بورهان شێخ ڕەئوف: کوردو سوونە یەکلایى دەکەنەوە کێ گەورەترین فراکسیۆنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆتاییدا ئاکامى هەڵبژاردنە گشتیەکانى عێراق کە لە 12 مایس 2018 بەڕێوە چوو دواى گێرەو کێشەو تانەو تەشەرو سکاڵایەکى زۆر ڕاگەیەنراو بێ ئەوەى گۆڕانکارییەکى وا ڕووبدات کەشایانى باس بێت.
ئێستا گۆرەپان و شانۆى سیاسى عێراق چاوى هەموو جیهانى لەسەرە لە کاتێکدا ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بە سەختترین ڕۆژگارەکانى دا تێدەپەڕێت لەلایەک ململانێ و قەیرانەکانى نێوان ئەمریکاو کۆمارى ئیسلامى ئێران کەلە و پەڕى تووندى و ئاڵۆزى بۆ ئاڵۆزتر دەڕوات ڕۆژ لە دواى ڕۆژ چ لە ئابڵووقەى ئابوورى و مانۆڕى سەربازى شەڕى هەواڵگرى و سیخوڕیەوە بگرە تا دەگاتە تێوەگلانى یارو نەیارەکانى هەردوولاى هاوکێشە کە.
ئەمانە جگە لە تووند بوون و هەڵکشانى ململانێکانى ئەمریکا و تورکیا شەڕى ئابوورى و دواتر قووڵبوونەوەى ناکۆکیەکانیان کە هەموو ئەمانە کاریگەرى نیگەتیفیان لە سەر ناوچەکە بە گشتى و عێراق بە تایبەتى دەبێت.
لە ئاوا بارودۆخێکدا عێراق سەرقاڵى پێکهێنانى کابینەیەکى وزارى نوێیە عێراقێک کە نووقمى قەیران و ململانێ یە خۆپیشاندانى ڕۆژانەى خەڵک لە زۆرێک لە شارەکانى باشوورو ناوەڕاستى عێراق بۆ خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانى وەکو ئاوو کارەبا.
قەوارە سیاسیەکانى عێراقیش بە تایبەتى شیعە کە جاران بەتەنها خاوەنى یەک لیست بوون و خۆیان دەیانتوانى ڕێژەى پێویست دابین بکەن و واتە نیوە کۆیەک، بەڵام لە ئێستادا ئەوانیش لە کوردو سوونە خراپتریان بە سەرهاتووە دابەشبوون بە سەر دووبەرەدا بەرەیەک کە نوری مالیکى سەرۆک وەزیرانى دوو خوولى پێشووترو نزیک لە ئێران سەرۆکایەتى دەکات کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانى دەوڵەتى یاسای مالیکى و فەتحى هادى عامرى کە سەرکردایەتى هێزەکانى حەشدى شەعبى دەکات و بەرەیەکى دى موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى ئێستا ى نزیک لە ئەمریکا سەرۆکایەتى دەکات هەرچەندە هاوپەیمانیتیەکەى عەبادى وەکو باس دەکرێت فشۆڵ و لاوازەو و درزى گەورەى تێکراوە فالەح فەیاز ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى و خۆى و قەوارەکەى، هەروەها حزبى فەزیلەو حزبى ئیسلامى سەنگەریان گواستۆتەوە بۆلاى مالیکى کە ئەمەش گورزێکى کەمەر شکێنە بۆ عەبادى ئەگەر تەواو ڕاستو دروست بێت، چونکە عەبادى لەم حاڵەدا تەنها دوازدە کورسى پەرلەمانى بۆ دەمێنێتەوە کە ئەمەش لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، کە فرکسیۆنى نەسر تەنها یەک کاندیدى هەبوو بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران ئەویش عەبادى خۆى بوو لە کاتێکدا فەیازیش نیازى ئەوەى هەبوو.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن موقتەدا سەدرى ڕابەرو پشتیوانى لیستى سائرون خاوەنى بیرو بۆچوونى نیشتمانیە بە ڕاى خۆى و دەخوازێت حکومەتێکى تکنۆکراتى دوور لە بەشبەشێنەى ئتنیکى تائیفى پێکبهێنێت و ببێتە دەوڵەتى هاوڵاتیان و دژ بە گەندەڵى و گێڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شارەکانى خۆیان و ئاوەدانکرن و بنیاتنانەوەى هەموو شوێنە وێرانەکان، کە خاوەنى بڕیارى نیشتمانى عێراقى بێت دوور لە دەستوەردانى دەرەکى بە تایبەتى ئێران و ئەمریکا و چل مەرجى قوورسى داناوە بۆ ئەو کەسەى کە دەبێتە سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق کە لە زۆرێک لەم سیاسیانەى ئێستاى عێراقدا بەردەست نین.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە کاتى ئێستا کە ململانێى مەزن لە نێوان هەردوو وڵاتى ئامادە لە عێراق ئەمریکا و ئێران لەوپەڕیدایە ئەمە قابیلى جێبەجێ کردنە؟

ئەى سوونەکان چى دەکەن؟
سوونەکانیش بە سەر دووبەرەدا دابەشبوون بەرەیەک بەلاى سەدر کە پێکهاتوون لە ئەیاد عەلاوى و ساڵەح موتڵەگ و بەرەیەکیش بەلاى مالیکیدا دەڕۆن کە پێکهاتوون لە ئووسامە نوجێفى و خەمیس خەنجەرو ئەحمەد جبورى و سەلیم جبورى و جەمال کەربولى و فەلاح زیدان کە ئەمانیش ناکۆکى گەورەیان لە سەر پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانە کە کامیان بیبچڕن بۆ خۆیان هەرچەندە باسى ئەوە دەکرێت جەمال کەربوولى سەنگەر بگوێزێتەوە بۆلاى سەدر بەرامبەر وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان.

کورد لە کوێ ى ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدایە؟
هەرچەندە تا ئێستا کورد باس لە جێبەجێکردنى دەستوورو هاوبەشى ڕاستەقینە لە بڕیاردانى سیاسى لە عێراقدا دەکات و خۆى یەکلایى نەکردۆتەوە بەڵام بەرەى مالیکى باسى ئەوە دەکەن کە زۆر لە کورد واتە یەکێتى و پارتى نزیک بوونەتەوە و لێکتێگەیشتنى باش هەیە لە نێوانیاندا بۆ ڕگەیەندنى فراکسیۆنى گەورە بۆ پێکهێنانى کابینەى داهاتوو. لەلایەکى تریشەو لایەنە ئۆپۆزەسۆنەکانیش کە پازدە کورسیان هەیە لە بەرەکەى دى نزیکن.
لە کۆتاییدا بەو بارودۆخەى ماڵى شیعەوە کوردو سوونە دەتوانن چارەنووسى کابینەى داهاتوو دیارى بکەن، کە کام لەو بەرانە دەچنە ژێر بارى داخوازییەکانیان و بە بەبێ هاوبەشى ڕاستەقینەى کوردو سوونە عێراق ناتوانێت ئارام بێت و درێژە بەمانەوەى خۆى بدات.
پرسیارە قورسەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا قایل دەبێت بەرەى نەیارەکانى ئەوانەى بە دۆستى کۆمارى ئیسلامى لە قەڵەم دەدرێن فەرمانڕەوایى عێراق بکەن لەم بارودۆخە هەستیارەى ئێستاى ناوچەکەو جیهان ئەوە لە ڕۆژانى ئایندەدا بە ڕوونى وەدەردەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت