : گومان لەوەدا نییە کە لای لایە بە زۆری تایبەتە بە دایکانەوە .. واتا پەیوەندییەکی بتەوی بە سۆزی دایکانەوە هەیە ، دایکان داهێنەری لای لایەن .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ ، کە باوکان رۆڵێان نییە و بێسۆزن و ، لە ( دەرەوەی کەوانە ) دا .. بەڵام ئەمە راستییەکی حاشا هەڵنگرە .. ئەو سۆز و بەزەیی و ، دەنگخۆشی و ناسکی و نەرمییەی کە لە دایکاندا هەن .. بەو رادەیە لە باوکاندا نین .. بە دەگمەن دەبینین و دەبیستین ، کە باوکێ دابنیشێت و لانکی کۆرپەکەی رابژەنێ و لای لایەی بۆ بکات .. ئەم سۆز و خۆشەویستییە تایبەتییەش ، تەنها لە دایکانی مرۆڤدا نین ، بەڵکو ئەم سۆزه جیاوازییەی دایکایەتی ، بێگومان لە دایکانی گیانەوەرانی تریشدا هەن .

ناپلیـۆن دەڵێ : داهاتووی منداڵ .. بەندە بە دایکییەوە  .
بە کورتی لای لایە و لاواندنەوە بۆ منداڵان ، بە دەنگی ناسکی دایکان شیرینتر و خۆشتر و جوانترە و ، کاریگەرییەکی زیاتریشی لەسەر دەروونی منداڵان هەیە . چونکە منداڵان بەر لە هەموو کەسێک و لە هەموو کەسێکیش زیاتر بە دەنگ و بە رە گ و بە سۆز و خۆشەویستیی دایکانیان ئاشنا دەبن ، دەنگی دایکیانیان ، سەدا و سۆز و خرۆش و چێژێکی تایبەتیی هەیە بە لایانەوەە .. شادی و خۆشی و گەشییەکی تایبەتیان پێدەبەخشن .
2 – یەکسەری : لەگەڵ دەستپێکردنی دایکان بە کۆپلەی یەکەمی لای لایە بۆ منداڵەکانیان .. دانامێنن و یەکسەر ئیلهامیان بۆدێت و، بێ ئەوەی کە لە کێش و لە سەروای هۆنراوە بزانن .. بە سروشتی بەیتی ئاسایی کێشدار و سەرواداریان بۆ دێت و ، گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن .. زۆر جار لە دایکانم پرسیوە ، ئەم دێرە خۆشە فۆلکولۆرییانەتان لە کێ بیستوون ، یا لە کوێوە وەرتان گرتوون ؟ لە وەڵامدا دەیانووت : لە کەسمان وەرنەگرتوون .. یەکسەر لە کاتی لای لایە و لاوانە و لۆریندا ، بە خەیاڵماندا هاتوون و بۆ کۆرپەکانمان وتوون .
3 – تایبەتمەندی ئاوازەکانی لای لایە : ئاوازەکانی گۆرانییەکانی لای لایە بۆ منداڵان ، زۆر لە یەکەوە نزیکن و ، تایبەتمەندییان پێوە دیارە .. هەر وەکو ئەوەی کە هەمان ئاوازدانەر ئاوازی بۆ دانابن .. ئەگەرچی دایکان خۆیان و بە پێی میزاجی خۆیان لای لایە دەکەن و دەلاوێننەوە .. پەیوەست نین بە هیچ بنەما و مەرجێکی ئاوازی هونەرییەوە .. بەڵام شێوازی ئاوازەکانی لای لایەکانیان لە لای زۆربەی نەتەوە تێکەڵ و لەیەک نزیکەکان ، نزیکن لەیەکەوە .. من گوێم لە لای لایەی فارسی و تورکیش ـ بە تایبەتیش ئازەری ـ  بووە ، تا رادەیەک نزیکن لە لای لایەی کوردییەوە ، ئەوانیش بە زۆری، لە سەرەتادا بە زاراوەی ( لای لایە ) ی دەستپێدەکەن .. پێویستە ئەوەش بڵێن لە لای لایەدا دەنگخۆشی مەرجی سەرەکی نییە .. بەڵکو شیرینی و چێژ لە جوانی دەربڕینی ئەو سۆز و جۆشە بە کۆڵە دایە ، کە لە ناخی دڵ و دەروونی دایکاندان ، بۆیە هەر منداڵێک دەنگی دایکی خۆی لە دەنگی دایکانی تر پێ ئاشناتر و خۆشتر و شیرینترە .
4 – گشتێتی : لێرەدا مەبەستمان لە گشتێتی ئەوەیە .. گشت گەلانی جیهان خاوەنی لای لای خۆیانن .. مۆرکی تایبەتی ژیان و ژینگە و کولتوور و کەلپووری خۆیانی پێوە دیارە .. بەڵام نزیکییەکیش لە دەقەکان و لە ئاوازەکانیش لە نێوان لای لایەی گەلاندا هەیە .. بەڵکو لە نێوان هۆز و خێڵ و ناوچە جیاوازەکانی هەمان گەلیشدا ، شێوازی لای لایە و لاواندنەوەی جیاوازیش هەن .. بەڵام بە شەقڵی نەتەوایەتییان دەناسرێنەوە .. فرە شێوازیش ، هۆکارێکی دەوڵەمەندیی لای لایەیە .

مێژووی لای لایە زۆر کۆنە و ، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی میژووی مرۆڤ لەسەر زەویدا .. گۆرانییەکانی لای لایە یەکەمین هونەری داهێنراون .. گۆرانییەکانی لای لایە لە قوتابخانەی خێزانەکانەوە سەریان هەڵداون .. یەکەمین مامۆستای هۆنینەوە و چڕینی لای لەیەش دایکان بوونە .. کە بە سۆز و بە خۆشەویستییەوە جگەرگۆشەکانیان لاواندوونەتەوە و ، بە دروستی گۆش و پەروەردەیان کردوون ، فێری پرانسیپەکان و بەها جوانەکانه ژیانیان و نیشتمان پەروەرییان کردوون .

پسپۆرانی بواری پەروەردە و دەروونناسی منداڵان ، جەخت لەسەر گرنگی لای لایە دەکەنەوە لە پەروەردەکردنی منداڵاندا ، ئەوەشيان بۆ ساغ بۆتەوە کە لای لایە کاریگەریگەرییەکی دەروونی گرنگی لەسەر منداڵانی ساوادا هەیە ، لای لایە ئاسوودەیی و دڵنیایی و شادی بە منداڵان دەبەخشێت .

بۆ لای لایە بۆ منداڵان دەکەین ؟ نووستن یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ و گیانەوەرانی تریش .. لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و ، خواردنی سوودبەخش و ، خواردنەوەی ئاوی خاوێن ، ریزبەندی دێتە سەر نووستن ، ناتوانین بەبێ نووستن بژین .. منداڵان لە قۆناغی ساواییدا ، ناتوانن وەکو گەورەکان پابەندی خشتەی کاتەکانی نووستن ببن .. دەروونناسانی منداڵان پێیان وایە ، کە دەزگا دەمارییەکان لەم قۆناغەدا سنووردارن ، ساوایان نابەستن بە کات و بە شوێنەوە .. نووستن بە لای منداڵانەوە دابڕانە لە دەوروبەرەکەیان .. بۆیە رووبەڕووی وەنەوز دەبنەوە .. لای لایەی دایکان ئەو هێزە ئەفسووناوییەی هەیە ، کە یەکسەر لە جێی گریان و کڕووزانەوە .. زەردوخەنەی شادی دەخاتە سەر لێوی کۆرپەکانیان و ، بەربەرە خاودەبنەوە و چاوەکانیان دەنووقێنن و ، نوقمی خەوێکی خۆش دەبن . 

شارەزایانی گۆشکردن ، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زۆر مانەوەی دایکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا ، لە باوەشکردن و ماچکردنیان ، بە زەردەخەن و رووخۆشییەوە دەستهێنان بە سەریاندا ، بەخشینی سۆز و خۆشەویستی پێیان و ، لای لەیەکردن بۆیان .. دەستەبەری ئەوەن ، کە ژیان و داهاتووی ئەو منداڵانە زیاتر ئاسایی و سروشتی و هاوسەنگ دەبن . ئارامتر و داهێنەرتر و کۆمەڵایەتی تر دەبن .

سوود و گرنگی لای لایەی دایکان بۆ منداڵان ، هەر ئەوە نییە کە بە خۆشییەوە خەویان لێبکەوێت .
لە لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکیدا، دەربارەی کارتێکردنی گۆرانییەکانی لای لایەی دایکان ، لەسەر منداڵانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا .. بەراود بە خوێندنەوەی چیرۆکی وێنەدار و ، دەنگی ئاژەڵان ، سوعبەت و نمایشی تر .. ئەوەیان بۆ ساغ بۆوە ، کە لای لایە دایکان، لە هەموو ئەوانەی تری سوود و کاریگەرییان زیاترە و ، زیاتر خۆشی بە منداڵە نەخۆشەکان دەبەخشن و ، تێکڕای خێرای و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵیان ئاسایی دەبێتەوە و ، ئازارەکانیان کەمتر دەبێت و ، هەست بە باشتر بوون دەکەن .. لێکۆڵینەوکەش بەم جۆرە بوو :  کۆمەڵێک گۆرانی لای لایەی خۆشیان بە دەنگی چەند دایکێک لەسەر کاسێت و سیدیدا تۆمارکرد .. بۆ 37 منداڵی نەخۆشی نەخۆشخانەیەکی منداڵان لای لایەکانیان بۆ لێدان .. لە هەمان کاتدا بە وردی چاودێری تێکرای لێدانی دڵ و ، نیشانەکانی ئازار و ، گریان و ، بێزاریشیان دەکردن .. ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ئەوەبوو .. کە بەرزی لێدانی دڵیان نزم و ئاسایی بوونەوە و ئازارەکانیان خامۆش بوون و زەردەخەنەی شادی کەوتە سەر لێوەکانیان .
توێژێنەران ئەوەشیان بۆ دەرکەوت کە لای لایە بە نمایشی مۆزیکی راستەوخۆوە ، دەنگ و رەنگی گۆرانبیژ ( لای لایەکەر ) و ئامێرەکان رووبەڕوو بۆ منداڵان ، کاریگەرییەکی زیاتریان لەسەر منداڵانی نەخۆش هەیە ، لە گۆرانییە لای لایە تۆمارکراوەکانی سەر ( کاسـێت ، سـیدی ، میـمۆری ) ، چونکە منداڵان رووبەڕوو تێکەڵ بە دەنگی گۆرانبیژەکە و ، بە دەنگی ئامێرە موزیکییەکان دەبن  .
ئەوەش گرنگە ، کە دایکان لەگەڵ لای لایەکردن بۆ کۆرپەکانیان ، گوزارشت لە دەموچاویاندا هەبێت .

لە ئەمڕۆشدا ، لە دایانخانەکانی زۆبەی وڵاتانی ئەوروپادا ، بە تایبەتیش لە دایانخانەکانی شارەکانی ئەڵمانیادا ، هەستیان بە گرنگی لای لایەی دایکان بۆ منداڵانی ساوا کردووە ، لە چەندین دایانخەنەدا ، لەسەر سیدی و میمۆریدا ، لای لایەیان بە دەنگی هەریەکە لە دایکانی ئەو ساوایانەی کە لە لایانن تۆمارکردوون .. لە کاتی گریان و خەوهاتندا ، لە ژوورەکانیاندا ، بۆیانیان لێدەدەن .. دایەنخانەکانی شارەکانی ئەڵمانیا ، جەخت لەسەر سوود و سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیەیان دەکەن و .. سوودێکی باشیان لە لای لایەی دایکان وەرگرتوون .

تەنانەت بەشێک لە نووسەرە بە ناوبانگەکانی جیهانیش ، تا رادەیەک سوود و ئیلهامیان لە لای لایە وەرگرتوون ، لەوانەش : ( شکسپیر ، گیتس ، بایرۆن ، رۆبێرت ) لە شاعیرانی کوردیشمان : ( فایق بێکەس ، ئەمین عالی بەدرخان ، هەژار موکریانی ، قانیع ، کامەران موکری ) و شاعیرانی تریش .

کۆمەڵێکی زۆریش لە هونەرمەندانی کوردمان ، بە دەنگێکی خۆش و ناسک و بە سۆز و ئاوازەوە ، موزیک و سازەوە ، لای لایەیان بۆ منداڵان تۆمارکردوون ، کە بەیەتەکانیان هۆنراوەی فۆلکلۆرین ، یا لە هۆنراوەی شاعیرانی ناسراوی کوردمانن ، لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردمان ، کە ئێمە گوێمان لە لای لایەیان بووە : ( محەمەدی مامـلێ ، مەزهەری خـالقی ، حەمەجـەزا ، حشـمت اللـە لـوڕنـەژاد ، شـڤان پەروەر ، جەمال کوردستانی ، حەسەن زیرەک ، تـارا جـاف ، بێـژەن کامکار ، لۆکە زاهـیر ، ئیلانە ئیلیا ، سەحەر لوتفی ، نوری باریکەیی ، پشتیوان نەورۆڵی ، لەیلا فەریقی ، پەروین شازادە ) چەندین هونەرمەندی گۆرانبێژی کەشمان و .. بە سەدان دایکانی کوردی لای لایەکەری دەنگخۆشمان .

لای لایەی کوردی :
لای لایەی کوردی بەشێکی گرنگە لە ئەدەب و لە کەلەپووری فۆلکلۆری نەتەوەییمان ، بەبێ زیادەڕۆیش گەلی کوردمان لە ریزبەندی هەرە پێشەوەی گەلانی جیهان دایە ، لە دەوڵەمەندی لە گۆرانییەکانی لای لایە دا بۆ منداڵان ، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی لای لایەمان هەیە .. کە مەبەستێکی پەروەردەیی و کۆمەڵەیەتی و سیاسی و نیشتمانی و ، بەشێکیان توانج و پەلاری سیاسین دەپێکن .
لە هەموو شێوەزار و دیالیکتە کوردییەکاندا ، لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی بەرین و رەنگیندا ، بە سەدان دێڕ و کۆپلە و هۆنراوەی لای لایەمان هەیە ، کە تایبەتمەندی بە ئەو ناوچانە و ، شەقڵ و مۆرکی رەسەنی کوردییان پێوەیە .. لای لایەش بەپێی سەردەم و رۆژگار و ، بە پێی باردۆخی سیاسی و میزاجی ئەو دایکانەش کە لای لایە دەکەن دەگۆڕێت .

لە زۆربەی گۆرانییەکانی لای لایەی کوردیماندا ، بە ئەم کۆپلەیە هۆنراوەیە دەست پێدەکات و .. لە دوای وتنی کۆپلەکانی کەش دووبارە دەکرێتەوە .. ئەمەش مەرجی سەرەکی نییە .. رەنگە پەیوەندی بە هونەری ئاواز و شێوەی وتنی گۆرانییەوە هەبێت .. بە زۆری بەم بەیتانە دەست پێدەکەن :  

  لای لایـــــە کۆرپـــــەکەم لای لایـــــە      شەوگـــــار درنگە بۆ خەوت نایـــــە

یان :

لای لایـــــــە رۆڵــــــەی شیریـــــــنم     هیـــــــــــوای دواڕۆژی ژیـــــــــــــنم

بەڵام بەشێکی زۆر لە دایکان ، بۆ هاوسەنگی ئاواز و سەروا، یا بەپێی ویست و حەزی خۆیان بە کەمێک جیوازی لە دەستپێکی ئەو پێشەکییە .. دەست بە لای لایە دەکەن .. کۆپلەکانی لای لایە فۆلکلۆرییەکان ، لە شێوەی دێڕ ، یا چوار خشتەکی ، یا سێ خشتەکیدان .. لە بەشێکیاندا لاسەنگی لە کێشەکانیاندا هەن .   

دایکانی دڵسۆز و میهرەبانی کوردمان ، لەگەڵ بەستنی دەسرازەی لانکدا ، لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکەی ساواکانیاندا، لەگەڵ خڕە خڕی موتووموورو و مەرجان و کوژەکەدا ، لەگەڵ زڕەزڕی پۆیلە و زەرتکە و تەتکە و پەتکەی قەدی کۆرپەکانیاندا ، لەگەڵ تەق و هۆڕی خولخولەکەی هەڵواسراوی قەد کەمەری لانک و بێشکەکانی ساواکانیاندا ، لەگەڵ خوڕهۆڕی بازنگە رەنگاوڕەنگەکانی قۆڵە نەرمۆڵە و ناسکەکانیانیاندا ، لەگەڵ زرینگە زرینگی زەنگوڵە و پلپلەی خڕخاڵی پێیە قنجەکانیاندا .. کە تێکەڵ بە بۆن و بەرامەی خۆشی حەوت دەرمانەی حەتحەتۆکەکانی ملیان دەبن .. بەدەم لای لایە و لاواندنەوە و گۆرانی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی .. بە سەدایەکی ناسک بەیتی فۆلکلۆری کوردی و گۆرگانە شەوێیان بۆ دەڵێن .. لە ناخی دڵیانەوە بە لای لایە گوزارشت لە دڵسۆزی و سۆز و لە خۆشەویستی خۆیان بۆ جگەرگۆشەکانیان دەکەن و بە خۆشییەوە دەیانکەنە خەو .

ئایە ئێمەی کورد وەکو پێویست تا ئێستا هەوڵی ئەوەمان داوە ، کە ئەم کەلەپوورە ئەدەبییە رەسەنەی گەلەکەمان ( لای لایە ) ، لە کاڵبوونەوە و لە ئەگەری لە بیرکردنەوە یا لە تیاچوون بپارێزین ..؟ تا ئیستا چەند لێکۆڵینەوەی پلان داڕێژراوی زانستییانەمان بۆ کۆکردنەوە و لیکۆڵینەوە لە لای لایەی کوردیمان ئەنجام داون ؟ .. تا ئێستا چەند خوێندکاری خوێندنی باڵا ، لە بوارێک لەبوارەکانی ئەدەبی منداڵان ماستەرنامەیان لەم بوارەدا وەرگرتوون ؟ تا ئیستا چەند نووسەری بە توانامان لەم بوارەدا وتاریان نووسیووە یا کتێبیان داناوە ؟ تا ئیستا یەکێتی نووسەرانی کورد ، چەند کۆڕ و سیمیناریان بۆ باسکردن و لێکۆڵینەوە لە ( لای لایەی ) کوردی سازکردوون ؟ ئایا تا ئیستا وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان ئەرشیفێکی تۆمارکراویان هەیە کە دەنگی خۆشی ئەو دایکانە و، ئەو هونەرمەندانەش کە لای لایەیان بۆ منداڵان تۆماریان کردوون .. یان سەتەلایتەکانی کوردستان بە ئەم ئەرکە پیرۆزە هەستاون ؟ یا تا چ رادەیەک سایتە ئەلیکترۆنییە کوردییەکان ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان و بابەتی منداڵان داونەتەوە ؟ تا کەی گەرد و تۆزی لە بیرچوونەوە و پشتگویخستن لای لایەی منداڵانی کورد داپۆشێت .. کێن و چ لایەنک پێویستە بە دەنگی وەڵامی ئەم پرسیانەوە بێن ؟  بێگومان ئەمەش ئەرکی کەسێک و دوو کەس و تەنها لایەنێک نییە .. ئەرکێکی پیرۆزی هاوبەشی هەموو لایەنە پەیوەندارەکان و هەموو دڵسۆزانی گەلەکەمانە .. هیوادارم ئەو لایەنانەی کە خەمخۆری پارستنی لای لایەی کوردین .. هەموو ناوچەکانی کوردستان لە ئەمپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی بەسەر بکەنەوە .. بە دەنگ و رەنگ و ئاوازەوە ، تۆماری دەنگەکانی ئەو دایکە دەنگخۆشانە بکەن کە لای لایە دەکەن و ، دەلاوێننەوە .. با رۆژگاری تەکنۆلۆژیا و داهێنان ، ئەم سامانە گرنگەمان راپێچی لە بیرکردنەوە و تیاچوون نەکەن .. با نەوەی نوێمان لەم بوارەدا نابەڵەد نەبن و ، ئاشنای فۆلکلۆر و کەلەپووری نەتەوەییمان ببن .. بە رای ئێمە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان بە هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ یەکێتی نووسەرانی کورد و سەندیکای هونەرمە دانی کوردمان .. دەستەیەکی شارەزای رۆشنبیری و هونەری و راگەیاندن ، لە خوشکان و لە برایانی شارەزا و بە توانا بۆ ئەم مەبەستە پێک بهێنن .. دەست بە تۆمارکردن و کۆکردنەوەی لای لایە کوردی بکەن .

 ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لە چەندین خەرواری ( لای لایەی ) فۆلکلۆری کوردیمان ، دەمانەوێ ئاماژەش بە ئەوەش بدەین ، کە هەندێ لە گۆرانبیژان و لە دایکانی لای لایکەر،  لای لایەی فۆلکلۆری و لای لایەی لە هۆنراوەی شاعیران و ، بەڵکو دێڕە هەڵبەستی خۆشیان لە گۆرانییەکانی لای لایەدا تێکهەڵکێش کردوون .. یا دەستکاریان کردوون .. لێیان لابردوون و، شتی تازەشیان خستۆنەتە سەریان .. خوێنەرانی دڵسۆزیش ئاگاداکەینەوە ، کە لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەمدا ( گرنگی لای لایە بۆ منداڵان )  دێننە سەر ئەو لای لایانەی کە لە هۆنراوەی شاعیرانی کوردمانن .

لای لایە رۆڵە لای لایە
شەوگار درەنگە بۆ خەوت نایە
      *     *     *
لای لایە رۆڵە لای لایە
هیوای دواڕۆژم لە دەست تۆدایە
     *     *     *
لای لایەت بۆ ئەکەم بە وێنەی کەوێ
قەزای بێ نازیت لە دایکت کەوێ  
     *     *     *
لای لایە کۆرپەکەم بخەفێ
خەو خێر وەبان دیدەی بکەفێ
         *     *     *
لای لایەت بۆ ئەکەم لە ئێوارەوە
سەبەب کارت بێ بە سێدارەوە
     *     *     *
لای لایەت بۆ ئەکەم بە دڵ و بە گیان
خەوت لێ بکەوێت تا بەری بەیان
         *     *     *
هەی لای لایە خونچەکەم لای لایە
خۆزگە لەم جەهلە رزگار بووینایە
هەی لای لایە کچم لای لایە
دەبا کچ و کوڕ وەک یەک بوونایە
     *     *     *
لای لایەت بۆ دەکەم بە رووی سوورەوە
خوا جەرگم نەدات بە تەنوورەوە
     *     *     *
خەوی خێرت بێ بنووە درەنگە
تا کەڵەبابی بەیان بێ دەنگە
     *     *     *
لای لایە کۆرپەی جوانم لای لایە
لە کزەی کوردان دەنگم دەرنایە
     *     *     *
گۆرگانە شەوێ ، گورگانە شەوێ
خەو لە چاوی ، کورپەکەم کەوێ
لوورەی تۆی ناوێ ، لای لایەی دەوێ
دەڵێ لە ماڵی ئێمە دوور کەوێ
     *     *     *
رۆڵە خەوت بێ ، خەوی نازت بێ
سەحرا و سەرزەوی پایە نازت بێ
     *     *     *
رۆڵەی ئازیزم ، جگەرگۆشەکەم
ئارامی دڵی پڕ خرۆشەکەم
     *     *     *
بینای چاوم ، رووحی رەوانم
دڵخۆشی دڵم ، ئارامی گیانم
     *     *     *
رۆڵە بۆ خاتری ئەوەڵان لە کۆ
دایە نەوینێ مەرگ دیدەی تۆ
     *     *     *
رۆڵە لای لای ، کۆرپەکەم خەوت بێ
دەس فریشتەکان ، لەژێر سەرت بێ
     *     *     *
کۆرپەی شیرینم ، بنووە درەنگە
شەوگار درێژ و دنیا بێ دەنگە
     *     *     *
بنووە بەرهەمی ژینی رابردووم
تەنیا ئاواتی عومری بابردووم
     *     *     *
بنووە ئازیزم ، بەختت بێدار بێ
هەر رۆژی ژینت ، هەزار ساڵ بێ
     *     *     *
بە تۆوە شادە ، ژیانی حاڵم
بۆ تۆیە گوڵم بە کوڵ ئەناڵم
     *     *     *
رۆڵە لای لایە ، کۆرپەکەم لای لایە
رۆڵە لای لایە ، بەرخەکەم لای لایە
رۆڵە لای لایە ، جەرگەکەم لای لایە
     *     *     *
لای لای نەمامی ژیانم
من وێنەی باخەوانم
بە دڵ چاودێریت دەکەم
بخەوە دەردت لە گیانم
     *     *     *
رۆڵەی خۆشەویست بینایی چاوم
هێزی ئەژنۆم ، هیوای ژیانم
هەتا دێیتەوە هەر چاوەڕێتم
هەر لانکی مناڵێت رادەژێنم
     *     *     *
هەی لای لایە رۆڵەی شیرینم لایە
سەد خۆزگە بەو خۆزگایە دایکی تۆ لێرە بوایە
     *     *     *
هەی لای لایە ، رۆڵە لای لایە
خۆزگە لای لایەی گشت کەس وا بوایە
     *     *     *
رۆڵەی خۆشەویست ، جگەرگۆشەکەم
مەرهەمی دڵەی بە پەرۆشەکەم
     *     *    *
رێحانەی بۆنخۆش ، سوورە گوڵەکەم
ئازارشکێنی ، برینی دڵەکەم
     *    *    *
هەی لای لایە ، رۆڵە لای لایە
دنیا زیندانی پیاوی ئازایە
     *     *     *
رۆڵەی خرپن و دڵ پەرۆشەکەم
هێزی دوو ئەژنۆم جگەرگۆشەکەم
      *     *     *
پێم بڵێ بۆ ئەسیر کراوی ؟
لە نێو لانکدا شەتەک دراوي
     *     *     *
تا خووی پێ بگری ، بە کۆت وزنجیر
بە پەل بەستراوی هیچ نەبی زویر
     *     *     *
دەست و پێت لە ژێر کوتەکدا نەتەزێ
رەمەقت نەڕوات ، دڵت نەلەرزێ
     *    *    *
 ئەو بەند و کۆتە وەک شێری برسی
ئاڵۆزت بکات لە هیچ نەترسی
     *     *     *
بۆ نیشتمانت بە دڵ بجۆشی
بۆ سەندنی ماف زیاتر تێکۆشی
     *     *     *
هەی لای لایە ، رۆڵە لای لایە
پیاوی ترسنۆک رسوای گشت لایە
     *     *     *
هەی لای لایە رۆڵەم لای لایە
کوێر بێ ئەو چاوەی بە تۆ هەڵنایە
     *     *     *
سەرت هەڵبێنە بزانە من کێم ؟
سەرت هەڵبێنە خۆ من دایکی تۆم
     *     *     *
رۆڵە رووناکی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ ، هێزی هەناوم
     *     *     *
رۆڵەی شیرینم کوردستان چاوەڕێتە
نیشتمانە و ، هیوای دواڕۆژی پێتە

      

وێنەکە وەرگیردراوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت