گۆران هەڵەبجەیی: کێ ئەم هاوسۆزیە بەگەر دەخات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

[بەیەکڕێزی ، ڕێز بۆخۆت پەیدا دەکەیت و هەم هێز]
لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، وڵاتانی تورکیا و ئیران، عیێراق { تاڕادەیەکیش سوریا } کەوتنە هەڕەشە لەو بەشەی کوردستان.
ئەو وڵاتانە کە تێکەڵەیەکن لە ناسیۆنالیزم و ئاین و مەزهەب [شیعەو سوونە]، بەردەوام ناکۆک و ناتەباو دژ بە یەکبوون . تەنها شتێک کە بەردەوام لەسەری کۆک و تەبا بوون و پێکەوە کاریان بۆ کردوە، داژایەتی کورد بووە. هەر جارێک و لەهەر زەمەندێکدا کورد نزیک بووبێتەوە لە دەسکەوتێک، ئەوانە [ ئیدی هەر حیزبێک لەسەر دەسەڵات بووبێت]، پێکەوە کاریان بۆ لەبار بردنی ئەو دەسکەوتە کردوە و زۆر جاریش سەرکەوتووبوون.
لە بەرامبەردا کوردانی سێ پارەچە،چ وەک خەلک و ڕێکخراو و حیزب هەڵوێستێکی جومێرانەیان دەربڕی بۆ پشتگیری لە باشووری کوردستان.
* هەر پاش کۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدان ، کوردانی ڕۆژهەڵات لە زۆرێک لە باژێرەکانی ئەوبەشە بۆخۆشی دەربڕین و پشتگیری ڕژانە سەرشەقامەکان، کە بە هەزارەها مەزەنە دەکران.
بێگومان ئەم هەڵوێستە خۆڕسکەی کوردانی ئەو بەشەی کوردستان دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەری جمهوری ئێرانی تووشی شۆک کردبوو . حەشامەتەک هێندە زۆربوون، بۆیە پیاوانی سەرکووتکەری ڕژێم نەیانتوانی هیچ پەرچەکردارێک بنوێنن وەک کردەی هەمیشەییان ئەو خەڵکە داپڵۆسن، بەڵکە تەنها تەماشاکەر بوون.
بێگومان هێزە سایسی و چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەڵویستیان ئاشکرایە کە بەردەوام پاڵپشت بوون بۆ باشوور.
* کوردانی ڕۆژئاوا لەسەری هەموویانەوە بەڕیز ساڵح موسلیم و سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی پەیەدە، جوانترین هەڵوێستیان نیشاندا، ئەویش بە ئامادەگییان بۆ کردنەوەی سنورەکانیان بەڕووی باشووردا، گەر بێت و تورکیا سنوورەکانی دابخات.
نەک هەر ئەمە بەڵکو ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنی هێزی شەڕڤانان بۆ پارێزگاری لە باشوور.
* کوردانی باکووریش لە حیزبی هەدەپە و کەسە تێکۆشەرە باڵاکانیان، وەک سەلاحەدین دەمرتاش و عوسمان بایدەمیر، هەرەوها لەیلا زانای تێکۆشەر و هاوخەباتکارانیان، هەموو هاوسۆزی و پشتگیریان بۆ کوردانی باشوور دەربڕی.
لەولاشەوە سەرکردەکانی هێزی گەریلا، لەسەری هەموویانەوە بەڕێز جەمیل بایک بەتووندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانەی کرد کە لە باشوور دەکرێن لەلایەن تورکیاوە.
وێرای ئەمە هێزەکانی پاراستی گەڵ {گەریلاکانی پێکاکا} ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنی هێز بۆ داکۆکی لە کەرکوک و ناوچە دابراوەکان لە حاڵەتی هێرشی سوپای تورکیاو عیراقدا.
نکولی لە ناکۆکی نێوان هێزە سیاسەکانی کوردستان ناکرێت، چ لەیەک پارچەدا یاخود لە نیوان کوردانی پارەچەکانی دیکەدا، ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندی و تێروانین و پەیوەندیانەوەیە بە هێزە دەرەکیەکانەوە. لە حاڵەتی ئیستادا تا ڕادەیەکی باش تەباییەک لە ئارادا هەیەو هەستی پێدەکرێت و ئەو ساردیەی جاران کاڵ بووەتەوە.
جا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم دۆخە لەبارە دەبێتە هەوێنی ،کاری هاوبەش و یەکخستنی ماڵی کورد؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەندێک لە حیزبە باڵادەستەکان لەکەلی شەیتان بێنەخوارەوە و دەستبەرداری بەرژەوەندی حیزبی و ئەقڵیەتی حیزبی گەورە وخۆسەپاندن کۆنترۆڵکردنی هەژمونی سیاسی و باڵادەستی ببن؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم هەوڵومەرجە وەگەڕ بخرێت بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە گەڵ یەکتردا لە باشوور، هەروەها لە نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و پارچەکانی دیکەدا.
گرنگە یەکیتی و پارتی کە زۆر جار زیادەڕۆییان کردوە لە مراعاتکردنی ئێران و تورکیادا، لە ئێستادا مراجەعەیەکی سیاسەتی خۆیان بکەن و تا چەند پێیان دەکرێت ئەو پەیوەندیە بخەنە چوارچیوەیەکی لۆژیکانەوە ڕێگەنەدەن ئەودوو وڵاتە هەژموونی خۆیان بەسەریاندا فەرز بکەن . گرنگە ئەو دوو حیزبە بزانن تەنها هیزێک کە دەکرێ پشتی پێ ببەسترێت کوردانی بەشەکانی دیکەن ،کە بە کردەوەش سەلماندوویانە.
جا هیوادارم حیزبە سیاسیەکان ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن و ئەم هاوسۆزیە گەرمەی کوردانی بەشەکانی دیکە فەرامۆش نەکەن و سودی لێوەربگرن بۆ پتەوکردنی پێگەی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت