جەزا ئەحمەد فارس: بانگەشەى هەڵبژاردن توندتر و بەهێز تردەبێت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەمجارەى لەبانگەشەى هەڵبژاردنەکانى تر جیاکردەوە بریتى بوو لەوەى کە لە سەرەتادا ساردو سڕییەکى پێوە دیارى بوو، و ئەونەى لەناو تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بانگەشە گەرم بوو هێندە بەواقعى لەناو شەقامەکان بانگەشەى لایەنەکانمان نەدەبینى بۆیە بەبەراورد بە بانگەشەکانى هەڵبژاردنەکانى پێشووتر بانگەشەى ئەم جارە لەپاڵ بوونى پێشێلکارى بەڵام توندو تیژى گەورەى بەخۆیەوە نەبینوە تاوەکو ئێستا.
بەنزیکبوونەوە لەکۆتاى پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردن ووردە ووردە پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردن لە تۆرە کۆمەلایەتیەکانەوە بۆسەر شەقامەکان گوازرانەوە بەمەش ئەگەرى رووبەرووبوونەوەى راستەوخۆى نێوان بانگەشەکارانى لایەنە جیاوازەکان هاتەئاراوە.
دەکرێت بڵین کاتێک بەرەو کۆتاى هاتنى بانگەشەى هەڵبژاردن دە ڕین و رۆژ بە ڕۆژ پەیامى لایەنە سیاسیەکانیش توندتر و بەهێزتر دەبێت بەرامبەر بەیەکترى ئەمەش کاریگەرى راستەوخۆى کردۆتە سەر بانگەشەکاران و دەبێتە هۆى دروستبوونى پێکهەڵپژان لە نێوان بانگەشەکارانى لایەنە سیاسیەکان .
ئەوانەى کە ئەمرۆ بەشێوەیەکى توند لەرێگەى پەیامە ئاگریەکانیانەوە دەیانەوێت زۆر ترین کاریگەرى لەسەر جەماوەرى پارتەکەیان و هەوەها دەنگدەرەى خۆڵەمێشى دروست بکەن بۆ ئەوەى کە دەنگیان پێبدەن بەشێوەیەکى زۆر نابەرپرسانە مامەڵەدەکەن چونکە ئەوان هێندەى لەخەمى کۆکردنەوەى دەنگندان هێندە خەمى ئەوە ناخۆن کە چى بەسەر بانگەشەکارەکانیاندا دێت و لەحاڵەتى دروست بوونى توندو تیژیدا خۆیانى لێبَبەرى دەکەن و دەیخەنە ئەستۆى خەڵکى کە دواى پەیامە ئاگریەکانى ئەوان کەوتوون.
ئەوانەى ئەمرۆ بەحەماسەوە دژى یەکترى پەیامەکانیان دەگەیەنن و هەوڵى سرینەوەى لایەنەکانى تر دەدەن و پێیان وایە کە خۆیان راستن و تەواوى لایەنەکانى تر هەڵەن، بێگومان لەماوەى کە متر لە یەک مانگى ئایندەدا دەیان بینین کە بەهەمان فرۆکەى هێڵى عێراقیە بەپێکەنینەوە لە گەڵ ئەندامانى ئەو لایەنەى کە ئەمرۆ دژایەتیان دەکات گەشت دەکەن بەرەو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.
پرسیارە بنەرەتیەکە لێرەدا ئەوەیە کە کۆکردنەوەى دەنگ ئەوە دەیەنێت کە خەڵکى پێچەواشە بکەیت و بیاندەى بەیەکدا؟
لە ئەزموونى پێشوەوە بینیمان ئەو ئەندام پەرلەمانانەى کە پەیامى ئاگریان بۆ هەردوو پارتى دەسەلاتدار دەنارد، لە بەغداد بوونە شەریکى یەکێتى و پارتى و چەندین جار لە ژێر ناوى پاراستنى پرسى کورد دەستیان تیکەڵى دەستەکانى کاندیدانى یەکێتى و پارتى دەکرد ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئەوان هەرخۆیان فێریان دەکردین کە دەبێت کۆتاى بەوە بهێنرێت کە دوو پارتى سیاسى دیارى کراو کۆنترۆڵى پرسى کورد بکەن لە بەغداد.
بەداخەوە ئەو عەقڵیەتەى کە هەندێک لە سەرۆک لیستەکان و زۆریک لە کاندیدەکانى لایەنە سیاسیەکان هەیانە بەکەڵکى ئەوە نایەت کە بەهیچ شێوەیەک رێگەیان پێبدریت مومارەسەى دەسەڵات بکەن چونکە کەلتورى سرینەوەى لایەنى بەرامبەر و نەفى کردنى کلتورێکى ناشیرنە و لەگەڵ هیچ بنەمایەکى سەردەمیانەى سیاسەت کردن ناگونجێت.
لە ئەزموونى هەڵبژاردنەکانى پێشوەوە ئەوە فێر بووین کە لایەنە سیاسەیەکان چەند رۆژى بەر لە کۆتاى هاتنى بانگەشەى هەڵبژاردن زۆر ترین و توندترین پەیام ئاراستەى یەکترى دەکەن ئەمەش هەمیشە رووداوى توندوتیژى و هەندێک جار کارەساتباریشى لێکەوتۆتەوە.
پێویستە خەڵکى هۆشیار بێت نەکەوێتە ژێر کاریگەرى پەیامە توندەکانى لایەنەکانەوە چونکە ئەو لایەنانەى کە ئەمرۆ دژى یەکترى دەوەستنەوە سبەینێ هەموویان پێکەوە دەبن بەهاورى و دۆستى نزیکى یەکترى و بەیەک فرۆکە گەشت بەرەو بەغداد دەکەن زۆر جار بەیەک سەیارەى مۆدێل بەرزیش لەناوشەقامەکانى بەغداد پیاسەیەکى ئێواران دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت